بۆچی خواستی كڕین كەمیكردووە ؟
2020-07-05 17:08:56
راپۆرتی: فازڵ حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف
پێش دەركەوتنی كۆرۆنا حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە نزیكەی (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دینار خەرجی هەبوو، لەم پارەیە لانی كەم (960 ملیار) دیناری دەكەوتە بازاڕەوە، بەڵام ئێستا كۆی گشتی خەرجییەكانی حكومەت (765 ملیار) دینارە، واتا ئەو پارەیەی كە پێشتر دەچووە بازاڕەوە ئێستا نزیكەی (450 ملیار) دینار كەمیكردووە، دواكەوتنی دابەشكردنو كەمكردنەوەی موچەی موچەخۆران توانای كڕینی لاوازكردووە، ئەمەش لەپاڵ قەیرانی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا كاریگەری لەسەر سستبونی جوڵەی بازاڕ دروستكردووە.
سكاڵای بێبازاڕیی
لە هەرێمی كوردستان بازاڕ ئیفلیج بووە، خاوەن دوكانو بازاڕەكان سكاڵایانە لەدەست كەمبوونەوەی توانای كڕین، خواستی كڕین لە هەرێمی كوردستان لەدوولاوە كەوتوەتە ژێر كاریگەری:
• ترسی خەڵك لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو خۆپارێزی لە سەردانكردنی بازاڕو شوێنە گشتییەكان.
• دواكەوتنی دابەشكردنی موچە لەلایەن حكومەتەوە بەسەر موچەخۆراندا
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە وتارێكدا بەر لە جەژنی رەمەزان وتی: رێژەی 80%ی كۆی داهاتی حكومەت بۆ موچەی موچەخۆران دەچێت، ئەمە ئێستا كێشەی تێكەوتووە، داهاتەكانی حكومەت بەشی موچە ناكات، دابەشكردنی موچە لە 30 رۆژەوە بۆ 60 رۆژ دواكەوتووە، سەرباری ئەمە بۆ موچەی مانگی شوبات حكومەت رێژەی 21%ی موچەی فەرمانبەرانی بڕی، ئەم دۆخە جۆرێك ترسی لای موچەخۆران دروستكردووەو كاریگەری لەسەر خواستنی كڕین لای ئەو توێژەی كۆمەڵگا دروستكردووە كە بەپێی قسەی سەرۆكی حكومەت رێژەی 20%ی خەڵكی هەرێمی كوردستان پێكدەهێننو موچەكانیان سەرچاوەی بژێوی خێزانەكانیانە.
خواست لە بازاڕدا
سەرباری مەترسییەكانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، زۆرێك لە دوكانو بازاڕاڕەكان كراوەن، بەڵام كاتژمێرەكانیان لە چاوەڕوانی هاتنی كڕیاراندا تەواو دەكەنو خەون بە گەڕانەوە بۆ سەردەمی پێش كۆرۆناوە دەبینن. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو):
• پێشەنگای كڕینو فرۆشی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی كە بە "مەعرەزەكان" ناسراوە، پێش دەركەوتنی كۆرۆنا بەشێوەیەكی گشتی رۆژانە لەیەك پێشەنگادا نزیكەی (15) گرێبەستی كڕینو فرۆشتنی ئۆتۆمبێل ئیمزاكراوە، بەڵام ئێستا (2 بۆ 3) گرێبەست دەكرێت، واتا بەرێژەی (75%) كڕێنو فرۆش لە بازاڕی ئۆتۆمبیلدا كەمیكردووە.
• دوكاندارێك جلوبەرگ كە پێش دەركەوتنی كۆرۆنا رۆژانە بەبەهای (750 هەزار بۆ یەك ملیۆن) دیناری جلوبەرگی فرۆشتووە، ئێستا رێژەكە كەمبوەتەوە بۆ (75 بۆ 100 هەزار) دینار، واتا بە رێژەی (80% بۆ 90%) خواستی كڕین لەسەر جلوبەرگ كەمیكردووە.
• چاییچیەك ئەگەر پێش دەركەوتنی كۆرۆنا، رۆژانە (400 بۆ 500) چای فرۆشتبێت، ئێستا رێژەكەی بۆ (40 بۆ 50) چایی كەمبوەتەوە، واتا خواست لەسەر خواردنەوەی چا لە شوێنە گشتییەكان (10) هێندە كەمیكردووە.
• لەفەفرۆشێك لە شوێنە گشتییەكان ئەگەر پێشتر (350 بۆ 400) لەفەی فرۆشتبێت، ئێستا نزیكەی (60 بۆ 70) لەفە دەفرۆشێت، واتا شەش بۆ حەوت هێندە خواست لەسەر خواردنی سەر شەقامو دوكانەكان كەمیكردووە.
• شۆفێرێكی تاكسی ئەگەر پێشترو بەر لە كۆرۆنا (15 بۆ 10) جار سەرننشینی هەڵگرتبێتو بۆ هەر سەرنیشێنك بڕی (3 هەزار) دیناری وەرگرتبێت، داهاتی رۆژانەی نزیكە (50 بۆ 60 هەزار) دینار بووە، بەڵام ئێستا لەنێوان (5 بۆ 7) تاكسی دەكاتو داهاتەكەی كەمیكردووە بۆ (15 بۆ 30 هەزار) دینارو لەو رێژەیەش كەمتر، واتا (60%) داهاتەكەی كەمیكردووە.
رێكخستنەوەی لیستی خەرجی
دۆخی دارایی حكومەتو بڕینی موچەو دواكەوتنی دابەشكردنی موچە لەكاتی خۆی، دۆخێكی ئابوری نوێی بەسەر خێزاندا لە هەرێمی كوردستان سەپاندووە، دۆخێك كە نەبوونی متمانە بەسەریدا زاڵەو كاریگەری لەسەر خواستنی كڕین دروستكردووە.
بەر لە كۆرۆنا ئەگەر خێزانێك داهاتی مانگانەی (ملیۆنێك) دینار بوبێت، لەو داهاتە لە مانگەكەدا بڕی (800 بۆ 900 هەزار) دیناری لە مانگەكەدا خەرجكردووە، واتا رێژەی (80% بۆ 90%)ی داهاتەكەی خەرج كردووە، بەڵام ئێستا سەرباری ئەوەی بەهۆی قەیرانی داراییەوە خێزانەكان داهاتی مانگانەیان كەمیكردووە، ئەمەش كاریگەری لەسەر خواستی كڕین دروستكردووە، خێزانێك كە ئەگەر داهاتی مانگەی ملیۆنێك دیناری موچەی مانگانە بێت، ئێَستا ئەم داهاتە بووە (500 هەزار) دینار، چونكە حكومەت دابەشكردنی موچەی بۆ (60 رۆژ) درێژكردوەتەوە، سەرباری لێبڕینی 21%ی موچە لە هەموو موچەخۆرێك، بەم دۆخەوە ئەگەر خواستی كڕین وەكو پێشتر لە شوێنی خۆیدا بێت، ئەوا كۆی خەرجی ئەو خێزانەی كە داهاتەكەی لە ملیۆنێكەوە بووە بە 500 هەزار دینار، لە مانگێكدا تەنیا (400 هەزار) دینار دەبێت، ئەمەش كاریگەری گەورەی لەسەر خواست لە بازاڕدا دروستكردووە.
قەیرانی دواكەوتنو كەمكردنەوەی موچە وای لە زۆرێك لە خێزانەكان كردووە جارێكی تر لیستی خەرجییەكانیان رێكبخەنەوەو چاو بە لیستی پێداویستی مانگانەیاندا بخشێننەوە.
پاشەكەوتی پارەی خێزان لە سێ مانگی رابردوودا بەهۆی دواكەوتنی موچەوە زیانی گەورەی بەركەوت، بەشێكی زۆر لە خێزانەكان ئەو پارەیەی كە پێشتر پاشەكەوتیان كردبوو، لە قەیرانی دواكەوتنی موچەدا خەرجیان كردووە، نەمانی پارەی پاشەكەوتكراو وەكو پاڵپشتی بۆ كەمبونەوەی رێژەی موچە، بەهەمان شێوە كاریگەری لەسەر ئارەزووی كڕین دروستكردووە، موچەخۆر بەهۆی ئەو دۆخە نوێیەی تێیكەوتووە، كاتێك موچەی مانگانە وەردەگرێت دەیەوێت ئاستی پاشەكەوت زیاد بكاتو رێژەی خەرجییەكانی زیاتر لە كڕینی خۆراكو پێداویستییە سەرەكییەكانی رۆژانەدا كەمبكاتەوە.
هەموو ئەم بارودۆخە كاریگەری لەسەر بازاڕ دروستكردووەو جوڵەی كڕینو فرۆشتنی توشی ئیفلیجی كردووە.
حكومەتو دۆخی بازاڕ
پێش دەركەوتنی كۆرۆنا حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە نزیكەی (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دینار خەرجی هەبوو، بڕی (894 ملیار) دینار خەرجی موچە بوو، (150 ملیار) دیناری خەرجی وەزارەتەكان بوو، (150 بۆ 200 ملیار) دیناریشی خەرجی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بوو.
بەشی زۆری ئەم خەرجیانە پارەكەیان دەچووە ناو بازاڕەكانەوەو تواناو خواستی كڕینی بەهێزكردبوو، ئەگەر پێش كۆرونا ئەو (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دیناری مانگانەی خەرجی حكومەت رێژەی 80%ی چوبێتە بازاڕەوەو تەنیا رێژەی 20%ی چوبێتە پاشەكەوت، مانگانە (960 ملیار) دینار چووەتە بازاڕەكانەوە، بەڵام حكومەت ئێستا كۆی خەرجییەكانی لە (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دینارەوە بۆ (600 ملیۆن) دۆلاری موچەو (45 ملیۆن) دۆلاری خەرجی وەزارەتەكان كەمكردوەتەوە، كە كۆی گشتی دەكاتە (765 ملیار) دینار، واتا ئەو پارەیەی كە پێشتر دەچووە بازاڕەوە ئێستا نزیكەی (450 ملیار) دینار كەمیكردووە، دواخستنی دابەشكردنی موچە بۆ (60 رۆژجارێك) رێژەكەی لەوە زیاتریش كەمكردوەتەوە.
لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) دكتۆر كاروان حەمەساڵح پسپۆڕی ئابوری وتی:" بێبازاڕی بەشێكی بۆ رێوشوێنەكانی كۆرۆنا دەگەڕێتەوە، بەڵام پشكی گەورەی بێبازاڕی پەیوەستە بە ناجێگریی بارودۆخی سیاسیو ئابوری هەرێمی كوردستانەوە، كە خەریكە دۆخەكە لە قەیرانەوە سەردەكێشێت بۆ گێژاو".
بەوتەی ئەو پسپۆڕە ئابورییە" لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ەوە زیادتر لە (3 ملیار) دۆلار لە بازاردا كشاوەتەوە، ئەمە دۆخی بازاڕی توشی شكست كردووە".
خەرجی تاكو خێزان
ئامارە فەرمییەكان دەریدەخەن، خەرجی تاكو خێزان لەسەردەمی پێش كۆرۆنا بەبەراورد بە دوای كۆرۆنا زۆر كەمیكردووە.
بەپێی قسەی مەحمود عوسمان بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی:
• تێكڕای خەرجیی تاك بۆ یەك مانگ لە ساڵی 2018دا لە هەرێمی كوردستان (239 هەزار) دینار بووە.
• لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش زۆرترین خەرجی تاك لە پارێزگای سلێمانیدا بووە بە بڕی (234 هەزار) دینار.
• كەمترین خەرجی لە پارێزگای دهۆك بووە بە بڕی (199 هەزار) دینار بۆ هەر كەسێك.
• لە پارێزگای هەولێریش خەرجی تاك لە مانگێكدا (211 هەزار) دینار بووە.
سەبارەت بە خەرجی خێزان، بەپێی بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی:
• تێكڕای خەرجیی خێزان بۆ یەك مانگ لە ساڵی 2018 لە هەرێمی كوردستان (ملیۆنو 293) هەزار دینار بووە.
• لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێم، پارێزگای دهۆك لە خەرجی خێزاندا پێشەنگ بووەو تێكڕای خەرجی مانگانەی خێزان لەو پارێزگایە (ملیۆنو 377 هەزار) دیناربووە.
• كەمترین خەرجی خێزانیش لە پارێزگای هەولێر بووە كە بڕەكەی (ملیۆنو 118 هەزار) دیناربووە.
• لە پارێزگای سلێمانیش خەرجی خێزان لە مانگێكدا (ملیۆنو 123) هەزار دینار بووە.
بەڵام لەدوای بڵاوبونەوەی كۆرۆناوە رێژەكان گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئاماری فەرمی لەبارەی ئاستی گۆڕانكارییەكان لە خەرجی تاكو خێزان لەبەردەستدا نین، بەڵام كەمبونەوەی داهاتی تاكو خێزانەكان بەرێژەی (50% بۆ 60%)، دەریدەخات ئاستی خەرجی بەرێژەی زیاتر لە (80%) كەمیكردووە.
بۆ نمونە، بەپێی ئامارەكەی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی ئەگەر خەرجی تاك پێش كۆرۆنا بە تێكڕا لە پارێزگای سلێمانی (234 هەزار) دینار بوبێت، ئێستا خەرجیەكەی بەڕێژەی (60%) كەمیكردووە، واتا ئێستا تاك مانگانە (94 هەزار) دینار خەرج دەكات، بۆ خەرجی خێزانیش كە لە پارێزگای سلێمانی پێشتر (ملیۆنێك و 123 هەزار) ئێستا رێژەكە زیاتر لە (60%) كەمیكردووە كە دەكاتە (449 هەزار) دینار لە مانگێكدا، ئەم پارەیەش زیاتر بۆ كڕینی پێداویستییە بژێوییەكانی وەكو خۆراك دەڕوات نەك بۆ خەرجییە ناپێویستەكانی وەكو كڕینی كەلوپەلی ناوماڵو ئۆتۆمبیلو موبایلو ..
كاتێك داهاتی تاك كەمدەكات، خواستی كڕین كەمدەكات، لەمەشدا (موچەخۆرو كاسب) هەردووكیان پێكەوە زەرەرمەند دەبن، پێدەچێت رێژەی كەمبونەوەی خەرجیەكانی تاكو خێزان زۆر زیاتر بێت لە رێژەی كەمبونەوەی داهاتەكانیان، چونكە موچەخۆران متمانەیان بە دۆخی دارایی خۆیان نییەو نایانەوێت لەم بارودۆخەدا خەرجییەكانیان زیاد بكەنو زیاتر چاویان لە پاشەكەوتكردنە بۆ ئەگەری رودانی خراپتر لەوەی ئێستا هەیە.