Draw Media

150 شەڕڤانی ژن و پیاوی بیانی لە ریزەكانی یەپەگە و یەپەژەدان

150 شەڕڤانی ژن و پیاوی بیانی لە ریزەكانی یەپەگە و یەپەژەدان

2018-03-22 14:02:53


رۆژی 19ی ئازار شەهیدبوونی (ئانا كامبڵ) كچە شەڕڤانی بەریتانیی تەمەن (26 ساڵ) لە عەفرین راگەیەنرا، بەوەش ژمارەی ئەو شەڕڤانە بەریتانیانەی لە شەڕی دژ بە داعش و سوپای توركیا شەهیدبوون، گەیشتە (8) شەڕڤان.
تەنها بەریتانییەكان نین پەیوەندییان بە ریزەكانی یەكینەكانی پاراستی گەل "یەپەگە" و یەكینەكانی پاراستنی ژنان " یەپەژە" كردبێت ، بەڵكو دەیان شەڕڤان لە سەرتاسەری جیهانەوە گەیشتونەتە رۆژئاوای كوردستان و لە ریزی شەڕڤانە كوردەكاندا دەجەنگن، پرسیاری سەرەكی ئەوەیە چ هۆكارێك ئەو شەڕڤانانە هاندەدات بێنە رۆژئاوای كوردستان؟

میسەر گیفۆرد شەڕڤانێكی بەریتانییە، ئەو یەكێكە لەو شەڕڤانانەی زۆر زوو پەیوەندی بە ریزەكانی یەپەگەوە كردووە، گیفۆرد لە چاوپێكەوتنێكدا كە ساڵی 2017 لەگەڵیدا كراوە باس لەوەدەكات كە چۆن كارەكەی لە لەندەن بەجێهێشتووە و خۆی گەیاندوەتە بەرەكانی جەنگ و دەڵێت" بەهۆی كارەكەمەوە كە لە بواری بانكدا بوو، رۆژانە رۆژنامەكانم دەخوێندەوە، چونكە كارەكەم پەیوەندی هەبوو بە دۆخی سیاسییەوە لە جیهاندا، من دەمزانی چی دەگوزرێت لە جیهاندا، بەڵام ساتی راستەقینەوە ئەوەبوو كاتێك ئاوارەبوونی نزیكەی 20 هەزار ئێزدیم بینی بەرەو چیای شەنگال لە عێراق".
كاتێك جیهان بۆ وەستاندنی تاوانەكان بەرامبەر ئێزدییەكان جوڵەی نەكرد، گیفۆرد كارەكەی بەجێهێشت و پرۆسەی كڕینی خانویەكیشی هەڵوەشاندەوە كە لە كۆتاییدا بوو، هاوسەرەكەی بەجێهێشت بۆئەوەی بچێتە ریزی " یەپەگە" لە سوریا.
گیفۆرد كە لە تەمەتی (17 ساڵی)یەوە ئەندامی پارتی پارێزگاران بووە لە بەریتانیا دەڵێت ئەزمونەكەی لە سوریا، رێبازی ژیانی لە رووی فیكرییەوە دەگۆڕێت" هەڵوێستی كوردەكان لە پرسەكانی وەك دیموكراتی و یەكسانی و ژیان بە شێوەیەكی گشتی مایەی خۆشحاڵییە، لەوێ‌ یەكسانی هەیە هەتا لە بەرەكانی جەنگیش، ئەو فەرماندەیەی كە شەڕڤانەكان بڕوایان وابێت كە شایانی فەرماندەیی نییە، لە رێگەی دەنگدانەوە لادەبرێت".


ئەزمونی رۆژئاوای كوردستان
گیفۆرد لە بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەدا باس لە ئەزمونی كورد دەكات لە سوریا لە حكومڕانیكردنی ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستیاندایە لەگەڵ هەلی سەركەوتن و گشتاندنی، لەوبارەیەوە دەڵێت" ئیمپریالیزم خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی ئێستای بونیادناوە بەبێ‌ رەچاوكردنی جیاوازییە ئاینی و نەتەوەییەكان لە ناوچەكەدا، ئێمە لە خۆرئاوا نەزانانە و  بەزۆر بیروبۆچونی خۆمان بەسەر گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا سەپاندووە و ئەزمونی داگیركردنی عێراقمان لە ساڵی 2003 لەبەردەستدایە كە شكستهێنانی ئەو سیاسەتە دەسەلمێنێت.


