Draw Media

د. هشام هاشمی پێش تیرۆركردنى 

د. هشام هاشمی پێش تیرۆركردنى 

2020-07-06 19:29:43


دیداری: گۆڤاری ئاییندە ناسی 

ئێوارەی ئەمڕۆ د.هشام هاشمی شارەزای بواری گرووپە تیرۆریستییەکان و شرۆڤەکاری دیاری عێراقی لە شاری بەغدا تیرۆر کراو.
بەر لە تیرۆركردنی لە مانگی ئایاری رابردوودا دیدارێكی لەگەڵ گۆڤاری ئاییندە ناسی سازكردووەو هۆكاری جموجوڵی داعشی بۆ ناوچە جێناكۆكەكان گەڕاندۆتەوە بۆ درز و كەلێنی ئەمنی  نێوان حەشد و هێزەكانی هاوپەیمانان و پێشمەرگەو هێزە عێراقیەكان لەو ناوچانە. 

پرۆفایلی د. هشام هاشمی
هوشام ئەلهاشمی لەدایكبووی 1973ی بەغدایە، پسپۆڕییەكەی كارگێڕی و ئابوورییە، بەڵام لە كۆتایی نەوەدەكانەوە گرنگیدانی بە گرووپ و دەستە و كۆمەڵە ئیسلامییە چەكدار و ئسوڵی و توندڕەوەكان هەیە و لە سەردەمی سەددام حسێن لەسەر گرنگیدانەكانی، بەند كراوە. لەدوای 2003، كاری دۆكیۆمێنتاریی كردووە لەگەڵ میدیای بیانی و ناوخۆیی سەبارەت بە داعشەوە و گەنجینەیەكی گەورەی لەو بوارەدا پێك هێناوە كە خۆی لە سێ كتێب و نزیكەی 500 وتار و توێژینەوە دەبینێتەوە. كتێبەكان بریتین لە: عالم داعش، تنڤیم داعش من الداخل، نبژە عن تاریخ القاعدە فی العراق، ئێستاش وەك ئەندامی ئەنجوومەنی ڕاوێژكاریی عێراق كار دەكات و ماوەیەكیش ڕاوێژكاری حكومەتی عێراق بووە بۆ كاروباری ئاسایش.

دەقی چاوپێكەوتنەكە: 
ئایندەناسی:
نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان؛ جنین بلاسخارت، لە دوا پەیامی خۆیدا لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش، هۆشیاری دا لە چالاكییەكانی ڕێكخراوەكە لە پشتێنەی چواردەوری بەغدا و ڕۆژهەڵاتی دیالە، ئایا داعش تاكە لایەنە كە ئاسایشی ئەو ناوچانە بخاتە مەترسییەوە، یان گرووپی تر هەن؟ بەتایبەت كە بە پێچەوانەی ڕەفتاری پێشووی داعشەوە كە دیل كوشتنە، ئێستا مامەڵەكردن بە ڕفێنراوەكان هەیە بە دەوروبەری 50 هەزار دۆلار؟
هشام هاشمی: ژمارەی داعشەكان لە سێ مانگی یەكەمی 2020، بە دەوروبەری 3500-4000 چەكدار خەمڵێنراوە كە لە 10 كەرتی جیاجیای عێراقدا هەن و تەنها دیالە و بەغدا نییە. ئەم ڕێكخراوە هەڵمەتێكی نوێی ڕیكلامی ڕێك خستووە لەژێر ناوی "العاقبە للمتقین" لە سەرجەم ناوچەكانی عێراق، كە نوێكردنەوەی بەیعەت لەخۆ دەگرێت و لەمەشدا پشتئەستوورە بەو دەرامەتە مرۆییانەی لە شەڕی داعش تێك شكان، بەم دواییانەش داعش تەكتیكێكی تری گرتۆتە بەر كە ئەكتیڤكردن و وەرگرتنی ئەوانەیە كە هیچ ئاماژەیەكی ئەمنییان لەسەر نییە یان داواكراوی قەزایی نین، ئەمەش لەبەر بەدیهێنانی كۆمەڵێك ئامانجی سەربازی و سیاسی.


