گەردەلولێك هەڕەشە لە پیشەسازی ئایس كرێم دەكات
2018-05-07 13:49:12
بەرهەمهێنەرانی ئایس كرێم لەسەر ئاستی جیهان نیگەرانن لە گرانبونی نرخی ماددەی (ڤانێلا)، كە هاوكات لەگەڵ نزیكبونەوەی وەرزی گەرمادا، كاریگەری لەسەر پیشەسازییەكە دروستكردووە.
ئێستا نرخی یەك گرام ماددەی (ڤانێلا) لە بازاڕدا گرانترە لە یەك گرام زیو، هۆكاری ئەم گرانبونەش دەگەڕێتەوە بۆ گەردەلولی وێرانكەری"ئیناوو" كە مانگی مارسی رابردوو مەدەغەشقەری گرتەوە و بەهۆیەوە لانی كەم (78) كەس لە ناوچە كەناراوییەكانی باكوری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە كە بەناوبانگە بە بەرهەمهێنانی "ڤانێلا"، گیانیان لەدەستدا.
مەدەغەشقەر رێژەی 85%ی كۆی گشتی بەرهەمی "ڤانێلا" لەسەر ئاستی جیهان بەرهەمدەهێنێت، ئێستا نرخی یەك كیلۆ قۆچی ڤانێلا (600) دۆلاری ئەمریكییە.
بەپێی زانیارییەكان گەردەلولی "ئیناوو" رێژەی 30%ی بەرهەمی "ڤانێلا"ی لە مەدەغەشقەر وێران كردووە، بەوهۆیەشەوە نرخی ماددەكە لە بازاڕی جیهانیدا بەرزبوەتەوە.
رۆژنامەی "دەیلی میل"ی بەریتانیا ئاشكرایكرد، بەهۆی ئەو گەردەلول و وشكەساڵییەوە لە مەدەغەشقەر، كۆگایەكی بەناوبانگ فرۆشتنی ئاسی كرێم لە لەندەن كاركردنی راگرتووە.