دەمیرتاش لە زیندان و لە رێگەی تویتەرەوە بانگەشەی دەستپێكرد
2018-05-07 18:44:48
سەلاحەدین دەمیرتاش كاندیدی پارتی دیموكراتی گەلان" هەدەپە" بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا لە زیندان و لە رێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەرەوە هەڵمەتی بانگەشەی دەستپێكرد.
لە زنجیرەیەك تویتدا دەمیرتاش بەشێك لە خاڵە سەرەكییەكانی پرۆگرامی هەڵبژاردنی خۆی بڵاوكردەوە و رایگەیاند هەموو هەوڵەكانی دەخاتەگەڕ بۆ كەمكردنەوەی بێكاری لە توركیادا كە ئێستا لە هەر پێنج گەنجێك یەكێكیان بێكارە و وتیشی " كارتی گەنجان " بۆ لاوانی توركیا دابیندەكات كە بەهاكەی مانگانە دەگاتە 500 لیرەی توركی.
هەروەها دەمیرتاش لە تویتێكی تردا بەڵێنیدا مووچەی خانەنشیان بەرزبكاتەوە بۆئەوەی بگاتە 3000 لیرەی كە دەكاتە 700 دۆلار.
دەمیرتاش كە لە ساڵی 2016 ەوە دەستگیركراوە بە تۆمەتی پەیوەست بە " تیرۆر" و بڕیارە هەشتی حوزەیرانی داهاتوو دانیشتنێكی تری دادگاییكردنی بەڕێوەبچێت لە هەڵمەتی بانگەشەكەیدا راشیگەیاندووە كاردەكات بۆ بەدیهێنانی مافە دەستورییەكانی ژنان و بەڵێنیشیدا كە لەكاتی دەرچوونیدا لە هەڵبژاردن سەرۆكایەتی كۆمار بە شێوازێك بەڕێوەبەرێت كە بەڕێوەبەرایەتییەكەی زۆرینەی ژنان بن.
لە تویتێكی تردا كاندیدەكەی هەدەپە دەڵێت:" هیوادارە رووبەڕوو قسە بكات، بەڵام لە دۆخەدا قەناعەتم بەوە هەیە دید و بۆچوونم بە كورتی لێرەوە بگەیەنم."
24ی حوەزیرانی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا بەڕێوەدەچێت، حەوت كەس بۆ خولی یەكەمی هەڵبژاردنەكان خۆیان كاندیدكردووە كە بریتین لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی ئێستا توركیا، سەلاحەدین دەمیرتاش كاندیدی هەدەپە كە ژمارەیەكی زۆر لە پەرلەمانتارانی رووبەڕووی گرتن و دەستگیركردن بوونەتەوە، موحەڕەك ئەنجییە كاندیدی پارتی گەلی كۆماری " جەهەپە" ، میراڵ ئەكشنار كاندیدی پارتی چاكە " ئیی پارتی" و چەند كاندیدێكی تر.