ئایندەناسی: بژاردەكانی بەردەم داعش چین، بۆ ئەوەی جارێكی تر بگەڕێنەوە بۆ ڕووكاری ڕووداوەكان؟
هشام هاشمی: داعش لە چەند ڕوویەكەوە كار دەكەن، كە یەكێك لەوانە دۆسیەی ئابووری و ئەوی تر هیی سەربازییە. لە بواری ئابووریدا تۆڕی دارایی ئەم ڕێكخراوە زۆر لێزانن لە خۆدزینەوە لە سیستمە داراییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان، ئەمانە لە ناوخۆی عێراقدا وەبەرهێنانەكانی خۆیان لە كەرتی گواستنەوە و وزە و بازرگانیی گشتی و كشتوكاڵ و دەرمان و چیمەنتۆ و جگەرە بەڕێوە دەبرێن و بۆ ئەمەش پێویستیان بە كەسانێكە نیشانەی پرسیاریان لەسەر نەبێت یان لە ڕووی ئەمنییەوە داواكراو نەبن، ئەم پڕۆسەیەش بۆ داعش دەستكەوتێكی تازەیە بۆ ئەو شارانەی بڕێك ئارامن لە 2020 و پێشتر بە ڕووی داعشدا كراوە نەبوون، ئەمەش دەبێتە هۆی گەشەكردنی داهاتی دارایی داعش و بنەما ئابوورییەكەی و بۆ ماوەیەكی درێژیش پارەكانی داعش دەپارێزێت.
لە ڕووی سەربازییەوە، بەیعەتەكان توانای داعش نوێ دەكەنەوە بۆ دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ، كە تێیدا بتوانێت بەرەی نوێ بكاتەوە كە پێشتر نەیبووە. لەم ڕێگایەوە دەتوانێت كێشە دروست بكات بۆ پلانەكانی داهاتووی هاوكاریی خەڵكی ناوچە نوێیەكان، بەتایبەت گوندنشینەكان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان، بەم پێیەش ئەوەی لە داهاتوودا ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەكان دەبێتەوە، كۆمەڵێك مەفرەزە و خانەی پەیوەستن لە داعش كە پێشتر بەرەنگاری هێزە ئەمنییەكان نەبوونەتەوە.


ئایندەناسی: پێگە و ڕۆڵی داعش لە ناوچە كێشەلەسەرەكان چۆنە؟ بۆچی چاوی ئەم گرووپە زیاتر لەسەر ئەو ناوچانەیە و لە ئێستادا دۆخی ئەو ناوچانە لە ڕووی ئەمنییەوە چۆنن؟
هشام هاشمی: داعش ئەم ناوچانە بە گرنگترین پێگەی جێگە نفوزی خۆی دەزانێت، هەروەها گرنگترین ناوچەشن بۆ داعش، چونكە كێوماڵ و پشكنین و پاككردنەوەیان شكستی هێناوە بە هۆی هەبوونی دەیان مەفرەزەی داعش لەم ناوچانە جیاواز لە ناوچەكانی تر، ڕاپۆرتە هەواڵگرییەكانیش كۆكن لەسەر ئەوەی ئەم ناوچانە پێگەی ئاڕاستەكردنی داعشن بۆ سەرجەم ناوچەكانی تری عێراق.
جگە لەوەش هەر بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەكانی عێراق، داعش هەمیشە چاوی لەسەر گەنجانی گوندە زیانلێكەوتووەكانە لە ڕووی ئابوورییەوە، بەڵام لە 2020-دا ئەم ڕێكخراوە پلانی خۆی گۆڕی بۆ داڵدەدانی ڕەگەزی نوێ لە گوندی قەراخ شار و شارۆچكەكان و چالاكییەكانی خۆی گواستەوە لە ناوچە بەرزایی و بیابانەكان بۆ شارەدێ و گوندە ستراتیژییەكان، بەتایبەت لە باكووری ڕۆژهەڵاتی دیالە و باشووری كەركووك و باشووری نەینەوا لەگەڵ باشووری سامەڕا و باكووری بەغدا.
بەپێی قسەكانی ئاژانسی ئەعماقی سەر بە داعشیش بێت، ئەوە لە 2020دا ئەم ڕێكخراوە دەوروبەری 135 كاری تیرۆریستیی جۆراوجۆری ئەنجام داوە (لایەنە فەرمییەكانی عێراق گومانیان لە 76%ی ئەو چالاكییانە هەیە و 24%یان پشتڕاست دەكەنەوە). تۆڕەكانی داعش یەك ئامانجیان هەیە، ئەویش بەزاندنی سنووری خیڵەكیانە و ناوچەگەریانەی ناوچە سوننەكانە بۆ ئاشتكردنەوەیان لەگەڵ خۆیان و گۆڕینی ڕقەكەیان بۆ دۆستایەتیی داعش.


ئایندەناسی: چ تەكنیكێكی نوێ لە كاری ئێستای داعش هەیە و ناوچە كوردستانییەكان یان هێزی پێشمەرگە، لەكوێی پلانی نوێی ژیانەوە و گەڕانەوەی داعشدان؟
هشام هاشمی: ئامانجی مەفرەزە نوێیەكانی داعش، بەئامانجگرتنی هێزەكانی حەشدی عەشایەری و حەشدی ناوچەیی و هێزەكانی پێشمەرگە و پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبییە. ئەوان كردەكانی تیرۆركردن بە چەكی قەناسیان ئەكتیڤ كردووە لە خانەقین و جەلەولا و سەعدیە، سەرانە و پارە وەردەگرن لە جووتیارەكان و شوانی مەڕوماڵات و خاوەن پڕۆژە بچووكەكان یان ئەوانەی سەرقاڵی گواستنەوەی نەوتن یان لە پڕۆژەكانی گەیاندن و ئینتەرنێت یان هیڵی كارەبا كار دەكەن. تەكنیكی نوێی ئەم ڕێكخراوە هەندێ شتی تر لەخۆ دەگرێت، وەك دروستكردنی دەستەی تایبەت بۆ هاوەن هاویشتن و ڕۆكێت دژ بە گوندە كوردی و كاكەیی و توركمانییە شیعەكان، بەمەش كاری خۆكوژی كەمتر دەكەنەوە. بۆ بازرگان و خاوەن سەرمایەكانیش، ئۆتۆمبێلی بە بۆمب چێنراو بەكار دەهێنن تا ناچاریان بكەن هاوكاریان بن بە پارە و لە هەوڵی بەردەوامیشدان بۆ ئەوەی شۆی میدیایی دروست بكەن بە ڕفاندنی دیبلۆمات و خەڵكانی ڤی ئای پی، بەپێی دانپێدانانی كۆمەڵێكیان لە 2020 كە دەستگیر كرابوون.


ئایندەناسی: لەپاش ڕاگەیاندنی سەركەوتن بەسەر داعشدا، بارودۆخی سنوورەكان چۆنن بەتایبەت ئەوانەی بەری سووریا كە دەرچەی دزەكردنی داعش بوون بەرەو عێراق لە حوزەیرانی 2014؟
هشام هاشمی: لە ناوچەكانی سنوور لەگەڵ سووریا كە هێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی و حەشدی عەشایەری لێیە، هەوڵی گێڕانەوەی هاوسەنگی دەدرێت. خەڵكی ئەو ناوچانە دەرپەڕێنراون لە جێگەی خۆیان و زۆربەی كات خەریكی ئێشكگرتنن، ئەوانە نە دەتوانن پشوو و ئارامی وەربگرن، نە دەتوانن كاری تایبەتی خۆیان بكەن، چونكە هەست بە ئارامی و ئاسایش ناكەن و هەر خەریكی ئێشكگرتنن لەسەر سنوور و لە ڕەبیەكان. سنوورەكان كە هێزی فرەڕەگەزی لێیە بە سەرجەم پێكهاتەكانیەوە، گرنگترین پەناگەن بۆ داعش و ماڵ و موڵكی خەڵكی ئەو ناوچانەیان داگیر كردووە.
سنوورەكان پێشینەی مێژووییان هەیە لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەلقاعیدە لە عێراق لە ڕۆژگاری زەرقاوی، سەرەتای ئەوە لە دوورگەی ڕاوە بوو، پاشان ئەبو حەمزەی موهاجیرە "ڕوماننە"ی كردە بارەگای خۆی، بەغدادی بەخێرایی بادیەی ڕۆژئاوای هەڵبژارد بۆ ئەو ئەركە كە خۆی لە بنەڕەتدا پێگەی چەندین ڕەگەزی سەربازیی جۆراوجۆر بوو. فراوانیی سنوورەكان و ئاڵۆزیی پێكهاتە جوگرافییەكانیان و جۆراوجۆرێتیی سامانەكانی، ئامانجێكی سەرنجڕاكێشە بۆ ڕێكخراوە تیرۆریستەكان. خەڵكی ناوچە سنوورییەكان بیركردنەوەی تایبەت بە خۆیان هەیە و سنوورەكانیش هێمایەكی سەرەكین بۆ زاڵبوون بەسەر ڕۆژئاوا كە نەخشەی كێشاوە.
ئاستەكانی توندوتیژی لە سنوورەكان بەرزن، بە بەراورد بەو گوندانەی كە نزیكن لە شارەكان. سنوورەكان هیچ كات بەرەنگاری پڕۆسەیەكی سەربازیی گشتگیر نەبوون، هاوشێوەی شارەكان بۆ پاككردنەوەیان لە پاشماوەكانی داعش. مەترسییەكانی داعش لە بادیەی ڕۆژئاوای عێراق و باكووری فوڕات و بیابانی ئەنبار هەر بەردەوامە و بەرەو ئاستی ترسناك بەرز دەبێتەوە.


ئایندەناسی: زۆر باس لە مەترسیی خێوەتگا و ئۆردووگاكان دەكرێت وەك سەرچاوەیەك و پێگەیەك بۆ ژیانەوەی داعش، ڕۆڵی ئەو جێگایانە چین كە هاوتای گرتووخانەی پێشووی بوكا و ئەبو غرێبن؟ یان ئەوانەی لەوێ تازە گەڕاونەتەوە بۆ شار و شارۆچكەكانی خۆیان، ئایا جێگەی مەترسی نین؟
هشام هاشمی: ئەو خێزانانەی لەوێ گەڕاونەتەوە، پێیان وایە كۆتایی توندڕەوی دوورە، زۆر جاریش باس لەوە دەكەن گەڕانەوەی داعش نزیكە و ئەم جارەش گەڕانەوەكە بەنهێنی دەبێت، بەتایبەت لەو ناوچانەی درز و كەلێنی ئەمنیی تیایە، وەك پانتاییەكانی نێوان حەشد و هێزەكانی هاوپەیمانان یان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان. جگە لەوەش گوندە سنوورییەكان وەك وتمان هێشتا پەناگەی هێزە چەكدارەكانن، كە بەشی زۆریان تەكفیرین و لە 101 ڕەگەزنامە و وڵاتی جیاجیاوە هاتوون بۆ عێراق و سەربازگە و پەناگەیان دروست كردووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand