Draw Media

پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بۆ یەكێتی؛ گەرمیان و راپەڕین بۆ گۆڕان

پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بۆ یەكێتی؛ گەرمیان و راپەڕین بۆ گۆڕان

2020-08-30 21:11:23


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
پۆستی پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە بۆ یەکێتی، ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان، ئەمە پێشنیازێكی نوێی نێوان یەكێتی و گۆڕانە كە دەیانەوێت رێككەوتنی لەسەر بكەن، گۆڕان دەستبەرداری هەڤاڵ ئەبوبەكر بووە لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی و دەیەوێت چەند پۆستێكی دیكە لە بەرامبەریدا وەربگرێت. 

دوو لیژنەکەی یەکێتی و گۆڕان
سەرەتای مانگی تەموزی رابردوو، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حزبەکەی سەردانی گردی زەرگەتەی کرد لە شاری سلێمانی کە مەکۆی سەرەکی بزوەنەوەی گۆڕانە.
لەو سەردانەدا عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و لاهور شێخ جەنگی قسەوباسیان کرد لەبارەی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حزب، بزوتنەوەی گۆڕان پڕکردنەوتی پۆستەکانی لە ئیدارەی خۆجێی سلێمانی کردە پێشمەرج بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی.
کۆبونەوەی هاوسەرۆکی یەکێتی و رێکخەری گۆڕان رێککەوت لەسەر ئەوەی دوو لیپنە لەنێوان هەردوولا پێکبهێنرێت، بەمشێوەیە:
یەكەم: لیژنەی كاركردن بۆ لامەركەزیەتی پارێزگاکان، ئەندامانی ئەم لیژنەیە لە بزوتنەوەی گۆڕان بریتی بوون لە ( كاوە عەبدوڵا، بەرزان شێخ محەمەد، چۆمان محەمەد)، لە یەكێتی بریتی بوون لە (عزەت سابیر، تەلار لەتیف، رێكەوت زەكی)، لە تەموزی رابردووەوە دوای روستکردنی، ئەم لیژنەیە تائێستا یەك كۆبونەوەی كردووە، دروستکردنی ئەم لیژنەیە مەرجی یەکێتی بوو بۆ پێدانی پۆستەکانی ئیدارەی سلێمانی بەبزوتنەوەی گۆڕان، هەندێک لە یەکێتییەکان گۆڕان جددی نییە لە پرسی لە لامەکەزیەت بەوشێوەی یەکێتی بەمدواییە داوای دەکات.
دووەم:  لیژنەی ئاڵۆگۆڕی پۆستەکانی حکومەتی خۆجێی  سلێمانی و هەڵەبجە، ئەندامانی ئەم لیژنەیە لە یەکێتی بریتی بوون لە ( شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێری مەكتەبی سیاسی، سۆران جەمال تاهیر بەرپرسی پەیوەندییەكان)، لە گۆڕان ئەندامەکانی بریتی بوون لە ( شەمال عەبدولوەفا ئەندامی خانەی راپەڕاندن،  بەختیارئەولی رێكخەری ژووری پەیوەندییەكان)، ئەم لیژنەیەش تەنیا دوو کۆبونەوەی کردووە

گۆڕان هەڤاڵ ئەبوبەکر دەگۆڕێت
بەپێی زانیارییەکانی (درەو) لە دووەمین کۆبونەوەی لیژنەی ئاڵۆگۆڕی پۆستەکاندا، بزوتنەوەی گۆڕان نوێنەرەکانی یەکێتییان ئاگادارکردووە لەوەی بەنیازن هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بگۆڕن، لەمەشدا داوایانکردووە یەکێتی هاوکارییان بکات.
وەفدی یەكێتی بە پێشنیازەكەی بزوتنەوەی گۆڕان رازی بوون و پێیان راگەیاندوون، ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان هەڤاڵ ئەبوبەکر بگۆڕێت، یەکێتی پشتیوانی لە کاندیدی تری بزوتنەوەی گۆڕان ناکات بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی و ئەوکاتە یکێتیش خۆی کاندیدی دەبێت بۆ پۆستەکە.
دوای رەتکردنەوەی ئەم پێشنیازە، بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، وەفدی گۆڕان پێشنیازێكی تری خستۆتە بەردەم وەفدی یەكێتی، کورتەی پێشنیازەکە ئەمەیە:
٭ یەکێتی هەردوو پۆستی پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە ببات.
٭ لەبەرامبەردا هەردوو پۆستی بەرپرسی ئیدارەی (گەرمیان)و (راپەڕین) پڕبکاتەوە. وەفدی یەكێتی بەم پێشنیازەی بزوتنەوەی گۆڕان رازی بوون، بۆیە بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، ئێستادا یەكێتی ئامادەكاری دەكات بۆ كۆمەڵێك گۆڕانكاری، لەناویاندا پارێزگاری سلێمانیش دەگرێتەوە.
رێكەوت زەكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی یەکێتی بە (درەو)ی راگەیاند، یەكێتی بڕیاریداوە  لە مانگی ئەیلولدا لە پشكە ئیدارییەكانی خۆی لە پارێزگای (سلێمانی و هەڵەبجە)و ئیدارەكانی (راپەڕین و گەرمیان) كۆمەڵێك گۆڕانكاری بكات.

بە پێی زانیارییەكانی (درەو) یەكێتی ئێستا تاووتوێی پڕكردنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی دەكات و لە ناو حزبەكەدا دوو كەس ناویان دێت وەكو كاندید بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی ئەوانیش بریتین لە هەریەكە لە ( د. عزەت سابیر، لەتیف شێخ عومەر).

لەبارەی یەكێتی‌و گۆڕانەوە
ساڵی 2009 نەوشیروان مستەفا بەتەواوەتی لە یەكێتی جیابووەوە‌و لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی بزوتنەوەیەكی نوێی بەناوی "بزوتنەوەی گۆڕان" راگەیاند، ئەو سەردەمە نەوشیروان مستەفا لە وەڵامی ئەوانەدا كە دەیانوت گۆڕان ئینشیقاقی لە یەکێتی كردووە دەیوت:" گۆڕان هێزێكی نوێیە‌و مونشەقی هیچ حزبێكی تر نییە، ئەوان یەكێتییان بۆ خاوەنەكانی بەجێهێشتووە"، بەڵام ئەمە ئەو وێنایەی كاڵنەكردەوە كە تائێستاش زۆرینەی خەڵک بزوتنەوەی گۆڕان بە پارچەیەكی جیاكراوە لە یەكێتی تەماشا دەكەن، یەكێتییەكان بێ گوێدانە گرژی پەیوەندییەكان لەگەڵ گۆڕان ساڵانە لەیادی كۆچی دوای نەوشیروان مستەفادا سەردانی گۆڕەكەی دەكەن.
لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان بەچەندین قۆناغی هەڵبەرزو دابەرزدا گوزەری كردووە، لەسەرەتادا گۆڕان ئاڕاستەی ململانێ سیاسییەكانی بەپلەی یەكەم لەگەڵ یەكێتیدا بوو، لە قۆناغێكی تردا ئاڕاستەكەی گۆڕی بۆ پارتی‌و هەندێكجاریش لە یەككاتدا ركابەرێتی هەردووكیانی دەكرد. 
سەرباری ناكۆكییەكان، بزوتنەوەی گۆڕان رۆژی 12ی تشرینی دووەمی ساڵی 2014 یەكەمین رێككەوتنی فەرمی لەگەڵ یەكێتی ئیمزاكرد، ئەمە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی بوو، كە دوای هەڵبژاردنەکان هەردوولا ناكۆك بوون لەسەری‌و هیچیان سازشیان بۆ ئەوی تر نەدەكرد، بەپێی ئەم رێككەوتنە یەکێتی و گۆڕان پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجەیان لەنێوان خۆیان دابەشكرد.
دوای نزیكەی شەش ساڵ لە ئیمزاكردنی، هێشتا رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لە سلێمانی لەنێوان یەكێتی‌و گۆڕاندا بەنیوەناچڵی ماوەتەوە، جێبەجێ نەكردنی ئەم رێككەوتنە لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا یەكێكە لە سەرچاوەكانی نیگەرانی گۆڕان لە یەكێتی.
دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە ئیمزاكردنی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لەگەڵ یەكێتی، رۆژی 17ی ئایاری 2016 گۆڕان رێككەوتنێكی نوێی لەگەڵ یەكێتی ئیمزاكرد، ئەمە رێككەوتنێكی فراوانتر بوو، ناوی لێنرابوو "رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان" هەندێكجاریش بە رێككەوتنی دەباشان ناودەبرێت، رێككەوتنەكە لەنێوان هەردوو كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی‌و نەوشیروان مستەفا ئیمزا كرا، بەڵام ئەم رێككەوتنەش پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزبەكەی ئاسایی نەكردەوە، چونكە رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكرا، رۆژی 20ی كانونی یەكەمی 2017 بزوتنەوەی گۆڕان لایخۆیەوە رێككەوتنەكەی هەڵپەسارد، بزوتنەوەی گۆڕان لەمەشدا یەكێتی تۆمەتبار دەكات بەوەی پابەندی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە نەبووە.
ئێستا وەكو دوو هێزی سیاسی كە زیاتر گۆڕەپانی كاركردنی سیاسییان لە پارێزگای سلێمانیدا چڕبووەتەوە، لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتیدا تەنیا یەك رێككەوتنی فەرمی ماوە كە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانییە، ئەم رێككەوتنەش ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە وادە فەرمییەكەی كۆتایی هاتووە‌و پێویستی بە نوێكردنەوە هەیە.
مانگەكانی كۆتایی ساڵی 2018 یەكێتی هەندێك هەوڵیدا بۆ رێكخستنی كۆبونەوە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان‌و تێهەڵچوونەوە بە پەیوەندییەكانی نێوانیان، بەڵام ئەوكات گۆڕان سازدانی هەرجۆرە كۆبونەوەیەكی رەتدەكردەوە، میدیای فەرمی گۆڕان رۆژی 29ی كانونی دووەمی 2019 هۆكاری رەتكردنەوەی كۆبونەوەی لەگەڵ یەكێتی لە شەش خاڵدا راگەیاند كە ئەمانە بوون: 
•    نیگەرانی لە جێبەجێنەكردنی بەشێكی گرنگی رێككەوتنی حكومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی.
•    بەردەوامی سزادانی سیاسی بزوتنەوەی گۆران و هەڵسوراوانی لە لایەن یەكێتیەوە.
•    نیگەرانی لە جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی نێوان هەردوولا.
•    نەبردنە سەری بەڵێنی رازیبونی یەكێتی بە دواخستنی هەڵبژاردنەكانی 30 ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان.
•    هەوڵدانی یەكێتی بۆ پشتگوێخستنی گۆڕان لە كابینەی نوێَی حكومەتدا.
•    یەكێتی دەیەوێت گۆڕان وەك كارتێك دژی پارتی بەكار بهێنێت.

پۆستە بەتاڵەكانی گۆڕان
سەرەتای مانگی تەموزی رابردوو کە پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی بە قۆناغێکی کرژو ئاڵۆزدا تێدەپەڕی، لاهور شێح جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی لە پڕێکدا خۆی کرد بە گردی زەرگەتەدا.
گۆڕان تێگەیشتبوو لەوەی یەکێتی بۆ ئەم قۆناغەی گرژییەکانی لەگەڵ پارتی پێویستی بە ئەوان دەبێت، بۆیە یەکسەر پرسی پڕکردنەوەی پۆستەکانی ئیدارەی سلێمانی هێنایە بەر باس و ئەمەی وەکو مەرج دانا بۆ ئەوەی یەکێتی نیازپاکی خۆی پێ نیشان بدات.
سەرباری ئاڵوگۆڕی پۆستەکان، بزوتنەوەی گۆڕڵن باسلەوەدەکات ژمارەیەک پۆستی لای یەکێتییە کە لەدوای رێککەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٤ی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێییەوە یەکێتی رادەستی نەکردووەو دەبێت ئەو پۆستانەش پڕبکاتەوە یاخود لەچوارچێوەی رێککەوتنێکی نوێدا چارەنوسیان یەکلابکرێتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەرێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانیدا (12 بۆ 15) پۆست هەن كە پشكی گۆڕانن‌و تائێستا یەكێتی رادەستی نەكردووە، لەوانە:
•    سەرۆكی ئیدارەی راپەڕین
•    جێگری سەرپەرەشتیاری ئیدارەی گەرمیان
•    بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان
•    جێگری پارێزگاری هەڵەبجە
•    قایمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە
•    سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە (ئەم ئەنجومەنە تائێستا دروست نەكراوە)
•    قایمقامی سەیدسادق
•    بەپێی رێككەوتنەكە لە كۆی (44) بەڕێوەبەری ناحیە لە سنوری پارێزگای سلێمانی، گۆڕان (19) بەڕێوەبەری ناحیەی بەردەكەوێت‌و یەكێتیش (18) بەڕێوەبەری ناحیە، سێ بەڕێوەبەری ناحیە لە سنوری پارێزگای سلێمانی كە بەر گۆڕان كەوتووە تائێستا رادەستی نەكراوە
•    لیوای پاراستنی نەوت‌و گاز كە سەربە وەزارەتی ناوخۆ

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand