Draw Media

هەوڵی لێپرسینەوە لە حكومەت كێشەی تێكەوت

هەوڵی لێپرسینەوە لە حكومەت كێشەی تێكەوت

2020-08-30 13:58:15


راپۆرت: فازڵ حەمە رەفعەت – محەمەد رەئوف
یەكەمین هەوڵی پەرلەمانی كوردستان بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی‌و وەزیری دارایی لەبارەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانەوە، توشی كێشە هات، سەرۆكی پەرلەمان نوسراوەكەی گەڕاندەوە‌و دەڵێ كێشەی یاسایی تێدایە، لەناو یەكێتیش فشار بەردەوامە بۆ ئەوەی پەرلەمانتاران ئیمزاكانیان بكێشنەوە، تەنانەت شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كە رۆژگارێك بەتوندی قسەی لەسەر پارتی دەكرد، ئێستا فشار دەكات بۆ ئەوەی پەرلەمانتارانی یەكێتی لەبابەتی بانگهێشتكردنی مەسرور بارزانی بكشێنەوە، رەنگە ترسەكەیان لە چارەنوسی قوباد تاڵەبانی بێت.. لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر بخوێنەرەوە.

لێپرسینەوە لە حكومەت
رۆژی 23ی ئەم مانگە لەناو پەرلەمانی كوردستانەوە هەوڵێك دەستیپێكرد بۆ لێپرسینەوە لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم‌و قوباد تاڵەبانی جێگری‌و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی‌و ئابوریی لەبارەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران بۆ مانگەكانی شوبات‌و ئازار.
(24) پەرلەمانتار ئیمزایان لەسەر نوسراوێك كرد‌و ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كرد بۆ بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی‌و وەزیری دارایی، ئەوانەی ئیمزایان لەسەر نوسراوەكە كرد بریتی بوون:
* (6) پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی
* (5) پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی
* (5) پەرلەمانتاری یەكێتی
* (4) پەرلەمانتاری گۆڕان
* (3) پەرلەمانتاری سەربەخۆ (ئەوانەی لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ جیابونەوە)
* پەرلەمانتارێكی حزبی شیوعی

وەڵامی سەرۆكایەتی پەرلەمان
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەمڕۆ رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە نوسراوێك وەڵامی نوسراوی ئەو (24) پەرلەمانتارەی داوەتەوە لەبارەی بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی‌و وەزیری دارایی بۆ بەردەم پەرلەمان.
(درەو) زانیویەتی، سەرۆكی پەرلەمان بەبەهانەی (4) هۆكار، نوسراوی ئەو پەرلەمانتارانەی بۆ بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی‌و وەزیری دارایی رەتكردوەتەوە.
رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان لەبارەی نوسراوی (24) پەرلەمانتارەكەوە ئەم كێشانەی خستوەتەڕوو.
•    ئەو پەرلەمانتارانە نوسراوەكەیان ئاڕاستەی "سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە"، بەڵام بەپێی ماددەی بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (70)ی پەیڕەوی ناوخۆ دەبێت نوسراوەكەیان ئاڕاستەی "سەرۆكی پەرلەمان" بكەن.
•    ئەو پەرلەمانتارانە لە نوسراوەكەیاندا بەیەكەوە (سەرۆكی حكومەت‌و     جێگرەكەی‌و وەزیری دارایی)یان بانگهێشتی پرسیاندن كردووە لەپەرلەمان، لەكاتێكدا بەپێی ماددەی (68)ی پەیڕەوی ناوخۆ كە خۆیان لە نوسراوەكەیاندا پشتیان پێ بەستووە، دەبێت لە پرساندندا سەرۆك وەزیران بە جیا لە وەزیرەكان بانگهێشتی پەرلەمان بكرێت، نەك پێكەوە بانگبكرێن.
•    بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی (70)ی پەیڕەوی ناوخۆ پەرلەمانی كوردستان، ئەو پەرلەمانتارانەی كە داوای پرساندنی سەرۆكی حكومەت یاخود وەزیرەكان دەكەن دەبێت هاوپێچ لەگەڵ بابەتی پرساندنەكە بەڵگە‌و زانیاری‌و بەڵگەنامەكان پێشكەشی سەرۆكی پەرلەمان بكەن، بەڵام ئەو پەرلەمانتارانە بەڵگەنامەكانیان لەبارەی نایاسایبوونی بڕینی موچەی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتەوە بۆ سەرۆكی پەرلەمان نەناردووە.
•    كێشەیەكی تری نوسراوەكەی ئەو پەرلەمانتارانە بەلای سەرۆكی پەرلەمانەوە ئەوەیە، بەر لەوەی پەنا بۆ ماددەی تایبەت بە پرساندنی سەرۆكی حكومەت ببەن، دەبوو پەنا بۆ نوسینی نوسراو ببەن بۆ سەرۆكی حكومەت‌و تێیدا پرسیار بكەن لەوەی حكومەت چۆن رێژەی 21%ی موچەی بڕیوە، ئەگەر لەماوەی یاسایدا حكومەت وەڵامی نەدایەوە یاخود وەڵامی دایەوە‌و وەڵامەكەی بۆ پەرلەمانتاران قایلیكەر نەبوو، ئەوكات پەنا بۆ پرساندنی سەرۆكی حكومەت ببەن لەناو پەرلەمان.
عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كە سەرۆكایەتی هەوڵی بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی‌و وەزیری دارایی كرد بۆ پەرلەمان بەمەبەستی لێپرسینەوە، لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) پشتڕاستیكردەوە كە لەلایەن رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانەوە نوسراوێكی پێگەیشتووە.
عەبدولستار مەجید وتی:" سەرۆكی پەرلەمان چەند تێبینییەكی هەیە لەسەر ناوەڕۆكی نوسراوەكەیان، تێبینییەكان بابەتی روكەشن‌و چارەسەری دەكەین‌و جارێكی تر نوسراوەكە ئاڕاستەی سەرۆكی پەرلەمان دەكەینەوە".
رایگەیاند، هیچ كێشەیەكیان نییە‌و هیچ كەسێك لەوانەی ئیمزایان لەسەر نوسراوەكە كردووە ئیمزاكانیان نەكشاندوەتەوە، بۆیە جارێكی تر نوسراوەكە دەكەنەوە.

نیساب دەشكێت ؟
بەشێك لەو پەرلەمانتارانەی كە ئیمزایان لەسەر نوسراوەكە كردووە بۆ بانگهێشتكردن‌و لێپرسینەوەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و قوباد تاڵەبانی جێگری‌و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لەبارەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە لەژێر فشاری حزبەكانیاندان بۆ ئەوەی ئیمزاكانیان بكێشنەوە.
لە فراكسیۆن یەكێتی (5) پەرلەمانتار ئیمزایان لەسەر نوسراوەكە كردووە، هەفتەی رابردوو بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی فراكسیۆنی حزبەكەی بانگهێشت كرد‌و داوای لێكردن ئەوانەی ئیمزایان لەسەر ئەو نوسراوە كردووە ئیمزاكانیان بكێشنەوە، بەڵام تائێستا كەسیان ئیمزاكانیان نەكێشاوەتەوە.
ئیمزای ئەو پەرلەمانتارانەی یەكێتی لەسەر نوسراوەكە لەدوو لاوە كاریگەری لەسەر سەركردایەتی حزبەكەیان داناوە، لەلایەك یەكێتی بەمدواییە لەگەڵ پارتی دەستی بە زنجیرەیەك كۆبونەوەی نوێ كردووە‌و دەیەوێت رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ پارتی بكات‌و نایەوێت بەم هەوڵانە دانوستانەكانی تێكبدات، لەلایەكی تر ئەگەر بابەتی پرساندن لە كۆتایدا سەربكێشێت بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە حكومەت، مەسرور بارزانی رزگاری دەبێت، چونكە لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆكی حكومەت بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پێویستی بە دەنگی (74) پەرلەمانتار دەبێت لە كۆی (111) پەرلەمانتار، ئەمەش شتێكە بەهۆی ئەو زۆرینەیەی كە پارتی لە خولی ئێستا پەرلەماندا هەیەتی هەرگیز رونادات، بەڵام ئەگەر بابەتەكە سەربكێشێت بۆ لێسەندنەوەی متمانە، قوباد تاڵەبانی چانسی باش نابێت، چونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ جێگری سەرۆك وەزیران‌و وەزیرەكان بە دەنگی (50+1)ی پەرلەمانتاران متمانەیان لێوەردەگیرێتەوە، واتا بە دەنگی (56) پەرلەمانتار لە كۆی (111) پەرلەمانتار متمانە لە قوباد تاڵەبانی وەردەگیرێتەوە، ئەگەر پەرلەمانتارانی یەكێتی ئیمزاكانیان نەكێشنەوە، فراكسیۆنی پارتیش بەرگری لە قوباد تاڵەبانی ناكات‌و رەنگە لەدژیشی دەنگ بدات، ئەمەیە سەرچاوەی نیگەرانییەكەی قوباد تاڵەبانی لەو پەرلەمانتارانەی یەكێتی كە ئیمزایان لەسەر نوسراوەكە كردووە، (درەو) زانیویەتی قوباد تاڵەبانی فشاری زۆری كردووە بۆ ئەوەی ئەو پەرلەمانتارانە ئیمزاكانیان بكێشنەوە.
ماڵباتی تاڵەبانی هەمویان فشار دەكەن بۆ ئەوەی پەرلەمانتارانی یەكێتی ئیمزاكانیان لەسەر نوسراوەكە بكێشنەوە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كە بەر لە كۆنگرەی چوارەم بەردەوام هێرشی توندی دەكردەسەر پارتی، لەدوای هەڵبژاردنی وەكو كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ماوەیەكی زۆرە بێدەنگە‌و هیچ نوسینێكی نییە، تەنانەت بەپێی زانیارییەكانی (درەو) فشاری زۆر دەكات بۆ ئەوەی پەرلەمانتارانی یەكێتی پاشگەزببنەوە لە ئیمزاكانیان بۆ بانگهێشتكردنی مەسرور بارزانی بۆ بەردەم پەرلەمان.
هەر لە ماڵباتی تاڵەبانی، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی فشاری زۆر دەكات بۆ ئەوەی ئەو پێنج پەرلەمانتارەی یەكێتی ئیمزاكانیان لەسەر نوسراوەكەی پەرلەمان بكێشنەوە، بەڵام لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكەكەی تر، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) چووەتە دەرەوەی وڵات‌و نایەوێت لەم بابەتەدا نە پشت لە پەرلەمانتارانی حزبەكەی بكات‌و نە فشاریشیان لێ بكات بۆ ئەوەی ئیمزاكانیان بكێشنەوە.
فشارەكە تەنیا لەناو یەكێتیدا نییە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) لەناو بزوتنەوەی گۆڕانیش فشار هەیە بۆ ئەوەی ئەو چوار پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی گۆڕان كە ئیمزایان لەسەر نوسراوەكە كردووە، ئیمزاكەیان بكێشنەوە.
عەلی حەمە ساڵح سەرەتای ئەم هەفتەیە لەژێر فشاری عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان‌و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكەی بۆ كشاندنەوەی واژۆكەی لەسەر ئەو نوسراوە‌و چەند پرسێكی تر، دەستی لە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان‌و ئەندامێتی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكەی كێشایەوە.
بەم بارودۆخەوە ئایا عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی دەتوانێت جارێكی تر نیسابی یاسایی بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆبكاتەوە كە (یەك لەسەر پێنج)ی ئەندامانی پەرلەمانە، واتا پێویستی بە ئیمزای (23) پەرلەمانتار هەیە بۆ ئەوەی جارێكی تر نوسراو بكاتەوە‌و تێیدا داوای لێپرسینەوە لە سەرۆكی حكومەت بكات ؟
ئایا پەرلەمانتارانی یەكێتی‌و گۆڕان ئەگەر جارێكی تر داوای ئیمزایان لێبكرێت بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆكی حكومەت، ئیمزا دەكەن یاخود نا ؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand