پەرلەمان داوای شوێنگرەوەی سۆران عومەر لە كۆمسیۆن دەكات
2020-08-30 11:50:32
درەو:
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە نوسراوێك كە ئاراستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی كردووە داوای كاندیدی شوێنگرەوەی ( سۆران عومەر) دەكات.
لە 7ی ئایاری رابردوو پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی (57) پەرلەمانتار پارێزبەندی لەسەر (سۆران عومەر) پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی هەڵگرت بەڵام تا ئێستا شوێنەكەی پڕنەكراوەتەوە.
بەپێی نوسراوێكی رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كە ئاراستەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی كوردستانی كردووە، نوسیویەتی" دوابەدوای بڕیاری ژمارە (7)ی ساڵی 2020 تایبەت بە قبوڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەی (سۆران عومەر سەعید) لە ئەندامێتی پەرلەمانی كوردستان، بفەرموون بە ناردنی ناوی ئەو كاندیدەی بە پێی ریزبەندی هەڵبژاردن لە هەمان فراكسیۆن جێگەی دەگرێتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لە ئێستادا كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان سەرقاڵی ناردنی ناوی جێگرەوەی (سۆران عومەر)ن.
بەپێی ڕیزبەندی دەنگی كاندیدەكانی كۆمەڵی ئیسلامی لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لەناو كاندیدە دەرنەچووەكانی كۆمەڵدا مەروان گەڵاڵی دەنگی زۆرینە هەیەو دەتوانێت كورسییەكەی سۆران عومەر لە پەرلەمانی كوردستان پڕبكاتەوە.
مەروان گەڵاڵی كە لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستاندا سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ بوو، بەمدواییە لە كۆنفرانسە ناوخۆییەكانی كۆمەڵدا وەكو ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵ هەڵبژێردرایەوەو هاوكات بوو بە بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی كۆمەڵ، گەڵاڵی پەرلەمانتاری خانەنشینەو بەپێی زانیارییەكانی (درەو) رەتیكردوەتەوە كورسییەكەی سۆران عومەر پڕبكاتەوەو دەیەوێت لە پۆستە حزبییەكەیدا بمێنێتەوە.
بەڵام دەبێت كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ناوی مەروان گەلاِڵی بنێرێت بۆ پەرلەمان و لەوێ مەروان گەلاِڵی رەتی بكاتەوە بۆ كاندیدی دواتر.
لەدوای مەروان گەڵاڵی لەناو كاندیدە دەرنەچووەكانی كۆمەڵدا، (عومەر گوڵپی) بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی كاروباری كۆمەڵایەتی سلێمانی دەنگی زۆرینەی هەیە.
(درەو) زانیویەتی لەناو كۆمەڵدا گفتوگۆ هەیە لەبارەی ئەوەی ئایا عومەر گوڵپی كورسییەكەی سۆران عومەر لە پەرلەمان پڕبكاتەوە یاخود لە پۆستەكەی خۆی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری كۆمەڵایەتی سلێمانی بمێنێتەوە، لەناو مەڵبەندی سلێمانی كۆمەڵدا چەند كەسێك چاویان لە وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری گشتی كاروباری كۆمەڵایەتی سلێمانییەو خوازیارن عومەر گوڵپی دەستبەرداری پۆستەكەی ببێتو شوێنەكەی سۆران عومەر پڕبكاتەوە.
لەبەرامبەردا بۆچونێكی تر لەناو كۆمەڵدا هەیە كە خوازیارە عومەر گوڵپی لە شوێنی خۆی لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی كاروباری كۆمەڵایەتی سلێمانی بمێنێتەوەو كاندیدی دوای ئەو كە (كامەران بابان زادە)یە كورسییەكەی سۆران عومەر پڕبكاتەوە.