ئەركێكی نێونەتەوەیی
زۆرینەی ئەو شەڕڤانە بیانیانەی لە رۆژئاوی كوردستانن بڕوایان وایە كە ئەركێكی نێونەتەوەیی جێبەجێدەكەن و بەرگری لە كوردەكانی سوریا و كەمایەتییە ئاینی و نەتەوەییەكانی دەكەن كە چەندین دەیەیە بوونەتە قوربانی پەراوێزخستن، بێ‌ ئەوەی رایگشتی جیهان هیچ بایەخێكیان پێبدات، یەكێك لە ئەنجامەكانی شەڕ و ناكۆكی سوریاش ئەوەبوو كە تیشكی خستە سەر دۆخ و واقعیی ئەو كەمایەتییانە، ئەمەش سەرنجی چەندین چالاكی سیاسیی  لە سەرتاسەری جیهاندا لە چەپ و ترۆتسكی و نێونەتەوەیی و بەرگریكارانی مافەكانی ژنان راكێشا، هەروەها ژمارەیەك لەو خۆرئاواییانەی كە دژی توندڕەوی ئیسلامی و رێكخراوەكانی وەك داعش و قاعیدە و گروپە جیهادییەكانن.


ژنە شەڕڤانێكی بەریتانیی لە عەفرین شەهید دەبێت
چالاكانی كورد و یەكینەكانی پاراستنی گەل و یەكینەكانی پاراستنی ژنان سەركەوتوو بوون لەوەی وێنەیەكی سەرنجڕاكێشیان پێشكەشی جیهان كرد لە شەڕیان دژ بە گروپە توندڕەوەكان و " ئازادكردنی ژنان و منداڵان" لە دەست چەكدارانی " دەوڵەتی ئیسلامی" و پێكهێنانی ئیدارەی خۆجێیەتی لەو ناوچانەی لە ژێر دەستیاندایە، كە پشت بە سیستمی كۆمۆنەی بچوك و كۆتاییهێنان بە ئەنجومەنە خۆجێییەكان دەبەستێت و نیوەی پۆست و كورسییەكانی ئەو كۆمۆنانەش بۆ ژنان تەرخانكراوەو هەموو پۆستێكیش بە هاوسەرۆكایەتی ژن و پێاوێك بەڕێوەدەبرێت.
هەروەها تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بە هەموو زمانە جیاوازەكانی جیهان باشترین چەك بوون بۆ ئەزمونی كورد لە سوریا و بۆ راكێشانی چەندین خۆبەخش و هەوادار لە دەرەوە، بروسك حەسەكە وتەبێژ بەناوی یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە" دەڵێت: دەیان شەڕڤانی بیانی بۆ شەڕكردن دژی گروپە توندڕەوەكان پەیوەندییان بە بەرەكانی شەڕەوە كردووە و ژمارەیەكیشیان بۆ بەرگریكردن لە كانتۆنی عەفرین لەدژی لەشكركێشی سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی سوریای سەر بە توركیا چونەتە عەفرین، سەرەڕای مەترسییەكانی گەشتكردنیان بۆ سوریا كە لەوانەیە روبەڕوویان ببێتەوە و هەتا مەترسی ئەوەش هەیە كە كاتێك دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكانیان روبەڕوی دەستگیركردن ببنەوە.
بروسك حەسەكە وتی: ئێستا نزیكەی 150 شەڕڤانی بیانی لە ریزەكانی یەپەگە و یەپەژەدان.
دەربارەی مەشق و راهێنانی شەڕڤانە بیانییەكان لە رۆژئاوای كوردستان و سوریا، نوری مەحمود وتەبێژی یەكینەكانی پاراتی گەل " یەپەگە" دەڵێت: خۆبەخشە بیانییەكان مەشق و راهێنانی سەربازییان پێدەكرێت و خولی رۆشنبیریشیان بۆدەكرێتەوە بۆئەوەی نەریت و رۆشنبیری ناوچەكە و چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ خەڵكدا فێرببن و و خۆیان بگونجێنن.
هەرچەندە یەكینەكانی پاراستی گەل لە شەڕی دژ بە رێكخراوی "داعش" هاوپەیمانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكان، بەڵام هەڵگری بیروڕای چەپن، لەو بارەیەوە رۆن كوبی پارێزەر هاوڕێكی رۆبەرت گروت كە ساڵی 2017 لە شەڕی رزگاركردننی رەققەدا كوژرا دەڵێت: گروت بەهۆی كاریگەربوونی بە بیری چەپی كورد پەیوەندی بە یەپەگەوە كرد.
كوبی ئاماژە بەوەدەكات" رۆبەرت هەستی بەوەكرد كە ئەركێكی ئەخلاقی لەسەرشانە بەرگری لە دادپەروەری بكات و ژایەتی ستەم بكات بۆ خولقاندینی جیهانێكی دادپەروەرتر".

ئامادەکردنی: نامیق رەسول

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand