دەستی لەكاركێشایەوە
2020-08-28 14:13:55
(درەو):
عەلی حەمەساڵح دەستی لە پۆستی سەرۆكی فراسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستانو ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كێشایەوە، رێكخەرو خانەی راپەڕاندن داوایان لێكردووە ئیمزاكەی بۆ بانگهێشتكردنی مەسرور بارزانی بۆ پەرلەمان بكێشێتەوە.
سەرچاوەیەك لە جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو)ی راگەیاند، ماوەی چوار رۆژە عەلی حەمەساڵح دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستانو ئەندامێتی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كێشاوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، عەلی حەمەساڵح نوسراوی دەستلەكاركێشانەوەكەی پێشكەشی جڤاتی نیشتمانیو خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان كردووە.
چەند رۆژێكە لەلایەن عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانو ئەندامانی خانەی راپەڕاندنەوە فشار خراوەتەسەر عەلی حەمەساڵح بۆ ئەوەی واژۆی خۆی لەسەر ئەو نوسراوە بكێشێتەوە كە تێیدا پەرلەمانتاران داوای لێپرسینەوە لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتو قوباد تاڵەبانی جێگیریو ئاوات شێخ جەناب وەزیری داراییو ئابوری دەكەن.
لە فراكسیۆنی گۆڕان جگە لە عەلی حەمەساڵح، سێ پەرلەمانتاری تر ئیمزایان لەسەر نوسراوەكە كردووە، بەڵام فشارەكە زیاتر لەسەر عەلی حەمەساڵحە، بەوپێیەی سەرۆكی فراكسیۆنەكەیەو بەپێی قسەی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن پۆستەكەی نوێنەرایەتی سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان دەكاتو نابێت بەشدار بێت لەو هەوڵەدا بەتایبەتی لەكاتێكدا كە بزوتنەوەی گۆڕان خۆی بەشدارە لە حكومەت.
سەرباری ئیمزاكەی پەرلەمان كە كێشەی بۆ دروستكردووە، ماوەیەكە عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەگەڵ بەشێك لە سەركردەكانی بزوتنەوەكەی لە ناكۆكیدایە لەبارەی بەشداری گۆڕان لە حكومەتو بەمدواییە لە چاوپێكەوتنێكدا وتی:" ماوەی شەش مانگە دژی ئەم فۆرمەی بەشداریكردنی بزوتنەوەی گۆڕانم لە حكومەت".
عەلی حەمەساڵح بەمدواییە بەشێوەیەكی زیاتر قسە لەسەر قاچاخچێتی دەروازە سنورییەكانو گەندەڵی دەكات لە حكومەت، ئەمە لەكاتێكدایە بزوتنەوەكەی لایەنێكی سەرەكی پێكهێنەری كابینەی ئێستای حكومەتی هەرێمەو هەردوو وەزارەتی وەزارەتی داراییو بازرگانی كە پەیوەندیدارن بە كاروباری دەروازە سنورییەكان بەدەست بزوتنەوەی گۆڕانەوەن.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، تائێستا خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دەستلەكاركێشانەوەكەی عەلی حەمەساڵحی پەسەند نەكردووە، (درەو) پەیوەندی بە عەدنان عوسمان وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕانەوە كرد، بەڵام پەیوەندییەكە بەردەست نەبوو.