Draw Media

گۆڕان سەرۆكی فراكسیۆنی بۆ یەكلاناكرێتەوە

گۆڕان سەرۆكی فراكسیۆنی بۆ یەكلاناكرێتەوە

2020-09-01 14:09:20


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
پرسی كشانەوە لە حكومەت لەناو گۆڕان گەرمە، رێكخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندن نایانەوێت فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستانیان هاوشێوەی فراكسیۆنەكەیان لە بەغداد لەدەست دەربچێت، زیاتر لە هەفتەیەكە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان دەستی لەكاركێشاوەتەوە، فراكسیۆنەكە دابەش بووە بەسەر دوو بەرەدا، بەرەی لایەنگرانی رێكخەری گشتی‌و بەرەی نەیارانی رێكخەرو خانەی راپەڕاندن، نەیارانی رێكخەر زۆرینەن، رێكخەر بە دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكی فراكسیۆن، دەیەوێت بەرەی نەیارانی پەرت بكات، لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر بخوێنەوە.

فراكسیۆن لەنێوان دوو بەرەدا
هەفتەی رابردوو عەلی حەمەساڵح دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان راگەیاند، لەوكاتەوە لەناو فراكسیۆنی گۆڕان‌و خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕاندا ململانێی‌و مشتومڕ لەسەر دانانی سەرۆكێكی نوێ بۆ فراكسیۆنی گۆڕان دروستبووە. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان‌و هەندێك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكەی بەدیاریكراویش جەلال جەوهەر كە ئەندامی خانەی راپەڕاندنە بۆ كاروباری فراكسیۆنەكان، دەیانەوێت ئەمجارە كەسێك بكەن بە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان كە گوێڕایەڵی بزوتنەوەكە بێت‌و فەرمانەكانی خانەی راپەڕاندن جێ بەجێ بكات، ئەوان گلەییان لە شێوازی كاركردنی پێشتری عەلی حەمەساڵح هەبوو.
(درەو) زانیویەتی، عومەر سەید عەلی‌و جەلال جەوهەر پاڵپشتی ئەوە دەكەن (شاخەوان رەئوف) بكرێت بە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان كە پێشتر باژێڕوانی بزوتنەوەكە بووە لە شارەزوورو ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بووە، ئەوان پێیانوایە شاخەوان بەوپێیەی كاری حزبی كردووە، پابەندی بڕیارەكانی حزب دەبێت لە پەرلەمان.
فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان كە لە (12) ئەندام پێكدێت، ئێستا دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەك كە ژمارەیان (5) ئەندامە پاڵپشتی لە كاندیدەكەی رێكخەرو جەلال جەوهەری ئەندامی خانەی راپەڕاندن دەكەن، بەرەكەی تر كە زۆرینەن‌و ژمارەیان (7) ئەندامە پاڵپشتی لە (دابان محەمەد) دەكەن كە خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی فراكسیۆن كاندید كردووە.
لەناو خانەی راپەڕاندندا بەشێكیان پاڵپشتی لە (دابان محەمەد) دەكەن، ئەمانەش ئەو دەنگانەی ناو خانەن كە لەسەر گەنجەكانی گۆڕان ئەژمار دەكرێن، سەرباری ئەمە بەشێك لەوانەی كە رەخنەیان لە سیاسەتی رێكخەری گشتی‌و هەندێك لە ئەندامانی خانە هەیە، دژی كاندیدەكەی رێكخەرن كە (شاخەوان رەئوف)ە، پاڵپشتی لە (دابان محەمەد) دەكەن.
دوێنێ كاردۆ محەمەد رێكخەری ژووری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە میدیای فەرمی بزوتنەوەكەی راگەیاند، ئەمڕۆ بەدەنگدان فراكسیۆنی گۆڕان سەرۆكێكی نوێ بۆ خۆیان هەڵدەبژێرێن، بەڵام ئەمڕۆ كۆبونەوەی فراكسیۆن كراو سەرۆكیش هەڵنەبژێردرا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە دەست (درەو) كەوتوون، عومەر سەید عەلی‌و جەلال جەوهەر زانیویانە كاندیدەكەیان بە دەنگدان دەرناچێت، بۆیە بەبەهانەی ئەوەی یەكێك لە ئەندامانی فراكسیۆن (گوڵستان محەمەد) توشی كۆرۆنا بووەو بەشدار نییە لە كۆبونەوەكەدا، دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی فراكسیۆن دواخستووە.
ئەوانەی لەنزیكەوە ئاگاداری كێشمەكێشەكانن دەڵێن رێكخەری گشتی دەزانێت كاندیدەكەی بەدەنگدان سەرناكەوێت، دەیەوێت هەڵبژاردنەكە بۆ ماوەی دوو هەفتە دوابخات، بۆئەوەی لەو ماوەیەدا كار لەسەر ئەندامانی فراكسیۆنەكە بكات‌و دەنگی بەرەكەی بەرامبەری پەرت بكات، لەبەرمبەردا زۆرینەی ئەندامانی  فراكسیۆن كە پاڵپشتی لە (دابان محەمەد) دەكەن، داوایانكردووە هەر ئەمڕۆ هەڵبژاردنەكە بكرێت، بەڵام كاتێك داوایان لە ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان كردووە سندوقی دەنگدانیان بۆ ئامادە بكات، ژوری هەڵبژاردن ئاگاداری كردوون كە رێكخەری گشتی رازی نییە‌و داوا دەكات هەڵبژاردنەكە دوابخرێت.
پشووی هاوینەی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات‌و سبەینێ یەكەم دانیشتنی خولی پایزە بەڕێوەدەچێت، ئەوانەی كە داوایان دەكرد ئەمڕۆ سەرۆكێكی نوێ بۆ فراكسیۆنی گۆڕان هەڵبژێردرێت بەهانەیان ئەوە بوو بەر لە كۆبونەوەی پەرلەمان، سەرۆكی فراكسیۆن یەكلابكرێتەوە.
رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەكلاكردنەوەی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە بەرژەوەندی كاندیدەكەی خۆی، لەرێگەی چەند كەسێكەوە پەیوەندی لەگەڵ هەندێك لە ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان كردووە‌و داوای لێكردوون پاڵپشتی لە (شاخەوان رەئوف) بكەن، لەبەرامبەردا بەرەكەی تریش كە نەیارانی رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنن لە ناو ئۆرگانەكانی تری بزوتنەوەی گۆڕان، لۆبی دەكەن بۆ سەرخستنی كاندیدی نەیاری كاندیدەكەی رێكخەر.
فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان یەكێكە لە ئۆرگانە گرنگەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، ئاڕاستەی كاركردنی ئەم فراكسیۆنە لە داهاتوودا، كاریگەری لەسەر بەشداری گۆڕان دەبێت لە حكومەت، لە دەرەوەی حكومەتیش كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانی گۆڕان دەبێت لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بەدیاریكراویش پارتی، سەرباری ئەوەی ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆكی فراكسیۆن بە پێی دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان راستەوخۆ دەشبێتە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان.
رێكخەری گشتی‌و هەندێك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دەیانەوێت كەسێك لە پۆستە دابنێن كە گوزارشت لە سیاسەتەكانی ئەوان بكات، یەكێك لەسەرچاوەی سەرەكی ترسەكانی رێكخەری گشتی لە فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەیە، ئەم فراكسیۆنە هاوشێوەی فراكسیۆنی حزبەكە لە بەغداد لە هێڵی گشتی سیاسەتی گۆڕان دەرچێت‌و پابەند نەبێت پێیەوە.
فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بەتەواوەتی دژی سیاسەتی حزبەكە‌و بەشداریكردنی گۆڕانن لە كابینەی مەسرور بارزانی،  ئەوان بەمدواییە لە بەیاننامەیەكدا داوایانكرد گۆڕان لە حكومەت بكشێتەوە، ئەم سیناریۆیە ئەگەر لەناو فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستانیش دوبارە ببێتەوە، كاریگەرییەكەی لەسەر سەركردەكانی گۆڕان گەورەتر دەبێت.
بەمدواییە كە ئیمزا كۆكرایەوە بۆ بانگهێشتكردنی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بۆ بەردەم پەرلەمان‌و لێپرسینەوە لەگەڵیدا سەبارەت بە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران، چوار ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان ئیمزایان لەسەر نوسراوەكە كرد، یەكێك لەوانە عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنەكە بوو، رێكخەرو خانەی راپەڕاندن كە بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنن لەناو بزوتنەوەكەدا بەفەرمی داوایان لە عەلی حەمەساڵح كرد ئیمزاكەی لەسەر ئەو نوسراوە بكێشێتەوە، عەلی نەیكێشایەوە‌و بە دەستلەكاركێشانەوە كۆتایی بەماوەی خۆی لە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان هێنا‌و خاڵێكی لەسەر رێكخەرو خانەی راپەڕاندن بۆ خۆی تۆماركرد.

رێكخەر: كورسییەكەتان موڵكی گۆڕانە
دوێنێ فراكسیۆنی گۆڕان لە گردی زەرگەتە كە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكەیانە لە سلێمانی، لەگەڵ رێكخەرو ژمارەیەك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن كۆبونەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لەو كۆبونەوەیەدا مشتومڕی زۆر لەنێوان رێكخەرو ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان دروستبووە، هەندێك لە ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان رەخنەی توندیان لە سیاسەتی ئێستا بزوتنەوەكەیان گرتووە لەناو حكومەت، تا ئەو رادەیەی عەلی حەمەساڵح سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی گۆڕان وتویەتی:" نەك هەر ئەوەی حكومەت گەندەڵی پێ بنبڕ ناكرێت، بەڵكو هەندێك كەس لە تیمی گۆڕان لەناو حكومەتیش تێوەگلاون لە گەندەڵی".
هەر لە كۆبونەوەی دوێنێدا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، مشتومڕ لەنێوان شایان عەسكەری ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان‌و عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی دروستبووە‌و بە "داوای لێبوردن"ێكی عومەر سەید عەلی، كۆتایی بە مشتومڕەكە هاتووە.
شیرین ئەمین ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان یەكێكی تر بووە لەو كەسانەی كە لە كۆبونەوەی دوێنێدا بەتوندی لەبەرامبەر رێكخەری گشتی بزوتنەوەكەی قسەی كردووە‌و وتویەتی:" گۆڕان دەبێت گۆێ لە خەڵك بگرێت، داواكاری خەڵك ئەوەیە گۆڕان لەم حكومەتە گەندەڵە بكشێتەوە".
هەفتەی رابردوو، بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی پرسی كشانەوە یاخود مانەوە لە حكومەت راوبۆچونی فراكسیونی گۆڕانی وەرگرتووە، هەریەكە لە ئەندامانی فراكسیۆنەكە رای خۆی لە كۆنوسی كۆبونەوەدا تۆماركردووە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەناو فراكسیۆنی گۆڕاندا لە پەرلەمانی كوردستان سێ جۆر بۆچوون هەبووە، هەندێك داوایان كردووە گۆڕان بەزوترین كات لە حكومەت بكشێتەوە، هەندێكی تر داوایانكردووە لە حكومەت بمێنێتەوە‌و جەخت لەسەر جێبەجێكردنی بەرنامەكانی بكات، هەندێكیش داوایانكردووە گۆڕان رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی بۆ بەشداربوون لە حكومەت هەموار بكاتەوە.
بەگشتی لە كۆبونەوەكەدا لەبارەی پرسی كشانەوە لە حكومەت، عومەر سەید عەلی بە ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕانی لە پەرلەمانی كوردستان راگەیاندووە، ئەوە پرسێكە دەبێت هەموو ئورگانەكان بڕیاری لەسەر بدەن، لەمەشدا بەبێ ناوهێنان مەبەستی لەبەیاننامەی ئەمدواییەی فراكسیۆنی گۆڕان بووە لە پەرلەمانی عێراق كە داوایانكرد گۆڕان لە كابینەی مەسرور بارزانی بكشێتەوە.
رێكخەری گشتی لە كۆبونەوەی دوێنێدا هۆشداری بە ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان داوە هەر كەسێك واز لە گۆڕان بهێنێت دەبێت دەستلەكاربكێشێتەوە، چونكە كورسییەكەی لە پەرلەمان موڵكی گۆڕانە‌و ئەوان بەدەنگی گۆڕان چونەتە ناو پەرلەمان.

پۆستەكانی گۆڕان لە حكومەت
لە پێش پشووی جەژنی قوربانی ئەمساڵەوە بزوتنەوەی گۆڕان لیستی ناوی ژمارەیەك كاندیدی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستە حكومییەكان ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد، بەڵام لەوكاتەوە تائێستا سەرۆكی هەرێم ئیمزای لەسەر ناوەكان نەكردووە‌و دەستبەكارنەبوون.
بەپێی ئەوەی بەرپرسانی گۆڕان باسیان دەكرد، بڕیاربوو بەمزوانە (17) پۆستی تریان لە ناو حكومەت پڕبكەنەوە، سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)ی راگەیاند، نێچیرڤان بارزانی‌و پارتی گومانیان هەیە گۆڕان لە حكومەت بكشێتەوە، بۆیە نایانەوێت پەلە بكەن لە ئیمزاكردنی نوسراوی دەستبەكاربوونی پۆستەكانی تری گۆڕان لە حكومەت.
مشتومڕی كشانەوە لە حكومەت لەناو گۆڕان گەرمە، رێكخەرو خانەی راپەڕاندن دەیانەوێت بۆچونی ئۆرگانەكانی ناو بزوتنەوەكە وەرگرن، بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتایی بدەن، پێشبینی ناكرێت رێكخەری گۆڕان هەرگیز پاڵپشتی لە كشانەوە لە حكومەت بكات، بەڵام بەگشتی نیگەرانن لەوەی بەمدواییە پارتی ئاڕاستەكەی گۆڕیوەتەوە بەرەو یەكێتی‌و گۆڕانی پشتگوێ خستووە. 
بڕیارە هەفتەی داهاتوو جڤاتی نیشتمانی كۆببێتەوە كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی حزبەكە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەكەدا، پرسی كشانەوە لە حكومەت رەنگە تەوەرێكی گفتوگۆكان بێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand