Draw Media

لوبنان: حزبوڵا و هاوپەیمانەكانی هەڵبژاردنیان بردەوە

لوبنان: حزبوڵا و هاوپەیمانەكانی هەڵبژاردنیان بردەوە

2018-05-07 13:12:32


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
حزبوڵا و هاوپەیمانەكانی زیاتر لە نیوەی كورسییەكانی پەرلەمانی لوبنانیان بردەوە، ئەمە بەپێی هەندێك ئاماری نافەرمی كە سیاسەتمەداران و میدیاكانی لوبنان بڵاویانكردەوە.
دوای نۆساڵ دوێنێ یەكشەممە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە لوبنان بەڕێوەچوو، ئاستی بەشداریكردنی دەنگدەران لە پرۆسەكەدا گەیشتە 49.2%، لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا كە بەر لە (9) ساڵ بەڕێوەچوو، ئاستی بەشداری 54% بوو، دەردەكەوێت ئەمجارە ئاستی بەشداری كەمیكردووە.
ئەگەر ئەو ئەنجامانە لەلایەن لیژنەی ناوەندی هەڵبژاردنەكانەوە پشتڕاستبكرێنەوە كە میدیاكانی لوبنان بڵاویانكردەوە، حزبوڵا كە حەسەن نەسروڵا سەرۆكایەتی دەكات و لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێت دەتوانێت لە پەرلەمانی نوێی لوبناندا كە پێكهاتووە لە (128) كورسی، بە ئاسانی زۆرینەی (50+1) كۆبكاتەوە.
بەرزبوونەوەی دەنگی حزبوڵا لە لوبنان، بەرزبونەوەی هەژمونی ئێران لە ناوچەكە دەردەخات كە بە عێراقدا تێدەپەڕێت بۆ سوریا و لەوێشەوە بۆ لوبنان.
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لوبنان، سەعد حەریری سەرۆك وەزیرانی لوبنان كە نوێنەرایەتی پێكهاتەی سوننە دەكات و لەلایەن وڵاتانی خۆرئاواوە پشتیوانی دەكرێت، سەرباری ئەوە لەو ناوچەیەی كە پێگەی جەماوەری بەهێزە دەنگەكانی چەند كورسییەك كەمیكردووە، بەڵام هێشتا كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمانە و چانسی گەورەی هەیە جارێكی تر پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێتەوە.
بەپێی ئەو سیستمە دابەشكارییە تائیفییەی كە لە لوبنان هەیە، پۆستی سەرۆك وەزیران دەبێت بۆ كەسێك بێت لە پێكهاتەی سوننە، پێشبینیدەكرێت حكومەتی نوێی لوبنان هاوشێوەی ئەو حكومەتەی كە ئێستا ویلایەتەكەی تەواوبووە، هەموو پارتە سیاسییەكانی وڵات لەخۆبگرێت، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت دانوستانەكان بۆ دابەشكردنی پۆستە وزارییەكان هەندێك كات بخایەنێت.


وڵاتە كۆمەكبەخشەكان دەیانەوێت قەرز بە لوبنان بدەن، بەڵام بۆ پێدانی ئەو قەرزە مەرجیان هەیە بەر لە بڕیاردان لەسەر پێدانی قەرزەكە لە كۆنگرەی پاریسدا كە بڕیارە مانگی نیسان بەڕێوەبچێت، دەسەڵاتدارانی بەیروت چاكسازیی ئابوریی گەورە بكەن.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی لوبنان بەپێی یاسایەكی نوێ بەڕێوەچوو، تێیدا گۆڕانكاری لە بازنەكانی هەڵبژاردندا كرا و سیستمی دەنگدانی زۆرینەی گۆڕدرا بۆ دەنگدانی رێژەیی.
دابەشبوونی كورسییەكانی پەرلەمان
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەكان، پارتی "هێزە لوبنانییەكان" كە پارتێكە دژایەتی سیاسەتەكانی حزبوڵا دەكات، لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی كورسییەكان لە (8) كورسییەوە بۆ (15) كورسی زیادیكردووە.
لەبەرامبەردا حزبوڵا و حزب و كەسایەتییە هاوپەیمانەكانی بەیەكەوە لانی كەم (67) كورسییان بردوەتەوە.
دیارترین لایەنە هاوپەیمانەكانی حزبوڵا لە لوبنان بریتین لە (بزوتنەوەی ئەمەل) بە سەرۆكایەتی نەبیه بڕی هەروەها (رەوتی نیشتمانی ئازاد) بە سەرۆكایەتی میشال عەونی سەرۆك كۆماری لوبنان، لەگەڵ ژمارەیەك گروپ و كەسایەتی تر كە پشتیوانی لەوە دەكەن حزبوڵا هێزی چەكداری هەبێت و هێزە سەربازییەكەی حزبوڵا بە خاڵی هێز بۆ لوبنان ناودەبەن.
ئەنجامە بەراییەكان نیشانی دەدەن ئەو لایەنە سیاسیانەی كە لەسەر پێكهاتەی سونن ئەژماردەكرێن بەڵام لەلایەن حزبوڵاوە پشتیوانی دەكرێن، لە شارەكانی بەیروتی پایتەخت و تەرابلوس و سەیدا كە بنكەی جەماوەری (رەوتی موستەقبەل)ن بە سەرۆكایەتی سەعد حەریری، دەنگی باشیان بەدەستهێناوە، ئەمەش بەبۆچونی هەندێك لە چاودێران وەكو "زللەیەكە لە رومەتی حەریری".
بەڵام لەبەرامبەریشدا حزبوڵا لە یەكێك لەو ناوچانەی كە بنكەی جەماوەری بەهێزە كە بازنەی (بەعلبەك- هەرمل)ە، دووچاری شكستبووە و نەیارە سیاسییەكانی لە كۆی 10 كورسی تەرخانكراوی ئەو ناوچەیە (2) كورسییان بردوەتەوە، یەكێك لە كورسییەكان رۆشتووە بۆ پارتی (هێزە لوبنانییەكان) و ئەوی تر رۆشتووە بۆ (رەوتی موستەقبەل)ی سەعد حەریری.


یەكێك لەو كەسایەتییە دیارانەی كە لە هەڵبژاردنەكەی دوێنێدا سەركەوتوو بوون، (جەمیل سەید)ە كە كەسایەتییەكی نزیكە لە حزبوڵای لوبنان و لیوای خانەنشینە و پێشتر بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی بووە و دەوترێت هاوڕێی نزیكی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریایە.
لەماوەی ئەو (15) ساڵەدا كە سوریا هەژمونی بەهێزی لە لوبنان هەبوو، لەدوای جەنگی ناوخۆیی لوبنان لەنێوان ساڵانی 1975 بۆ 1990، (جەمیل سەید) بەهێزترین پیاوی لوبنان بوو.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی رۆیتەرز، لانی كەم (5) كەس لەوانەی كە لەسەردەمی هەژمونی سوریادا لە لوبنان دەسەڵاتیان هەبووە، لەرێگەی هەڵبژاردنەكەی دوێنێوە، بۆ یەكەمجار دوای كشانەوەی هێزەكانی سوریا لە لوبنان لە ساڵی (2005) و تیرۆركردنی رەفیق حەریری، گەڕاونەتەوە بۆ ناو پەرلەمان.
(فەیسەڵ كەرامی) كوڕی عومەر كەرامی سەرۆك وەزیرانی پێشوتری لوبنان و لایەنگری سوریا، بۆجاری یەكەم سەركەوت بۆ پەرلەمان، لە بەیروتیش دوو كاندیدی سەربەخۆ سەركەوتن.
بڕیاربوو لە لوبنان ساڵی 2013 هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەبچێت، بەڵام لە بری سازدانی هەڵبژاردن ئەندامانی پەرلەمان دەنگیاندا بۆ درێژكردنەوەی خولی پەرلەمان، ئەمەش بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكان لەسەر یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان.
ساڵی 2009 هاوپەیمانێتی دژ بە حزبوڵا كە ناوی (هاوپەیمانی 14ی ئازار) بوو، سەعد حەریری سەرۆكایەتی دەكرد و لەلایەن سعودیەوە پشتیوانی دەكرا، توانی زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت.
بەڵام (هاوپەیمانی 14ی ئازار) هەڵوەشایەوە و سعودیەش بایەخ و سەرچاوە سیاسییەكانی خۆی لە لوبنانەوە گواستنەوە بۆ دژایەتیكردنی هەژمونی ئێران لە وڵاتانی تری ناوچەكە بەتایبەتی لە یەمەن.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand