موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان لە یاسای چاكسازیدا
2020-07-01 14:43:36
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
زیاتر لە (هەزارو 100) كەس لە هەرێمی كوردستان بەپلەی وەزیرو پەرلەمانتارو پلە تایبەتەكان خانەنشینكراون، ساڵانە زیاتر لە (60 ملیار) دینار بۆ موچەی خانەنشینی ئەم كەسانە دەڕوات، دوای چەندین ساڵ ناڕەزایەتی لە شەقامو میدیاكان دژی زۆری موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان، لە یاسای چاكسازیدا هەنگاوێك هەڵگیرا بەئاڕاستەی پێداچوونەوە بە موچەی خانەنشینی ئەم توێژەدا، پلەباڵاكان كێن ؟ لە یاسای چاكسازیدا خانەنشینییەكەیان چی لێدێت ؟ زیاتر لە (450) پەرلەمانتاری خانەنشین لە كوردستاندا هەن، یاسای چاكسازی رێگەی پێداون ئارەزومەندانە دەستبەرداری خانەنشینییەكەیان ببن، چەند كەس خانەنشینی رەتدەكەنەوە ؟
پلەباڵاكان كێن ؟
پرسی زۆری موچەی پلەباڵاكان لەدوای ساڵی 2005و یەكخستنی حكومەت سلێمانیو هەولێرەوە، وردە وردە بووەتە جێگەی باسی گەرم لە شەقامدا، لەو ساڵانەدا بۆیەكەمجار میدیای ئەهلی لە سلێمانی بە مانشێتی گەورە دەستی بۆ ئەم بابەتە بردو رەخنەی لێ گرت، بەڵام هیچ كات رەخنەكان حكومەتی ناچار نەكرد پێداچونەوە بە زۆری موچەی پلە باڵاكاندا بكات.
بەپێی یاسای چاكسازی لە موچەو دەرماڵەو خانەنشینیی پلەباڵاكان كە لە خولی ئێستای پەرلەماندا پەسەندكراو ئەمڕۆ كەوتەبواری جێبەجێكردن، پلەباڵاكان بریتین لەو كەسانەی لە یەكێك لەم پۆستانەدا كار دەكەن یاخود كاریان كردووە یاخود ئەو پلانەیان پێدراوە:
• سەرۆكی هەرێمی كوردستانو جێگرەكانی
• سەرۆكی پەرلەمانو جێگرەكانی
• سەرۆكی حكومەتو جێگرەكانی
• ئەندامانی پەرلەمانو وەزیرەكانو ئەوانەی بەپلەی ئەوانن
• بریكارەكانی وەزارەتو ئەوانەی بە پلەی ئەواننو ئەوانەی موچەی بریكاری وەزیر وەردەگرن
• خاوەن پلەتایبەتەكان
• بەڕێوەبەرە گشتییەكانو ئەوانەی بەپلەی بەڕێوەبەری گشتیو ئەوانەی موچەی بەڕێوەبەری گشتی وەردەگرن
• سەرۆكی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم
• گشت ئەو كەسانەی كە بەپێی خشتەی كارپێكراوی موچە لە هەرێمی كوردستان موچەیو دەرماڵەی هەردوو پلەباڵای (ا)و (ب) لەسەر میلاكی (شارستانیو سەربازیو هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ) وەردەگرن
كورتەیەكی مێژوویی
لە كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە تاوەكو پێش كابینەی هەشتەم واتە بەر لە دەستبەكاربوونی كابینەی ئێستا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا):
• 461 كەس بە پلەی وەزیرو بریكاری وەزیرو راوێژكار خانەنشین كراون
• هەزارو 98 كەس بەپلەی تایبەت خانەنشینكراون كە (وەزیر- پەرلەمانتار- بریكاری وەزیر- بەڕێوەبەری گشتی- راوێژكار) دەگرێتەوە
• 163 كەس بە پلەی وەزیر خانەنشینكراون، 96 كەسیش بە پلەی بریكاری وەزیر
• 506 كەس بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینكراون
• 44 وەزیرو 60 بریكاری وەزیرو 260 بەڕێوەبەری گشتیو 75 راوێژكار بەپلەی تایبەت خانەنشینكراونو كە رۆژێك لە رۆژان لەو پلە وەزیفیەدا كاریان نەكردووە
• كۆی موچەی ساڵێكی خانەنشینی پلە تایبەتەكان (60 ملیارو 900 ملیۆن) دینارە
خانەنشینی پلەباڵاكان لە یاسای چاكسازیدا
بەپێی ئەوەی لەیاسای چاكسازیدا هاتووە، هەموو ئەو كەسانەی كە پلەباڵان بەبێ رەچاوكردنی تەمەنو ساڵی خزمەت، موچەی خانەنشینی دەیانگرێتەوە، بەڵام یاساكە وەكو یەكەم هەنگاو دوو رێوشوێنی بۆ موچەی خانەنشینی ئەم توێژە دیاریكردووە ئەمشێوەیە:
• ئەوانەی مەرجیان تێدا نییە
بەپێی یاسای چاكسازی، ئەو پلەباڵایانەی كە مەرجی یاسایی تەمەنو ساڵی خزمەتیان تێدا نییە، بەرێژەی (15%) بۆ (25%)ی كۆی ئەو موچەو دەرماڵەیە خانەنشین دەبن كە بەر لە خانەنشینبوون وەریدەگرن، جگە لە حكومەتو دامەزراوەكانی تر كە پلە باڵاكانیان تێدایە، تەنیا لەم خولەی پەرلەماندا ئەوانەی ئەم بڕگەیە دەیانگرێتەوەو مەرجی یاساییان تێدا نییە ژمارەیان (77) پەرلەمانتارە، ئەمە جگە لە پەرلەمانتارە خانەنشینەكانی خولەكانی پێشتر.
- نمونەیەك
بەپێی ئەم بڕگەیە، پەرلەمانتارێك كە تەنیا چوار ساڵ كاروباری گشتی راپەڕاندووەو مەرجی (15) ساڵ خزمەتی نییەو تەمەنیشی نەگەیشتووەتە (45) ساڵ، لە بەرزترین ئاستدا ئەگەر بڕوانامەی دكتۆرای هەبێتو لەگەڵ چوار ساڵی خزمەتی پەرلەماندا، رێژەی 25%ی كۆی ئەو موچەیەی وەكو خانەنشینی بۆ ئەژماردەكرێت كە ئێستا وەكو پەرلەمانتار وەریدەگرێت، واتە لە كۆی (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینار كە ئێستا وەریدەگرێت، بە (2 ملیۆنو 50 هەزار) دینار خانەنشین دەكرێت، خۆ ئەگەر بڕوانامەشی نەبێت لە كەمترین ئاستدا موچەی خانەنشینییەكەی بەپێی یاساكە دەگاتە زیاتر لە (ملیۆنێكو 700 هەزار) دینار.
• ئەوانەی مەرجیان تێدایە
بەپێی یاسا پەسەندكراوەكە، ئەو پلەباڵایانەی كە مەرجی یاسایی تەمەنو ساڵی خزمەتیان تێدایە، بەرێژەی (15%) بۆ (50%)ی كۆی ئەو موچەو دەرماڵەیە خانەنشین دەبن كە بەر لە خانەنشینبوون وەریدەگرن، تەنیا لە پەرلەمان، ئەوانەی لەم خولەدا ئەم بڕگەیە دەیانگرێتەوە ژمارەیان (33) پەرلەمانتارەو موچەی خانەنشینییان نابێت زیاتر بێت لە 50%ی كۆی ئەو موچەیەی ئێستا وەكو پەرلەمانتار وەریدەگرن.
- نمونەیەك
بەپێی ئەم بڕگەیە، پەرلەمانتارێك كە تەمەنی (45) ساڵی تەواوكردووەو (15) ساڵیش خزمەتی بواری گشتی هەیە، ئەگەر بڕوانامەی دكتۆرای هەبێتو (30) ساڵ خزمەتی هەبێت، بەرێژەی (50%)ی كۆی ئەو موچەو دەرماڵەیە خانەنشین دەبێت كە ئێستا وەكو پەرلەمانتار وەریدەگرێت، واتە لەكۆی (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینار كە ئێستا موچەیەكەیەتی لە پەرلەمان، بە (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار خانەنشین دەبێت.
تێچووی ماددەكە بە پارە
بەپێی راپۆرتی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان، تێچووی موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران بەشێوەیەكی گشتی تەنیا بۆ ئەم خولەی پەرلەمان بەپێی ئەوەی لە یاساكەدا پەسەندكراوە، مانگانە (295 ملیۆن) دینار لە بودجەی حكومەت دەبات، لە حاڵێكدا ئەگەر موچەی خانەنشینی ئەوانەی مەرجیان تێدا نییە لە یاساكەدا بەتەواوەتی رەتبكرایەتەوە، مانگانە تێچوونی خانەنشینی ئەم خولەی پەرلەمان (135 ملیۆن) دینار دەكەوت، واتە ئەگەر موچەی خانەنشینی ئەوانەی مەرجیان تێدا نییە لە پەرلەمان رەتبكرایەتەوە، تەنیا بۆ ئەو خولە مانگانە (160 ملیۆن) دینار زیاتر بۆ حكومەت دەگەڕایەوە.
دەرگای موزایەدە داخرا
لەماوەی رابردوودا هەندێك لە پەرلەمانتاران كە رەخنەیان لە زۆری موچەی پلەباڵاكان دەگرت، تۆمەتباردەكران بەوەی تەنیا موزادەیە دەكەن، لە یاسا پەسەندكراوەكەدا بەپێی چەند بڕگەیەك دەرگای موزایەدەكردن داخراوە، بەمشێوەیە:
• ئەوانەی نایانەوێت موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان وەرگرن، دەتوانن بەشێوەیەكی ئارەزومەندانە دەستبەرداری خانەنشینی پلە باڵا ببن، رێكاری هەڵوەشاندنەوەی موچەی خانەنشینی دیاریكراوە بەوەی ئەو كەسە (30) رۆژ دوای بەركاربوونی یاسا نوێیەكە داواكارییەك پێشكەشی دیوانی پەرلەمان بكاتو داوای هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی بكات.
• یاساكە رێكارێكی تری بۆ ئەو كەسانە دیاریكردووە كە بەشێوەیەكی ئارەزومەندانە موچەی خانەنشینی پەرلەمان رەتدەكەنەوەو دەگەڕێنەوە بۆسەر وەزیفەی پێشوویان لە حكومەت، ریكارەكەش ئەوەیە پەرلەمانی ماوەی خزمەتی پەرلەمانیی بۆ مەبەستەكانی سەرەموچەو بەرزكردنەوەی پلە بۆ ئەو كەسانە دەكات.
كێ موچەی خانەنشیی رەتدەكاتەوە؟
تەمەنی پەرلەمان لە كوردستان پێنج خولە، جگە لە خولی ئێستا كە ئەندامەكانی هێشتا لە كاردانو خانەنشین نەكراون، ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی كە لە چوار خولی رابردوودا خانەنشین بوون زیاتر (450) كەسە، ئەمانە بەر لە دەرچوونی یاسای چاكسازی، مانگانە بڕی (6 ملیۆنو 400 هەزار) دیناریان وەكو موچەی خانەنشینی وەردەگرت، بەكۆی گشتی موچەی خانەنشیی ئەم كەسانە مانگانە (2 ملیارو 880 ملیۆن) دیناری لەسەر بودجەی گشتی دەكەوت، لەناو ئەم توێژەدا لە ساڵانی رابردوودا هەندێك كەس هەبوون بانگەشەی ئەوەیان دەكرد دەیانەوێت موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاری رەتبكەنەوەو بگەڕێنەوە بۆسەر كاری پێشووی خۆیان، بەڵام یاسا رێگەیان پێنادات، ئێستا لە یاسای چاكسازیدا ئەو دەرفەتەیان پێدراوە دەستبەرداری خانەنشینییەكەیان ببن، ئایا چەند كەس خانەنشینییەكەی رەتدەكاتەوە ؟
ماددەی تایبەت بە خانەنشینی پلەباڵاكان لە یاسای چاكسازیدا ماددەی ژمارە (7)ە، ئەم ماددەیە بەدەنگی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی (پارتی- یەكێتی- گۆڕان- شیوعیو پێكهاتەكان) تێپەڕیو پەسەندكرا.
بەڵام سەرباری ئەمەش لەناو ئەو فراكسیۆنانەی كە تەبەنی ماددەكەیان كردو پێشتر رێككەوتنیان لەسەر كردبووە، ژمارەیەك پەرلەمانتار هەبوون كە دەنگیان بە ماددەكە نەداو باسیان لەوەكرد موچەی خانەنشینی رەتدەكەنەوە، ئەوانەی بانگەشەی ئەوەیان كرد خانەنشینی رەتدەكەنەوە، ماوەی مانگێكیان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی قسەكەیان بكەن بە كردارو فۆڕمی رەتكردنەوەی وەرگرتنی موچەی خانەنشینیی پڕبكەنەوە.
لەیەكەم رۆژی وادەی یەك مانگەكەدا، (8) پەرلەمانتاری خولی ئێستا فۆڕمیان پڕكردەوەو وەرگرتنی موچەی خانەنشینییان رەتكردەوە، ئەوانەی موچەی خانەنشینییان رەتكردەوە بریتین لە:
• عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان
• شایان عەسكەری ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان
• شیرین ئەمین ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان
• كازم فاروق سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ
• كاوە عەبدولقادر ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ
• سیپان ئامێدی ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ
• مژدە مەحمود ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ
• سیروان بابان پەرلەمانتاری سەربەخۆ
سەرۆكی حزبەكانو موچەی خانەنشینی
سەرۆكی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كە هەندێكجار دەستەواژەی "سەركردایەتی سیاسی كورد"یان بۆ بەكاردەهێنرێت، زۆربەیان بەپلەی باڵا خانەنشینن، یاسای چاكسازی لە خانەنشینی پلەباڵاكان گۆڕانكاری لە موچەكانیاندا دەكات، بەشێوەیە:
• مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، بارزانی (12) ساڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووە، بەپێی یاساكە موچەی مانگانەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (11ملیۆنو 250 هەزار) دینار.
• هاوسەرۆكەكانی یەكێتی (لاهور شیخ جەنگیو باقڵ تاڵەبانی) موچەی پلەباڵایان نییە، بەڵام كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، كۆسرەت رەسوڵ ماوەی (12) ساڵ جێگری مەسعود بارزانی بووە لە سەرۆكایەتی هەرێم، بەپێی یاساكە موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (9 ملیۆنو 750 هەزار) دینار.
• عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، ئەو پەرلەمانتار بووە، بەڵام بە پلەی (وەزیر) خانەنشین كراوە، یاساكە موچەی هەموو ئەو كەسانە هەڵدەوەشێنێتەوە كە بەپلەیەك خانەنشین كراون كە كاریان تێدا نەكردووە، بۆیە لەهەموو حاڵەتەكاندا خانەنشینی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەگەڕێندرێتەوە بۆسەر خانەنشینی پەرلەمانتارییەكەی، بەپێی یاساكە موچەی مانگانەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار.
• محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، لە خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستاندا پەرلەمانتار بووە، دواین پلەی حكومی كە وەریگرتووە پلەی وەزیری بووە، بۆیە بەپلەی وەزیر خانەنشین كراوە، بەپێی یاساكە موچەی مانگانەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار.
• كاوە مەحمود سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، ئەو وەزیر بووە لە كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، بەپلەی وەزیر خانەنشینە.
• سكرتێری حزبی شیوعی بڕوانامەی دكتۆرای هەیە، واتە دەرماڵەی بڕوانامە دەیگرێتەوە، كە یاساكە بەرزترین پۆینتی بۆداناوە بڕوانامەی دكتۆرا داناوەو بەرێژەی (8%)ی كۆی موچەو دەرماڵەیە، كاوە مەحمود تەنیا (4) ساڵ خزمەتی هەیە، واتە مەرجی ساڵانی خزمەتی تێدا نییە كە (15) ساڵە، ئەگەر خزمەتی تریش بگەرێنێتەوە بۆسەر راژەكەی لەبەرزترین ئاستدا (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار موچەكەی دەبێت، لە كەمترین ئاستیشدا موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت (2 ملیۆنو 50 هەزار) دینار دەبێت.
• ئارام قادر سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، ئەوە بەر لەوەی لە كۆمەڵی ئیسلامی جیاببێتەوە، لەسەر لیستی كۆمەڵ پەرلەمانتاری كوردستان بوو، لەباشترین حاڵەتدا ئەگەر مەرجی تەمەنو بڕوانامەی بەرزی هەبێت موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت (4 ملیۆنو 100 هەزار)، خۆ ئەگەر هەموو مەرجەكانیشی تێدا نەبێت لە كەمترین ئاستدا بڕی (2 ملیۆنو 50 هەزار) دینار موچەی خانەنشینی وەردەگرێت.
• بەڵێن عەبدوڵا سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، ئەو لە خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان پەرلەمانتار بووە، بەپێی یاسا نوێیەكە بەلەبەرچاوگرتنی ساڵانی خزمەتو بڕوانامە لەبەرزترین ئاستدا موچەی خانەنشینییەكەی (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار، لە كەمترین ئاستیشدا موچەكەی (2 ملیۆنو 50 هەزار) دینار دەبێت.
• باپیر كامەلا سەرۆكی پارتی كرێكارانو رەنجدەرانی كوردستان یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، ئەو ئێستا ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە، بەلەبەرچاوگرتنی مەرجەكانی تەمەنو ساڵی خزمەت لەبەرزترین ئاستدا بەپێی یاسا نوێیەكە موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار، لە كەمترین ئاستیشدا موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (2 ملیۆنو 50 هەزار) دینار.
• محەمەد بازیانی رێكخەری گشتی بزافی چاكسازیو گەشە یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، ئەو لە كابینەی حكومەتی هەرێم- هەولێر لە ساڵی 1996 وەزیر بووە، ئێستا بەپلەی وەزیر خانەنشینە، بەلەبەرچاوگرتنی تەمەنو ساڵی خزمەت لە بەرزترین ئاستدا بەپێی یاسای نوێی خانەنشینی، موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار، لە كەمترین ئاستیشدا موچەكەی دەبێت بە (2 ملیۆنو 50 هەزار) دینار.
• ئەوانی تر- سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیو عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی یاسای چاكسازی هەرێم نایانگرێتەوەو موچەی خانەنشینییەكەیان لەسەر حكومەتی عێراقە، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێو عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان نایگرێتەوە، هیچ موچەیەكی خانەنشینیان لە كوردستان نییە.
• سەرباری ئەمانە، ژمارەیەكی زۆر لە سەركردایەتی پارتە سیاسییەكانی هەرێم بەپلەی باڵا خانەنشین كراون، لەكاتێكدا زۆربەیان رۆژێك لە رۆژان هیچ پلەیەكی حكومییان نەبووە، بەپێی یاسا نوێیەكە دەبێت موچەكانیان ببڕدرێت.