Draw Media

هەڵمەتی هەڵبژاردن شەڕی نەوەی دووەمی سیاسیەكان گەرم دەكات

هەڵمەتی هەڵبژاردن شەڕی نەوەی دووەمی سیاسیەكان گەرم دەكات

2018-05-06 15:28:54


درەو میدیا
شەڕی نەوەی دووەمی سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا گەرمە، مەسرور بارزانی كە لەدوای چونە ماڵەوەی باوكی گۆڕەپانەكەی بۆ تەخت بووە لایەنگرانی حزبەكەی بەهێرش بۆسەر دۆستە كۆنەكەی گەرم دەكات و دەڵێت، پارتی خەونی ئەو جاش و خۆفرۆشانەی لەگۆڕنا كە دەیانویست كوردستان بدەنە دەست داگیركەران، لەبەرامبەردا لاهور تاڵەبانی كە لەدوای مردنی مام جەلالەوە حزبەكەی بێ سكرتێرو سەرگەورە ماوەتەوە هێرشەكانی ئاراستەی پارتی دەكات و دەڵێت: گەورەترین خیانەت ئێستا لە كەركوك لەلایەن پارتییەوە دەكرێت كە خەڵكی هان دەدەن بەشداری هەڵبژاردنەكانی كەركوك نەكەن  و بۆ عەرەبە شۆڤینییەكان و توركمانەكانی بەجێبهێڵێت.
ئەم هێرش و پەلاماردانەی نەوەی دووەمی سیاسیەكانی پارتی و یەكێتی بۆسەر یەكدی لە فەراغی نەوەی یەكەمی سیاسیەكانیانە، ئەو نەوەیەی كە بەرژەوەندی هاوبەش كۆیانی كردبۆوەو دوای شەڕی ناوخۆی دوورو درێژی نێوانیان گەیشتنە ئەو بڕوایەی كە دەتوانن پێكەوە بەرژەوەندیە حزبی و بنەماڵەییەكانیان بپارێزن، ئێستا نەوەی یەكەم لەدوای شكستیان لە ریفراندۆم و ئەو بارودۆخە نالەبارەی لە كوردستاندا خوڵقاندیان، رۆڵیان كاڵ بۆتەوەو خۆیان لە شانۆی سیاسی بەدورگرتووەو سەری گورسیەكەیان داوەتە دەست نەوەی دووەمی سیاسیەكانیان، ئەوان پێشتر پێكەوە هێرشیان دەكردە سەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان، بەڵام ئێستا روی هێرشەكانیان بۆسەر یەكدیە، ئێستا نەوەی دووەمی سیاسیەكان عەرزی خۆیان دەكەن و دەیانەوێت لە رێگەی هێرشكردن بۆسەر یەكدی دەركەونەوەو خۆیان بە پاڵەوان نیشان بدەن، جەماوەری ئەم هێزانە وا راهێنراون كە بە هێرش و پەلامار بۆسەر یەكدی گێرڤی حەماسەتیان بەرز دەبێتەوە.
گوتارە نەوەی دووەمی سیاسیەكان جگە لە جوینەوەی گوتاری دەیان ساڵەی رابردووی نەوەی یەكەم دژ بەیەك هیچی دیكە نیە، ئەم نەوەیە بە كەرەستەیەكی دووبارەی رابردووەوە خۆی دەردەخات و هەڵگری هەمان ئەو روئیا و بیركردنەوانەیە كە كاری لەسەر شكاندنی بەرامبەر دەكرد لەسەر ماكیاجكردنی خۆی.
هۆكاری ئەو هێرش و پەلاماردان و یەكتر شكاندنە بەشێكی پەیوەندی بە یەكلاكردنەوەو تەوزیفكردنی هەڵوێستە خراپەكانیانەوە بێت، پارتی دەیەوێت تەوزیفی شكستی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلول بكات بەسەرپەرشی مەسعود بارزانی، كە تیایدا ئەو شكست و ماڵوێرانیەی بەسەر گەلی كوردستاندا هێنا بخاتە پاڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و خەریكە تیایدا سەركەوتوو دەبێت، ئەویش بەهۆی ململانێكانی ناو یەكێتی و دوبەرەكی ناخۆییەوە، بەشێكیشی لە بێ گوتاری و بەرنامەی روون و پلانی ستراتیژیەوەیە، كە ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە لە هەڵبژاردنەكانی پێش خۆی جیادەكاتەوە ئەوەیە كە حزبەكان خاوەنی گوتاری سواو و بەرنامەی دوبارەو هەڵگری هیچ بنەماو ستراتیژێكی دیاری كراوو رون نیە.
لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەدا گوتاری نارون و جەنجاڵ و تێك ترشاوبەسەریەكدا دەبینرێت، بەجۆرێك هیچیان ئەو سرەیان لێوە دیار نیە، ئەم هێزانە بەجۆرێك بانگەشە دژ بەیەك دەكەن وەك ئەوەی هەرگیز بیر لە دانیشتن و گفتوگۆ و دانوستان نەكەنەوە، ئەو ژینگە ناتەندروستەی ئەوان ئەمرۆ درووستیان كردووە، هەرگیز ناتوانێت سبەی بەرەكی یەكگرتووی لێ دروست بكرێت لە بەغداد كە رەنە هیچ كات بەقەد ئەمرۆ كورد پێویستی پێنەبێت لەبەغداد. 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand