لە سەرپەرشتیكردنی چاڵە رەشەكانەوە بۆ سەرۆكایەتی (CIA)
2018-03-22 14:17:09
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا جینا هاسپێڵی كردە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری ناوەندی (CIA)، جینا یەكەمین ژنە لە مێژووی ئەمریكادا ئەم پۆستە وەردەگرێت.
ترەمپ بەرلەوەی جینا هاسپێل بكاتە سەرۆكی (CIA)، سەرەتا لە پۆستی جێگری سەرۆكی دەزگاكە داینا، هەر ئەوكاتەی كە وەك جێگر دەستبەكاربوو، لەناوەندی سیاسی ئەمریكادا كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە، زۆربەی خەڵك وەكو هەنگاوێكی گرنگ تەماشای دانانی ژنێكیان كرد لە پۆستی جێگری سەرۆكی دەزگای هەواڵگریدا، یەكێك لەوانەی كە پێشوازی لە هەنگاوەكەی ترەمپ كرد بۆ دانانی جینا هاسپێل، جیمس كلابەر بەڕێوەبەری ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بوو لەسەردەمی باراك ئۆبامادا.
ئەو ژنە كێییە كە سەرۆكایەتی مەترسیدارترین دەزگای ئەمریكا دەكات ؟
لەگەڵ دانانی لە پۆستی سەرۆكایەتی (CIA)، میدیاكانی جیهان هەر زوو كەوتنە بڵاوكردنەوەی چیرۆكی ژیانی جینا هاسپێل.
بەپێی زانیارییەكان ئەم ژنە پێشتر سەرۆكایەتی دۆسیەی زیندانە نهێنییەكانی دەزگای هەواڵگری ئەمریكای كردووە لەسەرتاسەری جیهاندا، ئەو زیندانانەی كە تۆمەتبارانی كەیسی تیرۆریان تێدا بەندكراوە و دەوترێت ئەشكەنجەی جۆراوجۆر دراون، میدیاكانی جیهان ئەو زیندانە نهێنیانەی ئەمریكایان لەسەر ئاستی جیهان ناوناوە "چاڵە رەشەكان".
جینا هاسپێل ئەفسەرێكی پیشەگەری هەواڵگری ناوەندی ئەمریكایە، وەك باسدەكرێت لەناو هاوڕێكانی كاریدا رێزێكی تایبەتی هەیە، ئەو لەو بەرپرسە ئەمنییانەی ئەمریكایە كە پشتیوانی لە هەماهەنگی و تەواوكاری لە كاری نێوان دەزگا هەواڵگرییەكان دەكات.
"جینا لەوپەڕی زیرەكی و نیشتیمانپەروەریدایە و دڵسۆزە و شارەزاییەكی هەیە لە هەواڵگری ناوەندیدا كە ماوەكەی 30 ساڵە، سەلماندویەتی سەركردە و بە توانایە و سەرچاوەی سروشتە بۆ كەسانی دەوروبەری" ئەمە قسەی مایك پۆمپیۆ بەڕێوەبەری پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمریكایە سەبارەت بە جینا.
هاسپێل ساڵی 1985 چوەتە ناو دەزگای هەواڵگرییەوە، هەموو ژیانی پیشەیی خۆی بە دوور لە دەركەوتن و روناكی بەسەربردووە، ئەمە وایكرد ساڵی رابردوو كاتێك ترەمپ كردی بە جێگری سەرۆكی دەزگای هەواڵگری، میدیاكان نەیانتوانی بە ئاسانی وێنەی ئەم ژنە دەستبخەن.
هاسپێل سەرپەرشتی زیندانێكی نهێنی دەزگای هەواڵگری ئەمریكای كردووە لە تایلەند كە پرۆسەیەكی توندی لێپرسینەوەی تێدا بەڕێوەچووە لەگەڵ هەریەكە لە عەبدولڕەحمان نشێری و ئەبو زوبەیدەدا.
پێنج زانیاری لەبارەی هاسپێل:
• هەندێك كەس تۆمەتباری دەكەن بە بەڕێوەبردنی پرۆگرامی لێپرسینەوەی "چڕ"ی تۆمەتبارانی كەیسی تیرۆر كە ئەو پرۆسانە زۆرجار تا ئاستی ئەشكەنجەدان رۆشتوون، ئەمە بەگوێرەی راپۆرتەكانی لیژنەی هەواڵگری ئەمریكا لە ئەنجومەنی پیران.
• ساڵی 2002 بەرپرس بووە لە زیندانی هەواڵكری ناوەندی ئەمریكا لە تایلەند، ئەو كەسانەی كە لەو زیندانەدا دەستبەسەربوون ئەشكەنجەی "وەهمی نوقومبون لە ئاودا"و چەندین جۆری تری ئەشكەنجەدا دراون.
• سەرپەرشتی پرۆسەی لێپرسینەوەی توندی كردووە لەگەڵ ئەبو زوبەیدە و عەبدولڕەحمان نشێری لە زیندانەكانی دەزگای هەواڵگری لە تایلەند.
• ناوی جینا هاسپێل لە بروسكەیەكدا هاتووە، تێیدا دەزگای هەواڵگری داوای لێدەكات هەموو ئەو تۆمارە وێنەییانە لەناوببات كە تایبەتن بە پرۆسەكانی لێپرسینەوە لە تایلەند.
• جێگری بەرپرس بووە لە پرۆسەی روبەڕوبونەوەی تیرۆر لە ئاژانسی خوسیە رۆدریگیزدا.
هاسپێل كە تەمەنی (61 ساڵ)ە، جێگای مایك پۆمپیۆی گرتەوە كە دوای دوورخستنەوەی ریكس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە لە سەرۆكایەتی دەزگای هەواڵگرییەوە گواسترایەوە بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە.
هاسپێل لە ژمارەیەكی زۆر دۆسییەی نهێنی هەواڵگری ئەمریكا لە دەرەوەی وڵات كاریكردووە، لە كۆتایی ساڵی 2000دا لە لەندەن كاریكردووە.
ئامادەكردنی: فازل حەمەرەفعەت