مەرجە تایبەتەكەی ئەمەریكا بۆ كازمی ..؟
2020-08-26 07:35:34
د. سەنگەر سەید قادر
ئەوەی لەسەردانی كازمی دا جێگای سەرنج بوو پرسی خۆپیشاندەران بوو، كە لە دیداری ترەمپدا چەند جارێك پۆمپیۆ و ئۆبراین ئەوە دووبارە دەكەنەوە كە پێویستە ڕێز لە خۆپیشاندەران بگیرێت و بپارێزرێن.
دواتر لە سەردانی كۆنگرێسدا وەك ئەوەی هەموان ڕێكەوتبن لەسەر ئەوپرسە نانسی پیلۆسی و دواتریش میچ ماكۆنێلی سەرۆكی كۆمارییەكانی ئەنجومەنی پیران هەمان هۆشداریان بەكازمی دا كە پێویستە خۆپیشاندەران بپارێزێت.
هەرچی پەیوەستە بە دیداری كازمی و كۆشنەری زاوا و ڕاوێژكاری ترەمپەوە ناڕوونە چونكە لەو ٤٧ خولەكەی كۆبوونەوە داخراوەكەدا جگە لە كۆشنەر و كازمی و خودا هیچ كەس نازانێت ناوەڕۆكەكەی چی بوو، دواتریش كازمی نە لەڕووناكی و نەلە تاریكی دا باسی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی خۆی و كۆشنەر نەكرد.
ئەوەی جێگای پرسیارە بۆچی ئەمەریكا بەو حەماسە زۆرەوە گرنگی بە شەقامی عێراقی و خۆپیشاندەران دەدات؟ ئایا سیاسەتی شەقام گرنگە بۆ جێبەجێكردنی گرێبەستەكانی ئەمەریكا و عێراق؟
🔵-پشتیوانی ئەمەریكا بۆ كازمی مەرجدارە..؟
پێشوازی كردنی لەكازمی شاهانە بوو و لە دیداری ترەمپ و كازمی دا چەندین جار كازمی وەك هاوڕێ و دۆست پیناسە كرد و لە كۆنگرێسیش پێزانینی زۆریان هەبوو بۆ هەنگاوە چاكسازییەكانی كازمی
لە دوای ئیمزا كردنی گرێبەستەكانیش بە بڕی ٨ ملیار دۆلار ترەمپ تەلەفونی بۆكازمی كرد و پیرۆزبای لێكرد، بەڵام هەموو ئەم پێشوازی و دەست خۆشیانە بێ بەرامبەر نەبوو و بەهەمان شێوەش گرێبەستەكان گرەنتی تەواو نیە بۆ پشتیوانی كازمی
ڕاستە كە كۆمپانیاكانی جەنڕاڵ ئلیكتریك و شیڤرۆن و هنیول كۆمپانیای گەوڕەن و كاریگەریان لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەبێت بەڵام بڕی چەند ملیار دۆلارێك بۆ ئەو كۆمپانیایانە پارەیەكی كەمە و ژمارەیەكی زۆر نیە
پێشتریش كۆمپانیا ئەمەریكیەكان چەندین گرێبەستیان لەگەڵ حكومەتی عێراقدا كردووە بەڵام تەنها لەسەر كاغەز بووە و نەچووتە بواری جێبەجێكردنەوە چونكە حكومەتەكانی پێشوو لەژێر دەسەڵاتی ئێراندا بوون و لەلایەكی دیكەوە شەقامی عێراقی وەك داگیركەر و نەیار لە ئەمەریكایان دەڕوانی
بەڵام ئەمجارە كۆمپانیا ئەمەریكیەكان كاری جدی دەوێت بۆ ئەمەش كۆمپانیای شیڤرۆن و جەنڕاڵ ئیلكتریك داوای قەرزیان لە حكومەتی ئەمەریكا كردووە و هاوكات كۆمپانیاكانی ئارامكۆی سعودیە و ئەكواب ئارۆ بەشداری پێدەكەن لە پرۆژەی بەرهەمهێنانی غاز و كارەبای عێراقدا
چونكە ئەمە وا دەكات حكومەتی عێراق و ئەمەریكا جدی تربن و پرۆژەكە تێكهەڵكێش كراوە لەگەڵ ستراتیژی ئەمەریكادا كە سنوردار كردنی دەسەڵاتی ئێرانە لە عێراق و ڕزگاركردنی ئابوری و ووزەی عێراقە لە ژێر دەستی ئێران و توركیا و ڕوسیا بەڵام ئەمەش پێویستی پاڵپشتیەكی تر هەیە ئەویش شەقامە.
🔵- بۆچی ئەمەریكا هۆشداری دایە كازمی لە پاراستنی خۆپیشاندەران..؟
ڕوونە كە كازمی و كابینەكەی بەرهەمی خۆپیشاندانەكانی تشرینە و مانەوەی حكومەتەكەی پەیوەستە بە ڕەزامەنشی شەقام و خۆپیشاندەرانەوە بەڵام مانەوەی كازمی و لادانی تائەوكاتە گرنگە كە بتوانێت پرۆژەكەی ئەمەریكا لە عێراق جێبەجێ بكات
چونكە ئەمەریكا چیتر نایەوێت عێراق تەنها وەك كارتی فشار بۆسەر ئێران بەكار بهێنێت بەڵكو دەیەوێت عێراق هاوپەیمانێكی ستراتیژی ئەمەریكا بێت و پایەیەكی گرنگی پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ بێت (لە بەشی دووەمدا باسی ئەم پرۆژەیە دەكەین)
بۆ ئەمەش پێویستە ئەمەریكا ستراتیژی خۆی لە هێزێكی داگیركار(الاستعماریە)ەوە بگۆڕێت بۆ هێزێكی ئیمپریالیزمی، چونكە چیتر نایەوێت داگیركاڕ بێت و تەنها پارێزەری دەسەڵاتی سیاسی بێت بەڵكو بەپێی ڕێكەوتنی ستراتیژی ئەمەریكا كار لەسەر سێكتەڕەكانی ئابوری و ووزە و ڕۆشنبیری و تەندروستی و خوێندنی باڵا و پەروەردە دەكات و چیتر دەیەوێت پێگەی لەشەقام دا بەهێزبكات
بیری نەوەی نوێی عێراقییەكان بەئاراستەی خۆیدا بگۆڕێت و چیتر پێویستی بە پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی و مەترسی هەڵگەڕانەوە نەبێت بەڵكو كۆمەڵگای عێراقی و دەسە سیاسیە نوێیەكەی لەبری ئەوە پێویستیان بە پاراستن بێت ئەوان بۆخۆیان بەرژەوەندیەكانی ئەمەریكا بپارێزن لە عێراق و ناوچەكەدا ببن بەكۆمەڵەكەیەكی بەهێزی ڕاگرتنی بەرژەوەندی ئەمەریكا و ڕێگری لە ئیمپریالیزمی چینی
لەهەمانكاتدا هەستی دووژمنایەتێ ناهێڵێت و پردی پەیوەندیەكی بەهێز لە نێوان كۆمەڵگای عێراقی و ئەمەریكیدا دروست دەكات و بەجۆرێك ئەم ڕامكردنەی شەقامی شیعی بۆ هەنگاوێ داهاتووی ئەمەریكا بە ئاراستەی ئێران و پاكستان گرنگە
ئەمەش ئامادەكارییەكی گرنگ دەبێت بۆ بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ و ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی ئیسرائیل و عێراق بەشداری عێراق لە و هاوپەیمانێتیە نوێیەدا و دیدارەكەی كۆشنەر و كازمیش لەسەر ئەم پرسەبوو.
بەڵام ئەمە بەتەنها بە كۆنترۆڵكردنی هێزە ئەمنیەكان ناكرێت چونكە ئەوانەی خۆپیشاندەران دەكوژن میلیشیاكانی حەدی شەعبین بۆیە ئەمەریكا بەڕوونی بەكازمی ڕاگەیاندووە كە پێویستە خۆپیشاندەران بپارێزێت
🛑- دەر ئەنجام
١- كاری لە پێشینەی كازمی دەبێت پاراستنی خۆپیشاندەران بێت
٢- ماوەی چەكردنی حەشدی شەعبی بۆ كازمی درێژكرایەوە بەڵام بەومەرجەی بەشدارنەبن لە سەركوتكردنی شەقامدا
٣-كازمی پێویستە شەقام ئامادە بكات بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی عێراق و ئیسرائیل
٤- كازمی پێویستە كارمەندانی كۆمپانیا ئەمەریكیەكان بپارێزێت و ئاسانكاری بكات بۆ كارەكانیان
٥- ئاسانكاری بكات بۆ دروستكردنی پردی پەیوەندی ڕۆشنبیری و كلتوری و پەڕوەردەی لە نێوان عێراق و ئەمەریكادا بۆ گۆڕینی وێنەی ئەمەریكا لە بەرامبەر ڕای گشتی دا.
* بەرپرسی دیسكی عێراق و كوردستانی ناوەندی ئیمارات بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی