پارێزبەندی لەسەر بەهمەن كاك عەبدوڵا هەڵگیرا
2020-08-31 18:55:26
(درەو):
لەسەر داوای دادگای تێهەڵچونەوەی هەولێر، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پارێزبەندی لەسەر (بەهمەن کاک عەبدوڵا) پەرلەمانتاری پارتی هەڵگرت.
بەپێی زانیاریەکانی (درەو)، سکاڵاکەی پەرلەمانتار بەهمەن کاک عەبدوڵا بەپێی ماددەی (٤٠٦)ی تایبەت بە کوشتنە، و لەبەرئەوەی پەرلەمان لە ۱ـ۸ تا ۱ـ۹ لە پشووی وەرزی یاسادانان بووە،بەپێی بڕگەی دووەمی مادەی (٤٠)ی یاسای هەڵبژاردنی ژمارە(۱) ی ساڵی ۱۹۹۲ ش لە پشووی وەرزی یاسادانان هەڵگرتنی پارێزبەندی لەدەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمانە و بەهۆی ئەوەی تۆمەتەکە پەیوەست نیە بە کاری پەرلەمانی،بۆیە بە بڕیاری سەرۆکی پەرلەمان ( بەهمەن کاکە عەبدوڵا) بەبێ دەنگدانی پەرلەمان پارێزبەندی لەسەر هەڵگیرا و ڕەزامەندی درا ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.
دۆسیەکەی بەهمەن کاکە عەبدوڵا پەیوەندی بە کوشتنی خۆپیشاندرێکی کەلارەوە هەیە لە رۆژی ٢٠١٥/١٠/١٠، روداوی کوشتنەکە کاتێک رویداوە خۆپیشاندەرانی کەلار چونەتە سەر بارەگای ناوچەی پارتی و بە تەقەی پاسەوانانی ناوچە گەنجێک بەناوی (محەمەد باییز )ەوە کوژرا. کەسوکاری کوژراوەکە سکاڵایان لەسەر بەهمەن کاک عەبدوڵا تۆمارکردووە، بەوپێیەی بەرپرسی ناوچەی پارتی بووە لەوکاتەدا.
دوو رۆژ دوای ئەو روداوی کوژرانی ئەو گەنجە لە کەلار، پارتی دیموکراتی کوردستان رێگری لە یوسف محەمەد سەرۆکی خولی پێشووی پەرلەمان کرد بگەڕێتەوە بۆسەر کارەکەی لە هەولێر، دوتریش وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕانی لە حکومەت دەرکرد.