کۆنفیدراڵی.. پرۆژەیەکی نێودەوڵەتی نوێ بۆ عێراق
2020-07-16 18:09:09
(درەو):
کۆنفیدڕاڵی.. پرۆژەیەکی نوێ کە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق پێشنیازی کردووە بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان بەغدادو هەرێمی کوردستان، بەپێی زانیارییەکان کورد ڕازییەو مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش ناڕەزایەتی نەنواندووە.
لە فیدڕاڵییەوە بۆ کۆنفیدڕاڵیی
نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی کۆمارو حکومەتی عێراق نەخشەرێگایەکی "گشتگیر"ی بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدادو هەرێمی کوردستان ئامادەکردووە.
بەپێی هەواڵێک کە سایتی (شەفەق نیوز) لەزاری سەرچاوەیەکی سیاسی نزیک لە بڕیاری سیاسی عێراق بڵاویکردوەتەوە، پرۆژەکە داوای جێبەجێکردنی سیستمی "کۆنفیدراڵی"ی دەکات لە عێراق.
بەپێی پرۆژەکە، لەنێوان ئەو حکومەتانەی کە لە عێراقدا هەن هەندێک دەسەڵاتی وەکو ئابوری و دارایی و گومرگەکان ئازاد دەکرێن و بڕیار بەکۆی دەنگ دەدرێت، ئەگەر یەکێک لە حکومەتەکان بڕیارەکە لە بەرژەوەندی ئەو نییە، پابەند نابێت بە جێبەجێکردنییەوە.
بەپێی دەستور ئێستا عێراق وڵاتێکی فیدڕاڵییە، ئەگەر پرۆژەکە پەسەند بکرێت دەبێت بە وڵاتێکی کۆنفیدڕاڵیی.
لەبارەی کۆنفیدراڵییەوە
کۆنفیدراڵی لە فەرهەنگی سیاسیدا بەو جۆرە لە یەکێتی و بەیەکەوەبونە دەوترێت کە لەنێوان دوو یاخود چەند قەوارەو دەوڵەتێکی سەربەخۆدا دەکرێت، بەپێی رێککەوتنێکی پێشوەختە دەستە یان چەند دەستەیەکی هاوبەش لەنێوان خۆیان پێکدەهێنن و دەسەڵاتی جێبەجێکردنی سیاسەتێکی هاوبەشی خۆیان بەو دەستانە دەسپێرن.
هەندێکی تر کۆنفیدراڵی بەوە پێناسە دەکەن کە رێکخستن یان قەوارەیەکی سیاسییە کە دەبێتە کۆکەرەوە لەنێوان چەند کۆمەڵگەیەکی جیاوازدا بە ئامانجی دروستکردنی سیستم و ئاسایش و جێبەجێکردنی یاساکان لە چوارچێوەیەکی جوگرافی دیاریکراودا.
کوردو کازمی ڕازین
جینین پلاسخارت نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەمدواییە هەوڵێکی چڕی دەستپێکردووە بۆ خستنەڕووی چارەسەرێک بۆ کێشەکانی نێوان بەغدادو هەرێمی کوردستان، بەدیاریکراویش دۆسیەی نەوت و موچەو دەروازە سنورییەکان لەسەر بنەمای کۆنفیدڕڵی.
وەکو باسدەکرێت، هێرشەکانی تورکیاو ئێران لەناو هەرێمی کوردستان و پارێزگای نەینەوا هەروەها شکستهێنانی بەردەوامی دانوستانەکانی نێوان بەغدادو هەرێمی کوردستان وای لە خاتو پلاسخات کردووە ئەم پێشنیازە بخاتەڕوو، کە بەوتەی ئەو پێشنیازەکە لەلایەن وڵاتانی گەورەی جیهان لە پێش هەموشیانەوە ئەمریکا، پاڵپشتی دەکرێت.
سەرچاوەکە دەڵێ:" پلاسخارت چاوی بە بەرهەم ساڵحی سەرۆک کۆمار کەوتووەو بیرۆکەکەی بۆ باسکردووە، بەرهەم ساڵح رەزامەندی لەسەر نیشانداوە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانیش هیچ ناڕەزایەتییەکی لەوبارەیەوە دەرنەبڕیوە.
پلاسخارت چاوی بە بەرپرسانی حزبی و حکومیی هەرێمی کوردستانیش کەوتووەو گفتوگۆی فراوانی لەبارەی پرۆژەکەیەوە کردووە.
بەپێی ئەوەی سەرچاوەکە باسیکردووە، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان نەتەوە یەکگرتووەکانیان ئاگادارکردووە هیچ کێشەیەکیان لەبارەی پرۆژەی کۆنفیدراڵییەوە نییە، بەمەرجێک لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گەرەنتی بکرێت، چونکە کورد نایەوێت جارێکی ئەزمونی شکستهێنانی جێبەجێکردنی دەستوری عێراق دوبارە بکاتەوە.
کورد لە عێراقدا
هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١وە لەدەستی رژێمی پێشووی عێراق رزگاری بووە، ساڵی ٢٠٠٥ دوای روخانی رژێمی پێشوو، بەپێی دەستوری نوێی عێراق، هەرێمی کوردستان بووە بە قەوارەیەکی فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراقدا.
سەرباری فیدراڵیەت، لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی عێراقدا لەبارەی نەوت و بودجەو سنور کێشە هەیە، ساڵی ٢٠١٧ هەرێمی کوردستان بۆ جیابونەوە لە عێراق ریفراندۆمی کرد، بەڵام ریفراندۆمەکە پاڵپشتی نێودەوڵەتی بەدەستنەهێناو شکستی هێنا.