پۆست وەكو پێشمەرج بۆ رێككەوتن
2020-07-04 19:16:41
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف
سبەینێ لیژنەی هاوبەشی یەكێتیو گۆڕان بۆ یەكەمجار كۆدەبێتەوە، ئەمە قۆناغێكی نوێی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزبە، گۆڕان چاوی لە پۆستەكانی پارێزگای سلێمانییە، یەكێتیش چاوی لە كاری هاوبەشە لەناو حكومەت، یەكێتی ئەگەری كشانەوەی لە حكومەت خستوەتە سەر مێزی گفتوگۆ ناوخۆییەكانی، گۆڕان لەگەڵ پارتی رێككەوتنی هەیەو ترسی لە لێكەوتەكانی بڕیاری یەكێتی هەیە بۆ كشانەوە لە حكومەت، بۆیە وەرگرتنی پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی كردووەتە پێشمەرج بۆ دڵنیابوون لە نیازپاكی یەكێتیو ئەنجامدانی هەر كارێكی هاوبەش لەگەڵ یەكێتی لەداهاتوودا.
سەرەتایەكی نوێ
یەكەم رۆژی ئەم مانگە، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی بە سەرۆكایەتی وەفدێكی باڵای حزبەكەی سەردانی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی.
لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 30ی ئەیلولی 2018 جارێكی تر پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستانو بزوتنەوەی گۆڕان ئاڵۆزی تێكەوت، دوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیو هەڵبژاردنی هاوسەرۆكەكان، جۆرێك لە هێوربوونەوە بۆ پەیوەندییەكانیان گەڕاوەتەوەو بەمدواییە هەردوولا بە فەرمی چەندجارێك سەردانی یەكترییان كردووە، ئەمە سەرەتایەكی نوێی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیو گۆڕانە.
لەبارەی یەكێتیو گۆڕانەوە
ساڵی 2009 نەوشیروان مستەفا بەتەواوەتی لە یەكێتی جیابووەوەو لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی بزوتنەوەیەكی نوێی بەناوی "بزوتنەوەی گۆڕان" راگەیاند، ئەو سەردەمە نەوشیروان مستەفا لە وەڵامی ئەوانەدا كە دەیانوت گۆڕان لە یەكێتی ئینشیقاقی كردووە دەیوت:" گۆڕان هێزێكی نوێیەو مونشەقی هیچ حزبێكی تر نییە، ئەوان یەكێتییان بۆ خاوەنەكانی بەجێهێشتووە"، بەڵام ئەمە ئەو وێنایەی كاڵنەكردەوە كە تائێستاش زۆرینەی یەكێتییەكان بزوتنەوەی گۆڕان بە پارچەیەكی جیاكراوە لە یەكێتی تەماشا دەكەن نەك پارتێكی سیاسی سەربەخۆ، یەكێتییەكان بێ گوێدانە گرژی پەیوەندییەكان لەگەڵ گۆڕان ساڵانە لەیادی كۆچی دوای نەوشیروان مستەفادا سەردانی گۆڕەكەی دەكەن.
لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیو گۆڕان بەچەندین قۆناغی هەڵبەرزو دابەرزدا گوزەری كردووە، لەسەرەتادا گۆڕان ئاڕاستەی ململانێ سیاسییەكانی بەپلەی یەكەم لەگەڵ یەكێتیدا بوو، لە قۆناغێكی تردا ئاڕاستەكەی گۆڕی بۆ پارتیو هەندێكجاریش لە یەككاتدا ركابەرێتی هەردووكیانی دەكرد.
سەرباری ناكۆكییەكان، بزوتنەوەی گۆڕان رۆژی 12ی تشرینی دووەمی ساڵی 2014 یەكەمین رێككەوتنی فەرمی لەگەڵ یەكێتی ئیمزاكرد، ئەمە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی بوو، كە هەردوولا ناكۆك بوون لەسەریو هیچیان سازشیان بۆ ئەوی تر نەدەكرد، بەپێی ئەم رێككەوتنە پۆستەكانی پارێزگای سلێمانیو هەڵەبجەیان لەنێوان خۆیان دابەشكرد.
دوای نزیكەی شەش ساڵ لە ئیمزاكردنی، هێشتا رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لە سلێمانی لەنێوان یەكێتیو گۆڕاندا بەنیوەناچڵی ماوەتەوە، جێبەجێ نەكردنی ئەم رێككەوتنە لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا یەكێكە لە سەرچاوەكانی نیگەرانی گۆڕان لە یەكێتی.
دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە ئیمزاكردنی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لەگەڵ یەكێتی، رۆژی 17ی ئایاری 2016 گۆڕان رێككەوتنێكی نوێی لەگەڵ یەكێتی ئیمزاكرد، ئەمە رێككەوتنێكی فراوانتر بوو، ناوی لێنرابوو "رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتیو گۆڕان" هەندێكجاریش بە رێككەوتنی دەباشان ناودەبرێت، رێككەوتنەكە لەنێوان هەردوو كۆچكردوو جەلال تاڵەبانیو نەوشیروان مستەفا ئیمزا كرا، بەڵام ئەم رێككەوتنەش پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزبەكەی ئاسایی نەكردەوە، چونكە رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكرا، رۆژی 20ی كانونی یەكەمی 2017 بزوتنەوەی گۆڕان لایخۆیەوە رێككەوتنەكەی هەڵپەسارد، بزوتنەوەی گۆڕان لەمەشدا یەكێتی تۆمەتبار دەكات بەوەی پابەندی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە نەبووە.
ئێستا وەكو دوو هێزی سیاسی كە زیاتر گۆڕەپانی كاركردنی سیاسییان لە پارێزگای سلێمانیدا چڕبووەتەوە، لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتیدا تەنیا یەك رێككەوتنی فەرمی ماوە كە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانییە، ئەم رێككەوتنەش ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە وادە فەرمییەكەی كۆتایی هاتووەو پێویستی بە نوێكردنەوە هەیە.
مانگەكانی كۆتایی ساڵی 2018 یەكێتی هەندێك هەوڵیدا بۆ رێكخستنی كۆبونەوە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانو تێهەڵچوونەوە بە پەیوەندییەكانی نێوانیان، بەڵام ئەوكات گۆڕان سازدانی هەرجۆرە كۆبونەوەیەكی رەتدەكردەوە، میدیای فەرمی گۆڕان رۆژی 29ی كانونی دووەمی 2019 هۆكاری رەتكردنەوەی كۆبونەوەی لەگەڵ یەكێتی لە شەش خاڵدا راگەیاند كە ئەمانە بوون:
• نیگەرانی لە جێبەجێنەكردنی بەشێكی گرنگی رێككەوتنی حكومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی.
• بەردەوامی سزادانی سیاسی بزوتنەوەی گۆران و هەڵسوراوانی لە لایەن یەكێتیەوە.
• نیگەرانی لە جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی نێوان هەردوولا.
• نەبردنە سەری بەڵێنی رازیبونی یەكێتی بە دواخستنی هەڵبژاردنەكانی 30 ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان.
• هەوڵدانی یەكێتی بۆ پشتگوێخستنی گۆڕان لە كابینەی نوێَی حكومەتدا.
• یەكێتی دەیەوێت گۆڕان وەك كارتێك دژی پارتی بەكار بهێنێت.
پۆستە بەتاڵەكانی گۆڕان
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، سەرەتای ئەم مانگە كە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كردووە، سەركردەكانی هەردوو حزب پرسی پەیوەندییەكانی نێوانیان خستوەتە بەر باس، بزوتنەوەی گۆڕان جارێكی تر نیگەرانی خۆی بە یەكێتی راگەیاندووە لەبارەی ئەوەی هێشتا رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی جێبەجێ نەكراوەو گۆڕان پشكی تەواوەتی خۆی لە پۆستەكان وەرنەگرتووە.
بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەر نزیكبونەوەو كارێكی هاوبەش لەگەڵ یەكێتی پێشمەرجی ئەوەی داناوە یەكێتی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی بەتەواوەتی جێبەجێ بكاتو نیازپاكی خۆی نیشان بدات، دواتر گۆڕان ئامادەیە لەبەر رۆشنایی ئەوەدا بڕیاری لە كاری هاوبەش بدات لەگەڵ یەكێتی بەتایبەتیش لەسەر ئاستی حكومەتی هەرێم.
(درەو) زانیویەتی، لەبارەی پرسی پێداچوونەوە بە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی، یەكێتیو گۆڕان لیژنەیەكی هاوبەشیان پێكهێناوە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی سەرۆكایەتی لیژنەكەی یەكێتی دەكاتو لیژنەكەی گۆڕانیش شەمال عەبدولوەفا ئەندامی خانەی راپەڕاندن سەرۆكایەتی دەكات، بڕیارە سبەینێ لیژنە هاوبەشەكە یەكەمین كۆبونەوەی خۆی بكات.
دیار نییە لە دانوستانی ئەمجارەدا یەكێتیو گۆڕان دەیانەوێت رێككەوتنێكی نوێ لەبارەی پۆستەكانی حكومەتی خۆجێی ئیمزا بكەن، یاخود تەنیا پۆستە بەتاڵەكانی گۆڕان پڕدەكرێنەوە ؟
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەرێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانیدا (12 بۆ 15) پۆست هەن كە پشكی گۆڕاننو تائێستا یەكێتی رادەستی نەكردووە، لەوانە:
• سەرۆكی ئیدارەی راپەڕین
• جێگری سەرپەرەشتیاری ئیدارەی گەرمیان
• بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان
• جێگری پارێزگاری هەڵەبجە
• قایمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە
• سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا (ئەم ئەنجومەنە تائێستا دروست نەكراوە)
• قایمقامی سەیدسادق
• بەپێی رێككەوتنەكە لە كۆی (44) بەڕێوەبەری ناحیە لە سنوری پارێزگای سلێمانی، گۆڕان (19) بەڕێوەبەری ناحیەی بەردەكەوێتو یەكێتیش (18) بەڕێوەبەری ناحیە، سێ بەڕێوەبەری ناحیە لە سنوری پارێزگای سلێمانی كە بەر گۆڕان كەوتووە تائێستا رادەستی نەكراوە
• لیوای پاراستنی نەوتو گاز كە سەربە وەزارەتی ناوخۆیە
فراوانتر لە حكومەتی خۆجێی !
لەدوای دروستبوونیەوە ترسی بەردەوامی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوە بووە بە ئەندازەی نزیكبونەوەی لە یەكێتی، لەبەرامبەردا لە پارتی دوربكەوێتەوە، ئێستا گۆڕان لە پارتی نزیكەو لە حكومەتدا هاوبەشی سەرەكییەتی، نایەوێت بەبێ وەرگرتنی گرەنتی هیچ جۆرە سەرچڵییەكی سیاسی بكات.
ئەرشیفی بزوتنەوەی گۆڕان دەیان لێدوانی سیاسی بەرپرسەكانیی تێدایە كە سكاڵا دەكەن لەبارەی ئەوەی یەكێتی هەركاتێك بیەوێت فشار لەسەر پارتی دروست بكات لە بزوتنەوەی گۆڕان نزیك دەبێتەوەو دواتر كە خۆی لەگەڵ پارتی رێكدەكەوێت گۆڕان بەتەنیایی لە گۆڕەپانەكەدا بەجێدەهێڵێت.
ئێستا گەڕێكی نوێی نزیكبونەوەی لەنێوان هەردوولا دەستیپێكردووە، یەكێتی چی لە گۆڕان دەیەوێتو لەبەرامبەردا گۆڕان چی دەخوازێت ؟
ساتی نزیكبونەوەی ئەمجارەی نێوان هەردوو حزب لەكاتێكدایە یەكێتی چەند مانگێكە هەوڵی رێككەوتن لەگەڵ پارتی دەداتو هەوڵەكان تائێستا بێ ئاكام بوونو پارتیو بەدیاریكراویش مەسعود بارزانی نایەوێت دان بە ئەنجامەكانی كۆنگرەی چواری یەكێتیدا بنێت، لەدوای ئەمە ئێستا یەكێتی
هەوڵێكی نوێی بۆ نزیكبوونەوەی لەگەڵ گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامیو یەكگرتووی ئیسلامی دەستپێكردووە.
لەلایەكی تر، یەكێتی پرسی كشانەوەی لە حكومەت خستوەتە سەر مێزی گفتوگۆ ناوخۆییەكانیو لەئەگەری بڕیارداندا گۆڕان لەنێوان پارتیو یەكێتیدا دەبێت هەڵوێستی خۆی یەكلابكاتەوەو بەهەردوولادا زیانی بەردەكەوێت، رەنگە گۆڕان نەیەوێت بكەوێتە ئەو دۆخەوە، بۆیە پشتی لە بیرۆكەی كۆبونەوەی سێقۆڵی كردووەو ئێستا چووەتە ناو دانوستانێكی دوو قۆڵی نوێوە لەگەڵ یەكێتی، گۆڕان لە بنەڕەتەوە لەگەڵ كۆبونەوەی سیقۆڵیدا بوو لەنێوان (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)، بەڵام ئەم هەوڵە بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان پارتیو یەكێتی بە بنبەست گەیشتووە.
(درەو) زانیویەتی، لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستەكانی پارێزگای سلێمانیدا بەڵێنی كاری هاوبەشی لە حكومەت بە یەكێتی داوە، بەڵام بەمەرجێك كارە هاوبەشەكە كورت نەكرێتەوە لەدژایەتی پارتیداو بۆ پاراستنی بەرژەوەندی سنوری ئیدارەی هاوبەشی هەردوو حزب بێت لە سلێمانیو هەڵەبجە.
جیاوازی دانوستانی ئەمجارەی نێوان یەكێتیو گۆڕان لەوەدایە، ئەو تیمەی یەكێتی كە دانوستان دەكەن لەوانەن كە پێشتر پشتیوانییان لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی دەباشانی نێوان جەلال تاڵەبانیو نەوشیروان مستەفا دەكرد، رێككەوتنێك كە بڕیاربوو تێیدا جارێكی تر هەردوو حزب لەسەر سێ ئاڕاستەی (دارایی- سەربازی- پەیوەندییەكان) لەچوارچێوەی پرۆژەیەكی هاوبەشدا كۆبكاتەوە.
دانوستانی ئەمجارە لەكاتێكدا بەڕێوەدەچێت كە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتییەو یەكێك لەوانە بووە بەردەوام پاڵپشتی لە بیرۆكەی رێككەوتنی نێوان گۆڕانو یەكێتی كردووە، سەرۆكی لیژنەی دانوستانكاری یەكێتی لەگەڵ گۆڕان ئەمجارە شاناز ئیبراهیم ئەحمەدە كە لەماوەی رابردوودا بەردەوام بانگەشەی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی دەباشان كردووە، ئایا یەكێتی دوای كۆنگرەی چوار ئاڕاستەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ گۆڕان بەرەو كوێ دەبات ؟ بە رێككەوتنێكی گشتگیر بزوتنەوەی گۆڕان لە پارتی دوردەخاتەوە، یاخود دانوستانی ئەمجارەش سوڕانەوەیە لەناو بازنە كۆنەكەدا.