داوایان لێدەكرێت واژووەكانیان بكێشنەوە
2020-08-23 15:55:27
درەو:
هەوڵی لێپرسینەوە لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لە پەرلەمان، لەبەردەم هەڵوەشانەوەدایە، یەكێتی فشار لە پەرلەمانتارەكانی دەكات واژۆكانیان لەسەر نوسراوەكە بكێشنەوە.
ئەمڕۆ 24 پەرلەمانتار واژۆیان لەسەر نوسراوێك كرد بۆ لێپرسینەوەی لە ( مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی).
لەناو ئەوانەی واژۆیان لەسەر نوسراوەكە كردووە (5) پەرلەمانتاری یەكێتی و (4) پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان هەن.
یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان رێككەوتنی سیاسیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەیەو پێكەوە بە سێ قۆڵی كابینەی حكومەتیان پێكهێناوە.
لەناو ئەوانەی نوسراوەكەی پەرلەمان داوا دەكات لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت نوێنەری یەكێتی هەیە كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتە، لە بزوتنەوەی گۆڕانیش ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی بەركەوتووە.
لەم كاتەدا كە حكومەت توشی قەیرانی دارایی بووە، وەزیرو بەرپرسانی حكومەت خۆیان لە هەر جۆرە لێدوانێكی رۆژنامەوانی دەپارێزن چ جای ئەوەی بچنە بەردەم پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە.
بە پێی زانیارییەكانی (درەو)، بە پرسانی پارتی فشاریان خستوەتە سەر هەردوو هاوبەشەكەیان لە حكومەت (یەكێتی، گۆڕان) تاوەكو پەرلەمانتارانیان ناچاربكەن واژۆی خۆیان لەسەر نوسراوی پرساندنی حكومەت لە پەرلەمان بكێشنەوە.
(درەو) زانیویەتی ئێستا لە ئاستی مەكتەبی سیاسی و هاوسەرۆكایەتی یەكێتیەوە فشار دەستی پێكردووە بۆ ئەوەی پەرلەمانتارانیان واژۆی خۆیان لەسەر نوسراوەكەی پەرلەمان بكێشنەوە.
ئەوانەی لە فراكسیۆنی یەكێتی واژۆییان لەسەر نوسراوەكە كردووە، بریتین لە:
- عەباس فەتاح
- سەركۆ ئازاد گەڵاڵی
- هاورێ مەلا ستار
- شەمۆڵ ئاشتی
- شیرین یونس
بەرپرسانی باڵای بزوتنەوەی گۆڕانیش ناڕازین لەوەی پەرلەمانتارانی بزوتنەوەكەیان واژۆیان لەسەر نوسراوەكە كردووە، لە فراكسیۆنی گۆڕان ئەم پەرلەمانتارانە واژۆیان كردووە:
- عەلی حەمە ساڵح
- شیرین ئەمین
- شایان عەسكەری
- گۆڕان عومەر
سەرباری فشارەكانی پارتی لەسەر بزوتنەوەكەیان، پێشبینی ناكرێت ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان واژۆكانیان بكێشنەوە بەتایبەتیش لەكاتێكدا حزبەكەیان لە شەقام روبەرووی ناڕەزایەتی فراوان بووەتەوە، بەڵام یەكێتی لە ئێستادا لە دانوستان و زنجیرەیەك كۆبونەوەدایە بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ پارتیدا، سەركردەكانی یەكێتی نایانەوێت بەبەشداریكردن لەم هەوڵەی پەرلەمان ئەو پەیوەندییە تێكبدەن كە بەمدواییە لەگەڵ پارتی بنیادیان ناوە، بۆیە ئەگەری كشاندنەوەی واژۆی ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لەسەر نوسراوەكە پێشبینی كراوە.
لە حاڵی كشانەوەی واژۆی پەرلەمانتارانی یەكێتی، نوسراوی پرساندنی حكومەت لەبەردەم پەرلەمان نیسابی یاسایی لەدەستدەدات و ئەوانەی سەركردایەتی هەوڵەكە دەكەن دەبێت بەدوای كۆكردنەوەی واژۆی تر لەناو پەرلەماندا بگەڕێن.