حکومەت هەردوو ئۆپشنەکە لەسەر موچەخۆران جێبەجێ دەکات
2020-07-02 21:30:30
راپۆرت: محەمەد رەئوف - فازڵ حەمە رەفعەت
دوای نزیکەی دوو هەفتە، حکومەتی هەرێم موچەی تەنیا (چوار) وەزارەتی دابەشکردووە، حکومەت هەم موچەی موچەخۆرانی دەستکاریکرد، هەم وادەی دابەشکردنی موچەی لە (٣٠ رۆژەوە بو ٦٠ رۆژ) درێژ کردەوە، حکومەت تاوەکو نزیكی جەژنی قوربان دابەشكردنی موچەی شوبات درێژدەکاتەوە، ئەمە کۆتایی کێشەکە نییە، بەپێی بەدواداچونەکانی (درەو) تەنانەت لەدوای ریككەوتنی لەگەڵ بەغداد و بەرزبونەوەی نرخی نەوتیش، بۆ مانگی داهاتوو حکومەت ناچارە رێژەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران زیاتر بکات، واتا دەستكاریكردنی موچە بڕیارێکی حەتمیە.
مەسرور بارزانی قەرزی کرد ؟
سەرباری ئەوەی بەرپرسانی کابینەی مەسرور بارزانی بەدیاریکراویش (رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ) پێشتر چەندینجار دڵنیاییاندا لەبارەی ئەوەی حکومەت دەستکاری موچە ناکات، بەڵام حكومەت رۆژی ٢٠٢٠/٦/٢١بڕیاریدا رێژەی (٢١٪)ی موچەی موچەخۆران کەمبکاتەوە.
بەهانەی حکومەت بۆ دەستکاریکردنی موچە ئەوەبوو، بڕی (٦٠٠ ملیۆن) دۆلاری لەبەردەستدایە، ئەم بڕە پارەیە بەشی خەرجی موچە ناکات کە مانگانە پێویستی بە (٧٥٥ ملیۆن) دۆلارە.
بڕیار بوو مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت بڕی (١٠٠ ملیۆن) دۆلار قەرزبکات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکە، بەڵام پێناچێت قەرزەکەی کردبێت.
سەرباری ئەوەی حکومەت کورتهێنانی خەرجی موچەی لەسەر حسابی لێبڕینی (٢١٪)ی موچەی موچەخۆران چارەسەرکرد، بەڵام بەوشێوەیەش دوای نزیكەی دوو هەفتە لەو بڕیارە، تائێستا تەنیا موچەی (٤) وەزارەتی دابەشكردووە (تەندروستی، ناوخۆ، پێشمەگە، دارایی)، پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر پارەی موچە ئامادەیە بۆچی حکومەت دابەشی ناكات لەكاتێكدا لیستی تەواوی وەزارەتەكان ئامادەیەو بڕی لێبڕینی رێژەی (٢١٪) لەسەر تەواوی فەرمانبەران جێگیرکراوە جگە لە پلەباڵاكان و ئەوانەی موچەکەیان لە (٣٠٠ هەزار) دینار كەمترە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، حكومەت دەیەوێت لەیەك كاتدا هەردوو ئۆپشنەكە جێبەجێ بكات کە پێشتر لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیراندا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرا:
٭ ئۆپشنی یەکەم: بڕینی موچەی موچەخۆران بەڕێژەی ٢١٪
٭ درێژکردنەوەی وادەی دابەشكردنی موچە لە ٣٠ رۆژەوە بۆ ٦٠ رۆژ
حکومەت ئێستا ئۆپشنی بڕینی موچەی جێبەجێكردووەو دەیەوێت ئۆپشنی درێژكردنەوەی ماوەی دابەشکردنی موچەش جێبەجێ بكات، هەربۆیە هەفتانە موچەی دوو بۆ سێ وەزارەت دابەش دەكات و دەیەوێت تا پێش جەژنی قوربان بە موچەی مانگی شوبات بەڕێی بكات و دواتر دەست بە دابەشكردنی موچەیەكی تر بكات.
بژاردەکانی بەردەم حكومەت
ئێستا حكومەت بەچەند رێگەیەك دەیەوێت داهاتی زیاتر دەستبخات، بۆ ئەوەی موچەی موچەخۆران دابین بكات:
٭ رێگەی یەكەم: حكومەت ئێستا سەرقاڵی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازییە، ئەو یاسایە لە ٧/١ ەوە چوەتە بواری جێبەجێكردن، بەڵام ئەگەر حكومەت موچەی مانگی داهاتوو دابەش بكات كە موچەی مانگی ئازارە، ئەم یاسایە بەسەر موچەخۆراندا جێبەجێ ناكرێت، بۆیە حكومەتی هەرێم بیر لە پاشەكەوتكردنی موچەی مانگەكانی (٣، ٤، ٥، ٦) دەكاتەوەو دەیەوێت لە سەرەتای مانگی ئابەوە دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی تەموز بكات، بۆ ئەوەی یاسای چاكسازی جێبەجێ بكات و بەشێك لە داهاتی بۆ بگەڕێتەوە.
٭ رێگەی دووەم: حكومەت ناچارە بۆ مانگی داهاتوو دەستكاری زیاتری موچە بکات، كە رەنگە بۆ دەستكاریكردنی موچە جیاواز لە شێوازی بڕینی موچەی مانگی شوبات (٢١٪) شێوازێكی تر بگرێتەبەر، ئەویش لەڕێگەی دەستكاریكردن و رێكخستنەوەی دەرماڵەكانەوە بێت (٥٦٪ی خەرجی كۆی موچەی موچەخۆران بۆ دەرماڵەکان دەڕوات، واتا لەكۆی ٨٩٤ ملیار دینار ٥٠٢ ملیار دیناری موچە بۆ دەرماڵەیە)، ئەگەری بەهێز ئەوەیە حكومەت لەڕێگەی دەستكاریكردنی دەرماڵەكانەوە (كە پاڵپشتی پەرلەمانی هەیەو بەپێی مادەی (٥)ی یاسای چاكسازی دەتوانێت دەستكاری دەرماڵەكان بكات) دەستكاری موچە بكات، دەستكاریكردنەكەش بەپێی ئەو پارەیەیە کە دوای رێککەوتنەکە لەبەغدادەوە دێت.
رێگەی سێیەم: حكومەت چاوەڕوانی رێككەوتنی كۆتاییە لەگەڵ بەغداد، چونكە تا رێككەوتنەكەی لەگەڵ بەغداد نەچێتە بواری جێبەجێكردن ناتوانێت بڕێكی دیاریكراو بۆ موچە دیاری بكات، ئەویش لەبەر چەند ئەگەرێك:
لەدوای رێككەوتنی كۆتایی نێوان هەولێرو بەغداد، ئەگەر هەرێم تەواوی نەوتەكەی رادەستكرد یان (٢٥٠ هەزار) بەرمیل و نیوەی داهاتی ناوخۆ، لە باشترین حاڵەتدا مانگانە (٦٠٠ ملیار) دیناری لە بەغدادوە بۆ دێت، ئەم پارەیە تەرخاندەکرێت بۆ خەرجی موچەو ئەو نیوە داهاتەی تری ناوخۆش کە لای حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە بۆ خەرجی بەكاربردن تەرخاندەکرێت.
ئەگەر تەواوی ئەو پارەیەی لە بەغدادوە دێت، بۆ موچە تەرخانبكرێت، كە مانگانە نزیكەی (٦٠٠ ملیار) دینارە، ئەوا نزیكەی (٣٠٠ ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت لە كۆی خەرجی مانگانەی موچە كە (٨٩٤ ملیار) دینارە، واتا پارەکەی بەغداد بەرێژەی (٣٤٪)ی کورتهێنانی هەیە بۆ پڕکردنەوەی خەرجی موچەی هەرێم، كۆی موچە، لەم حاڵەتەدا حکومەتی هەرێم هاوشێوەی ئێستا ناچارە کورتهێنانەکە لە موچەی موچەخۆران ببڕێت و رێژەی لێبڕینی موچەی موچەخۆران لە (٢١٪)و زیاد بکات بۆ (٣٤٪).
بەڵام لە حاڵەتی رێكنەكەوتن لەگەڵ بەغداد، حکومەتی هەرێم تەواوی داهاتەكەی بریتی دەبێت لە:
٭ داهاتی نەوت: رۆژانە (٤٣٥ هەزار) بەرمیل نەوت رەوانە دەكات، بۆ مانگی رابردوو كۆی داهاتی نەوت كە خرایەبەر دەستی وەزارەتی دارایی (٨٦ ملیۆن) دۆلار بووە، لە حاڵەتێكدا ئەگەر بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە داهاتی نەوت وەك جارانیشی لێبیێتەوە، دەهاتەکەی دەكاتە (٢٩٥ ملیۆن) دۆلار كە پێشتر لە داهاتی نەوت دەخرایە خەزێنەی حكومەتەوە.
٭ داهاتی ناوخۆ: ئێستا نزیكەی (٩٠ ملیار) دینارە، ئەگەر وەك جارانیشی لێبێتەوە كە نزیكەی (٢٧٠ ملیار) دینار بوو.
٭یارمەتییەکەی هاوپەیمانان كە ٢١ ملیار دینارە.
كۆی گشتی داهاتەكانی هەرێم بەبێ پارەی بەغداد ئێستا نزیكەی (٢٠٠ ملیۆن) دۆلار دەبێت.
خۆ ئەگەر داهاتەكانی هەرێم وەك جارانی لێبێتەوە، ئەوا كۆی داهاتەكانی هەرێم بەبێ بەغداد نزیكەی (٦٠٠ ملیار) دینار دەبێت، لەم حاڵەتەشدا بەهەمان شێوەی حکومەتی هەرێم لە خەرجی موچەدا (٣٠٠ ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت، واتا لەم حاڵەتەشدا حكومەت ناچارە دەستكاری موچە بكات.
٭ تەنها لەیەك حاڵەتدا حكومەت دەستكاری موچەی موچەخۆران ناكات كە بەشێك لە وەزیرەكان لەگەڵ ئەو ئۆپشنە بوون، ئەویش درێژكردنەوەی وادەی دابەشكردنی موچەیە لە (٣٠) رۆژەوە بۆ (٦٠) رۆژەو كۆكردنەوەی داهاتی دوو مانگی هەرێم و دابەشكردنی موچەی یەک مانگە، لەم ئۆپشنەدا موچە ٥٠٪ كەم دەكات، چونكە ئەگەر فەرمانبەرێك موچەكەی (ملیۆنێك) دینار بێت ئەگەر بە (٦٠) رۆژ جارێك دابەشبكرێت ئەوا دەكاتە (٥٠٠ هەزار) دینار، واتا (٥٠٪) ی موچەكەی دەستكاری دەكرێت.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەگەڵ بەغداد رێکبکەوێت یان نا، پارە لە بەغدادەوە بێت یان نا، نرخی نەوت بەرزببێتەوە یان نا، حکومەت دەستكاری موچە دەكات، دەستکاریکردنی موچە بڕیارێکی حەتمیە تەنانەت ئەگەر قەیرانی کۆرۆناش تێپەڕێت.