Draw Media

رێككەوتنەكە لە كۆشكی سەرۆكایەتی كۆمار كراوە

رێككەوتنەكە لە كۆشكی سەرۆكایەتی كۆمار كراوە

2020-07-06 15:06:49


(درەو):
لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێدا پێشمەرگە لە شەنگالەوە بۆ خانەقین دەگەڕێتەوە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان، بەڵام بەمەرج، عەرەبی سونە رازیەو توركمانیش بە پۆستێكی وزاری رازی كراون.
دوێنێ شەو لە كۆشكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە بەغداد رێككەوتنێك ئیمزا كرا، بەپێی رێككەوتنەكە هێزەكانی پێشمەرگە لە شەنگالەوە تاوەكو خانەقین دەگەڕێنەوە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان.
لەدوای رووداوەكانی "16ی ئۆكتۆبەری"ی 2017، هێزی پێشمەرگە لەناوچە جێناكۆكەكان كشایەوە، بەڵام بەپێی ئەم رێككەوتنە نوێیە بە چەند مەرجێك جارێكی تر دەگەڕێنەوە ئەو ناوچانە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە دەست (درەو) كەوتوون، كۆبونەوەی دوێنێ شەوی كۆشكی سەرۆكایەتی كۆمار، درێژكراوەی زنجیرەیەك كۆبونەوەی پێشتر بووە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە‌و وەزارەتی بەرگری عێراق لەبارەی پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنی لەناوچە جێناكۆكەكان‌و روبەڕوبوونەوەی جموجوڵەكانی داعش لەو ناوچانە.
لەو كۆبونەوانەی كە پێشتر لەوبارەیەوە كراون، لاهور شێخ جەنگی وەكو هاوسەرۆكی یەكێتی‌و لە پارتیش نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم‌و لە پێكهاتەی عەرەبی سوننە محەمەد تەمیم وەكو نوێنەری محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان‌و لە پێكهاتەی توركمانیش ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی بەشداربوون‌و ئاگاداری وردەكاری رێككەوتنەكە بوون.
بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئیمزای لەسەركردووە، هێزی پێشمەرگە بەم مەرجانە دەگەڕێنەوە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان:
•    ئەو هێزانەی كە لە ناوچە جێناكۆكەكان جێگیر دەبن بەهیچ شێوەیەك نابێت ئاڵای حزبیی هەڵبكەن‌و دەبێت هێزی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگە بن‌و لەژێر كۆنترۆڵی ژوری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە‌و سوپای عێراقدا بن.
•    رێگە بە جێگیركردنی هێز لەناو شارەكان نادرێت‌و دەبێت هێزەكانی پێشمەرگە‌و حەشدی شەعبی‌و سوپای عێراق لە دەرەوەی شارەكان بن، بەرپرسیارێتی ئەمنی ناو شارەكان لەئەستۆی هێزەكانی پۆلیسدا دەبێت.
بەگوێرەی لێدوانێكی جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لە كۆبونەوەی نێوان وەفدی وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری عێراقدا گفتوگۆ كراوە لەبارەی كاراكردنی لیژنەی كاری هاوبەشی هەردوولاو چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لەناوچە جێناكۆكەكان، بەتایبەتیش لەگەڵ زیادبوونی جموجوڵەكانی داعش لەو ناوچانە.
جەبار یاوەر ئاشكرایكرد، (4) ناوەندی هاوبەش لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی فیدراڵ دروستدەكرێت بۆ ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری هەواڵگری و بەهێزكردنی هەماهەنگی بۆ روبەڕووبونەوەی داعش.
(درەو) زانیویەتی، نوێنەرانی پێكهاتەی توركمان بەدیاریكراویش بەرەی توركمانی كە ناڕازیی بوون لە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ كەركوك، لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستێكی وزاریدا قایل بوون بە بڕیاری گەڕانەوەی پێشمەرگە.
ئەمڕۆ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق هاوكات لەگەڵ ئیمزاكردنی بڕیاری گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان، (حەسەن بەیاتی) لەسەر پێكهاتەی توركمان كاندید كرد بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەوڵەت.
سەرباری رێككەوتنەكە، ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی ئەمڕۆ بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە‌و رایگەیاند، بەتەواوەتی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ پارێزگای كەركوك رەتدەكەینەوە.
بەیاننامەكەی بەرەی توركمانی ئاماژە بەوەدەكات، بڕیاری فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان (مستەفا كازمی) بڕیارێكی تاكڕەوانە‌و بە تەوافوق لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئەو بڕیارەی داوە.
بەرەی توركمانی دەڵێ:" پارێزگای كەركوك بەپێی دەستور دەكەوێتە دەرەوەی سنوری هەرێمی كوردستان، هەرجۆرە ئامادەگییەكی پێشمەرگە تێیدا، بە سەرپێچییەكی روونی دەستور ئەژماردەكرێت".
بەرەی توركمانی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك بە گەڕانەوەی سەردەمی "تیرۆرو رفاندن" لە پارێزگاكە ناودەبات‌و داوا لە سەرۆك وەزیران دەكات لە بڕیارەكەی پاشگەزببێتەوە، بۆ ئەمەش بڕیارێكی پەرلەمانی عێراق بەبیری مستەفا كازمیدا دەهێنێتەوە كە لە 21/10/2017 دەرچووەو رێگری لە بوونی هەر جۆرە هێزێكی ئەمنی دەكات لە كەركوك جگە لە هێزە فیدراڵییەكان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand