دەقی پرۆژەی سیستەمی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی
2020-07-01 19:00:25
درەو:
لیژنەی ئامادەكاری لامەركەزی رەشنوسی پرۆژەی سیستەمی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی تەواوكرد، سەرۆكی لیژنەكەش دەڵێت: ئەوەی لەسەر شانمان بووە كردمان ئێستا كاتی ئەوەیە یەكێتی و گۆڕان لە ئەنجومەنی وەزیران بەرگری لە پرۆژەی لامەركەزی بكەن.
بەرزان شێخ محەمەد سەرۆكی لیژنەی لامەركەزی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (درەو)ی راگەیاند:
رەشنوسی پرۆژەی سیستەمی لامەركەزی كارگێڕی و داراییمان تەواوكردووەو دوای ئەوەی لە كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پەسەند دەكرێت رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت بۆ بڕیاردان لەسەری.
بەپێی رەشنوسی پرۆژەكە كە كۆپیەكی دەست (درەو) كەوتووە ئامادەكردنی پرۆژەكەیان گەڕاندۆتەوە بۆ "سیستەمی بەڕێوەبردن لەهەرێمی كوردستان بەجۆرێكە كەدوای نزیكەی سێ دەیە لەخۆ بەڕێوەبەری و تاقیكردنەوەی سیستەمی مەركەزی، قەیرانی بەڕێوەبردن و دارایی و زیادبونی ڕۆتین و گەندەڵی لێكەوتۆتەوە، بەهۆی قەیرانە بەردەوام و یەك لەدوای یەكەكانەوەو بەلەبەرچاوگرتنی ئەزمونی سەركەوتوی وڵاتان ، كاتی ئەوە هاتووە كەجۆرێكی دیكە لە سیستەمی بەڕێوەبردن تاقیبكەینەوە كەگونجاوترین و باشترینیان لامەركەزی كارگێڕی و داراییە"
سودەكانی لامەركەزی لە پرۆژەی لامەركەزی كارگێری و داراییدا رونكراوەتەوە" دەرفەت دەدات بەهاوڵاتیان لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بەرپرسی یەكە كارگێڕیەكانی خۆیان دیاریبكەن، بەمەش متمانەی هاوڵاتیان بە دەنگدان و بەشداری لە پرۆسەی دیموكراسی زیاددەكات، ئاسانكاری بۆ حكومەتی مەركەزدەكات و ئەركی سەرشانی كەمدەكاتەوە وادەكات باشتر ئەركە ستراتیژیەكان و نیشتیمانیەكان ڕابپەڕێنێت.
سەرۆكی لیژنەی لامەركەزی دەڵێت" پرۆژەكەیان پیشانی یەكێتی و گۆڕان داوە، ئیتر ئەركی ئەوانە دەستبەپرۆژەكەوە بگرن و لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی بكەن چونكە گۆڕان چوار وەزیر و یەكێتی شەش وەزیر و جێگری سەرۆك وەزیرانی هەیە".
دەقی پرۆژەكە
پرۆژەی سیستەمی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی
ساڵی 2020
پێشەكی:
ئەم پرۆژەیە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكرێت و بۆ سەرجەم پارێزگاكانی هەولێرو سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین دروست و سودبەخش و گونجاوە.
لەدوای پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لەنیسانی ساڵی 2014 پاڵپشت بەیاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2009، ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 3 پارێزگای هەرێمی كوردستان پێكهات، كەدواتر كاركردن بەیاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2009 كەوتە بواری جێبەجێكردنەوەو یاساكە لەم خولەدا كاریپێكرا، لەگەڵ ئەوەشدا دوای تێپەڕبونی 6 ساڵ بەسەر كاركردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و حكومەتە خۆجێیەكان هێشتا زۆربەی زۆری دەسەڵاتە كارگێڕی و داراییەكان لای وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانە، واتە تەنها لەڕوی ڕواڵەتەوەو بەهۆی یاساو ڕێنماییەوە چوارچێوەیەكی لامەركەزی دروستكراوە.
لەكاتێكدا پێشتر ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیارەكانی ژمارە (11231) و (11232) لە بەرواری 17/10/2012 و بڕیارەكانی ژمارە (40) لە 16/1/2013 و هەردوو بڕیاری ژمارە (44) و (45) لە 19/6/2013 دەركرد كەتایبەتبون بە دابەزاندنی دەسەڵاتە كارگێری و داراییەكان بۆ پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان و بەڕێوەبەرەگشتیەكان، دواتریش بەبڕیاری ژمارە (1700) لە 17/4/2016 هەردووبڕیاری ژمارە (11231 و 11232) هەڵوەشێنرانەوەو هەروەها هەرسێ بڕیاری ژمارە (40 و 44 و 45) لە 10/5/2016 بەنوسراوی ژمارە (2062) هەڵوەشێنرانەوە، هەرچەندە لەساڵی 2014 ەوە یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەركاربووەو دەبوو بەهۆی دەستبەكاربونی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە ئەو بڕیارانەی سەرەوە هەڵبوەشێنرایەتەوەو كار بەیاسای ژمارە 3 بكرایە بۆ چەسپاندن و پیادەكردنی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی، بەڵام لەگەڵ ئەوەی بڕیارەكان هەڵوەشێنرانەوەو ئەنجومەنی پارێزگاكان دەسبەكاربون و حكومەتی خۆجێیەكان پێكهاتن بەڵام هێشتا سیستەمی بەڕێوەبردن و بڕیاردان مەركەزییە.
لامەركەزی كارگێڕی و دارایی
دابەشبونی تایبەتمەندی و دەسەڵاتە كارگێڕی و داراییەكانە لەنێوان حكومەتی مەركەزی و حكومەتە خۆجێیەكان، بەجۆرێك كە حكومەتە خۆجێیەكان تایبەتمەندی و توانای پیادەكردنی دەسەڵاتی كارگێڕی و داراییان هەبێت، لەژێر چاودێری ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان و هەماهەنگی و چاودێری حكومەتی مەركەزی لەسەر كارو چالاكیەكانیان.
سودەكانی لامەركەزی كارگێری و دارایی:
1- بەپیادەكردنی دیموكراسی دادەنرێت لەبواری كارگێڕی و دارایی چونكە دەرفەت دەدات بەهاوڵاتیان لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بەرپرسی یەكە كارگێڕیەكانی خۆیان دیاریبكەن، بەمەش متمانەی هاوڵاتیان بە دەنگدان و بەشداری لە پرۆسەی دیموكراسی زیاددەكات.
2- ئاسانكاری بۆ حكومەتی مەركەزدەكات و ئەركی سەرشانی كەمدەكاتەوە وادەكات باشتر ئەركە ستراتیژیەكان و نیشتیمانیەكان ڕابپەڕێنێت.
3- ئەنجومەنە خۆجێیەكان بەرپرسیارێتی پلان و دروستكردنی بڕیاریان دەكەوێتە ئەستۆو ئەگەر نەنگیەك لەبڕیارێك هەبوو تەنها لەناوچەیەك یان سێكتەرێكی دیاریكراو دەبێت و بەرپرسانی كەمتەرخەمیش ئاسانترو خێراتر لێپرسینەوەیان لێدەكرێت.
4- هۆكارێكی باش دەبێت بۆ پێگەیاندنی ژمارەیەكی زۆر لەكادری شارەزا و سەرۆكی یەكەی كارگێڕی ئەمەش یارمەتی پێشكەوتن و گەشەپێدانی كارگێڕی و دارایی دەدات و كێبڕكێ لە نێوان پارێزگاكان زیاددەكات.
5- بەهۆی جیاوازی لە جوگرافیا و تایبەتمەندی ناوچەكان لەهەرێمی كوردستان، پێویستی و داواكاری هاوڵاتیانیش بە خزمەتگوزاری گشتی و تەنانەت تایبەتیش جیاوازن، بەم هۆیە ئەنجومەنە خۆجێیەكان لەبەر پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ هاوڵاتیان باشتر ئاشنان بە خواست و پێداویستیەكانی ناوچەكانیان، ئەم نزیكیەش دەبێتە هۆكارێكی یارمەتیدەرو گونجاو بۆ باشتر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریەكان بەشێوەیەكی خێراتر، هەروەها كەمكردنەوەی ڕۆتین و كارئاسانی بۆ هاوڵاتیان.
6- نمونەی ئەو ووڵاتانەی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی پیادەدەكەن وەك ( ئەڵمانیا و نەمسا و ئەمریكاو ئیمارات) ئابووریەكی جێگیری گەشەكردوویان هەیە و ئینتیمای هاوڵاتی زۆرترە چونكە بەڕاستەوخۆ سودمەندەبێت لەداهاتی ناوچەكەی و هەست بەبونی شەفافیەت دەكات ، بەراورد بەو ووڵاتانەی كە سیستەمی مەركەزی پیادەدەكەن.
7- لە سیستەمێك كە لامەركەزی كارگێڕی و دارایی پیادە دەكات دادپەروەری كۆمەڵایەتی تێیدا زۆرترە.
هۆكارەكانی ئامادەكردنی پرۆژەكە:
سیستەمی بەڕێوەبردن لەهەرێمی كوردستان بەجۆرێكە كەدوای نزیكەی سێ دەیە لەخۆ بەڕێوەبەری و تاقیكردنەوەی سیستەمی مەركەزی، قەیرانی بەڕێوەبردن و دارایی و زیادبونی ڕۆتین و گەندەڵی لێكەوتۆتەوە، بەهۆی قەیرانە بەردەوام و یەك لەدوای یەكەكانەوەو بەلەبەرچاوگرتنی ئەزمونی سەركەوتوی وڵاتان ، كاتی ئەوە هاتووە كەجۆرێكی دیكە لە سیستەمی بەڕێوەبردن تاقیبكەینەوە كەگونجاوترین و باشترینیان لامەركەزی كارگێڕی و داراییە.
پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین خاوەنی ڕێژەیەكی زۆرن لە نەوت و غاز و سامانی سروشتی و قەبارەیەكی گەورەی پیشەسازی و ناوچەیەكی بەپیت و بەرفراوانی كشتوكاڵی و سەرچاوەی گرنگی گەشتوگوزاری و دەروازەی سنوری نێودەوڵەتی و فڕۆكەخانەو خاڵی گومرگی و داهاتە ناوخۆییەكان و مقەوەماتی گەشەپێدانی وەك كار و زەوی و سەرمایەو ڕێكخستن و هەبونی چەندیدن بەنداوی گرنگ و ستراتیژی.
هەموو ئەمانە پاڵنەرمان بووە بۆ پێداگیری لەسیستەمی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی و ئامادەكردنی ئەم پرۆژەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە.
پاڵپشتییە یاساییەكان
1- ماددەی 116ی دەستوری عیراقی ساڵی 2005 بەم جۆرە هاتووە (نیزامی فیدڕاڵی لەكۆماری عیراق پێكدێت لە پایتەخت و هەرێمەكان و پارێزگا لامەركەزیەكان و ئیدارە خۆ جێیەكان)
2- هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانیەكان بەپێی یاسای ژمارە 6 ی ساڵی 1993 لەساڵی 2000 لە هەرێمی كوردستان
3- ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی یەكەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەساڵی 2005 بەپێی یاسای ژمارە 59 ی ساڵی 1969
4- یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ژمارە 3 ی ساڵی 2009
5- یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەكان لەهەرێمی كوردستان ژمارە 4 ی ساڵی 2009
6- بڕیارو ڕێنماییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2009
7- یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە ژمارە 1 ساڵی 2015
8- بڕیاری پاڵاوتن و پەسەندكردنی قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان ژمارە 1 ساڵی 2015 ی پەرلەمانی كوردستان
9- پشت ئەستور بە هۆیە پێویستیەكانی دەرچواندنی یاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2009 كە دەقەكەی دەڵێت (بەمەبەستی ڕێكخستنی تایبەتمەندی و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان و كارگێڕیان لەهەرێمداو پەرەپێدانیان و لەپێناو بەدیهێنانی پرەنسیپی ناسەنتەری لەدابەشكردنی دەسەڵاتەكان بەمەبەستی ئاسانكاری و چاككردنی گەیاندنی خزمەتگوزاریە گشتیەكان بەهاوڵاتیان و پاراستنی ماف و بەرژەوەندیەكانی كۆمەڵگا ئەم یاسایە دەرچوێنرا)
10- ماددەی دووەمی یاساكە كەدەڵێت (ئەم یاسایە دەسەڵات وبەرپرسیارێیەتی ئەنجومەنەكان و سەرۆكەكانیان و ئەندامەكانی دەستنیشان دەكات بۆ پتەوكردنی پرەنسیپی ناسەنتەری لەدابەشكردنی دەسەڵاتەكان و چاككردنی گەیاندنی خزمەتگوزاری گشتی بۆهاوڵاتیان و پاراستنی مافەكان و بەرژەوەندیەكانی كۆمەڵگاو پەرەپێدانی یەكە كارگێڕیەكان لەهەرێمدا)
11- ماددەی پێنجەمی یاساكە كە دەڵێت (ئەنجومەنی پارێزگا دەسەڵاتی چاودێرییە لەناو سنوری كارگێڕی پارێزگاداو مافی ئەوەی هەیە بڕیارو پەیڕەو ڕێنماییەكان بۆ ڕێكخستنی كاروباری كارگێڕی و دارایی لەناو سنوری پارێزگادا دەربچوێنێت تاكو بتوانێت سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی كاروباری پارێزگا بەپێی پرەنسیپی ناسەنتەری بەڕێوەبردنی كارگێڕی بكات بەجۆرێكی وا ناكۆك نەبێت لەگەڵ دەستورو یاسا كارپێكراوەكانی هەرێم)
12- ئەم پرۆژەیە پاڵپشت بە بڕگەی نۆیەم لەماددەی شەشەم لە یاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2009 نوسراوە كە دەقەكەی دەڵێت (پێشنیازكردنی پرۆژە یاسا تایبەتیەكان بەپەرەپێدانی پارێزگا و بەرزكردنەوەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران لەڕێگەی وەزارەتی پەیوەندیدارەوە)
پاڵنەرە واقعییەكان
1- ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەنیسانی ساڵی 2014 دا.
2- متمانەدان بە پارێزگارو جێگری پارێزگارو بەڕێوەری گشتی و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان.
3- ئامادەكردنی ڕەشنوسی هەمواری یاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2009 لەلایەن هەرسێ ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە و ئاڕاستەكردنی بۆ پەرلەمانی كوردستان خولی چوارەم.
4- ئامادەكردنی پرۆژەی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی و پەسەندكردنی بەزۆرینەی دەنگ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ئاڕاستەكردنی بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەساڵی 2017 دا.
5- لەگەڵ بونی ئەم پاڵنەرانەی سەرەوەدا و هەبونی كەرەستەو سەرچاوەی مادی و مرۆیی و جیاوازی جوگرافیای ناوچەكان و هەبونی ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان و حكومەتە خۆجێیەكان، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتی كارگێڕی و دارایی پێویست لای حكومەتە خۆجێیەكان نییە و هێشتا مەركەزیەتیەكی توند لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە پەیڕەو دەكرێت.
6- ئاماژە بەبڕگەی (14) لەماددەی 6 ی یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ژمارە 3 ی ساڵی 2009 ، وە بڕگەی (ب) لەماددەی 31 ی پەیڕەوەی ناوخۆی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وە ئاماژە بەكۆبونەوەی سەرۆكایەتی و سەرۆكی فراكسیۆنەكان لە 26/4/2020 و وە یاداشتی 15 ئەندامی ئەنجومەن لە 23/4/2020 ، بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی كاتی لەنوێنەری فراكسیۆنەكانی ناو ئەنجومەن بۆ ئامادەكردنی پرۆژەی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی درا.
7- لەدوای دەستبەكاربونی لیژنەكە و گرێدانی یەكەم كۆبونەوە لە 4/5/2020 هێڵە گشتیەكانی كاركردنی لیژنەكە دانراو بەمشێوەیە جێبەجێكرا:
• سەردانی مەیدانی ئیدارەی ڕاپەڕین لە 6/5/2020 دا و كۆبونەوە لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەو بەرپرسانی ئیداری ناوچەكە.
• سەردانی پارێزگای سلێمانی لە 7/5/2020 و كۆبونەوە لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و جێگرەكانی و قائیمقامی قەزای ناوەند.
• سەردانی ئیدارەی گەرمیان لە 10/5/2017 و كۆبونەوە لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەو بەرپرسانی ئیداری ناوچەكە.
• سەردانی پارێزگای هەڵەبجە لە 12/5/2020 كۆبونەوە لەگەڵ پارێزگارو جێگرەكەی و قائیمقامی قەزای ناوەند.
• كۆبونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتیەكانی سلێمانی لە 14/5/2020 لەبینای ئەنجومەن.
• كۆبونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی و دەروازەی سنوری باشماخ لە 17/5/2020 لە بینای ئەنجومەن.
• كۆبونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئاو و سەرۆكی شارەوانی سلێمانی و بەڕێوەبەرانی باجەكان لە 18/5/2020 لەبینای ئەنجومەن.
• كۆبونەوە لەگەڵ بەڕیِوەبەرانی پۆلیسی سلێمانی و پۆلیسی دارستان و پۆلیسی بەرگری شارستانی و پۆلیسی هاتوچۆ لە 19/5/2020 لەبینای ئەنجومەن.
• كۆبونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری گەنجینەكانی سلێمانی وهەڵەبحەو گەرمیان و ڕاپەڕین و بەڕێوەبەری بانكی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی لە 20/5/2020 لەبینای ئەنجومەن.
• كۆبونەوە لەگەڵ شارەزاو پسپۆڕانی بواری كارگێڕی لە 3/6/2020 لەبینای ئەنجومەن.
• كۆبونەوە لەگەڵ شارەزایانی دارایی و ئابووری لە 4/6/2020 لە بینای ئەنجومەن.
• ئەنجامدانی 2 كۆبونەوە لەگەڵ شارەزاو پسپۆرانی بواری یاسایی لە 7/6/2020 و لە 15/6/2020 لەبینای ئەنجومەن.
لەدەرئەنجامی سەردانە مەیدانی و كۆبونەوەكان لەگەڵ نزیكەی 70 بەرپرسی ئیداری و ڕاوێژكردن بە 15 پسپۆرو شارەزایانی بوارە پەیوەندیدارەكان و وەرگرتنی سەرنجی نوێنەرانی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، سەرجەمیان پاڵپشتی پرۆژەكەیان كردوەو بەگرنگیان زانیوە بۆ باشتركردنی دۆخی بەڕێوەبردن لەهەرێمی كوردستان.
پەیوەندیدار بە پارێزگارەكان و سەرپەرشتیاری ئیدارەكان و تەواوی بەرپرسە ئیداریەكان گرفتی زۆریان لەگەڵ نەبونی دەسەڵاتی پێویست بۆ ڕاییكردنی كاروباری هاولاتیان و گەیاندنی خزمەتگوزاری لەكاتی پێویستدا بۆ دروستبووە، بەجۆرێك بۆ بچوكترین ڕەزامەندی كارگێڕی و دارایی پێویستیان بەگەڕانەوەیە بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، هەروەها سەرجەم ئەو داهاتەی لەم سنورە لە سێكتەرە جیاوازەكان وەك داهاتی ناوحۆ كۆدەكرێتەوە بەناوی وەزارەتی داراییەوە تۆماردەكرێت و تەنها وەزارەتی دارایی دەسەڵاتی خەرجكردنی هەیە، هەروەها پەیوەندیدار بە سێكتەری نەوت و گاز و سامانی سروشتیەوە هیچ زانیاری و داتاو بەشداریەك بۆ ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان و بەرپرسانی حكومەتە خۆجێیەكان ڕێپیدراونییەو داهاتەكەشی دەچێتە سەر حسابی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و تەنها ئەوان خەرج و مامەڵەی پێوِەدەكەن، هەروەها بەرپرسانی ئیداری دەسەڵاتی ڕێكخستنەوەی میلاكات و داڕشتنەوەو ڕێكخستنی هەیكەلی ئیداری دامودەزگاكانیان و پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوەیان نییە، لەكاتێكدا بەپێی خاڵەكانی بڕگەی شەشەم لەماددەی 19 ی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009 ، دەسەڵاتی داوە بەپارێزگار بۆ دەرچواندنی فەرمانی دامەزراندنی فەرمانبەرانی كارگێڕی و تەنسیب كردنیان لە پلەی حەوتەم بەرەو خوارەوە بەپێی پەیژەی (ڕیزبەندی) پلەكانی فەرمانبەرێتی و دواتر چەسپاندنی فەرمانەكەو وەرگرتنی ڕێكاری كارگێری و یاسایی دەرحەق بە فەرمانبەران لەكاتی نواندنی كەمتەرخەمی و هەبونی گەندەڵی.
لەگەڵ بەركاربونی یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كە ئەرك و دەسەڵاتی حكومەتە خۆجێیەكانی دیاِریكردووە، یاسای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و زۆرێك لەوەزارەتە پەیوەندیدارەكان بەتایبەت یاساو ڕێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ و دارایی دەبنە ڕێگر لەجێبەجێكردنی یاسای پارێزگاكان ، بەجۆرێك حكومەتە خۆجێیەكان لەنێوان ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان كەمتمانەیان پێبەخشیون و وەزارەتەكانیان كەلەڕوی كارگێڕیەوە پێوەی بەستراون گرفتی زۆری بۆ دروستكردون.
لەدوای یەكگرتنەوەی ئیدارەكانی هەولێرو سلێمانی بەهۆی جیاوازی ڕێنماییەكان و نەبونی سیستەمێكی بەڕێوەبردنی سەرتاسەری یەكخراو كەلەسەر پێوەرو بنەما زانستیەكان دانرابێت، لاسەنگیەكی زۆر لە پرۆژەكان و دەسەڵاتی كارگێڕی و دارایی و جیاوازی بودجەی بەردەستی فەرمانگەكان دروستبووە، ئەمەش گرفتی زۆری بۆ بەرپرسانی ئیدارەو و بەڕێوەبەری فەرمانگەكان دروستكردووە، لەمیانی كارو بەدواداچونی لیژنەكەمان سەدان نمونەی ئەو گرفت و جیاوازیە لە پرۆژەكانی ئەم سنورەمان لەبەردەستە.
پێشنیازەكان
1- تۆماركردنی سەرجەم داهاتە ناوخۆییەكان كە لە سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین كۆدەكرێتەوە بەناوی پارێزگاو ئیدارەكان خۆیانەوە بكرێت ، دوای جیاكردنەوەی بودجەی تەشغیلی و بڕی پێویست بۆ پرۆژە خزمەتگوزاریەكان بەپێی پێوەرو جیاوازی سێكتەرو ناوچەكان بە پەسەندێتی ئەنجومەنی پارێزگا خەرجبكرێت ، دواتریش گەڕاندنەوەی ڕێژەیەك بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان.
2- داهاتی نەوت و غازو سامانە سروشتیەكان كەلەئێستادا لای وەزارەتی سامانە سروشتیەكانە تادروستكردنی سندوقی داهاتی نەوت و گاز بخرێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی، هەروەها ئیدارەدانی پرۆژەكانی وزەو سامانە سروشتیەكان بەجۆرێك بێَت كە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان و حكومەتە خۆجێیەكان ئاگادارو بەشداری وردەكاری و مامەڵە دارایی و كۆكردنەوەی داهاتەكانیانبن، نەك وەك ئێستا كەتەنها چارەسەری گرفتە كۆمەڵایەتیەكانی ئەو پرۆژانە كاری بەرپرسانی ئیداری ناوچەكان بێت.
3- ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بودجەی پترۆ دۆلارو گاز دۆلار بۆ خزمەتگوزاری ئەو سنورانە خەرجبكات كەپرۆژە نەوتی و گازیەكانی تێدایە بەهەماهەنگی ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان، نەك وەك ئەوەی هەیە تەنها پیسكردنی ژینگەكەیان بەشی ناوچەكانەو سودمەندنابن لەهیچ پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری.
4- هەڵوەشاندنەوەی ڕێنمایی ژمارە 1 ی ساڵی 2018 ی وەزارەتی ناوخۆ و سەرجەم ئەو ڕێنماییانەی ڕێگری دروستدەكەن بۆ كاركردن بەیاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2009
5- پاڵپشت بە خاڵی یەكەم لەبڕگەی پێنجەم ماددەی شەشەمی یاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2009 ، ئەنجومەنی پارێزگا هەیكەلی ئیداری و دارایی سەربەخۆی هەبێت بۆ ڕاییكردنی ئیش و كارەكانی.
6- ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەنوسراوی فەرمی داوا لەبانكی ناوەندی عیراق بكات كەلقی خۆی لەپارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە بكاتەوەو سەرجەم بەربەرستە كارگێڕی و داراییەكانی كردنەوەی لەبەردەم هەڵبگیرێت، بەو پێیەی پێشتر ڕەزامەندی زارەكی هەبوەو لەئێستادا بانكی ناوەندی عیراق بۆ دەستپێكردنی هەنگاوەكانی داوای نوسراوی فەرمی دەكات .
پێشنیازی دەسەڵات بۆ پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان
1- پێدانی دەسەڵاتی دەركردنی ڕێنمایی لەلایەن پارێزگارو سەرپەرشتیاری ئیدارەكان بەمەبەستی زیادكردن و هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیداركان و دوای پەسەنكردنی لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە.
2- جێبەجێكردنی پرۆژە بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەبودجەی ئاسایی + وەبەرهێنان + پەرەپێدان بەپێی ڕێنماییەكان و بەپەسەندێتی ئەنجومەنی پارێزگا.
3- پێكهێنانی لیژنەی گۆڕانكاری و پەسەندكردن و ئەنجامدانی گۆڕانكاری بڕگەكان بەپێی مەرجە گشتیەكانی كاری بەڵێندەرایەتی و ڕێنماییەكانی تایبەت بەپرۆژەكانی پەرەپێدان تا ڕێژەی 15% بەپەسەندێتی ئەنجومەنی پارێزگا.
4- پێدانی دەسەڵات بۆ گواستنەوە لەتەرخانكراوەكانی بودجەی ئاسایی و وەبەرهێنان و وەفرو پرۆژەكانی گەشەپێدانی هەرێمایەتی لەسنوری یەكە كارگێڕیەكان بەپەسەندێتی ئەنجومەنی پارێزگا.
5- پێدانی ماوەی زیادە بۆ پرۆژەكان بەپێی پێویستی.
6- دەسەڵاتی پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر هەموو فەرمانبەرانی فەرمانگەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان، پاڵپشت بە بڕگەی حەوتەم لە ماددەی 19 ی یاسای ژمارە 3 پارێزگاكان.
7- ڕێكخستنەوەی میلاكی فەرمانبەران لەنێوان فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان لەسەر بنەمای تایبەتمەندی و جۆری ئەركەكانیان، هەروەها دەرچواندنی فەرمانی دامەزراندنی فەرمانبەران وتەنسیبكردنیان لەسەرئاستی پارێزگا لەپلەی حەوتەم و بەرەوخوار لەپەیژەی پلەكانی فەرمانبەرێتی و چەسپاندنی فەرمانی دامەزراندن پاڵپشت بەخاڵەكانی بڕگەی شەشەم لەماددەی 19 ی یاسای ژمارە 3 پارێزگاكان و هەروەها پێدانی دەسەڵاتی دامەزراندن بەگرێبەست بەپێی پێویستی.
8- خەرجكردنی هاندان بۆ ئەوانەی كاردەكەن و بەشدارن لەپرۆژەكانی وەبەرهێنان لەسەر تەرخانكراوی ڕێژەی بەدواداچون و سەرپەرشتیكردن.
9- كڕینی كەلوپەل و موجودات تابڕی (5000000) پێنج ملیۆن دینار.
10- بەكرێگرتنی ئۆتۆمبێل (شۆفڵ+گرێدەر+گەڵابە) لەكاتی پێویست هەروەها بەكرێگرتنی ئۆتۆمبێل بۆسەر پرۆژەكان لەسەر تەرخانكراوی ڕێژەی بەدواداچون بەمەبەستی سەرپەرشتیكردن.
11- پێدانی دەسەڵاتی (فرۆشتن+بەكرێدان)ی موڵك و ماڵی دەوڵەت بەپێی یاسای ژمارە 32 ی ساڵی 1986 ی هەمواركراو.
12- خەرجكردنی كرێی ماندوبونی پارێزەران بەپێی بڕیاری دادگا.
13- ئیفادكرنی جێگرانی پارێزگارو جێگرانی سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان.
14- بەكرێگرتنی خانوو بۆ بەرژەوەندی گشتی بۆ ئەو فەرمانبەرانەی كەپلە تایبەت و بەڕێوەبەری فەرمانگەن لەكاتی نەبونی موڵكی گشتی و بەپێی پێویست.
15- خەرجكردن و نوێكردنەوەی گشت دەرماڵە جێگیرو ناجێگیرەكان بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی میلاك لەسەرئاستی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان
16- پێدانی سوپاس و پێزانین بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی میلاك لەسەرئاستی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان
17- خانەنشینكردنی فەرمانبەران لەگشت پلەكان (جگە لەپلە تایبتەكان و بەڕێوەبەری گشتی و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیە) پاش گەیشتنی بەتەمەنی یاسایی خانەنشینی و هەروەها خانەنشنیكردنی ئەو فەرمانبەرانەی كۆچی دوایی دەكەن پێش وادەی یاسایی خانەشینبونی، هەروەها خانەنشینكردنی ئەو فەرمانبەرانەی كەپێش تەواوبونی تەمەنی یاسایی وەزیفیان داوای خانەشین بوون دەكەن
18- دەسەڵاتی پێدانی مۆڵەتی بێمووچەی فەرمانبەران بۆ ماوەی (5)ساڵ و بەمووچەی تەواوەوە بۆ ماوەی ( 3) مانگ.
پێشنیازی دەسەڵات بۆ بەڕێوەبەرایەتیەكانی پۆلیس
1- پێدانی دەسەڵاتی مۆڵەتی ئاسایی و پزیشكی و دایكایەتی بۆ ئەفسەرو پۆلیس و كارمەندان بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان لەپلەی عەقید بەرەو خوارەوە.
2- پێدانی دەسەڵاتی خەرجكردنی دەرماڵەی بڕوانامەو سەرەموچەی ئەفسەران و پارەی كۆكراوە لەپلەی عەمید بەرەو خوار.
3- دەسەڵاتی گواستنەوەو ئیستخدامی پۆلیس لەسنوری دەسەڵاتی كارگێری بەڕێوەبەرایەتیەكاندا
4- پێدانی دەسەڵاتی نوسینەوەی پەیوەندی پۆلیس لەدوای ماوەی فیراربونی.
5- پێدانی دەسەڵاتی مۆڵەتی بێ مووچە رەِزامەندی لەسەر مۆڵەتی كۆكراوەو دەسەڵاتی ئیفادكردن.
6- پێدانی دەسەڵاتی پلە بەرزكردنەوە تاپلەی مفەوەزی دەرەجە یەك.
7- پێدانی دەسەڵاتی دروستكردنی ناسنامە.
8- پێدانی دەسەڵاتی ڕێكخستنەوەی پەیكەری كارگێڕی و كردنەوەی بەشی نوێ بەپێی پێویست.
9- پێدانی دەسەڵاتی دیاریكردن و ڕێكخستنەوەی میلاك و پڕكردنەوەی شاغیر.
10- پێدانی دەسەڵاتی هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوە ناوخۆیی و بیانیەكان بەمەبەستی كردنەوەی خولی گەشەپێدان.
11- پێدانی دەسەڵاتی ڕەوانەكردنی تۆمەتبارو تاوانبار بۆ ئەو شوێنانەی بەفەرمی داواكراوە.
12- پێدانی دەسەڵات گشتاندنی فەرمانی دەستگیركردنی تۆمەتباران بۆ دەروازەو خاڵە سنوریەكان
13- پێدانی دەسەڵاتی پەیوەندی لەگەڵ پۆلیسی ئەنتەرپوڵ
14- پێدانی دەسەڵاتی كڕینی چەك و تەقەمەنی و بەكارهێنانەوەی چەكی دەستبەسەراگیراو بەگوێرەی فەرمانی دادگا.
15- پێدانی دەسەڵاتی تەلەف كردن بۆ ئۆتۆمبێل و كەلوپەل.
16- پێدانی دەسەڵاتی كڕینی ئۆتۆمبێل و سوتەمەنی و جل و بەرگ و كەلوپەل و پێداویستی دیكە.
17- پێدانی دەسەڵاتی پەسەندكردنی ئەنجامی بڕیاری ئەنجومەنی لێكۆڵینەوە.
18- لەكاتی دروستكردنی هەر لیژنەیەك لەوەزارەت كە پەیوەندی بەپۆلیسی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكانەوە هەبێت نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پەیوەندیداری تێدابێت.
19- پێدانی دەسەڵاتی پەسەندكردنی جێبەجێكردنی ڕێنمایی و مەرجەكانی بەرگری شارستانی لەكاتی دروستكردنی باڵەخانەی نوێی نیشتەجێبون و بازرگانی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكانەوە.
20- پێدانی دەسەڵاتی دەركردنی ڕێنمایی و پەسەندكردنی مۆڵەتی كردنەوەی نوسینگەكانی شۆفێری و مۆڵەتی پرۆژە پەیوەندیدارەكان بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پەیوەندیداری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان.
پێشنیازی دەسەڵات بۆ سێكتەرە جیاواز و فەرمانگە خزمەتگوزاریەكان
1- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ بەكرێدانی ڕاستەوخۆ بەپێی خەمڵاندن بەپێی یاسای ژمارە 32 ی ساڵی 1986 بەزیادكردنی ئاشكرا بۆ ڕوبەرێكی دیاریكراوی گونجاو بۆ هەندێك پرۆژەی بچوك و سادە كەلەلایەن هاڵاتیانەوە داواكاری لەسەرە لەناو پارك و باخچەو شۆستەی شەقامەكان بەشێوازی كۆشك یا دامەزراوەیەك بێت یان بۆ ئەو پرۆژانەی كەبچوكن یان بیرۆكەی نوێ و نایابن بەمەرجی پاراستنی ماف و ئەولەویەتی خاوەن بیرۆكەكە، كەهیچ ڕێگریەك و ئەركێكی دارایی و یاسایی بۆ شارەوانیەكان دروستناكات نەلەئێستاو نەداهاتوو وەئەمەش هیچ جۆرە زەویەكی نیزامی پرۆژەكانی بەكرێدان و موساتەحەو وەبەرهێنان ناگرێتەوە.
2- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ بەكرێدانی (پارچە زەوی بەڕوبەری ئەندازەیی دیاریكراوی گونجاو) لەپاركەكانی ناوسنوری ماستەرپلانی شارەكان و باخچەكان و ئەو شوێنانەی ژمارەی ئیفرازكراوی نییەو لەو سێكتەرانەی ناو ماستەر پلانی شارەكان سنوری بۆ دیاریكراوە بەپێی نەخشەی پەسەندكراوی ماستەر پلانی شوێنەكە بەشێوازی (بەكرێدانی درێژخایەن)موساتەحەو وەبەرهێنان.
3- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ دانوستاندن بۆ هەندێك كاری بازرگانی بەشێوازی (مساهمە) هاوبەش لەگەڵ سەرمایەدارو كۆمپانیاو هاوڵاتیان بۆ نۆژەنكردنەوەو برەودان بەو موڵك و ماڵانەی شارەوانی كەپێگەی ستراتیژی و نایابیان هەیە بەمەبەستی زیادكردنی داهات و هەلی كارو جوانكردنی سیمای شار.
4- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ ئەنجامدانی گرێیەست بۆ ئەو یاساناسانەی كەشارەزاییان هەبێت لەبواری كاروباری كێشەكانی شارەوانی.
5- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ خەرجكردنی پارەی ئیستیملاك یان جیاوازی نرخی زەوی خەمڵێنراو هەروەها دەسەڵاتی تەقسیت كردنی پارەی جیاوازی نرخی خەمڵێنراو لەدادگا بەپێی یاسای ژمارەی 12ی ساڵی 1981
7- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ ئیفرازكردن و گۆرٍینی ڕەگەزی زەوی (جگە لەسەوزایی) بەهەماهەنگی بەرێوەبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوەدانی و بەپەسەندێتی ئەنجومەنی پارێزگا.
8- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ زیادكردنی ڕێژەی خەرجكردنی داهاتی غەرامات بەمەبەسەتی پاداشتكردن و خواردنی ڕۆژانەی چاودێرانی زیادەڕەوی.
9- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنی داواكار بەشێوازی (موساتەحە، وەبەرهێنان) بەمەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی ستراتیژی و پێویست و نوێ.
10- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێكردن و خەرجكردنی تێچووی پرۆژەكان لەسەر بودجەی (داهات و فرۆشتنی زەوی).
11- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بەلەجیاتی دانانی فەرمانبەرانی گرێبەستە كاتیەكان بەجێگرەوەكانیان لەچوارچێوەی ئەو ژمارەیەی كەساڵانە ڕەزامەندی بۆ دەردەبڕدرێت بەهەماهەنگی ئەنجومەنی پارێزگا.
12- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بەپێدانی مۆڵەتی بێ موچەی فەرمانبەران بۆ ماوەی (5)ساڵ.
13- دەسەڵاتی مۆڵەت بەمووچەی تەواو بۆ ماوەی (3 )مانگ.
14- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ گۆڕینی ناونیشانی شۆفێری كاتی لەئامێرێكەوە بۆ ئامرێكیتر.
15- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ گۆڕینی ناونیشان و پسپۆڕی گرێبەستە كاتیەكان و پێدانی مافی مۆڵەتی ئاسایی و نەخۆشی و پێش و دوای منداڵبون و بێموچە.
پێشنیازی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان
1-پێدانی دەسەڵاتی مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران بۆ ماوەی (5) ساڵ ، ڕەزامەندی لەسەر پچڕانی مۆڵەتی بێ مووچەو دەستبەكاربونەوەی.
2- دەسەڵاتی مۆڵەت بەمووچەی تەواوەوە بۆ ماوەی ( 3)مانگ.
3- دەسەڵاتی مۆڵەتی بەخێوكەر بەپێی ڕاپۆرتی پزیشكی.
4- خانەنشینكردنی فەرمانبەران لەگشت پلەكان پاش گەیشتنی بەتەمەنی یاسایی خانەنشینی و هەروەها خانەنشنیكردنی ئەو فەرمانبەرانەی كۆچی دوایی دەكەن پێش وادەی یاسایی خانەشینبونی و ترقین قیدكردنی فەرمانبەرانی كۆچ كردوو، هەروەها خانەنشینكردنی ئەو فەرمانبەرانەی كەپێش تەواوبونی تەمەنی یاسایی وەزیفیان داوای خانەشین بوون دەكەن.
5- دەسەڵاتی گواستنەوەو تەنسیبكردنی فەرمانبەران و دەسەڵاتی ڕێكخستنەوەی میلاك لەسنوری بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیدار.
6- دامەزراندنی كارمەند بەشێوەی گرێبەستی كاتی تاماوەی پێویست
7- دەسەڵاتی شاندكردنی فەرمانبەران بۆ دەرەوەی وڵات لەكاتی پێویست
8- دەسەڵاتی پێدانی وەكالەتنامەی تایەبت و گشتی بەفەرمانبەرانی یاسایی.
9- پێشنیاز بۆ گۆڕینی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیەكان بەڕەزامەندی پارێزگارو سەرپەرشتیاری ئیدارەكان.
10- دەسەڵاتی ئەنجامدانی گرێبەستی پرۆژەكان تابڕی (2)دوو ملیار دینار بۆ هەر پرۆژەیەك و دەسەڵاتی پێوانەی كۆتایی ئەو پرۆژانە تاهەمان بڕ.
11- دەسەڵاتی بەكرێدان و بەشبەشكردن (تقسیت)كردنی كرێی ساڵانە.
12- دەسەڵاتی فرۆشتنی موادی لەكاركەوتوو خەمڵاندنیان بەبێ دیاریكردنی بڕی پارەی مەوادەكان.
13- دەسەڵاتی گۆڕانكاری لەپرۆژەدا بەڕێژەی 15% ی بودجەی بنەڕەتی گرێبەستی پرۆژەكە.
14- دەسەڵاتی پێدانی ماوەی زێدەگی بەپرۆژەكان بەپێی پێویست.
15- دەسەڵاتی پێكهێنان و ڕەزامەندی لەسەر ئەنجامی لیژنەی لێكۆڵینەوە.
16- پێدانی هاندان و سوپاس و پێزانین.
17- دەسەڵات بدرێتە بەرٍێوەبەرایەتیە گشتیەكانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ پەسەندكردنی لیژنەكانی خەمڵاندن و فرۆشتن، بۆ هەر بڕێك بێت لەدەسەڵاتی خۆیاندابێت.
18- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەكانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بەمەبەستی فەرمانی ئیفادكرنی خۆیان.
19- پێدانی دەسەڵات بەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەكانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ علاوەو ترفیع ی فەرمانبەران بەپێی بونی ڕێنماییەكان.
20- پێدانی دەسەڵات بەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەكانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ ئاڕاستەكردنی نوسراو بۆ وەزارەتەكان و وێنەیەك بدات بەوەزارەت یان دەستەكەی خۆی.
21- پێدانی دەسەڵات بەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بە پاداشتكردنی فەرمانبەران و ئەوانەی فەرمانبەرنین (غیر عاملین) تابڕی (300000)سێ سەد هەزار دینار بەرامبەر كارێكی ناوازەو خزمەت بێت بەبەرژەوەندی گشتی بەمەرجێك دوبارە نەبێتەوە بەپێی یاساو ڕێنماییەكان.
22- دەسەڵات بدرێت بەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەو ڕأگرتنی خەرجكردنی مووچەو پێدانی پشتگیری لەئاستی پارێزگادا.
23- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ پەسەندكردنی نرخی هاندراوی زەوی.
24- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ پەسەندكردنی ماوەو كرێی مساتەحە.
25- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ فراوانكردنی پرۆژە بە چالاكی + سەرمایە+ زەوی+ زیادكردنی هێڵی بەرهەمهێنان
26- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ گۆڕانكاری پرۆژە لەهەمان سێكتەر بەمەرجێك لەتواناو نیشاندەرە ئابوورییەكانی كەم نەكاتەوە.
27- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بەپەسەندكردنی سەرەتایی بۆ پرۆژەی كەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵی و گەشتیاری و سەرجەم كەرتەكانی دیكە.
28- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ واژوكردنی گرێبەستی ڕاوێژكاری.
29- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بە ڕەزامەندی دریًژكردنەوەی ماوەی پرۆژەكان بەپاساوی یاسایی و هونەری.
30- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بەپەسەندكردنی تەنازول كردن لەسەرجەم یان بەشێكی پرۆژە بۆ كەسێكیتر بەپێی یاساو ڕێنماییەكان.
31- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بەپەسەندكردنی ڕەهنی موڵك لەبری ختاب زەمان یان هەڵوەشاندنەوەی ختاب زەمان لەپاش بونی سەرجەم مەرج و ڕێكارە یاساییەكان.
32- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ دانان و لابردنی هێمای مامەڵەنەكردن لەسەر زەوی پرۆژەكانی وەبەرهێنان بەپێی یاساو ڕێنمایی.
33- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بەنوێنەرایەتیكردنی بەڕێوبەری گشتی لەبەردەم دادگاو وەزارەت و فەرمانگەكان و كردنەوەی بریكارنامە لەبەڕێوەبەرایەتی گشتیەكان بەمەبەستی داخڵ بون لەداوا یاساییەكان وەك داواكار یان داوا لەسەركراو یان لایەنی سێهەم.
34- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ كردنەوەی بریكارنامە بۆ پارێزەران لەو داوایانەی كەدەسەڵاتی فەرمانبەری یاسایی نییە.
35- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان پاكتاوكردنی پێشینەی كۆتایی پرۆژەكانی وەبەرهێنان لەسەر تەرخانكراوی پشتیوانكراو لە خەرجیەكانی پرۆژەكان بەپێی بڕگەكانی گرێبەست و ڕێنماییە داراییەكان
36- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ بانگەوازی جێبەجێكردنی پرۆژەكان و كردنەوەو شیكردنەوەی تەندەرو ئیحالەكردنی بەپێی ڕێنماییەكان و جێبەجێكردنی گرێبەستە گشتیەكان.
37- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بە خەرجكردنی پێشینە بۆ كۆمپانیاو بەڵێندەرەكان بەپێی بڕگەكانی گرێبەست بەڕەچاوكردنی مەرجە گشتیە كارپێكراوەكان و ڕێنمایی جێبەجێكردنی گرێبەستە حكومیەكان.
38- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بە خەرجكردنی قەرەبوی هاوڵاتیان لەسەر بودجەی ئاسایی.
39- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بەپێدانی دەسەڵات بۆ واژووكردنی گرێبەست لەسەر بودجەی ئاسایی+وەبەرهێنان.
40- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بە پێدانی دەسەڵاتی گرێبەستكردنی زەوی كشتوكاڵی و هەڵوەشاندنەوەی لەگەڵ جوتیارو هاوڵاتیاندا.
41- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ گرێبەستكردنی زەوی بەردەڵان بەپێی بڕیاری 395 ی ساڵی 1983 (بناری چیاكان)بۆ باخ و ڕەزو میوەی دێمەكار كە چەند ساڵێكە بێ هیچ پاساوێكی یاسایی ڕاگیراوە كەبۆتە هۆی دیاردەی زیادەرۆیی هەروەها دەسەڵاتی گواستنەوەی گرێبەستەكە بۆ كەسێكیتر یاخود هەڵوەشاندنەوەی.
42- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ تەرخانكردن و دەستهەڵگرتن لەزەوی میری وەك زەوی بەردەڵان و لەوەڕگاو زەوی كشتوكاڵی بۆ بەرژەوەندی پرۆژەی هاوڵاتیان و دامودەزگاكانی حكومەت.
43- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ تەرخانكردن و گرێبەستكردنی زەوی بۆ پرۆژەكانی پەلەوەرو ماسی و ئاژەڵداری كەلەلایەن هاوڵاتیانەوە ئەنجامدەدرێت.
44- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ گواستنەوەو هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دابەشكردنی زەوی كەدراوە بەجوتیاران.
45- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ مۆڵەتی پرۆژەكانی پەلەوەری و گاوداری و حەوزی ماسی و جوجك هەڵهێنەرو كارگەی ئالیك هەروەها نوێكردنەوەو گواستنەوەو هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەكان یاخود گۆڕینیان بۆ پرۆژەیەكیتر.
46- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ ڕێگەپێدان بەهاوڵاتیان و جوتیاران بۆ هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو پەلەوەرو گۆشتی سورو گۆشتی مریشكی بەستوو هێلكەی خواردن و شیرو ماسی فرێش و زیندوو بەستو و پەین و ئالیك و پێكهاتەكانی بەهەموو جۆرەكانیەوە، هەروەها دەسەڵاتی ڕێگەپێدان بۆ هاوردەكردنی كەرەستە و پێداویستی كشتوكاڵی، بەلەبەرچاوگرتنی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆو و بەپێی یاساو ڕێنماییەكان.
47- دەسەڵات بدرێتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ نۆژەنكردنەوەی بینای خوێندنگەكان تابڕی (250000000) دوسەدو پەنجا ملیۆن دینار.
48- دەسەڵات بدرێتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ خەرجكردن و كۆكردنەوەی داهاتی فرۆشگای خوێندنگاكان.
49- دەسەڵات بدرێتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ كڕینی كەلوپەل و پێویستی خوێندنگاكان.
50- دەسەڵات بدرێتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوەدانكردنەوەی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكان لەسەر بودجەی مەڵبەندەكانی كێش (قەپانەكان).
51- فڕۆكەخانەی نێدەوڵەتی سلێمانی لەسەر وەزارەتی گواستنەوە لاببرێت و هەمان مامەڵەی كارگێڕی و دارایی فڕۆكەخانەی هەولێری لەگەڵ بكرێت.
52- پێدانی دەسەڵات بە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی سلێمانی بۆ بانگهێشتكردنی ڕاستەوخۆی كۆمپانیاكانی تایبەتمەند لەبوارەكانی فڕۆكەخانەو فڕۆكەوانی و واژۆكردنی گرێبەست بەمەبەستی (ڕاوێژكاری ، دانان، چاكسازی، گۆڕین، تێستكردن)ی سیستەم و ئامێرو ئۆتۆمبێلە تایبەتەكانی فڕۆكەخانەو ئەنجامدانی (flight calibration) بۆ ئامێرە فڕۆكەوانیەكان بەپێی هاتوو لەپاشكۆكانی (ICAO) دوای وەرگرتنی ئۆفەرەكانیان بۆ هەرحاڵەتێك بەبێ ئەوەی پێویست بە تۆماركردنی لقی كۆمپانیاكانیان لە هەرێم بكات و پێویست بەپێدانی تەئمیناتی سەرەتایی گرێبەستەكان ناكات و پێدانی دەسەڵات بۆ خەرجكردنی ڕێژەی پێشەكی پێشینەكانیان تابڕی 50% تێچوی گرێبەستەكە وە لیژنەی تایبەت لەفڕۆكەخانە پێكبهێنرێت بۆ هەر بابەتێك لەو بوارانەی كەلەسەرەوە ئاماژەی پێدراوە بڕیار لەسەر پێداویستیان بدات.
53- پێدانی دەسەڵات بە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ بانگەوازو جێبەجێكردنی پرۆژەكانی تایبەتمەند بەفڕۆكەخانەو بواری سەلامەتی فڕۆكەوانی و كردنەوەو شیكردنەوەو ئیحالەكردنی تەندەرەكان بەپێی ڕێنماییەكانی جێبەجێكردنی گرێبەستە گشتیەكان، هەروەها پێدانی دەسەڵات بۆ خەرجكردنی بڕی تێچونی ئەو گرێبەستانەی واژوو دەكرێن.
54- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ كڕینی ڕاستەوخۆی سیستەم و ئامێرو پێداویستیەكانی فڕۆكەخانە كەپەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەیە بەبوارەكانی سەلامەتی گەشتیاران و فڕۆكەوانیەوە بەپێی پێوەرو ڕێنماییە نێودەوڵەتیەكان (ICAO).
55- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ دامەزراندن و واژووكردنی گرێبەستی كاتی بۆ پسپۆڕو شارەزاو ئەندازیارو كارمەندو كرێكار تاماوەی (6)مانگ كەشایەتی نوێكردنەوەبێت.
56- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ مۆڵەت بەهێڵە ئاسمانیەكان.
57- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ كردنەوەو داخستنی بارودۆخی كەش بەهۆی زروفی نائاسایی.
58- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕەزامەندی لەسەر دابەزینی فڕۆكە لەكاتی پێویست.
59- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ گواستنەوەو تەنسیبكردنی فەرمانبەران و دەسەڵاتی كردنەوە یان جیاكردنەوە یان دەمجكردنی بەڕێوەبەرایەتی و بەش و هۆبە تایبەت لەهەیكەلی ئیداری فڕۆكەخانە.
60- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ واژوو كردنی پەیوەستنامە لەگەڵ كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكاندا دوای ئەوەی مۆڵەتی وەبەرهێنان وەردەگرن بۆ جێبەجێكردنی پرۆەژەكانیان لەناو فڕۆكەخانە.
61- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ شرۆڤەكردن و واژوو كردنی گرێبەستی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنەكانی تایبەت بەڕێكخستنی خولی ڕاهێنان بۆ كارمەندانی فڕۆكەخانەو یەكە یاریدەدەرەكانی فڕۆكەخانە.
ئەو سێكتەرانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیان لەئاستی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكاندا نییە
پێشنیازدەكەین بە:
1-كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بۆیان لەسەر ئاستی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان.
یان
2- هەمان ئەو دەسەڵاتانەی كەدەدرێت بەبەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان، بدرێت بەو بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگانەی كە گشتییەكانیان لەپایتەختە.
كۆتایی...