غازی سروشتی چیرۆكی دەسەڵاتێكە كە چیرۆكەكەی بەرەو كۆتایی دەچێت!!!
2020-08-23 20:10:37
راپۆرتی: هێمن خۆشناو
مژدەكەی ئەردۆغان لەمەڕ دۆزینەوەی (غازی سروشتی) لە دەریای رەشدا، دەنگدانەوەیەكی گەورەی لەناو توركیا و دەرەوە بەدوای خۆیدا نەهێنا. بەهای لیرەی توركیش لە بەرامبەر دۆلاردا جوڵەی نەكرد.
رۆژی پێنچشەممەی رابردوو ( 20 ئابی 2020) رەجەب تەیب ئەردۆغان لە كۆشكی دۆڵمەباخچە لە ئیستانبۆڵ، بە ئامادەبوونی گەورە لێپسراوانی حكوومەت و پارتەكەی، دۆزینەوەی كێڵگەیەكی غازی سروشتی لە دەریاری رەشدا راگەیاند. ئەردۆغان دۆزینەوەی ئەم كێڵگەیەی بە (مژدە) بۆ خەڵكی توركیا لە قەڵەمدا.
ئەم مژدەیەی ئەردۆغان لە كاتێكدا دێت، كە توركیا لەڕووی ئابووری بەدەست چەندین كێشەی وەكو لە دەستدانی بەهای دراوەكەی، بێكاری، كشانەوەی سەرمایەی بیانی لە وڵات و كەمكردنی هەناردەی كاڵای توركی بۆ دەرەوە دەناڵێنێت و تووشی چەندین قەیرانی كردووە، پشتگیری جەماوەریش بۆ دەسەڵاتی 18 ساڵەی ئاكەپە (پارتی داد و گەشەپێدان) لە خراپترین دۆخی دایە.
دەسەڵاتی ئاكەپە بۆ شاردنەوەی ئەم هەموو قەیرانە، لە سیاسەتی دەرەوەیدا پەنا بۆ سیاسەتی ئافراندنی كێشە لەگەڵ دراوسێكانی و وڵاتانی ناوچەكە دەبات. كە ئەمەش لە ئاستی دەرەوەدا گۆشەگیری زیاتر ئەم وڵاتەی لێ كەوتۆتەوە.
لەبەرامبەریشدا بۆ رزگاربوون لەم دۆخە خراپە، رۆژ لەدوای رۆژ داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكرێت. بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان، هەموو ئەم داوایانە پشتگوێ دەخات، هەوڵی گۆڕینی رۆژەڤی خەڵكەكەی دەدات. بۆ ئەمەش جگە لە پەنا بردنی بۆ كارتی ماوە بەسەرچوو هیچ رێگایەكی دیكە نابینێت تا پەنای بۆ ببات.
لەم سۆنگەیەوە، مژدەی دۆزینەوەی غازی سروشتی لە قوڵایی دەریای رەشدا خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت. نووسەر و شڕۆڤەكار (ئیلهامی ئیشق) كە تا ئەم ساڵانەی دوایی كەسێكی نزیكی سەركردەكانی ئاكەپە بووە و ناوی بۆ چەندین پۆستی جیاواز هاتووە، ئەم بۆچوونەمان پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێت:" چیرۆكەكە زۆر بێ واتایە. هەموو ساڵێك دەڵێن غازی سروشتی دەدۆزنەوە، هەر بۆیە متمانە بەم چیرۆكە ناكرێت".
هەروەها دەڵێت:" هەبوونی كێڵگەیەكی بەم شێوەیە چیرۆكێكی كۆنە. دەبوو لە ساڵی 2013 دەربهێندرێت، بەڵام بەهۆی زۆری تێچوونی پەشیمان بوونەتەوە".
ئیشق (دۆزینەوەی غازی سورشتی) بە هەڵمەتێكی سیاسی دەسەلات لە قەڵەم دەدات و لەكۆتایی قسەكانیدا دەڵێت:" ئەمە هەڵمەتی دەسەلاتێكە كە چیرۆكەكەی تەواو بووە، وەكو ئایا سۆفیا هەڵمەتێكە بۆ گۆڕینی رۆژەڤی خەڵك. ئەگەر راستیش بێت نەوەكو 3 ساڵ بەڵكو تا 10 ساڵی دیكەش ناتوانن دەریبێنن".
بە گوێرەی زانیاریەكانمان ئەم كێڵگەیە لە ساڵی 2008 دۆزراوەتەوە، بەڵام پسپۆرانی ئەم بوارە لە توركیادا بڕیاری وەبەرهێنانیان نەداوە. هۆكارەكەشی بۆ تێچوونی زۆری پڕۆسەكە دەگەڕێتەوە كە بە نزیكی 18 ملیار دۆلار دەخەمڵێندریت، پێیانوایە تێچووی پڕۆسەی دەرهێنانی غاز لەم كێڵگەیە زۆر زیاتر دەبێت بە بەراورد بە داهاتی ئەم بڕە غازەی لە كێڵگەكە دایە.
توركیا ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە 50 ملیار مەتر سێجا لە غازی سورشتی هەیە، كە بەشی زۆری لە ئێران و بەشەكەی دیكەشی لە كۆمارەكانی سەر بە یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو و روسیا دابین دەكرێت.
نەسرین ناس، ژنە سیاسەتمەداری تورك و سەرۆكی پێشووی پارتی رێگای راست (DYP) بووە، پێیوایە دۆزینەوەی ئەم بڕە غازە وەكو بانگەشەی بۆ دەكرێت توركیا لە پەیوەست بوون بە غازی ئێران و وڵاتانی دیكە رزگار ناكات. لەمبارەیەوە دەڵێت:" بانگەشە دەكرێت ئەم كێڵگەیە 320 ملیار مەتر سێجا لەخۆ بگرێت. بەڵام ئێران و وڵاتانی دیكە بە ترلیۆن مەتر سێجا غازیان هەیە". هەروەها دەڵێت:" لە ئێستادا تێچووی دەرهێنانی ئەم غازە و كوالێتیەكەی دیارنیە، كە ئەمەشیان كێشەیە و لایەنێكی ناڕوونی مژدەكەیە".
لە كۆتایی قسەكانیشیدا ناس پێیوایە:" شێوازی راگەیاندنی مژدەی دۆزینەوەی غازی سروشتی نیگەرانی و گومان دروست دەكات. پێموایە مەسەلەكە بە تەنیا گۆڕینی رۆژەڤ نیە، لەوانەیە زەمینە خۆشكردن بێ بۆ زیاتر هەڵكوتانە سەر ئۆپۆزسیۆن و بێدەنگكردنی ناڕەزایەكان".
لە تێكیچوونی پڕۆسەی چارەسەری كێشەی كورد لە ناوەڕاستی ساڵی 2015 دا، ئەردۆغان بۆ مانەوە لەسەر دەسەلات هەموو رێگایەكی گرتۆتەبەر. لە قەبوڵ نەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بگرە تا گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی بۆ سەرۆكایەتی. ئەمەش وایكردوو، چاودێران و شڕۆڤەكاران بە چاوی گومان سەیری هەنگاو و سیاسەتەكانی ئەردۆغان بكەن. هەرچەندە مژدەی دۆزینەوەی غاز لە بنەمادا مەسەلەیەكی ئابووریش بێت، بەڵام بەدەر نابێت لەم خوێندنەوەی سەرەوە. ئەوەی زیاتر ئەم خوێندنەوەیە پشتڕاست دەكاتەوە، بەردەوامی شكانی نرخی بەهای لیرەی توركیە لە بەرامبەر دۆلاردا. لە كاتژێرەكانی یەكەمی راگەیاندنی مژدەی دۆزینەوەی غازدا، بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی و لە 7.30 گەیشتە 7.21، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات جارێكی دیكە لیرە دەستی بە دابەزین كرد و گەیشتە 7.33 بەرامبەر یەك دۆلاردا. ئەمەش ئاماژەیەكی روونە كە سەرمایە متمانە بە قسەكانی ئەردۆغان ناكات و پێیوایە، هیچ بنەمایەكی زانستی ئابووری نیە و لە بادانەوەیەكی سیاسی زیاتر شتێكی دیكە نیە.
رۆژنامەنووس و نووسەر (فەهیم تاشتەكین) ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێت:" ئەردۆغان لە هەموو پڕۆسەی هەڵبژاردنەكاندا هەواڵی دۆزینەوەی غازی سروشتی و نەوت دەكاتە مژدە. لەم ناوچەیەدا (دەریای رەش) ماوەیەكی درێژە پڕۆسەی گەڕان بەدوای غازی سروشتی لە ئارادایە، بۆیە دۆزینەوەی غاز سوپرایز نیە. بەڵام نازانین هەبوونی ئەم كێڵگەیە بایەخی هەیە یان نیە".
هەروەها دەڵێت:" متمانە بە قسەكانی ئەردۆغان ناكەین. بۆ ئەوەی رای گشتی لە خشتە ببات، سەرۆكێكە هەموو رێگایەك تاقی دەكاتەوە. كاتی راگەیاندنی مژدەكە زۆر واتادارە. لەم كاتەی لە سیاسەتی دروستكردنی گرژی لە دەریای سپیدا ئەنجام ناگرێت، مژدەی دۆزینەوەی غاز لە دەریای رەش رادەگەینێت. هەر بۆیە ئەم هەڵمەتەی لە ئابووری زیاتر هەڵمەتێكی سیاسیە".
لەبارەی قسەكانی ئەردۆغانیش كە دەڵێت:" لە ساڵی 2023 دا دەرهێنانی غاز لە دەریای رەش دەكەوێتە خزمەتی هاووڵاتیان!". تاشتەكین بەم شێوەیە كۆتایی بە قسەكانی دەهێنێت:" بە تەواوەتی بادانەوەیەكە پەیوەستە بە هەڵبژاردن. لەم كاتەی دۆلار لە بەرزبوونەوە دایە، راگەیاندنی ئەم مژدەیە بەدەرفەتێك دەزانی بۆ رێگرتن لە داشكانی زیاتر لیرە، بەڵام كاریگەری زۆر كووت خایەن دەبێت".
خوێندنەوەی میدیای جیهانیش بە تایبەتی ئەڵمانی (گۆڤاری دێر شپیگل و رۆژنامەی دی ڤێڵت) بەهەمان شێوەی پسپۆرانی تورك بە داتا و لێكدانەوە گومان دەخەنە سەر مژەدەكەی ئەردۆغان.
لەژێر رۆشنایی ئەم تێڕوانیانەی سەرەوە، دیار دەبێت كە كارتێكی دیكەی ئەردۆغان دەسووتێت، لەگەڵ خۆشیدا نیشانەكانی نزیكبوونەوەی بەسەرچوونی چیرۆكی دەسەڵاتی ئەردۆغان، تۆختر دەكات.