"بندیوارەکان"ی پارتی و یەکێتی.. دۆسیەکانیان لافاوەکەی هەولێر بردویەتی
2020-07-05 21:16:04
(درەو):
بندیوارەکان.. ئەوانەی کاریان بۆ حزب دەکردو موچەیان لە حکومەت وەردەگرت لە ساڵی ٢٠١٥وە بە فەرمی خراونەتە ناو چوارچێوەی حکومەت و دابەشکراون بەسەر وەزارەت و دامودەزگاکاندا بەڵام کێشەکەیان هێشتا چارەسەر نەکراوە، بەشی زۆری ئەمانە کە لە سنوری ئیدارەی یەکێتێدان دۆسیەو بەراییان نیەو پلەی وەزیفی بەرزیان پێدراوە، بەپێ یاسای چاکسازی پلەکانیان لێوەردەگیرێتەوە، بەڵام پارتی بەبەهانەی لافاوەکەی ساڵی ٢٠٠٦ی هەولێر کێشەی بندیوارەکانی خۆی چارەسەرکردووە. ئەوە لە كاتێكدایە كە ساڵی 2006 لە هەرێمی كوردستان بە وشكە ساڵی ئەژماركراو لەو ساڵەدا بودجەی تایبەت بە وشكەساڵی تەرخانكرا
لەبارەی بندیوارەکانەوە
کۆتایی مانگی ئازاری ٢٠١٥ لەگەڵ سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایدا، رێباز حەملان وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری رێکخراوەکان.
بەڕێوەبەرایەتی کاروباری رێکخراوەکان یەکێک لەو دامەزراوانەی حکومەت بوو کە زۆرترین موچەخۆری "بندیوار"ی لەخۆگرتبوو، بندیوارەکانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە کەوتە بەردەم سەرەنجی لیژنەی ئەوکاتی حکومەتی عێراق بۆ وردبینی لە ژمارەی راستەقینەی موچەخۆرانی هەرێم.
ئاماری دیاریکراو لەبارەی ژمارەی ئەوانەی لەسەر بەڕێوەبەرایەتییە دامەزرێندراون لەبەردەستدا نییە، بەڵام زانیارییە نافەرمییەکان باسلەوە دەکەن یەکێتی و پارتی (٦ هەزار) کەسیان لەسەر ئەم بەڕێوەبەرایەتییە دامەزراندووەو ئەو کەسانە ساڵانێک بەبێ ئەوەی بەفیعلی فەرمانبەری حکومەت بن، موچەیان لە حکومەت وەرگرتووەو لەبری ئەوە کاریان بۆ حزب کردووە.
ژمارەی ئەوانەی کە لە سنوری ئیدارەی یەکێتی لەسەر بەڕێوەبەرایەتی رێکخراوەکان دامەزرێندراون بە (٤ هزار کەس) دەخەمڵێندرێت، بەپێی زانیارییەکانی (درەو) لە رێژەکەی سنوری یەکێتی (٥٠٠) کەس لەوانەی دامەزرێندراون سەربە بزوتنەوەی گۆڕان و حزبی شیوعی و حزبی سوسیالیست بوون، لە سنوری ئیدارەی پارتیش نزیکەی (٢ هەزار) کەس دامەزرێندراون.
یاسای چاکسازی و بنیوارەکان
لە یاسای چاکسازیدا کە لەم خولەی پەرلەمانی کوردستان پەسەندکراو سەرەتای ئەم مانگە خرایەبواری جێبەجێکردن هەوڵێک هەبوو بۆ ئەوەی دامەزراندنی هەموو ئەو کەسانە هەڵوەشێندرێتەوە کە لەسەر بەڕێوەبەرایەتی رێکخراوەکان بوون، بەوپێیەی بەرایی دامەزراندنیان نەبووەو فەرمانبەری فیعلی نەبوون، بەڵام یەکێتی قایل نەبوو، بەڵام لە یاساکەدا ئەوە جێگیرکراوە پێداچوونەوە بە دۆسیەی پلەی وەزیفی و بڕوانامەو ساڵانی خزمەتی فەرمانبەراندا بکرێت و ئەوانەی بە ناشایستە پلەیان وەرگرتووە لێیان وەربگیرێتەوە، ئەمە ئێستا ئاڵنگارییەکی ترە کە روبەڕووی تیمی یەکێتی لە حکومەت بووەتەوەو بەپێی زانیارییەکانی (درەو) بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن بۆ بەرایی ئەو کەسانە کە زۆربەیان کادری یەکێتین.
لافاوەکەی هەولێرو بندیوارەکانی پارتی
زۆرێک لەوانەی کە پێشتر لەسەر بەڕێوەبەرایەتی رێکخراوەکان دامەزرێندراون و دواتر بە فەرمانی وەزارەتی دارایی گواستراونەتەوە بۆ سەر وەزارەتەکانی تر، ساڵانی زۆری خزمەتیان بۆ ئەژمارکراوەو پلەی وەزیفی بەرزیان پێدراوە لەکاتێکدا هیچ بەراییەکیان نییە کە بیسەلمێنێت بەشێوەیەکی فیعلی دەوامیان کردووە، هەندێکیشیان کێشەی بڕوانامەیان هەیە، ئەگەر لە یاسایی چاکسازیدا دەست بۆ کەیسی ئەم کەسانە ببرێت یەکێتی دوچاری زیان دەبێت، چونکە ئەوانەی لە پشکی یەکێتی لەسەر بەڕێوەبەرایەتی رێکخراوەکان دامەزرێندراون، کێشەی دۆسیەو بەراییەکانیان چارەسەر نەکراوە، بەڵام پارتی پێشوەختەو لە ساڵی ٢٠١٥دا بەرلە هەڵوەشاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتی رێکخراوەکان، کێشەی ئەندامانی خۆی لە بەڕێوەبەرایەتی رێکخراوەکان چارەسەرکردووەو بەرایی و ساڵی خزمەتی بۆ دروستکردوون.
بەپێی نوسراوێک کە لە ٣٠ی ئازاری ٢٠١٥دا رابەر سدیق بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابوری ئیمزای لەسەر کردوووە، بەبەهانەی ئەوەی دۆسیەکانیان لە لافاوەکەی ساڵی (٢٠٠٦)ی هەولێردا تیاچووە، دۆسیە بۆ ژمارەیەک لەو کەسانە کراوەتەوە کە لەسەر پشکی پارتی لەسەر فەرمانگەی رێکخراوەکان دامەزراون و موچەیان وەرگرتووە. ئەوە لە كاتێكدایە كە ساڵی 2006 لە هەرێمی كوردستان بە وشكە ساڵی ئەژماركراو لەو ساڵەدا بودجەی تایبەت بە وشكەساڵی تەرخانكرا