Draw Media

یەكەم هەماهەنگی دوای 16ی ئۆكتۆبەر

یەكەم هەماهەنگی دوای 16ی ئۆكتۆبەر

2020-07-11 10:59:47


 (درەو):
بەیانی ئەمڕۆ سوپای عێراق بەهاوكاری هێزەكانی دژە تیرۆری سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئۆپراسیۆنێكی سەربازی لەسنوری پارێزگای دیالەو ناوچە سنورییەكان لەگەڵ ئێران دەستپێكرد.
فەریق روكن عەبدولئەمیر كامیل شەمەری جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی سەربە سوپای عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند:
•    پرۆسەی كێوماڵكردنەكە زیاتر لە (17 هەزار) كیلۆمەتر چوارگۆشە لەناوچەی هێڵی جیاكەرەوەی نێوان هێزە فیدراڵییەكان‌و هێزەكانی پێشمەرگە دەگرێتەوە.
•    ئۆپراسیۆنەكە ناوی لێنراوە "پاڵەوانانی عێراق- قۆناغی چوارەم"‌و ئامانج لێی، لێدانی چەكدارانی "داعش"و سەپاندنی ئارامی‌و سەقامگیرییە لە پارێزگای دیالە‌و خاوێنكردنەوە‌و پشكنینی هێڵی سنورییە لەگەڵ ئێران لەناوچەكە.
•    هەڵمەتەكە، ئۆپراسیۆنی تایبەتی چونەناوەوە بۆ ئەو ناوچانە لەخۆدەگرێت كە كەوتونەتە نێوان هێزە فیدراڵییەكان‌و هێزەكانی پێشمەرگە‌و چەكدارانی "داعش" ئەو بۆشایەیان قۆستوەتەوە‌و لەوێوە كردەوەی تیرۆرستی ئەنجام دەدەن.
•    ئەم ئۆپراسیۆنە بەبەشداری هێزەكانی سوپا‌و پۆلیسی فیدراڵی‌و حەشدی شەعبی بە پاڵپشتی ئاسمانی فڕۆكە عێراقییەكان‌و فڕۆكەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستیپێكردووە.
•    هێزەكانی دژە تیرۆری هەرێمی كوردستان (یەكێتی) بەشدارن لە ئۆپراسیۆنەكەدا‌و لەساڵی 2017وە ئەمە یەكەمین ئۆپراسیۆنی هاوبەشی نێوان سوپای عێراق‌و هێزەكانی هەرێمی كوردستانە.

زیاتر لەبارەی ئۆپراسیۆنەكەوە
ساڵی 2017 دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، هێزەكانی سوپای عێراق‌و حەشدی شەعبی هێرشیان هێنا بۆسەر ئەو ناوچانەی كە لەدوای دەستپێكردنی شەڕی "داعش"ەوە هێزەكانی پێشمەرگە لەناوچە جێناكۆكەكان كۆنترۆڵیان كردبوو، ئەم رووداوە ناوی لێنرا "رووداوی 16ی ئۆكتۆبەر" هێزی پێشمەرگە لە شەنگالەوە بۆ خانەقین لەو ناوچانە كشایەوە‌و لەشوێنی ئەوان هێزەكانی سوپای عێراق‌و حەشدی شەعبی جێگیربوون.
لەوكاتەوە تائێستا ناوچەیەكی بەرفراوانی نێوان سوپای عێراق‌و هێزی پێشمەرگە بە بەتاڵی ماوەتەوە‌و هیچ هێزێكی سەربازی تێدا نییە، قوڵایی ئەم ناوچانە لە پارێزگاكانی دیالەو كەركوك‌و نەینەوا لە هەندێك شوێن دەگەیشتە (10) كیلۆمەتر، چەكدارانی "داعش" ئەم بۆشاییە ئەمنییەیان قۆستەوە‌و بەمدواییە لەو ناوچانەوە چەند جوڵەیەكی چەكدارییان كرد.
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەكو فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق خۆی راستەوخۆ هاتوەتە ناوچەكە‌و سەرپەرەشتی ئۆپراسیۆنەكە دەكات، كازمی ئەمڕۆ رێڕەوی سنوری مەندەڵی لەگەڵ ئێران كردەوە‌و رایگەیاند، هاتنی بۆ سنورەكە پەیامێكە بۆ گەندەڵكاران.
كازمی بەمدواییە چەند بڕیارێكی دەركرد بۆ رێكخستنەوەی دەروازە سنورییەكان‌و زیادكردنی داهاتە ناوخۆییەكانی عێراق، ئەو بە پلەی یەكەم دەیەوێت دەستی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەناو دەروازە سنورییەكان ببڕێت. 
قۆناغی یەكەمی ئۆپراسیۆنی "پاڵەوانانی عێراق" مانگی شوباتی رابردوو بەڕێوەچوو بۆ لێدانی چەكدارانی "داعش" لەناوچەكانی نێوان پارێزگای كەركوك‌و سەلاحەدین‌و دیالە كە بە "سێگۆشەی مەرگ" ناسراوە.
قۆناغی چوارەمی ئۆپراسیۆنەكە كە ئەمڕۆ دەستیپێكرد، دوای ئەو گفتوگۆیانە دێت كە بەمدواییە لەنێوان وەزارەتی بەرگری عێراق‌و وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو بۆ دروستكردنی چەند ناوەندێكی هەماهەنگی هاوبەش لەناوچەكە.
ساڵی 2017 عێراق بەهاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، سەركەوتنی تەواوەتی بەسەر رێكخراوی "داعش" راگەیاند كە لە ساڵی 2014وە دەستی بەسەر روبەری یەك لەسەر سێی خاكی عێراقدا گرتبوو، بەڵام هێشتا شانە چەكدارەكانی رێكخراوەكە لەناونەچوون‌و هەندێكجار هێرش ئەنجام دەدەن. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand