سەرنجڕاكێشترین یاساكانی هاتوچۆ لە جیهاندا
2018-05-06 13:00:56
وەرگێڕانی: فازل حەمەرەفعەت & نامیق رەسول
بیانییەكان لە ئەڵمانیا لە تاقكیردنەوەی شۆفێریدا دەرناچن
زۆرێك لەو خەڵكانەی كە لە ئەڵمانیا دەژین و بە رەگەز خەڵكی ئەو وڵاتە نین رووبەڕووی ژمارەیەك ئاستەنگ دەبنەوە، زمانی بەربەستی گەورەیە لەبەردەم ئەواندا، ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی ئەو خەڵكانە لە تاقیكردنەوەكانی وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێریدا دەرنەچن.
كۆمەڵەی راهێنەرانی بواری فێركاری شۆفێری لە ئەڵمانیا دەڵێت: ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە تاقیكردنەوەی وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێریدا دەرناچن لەزیادبوندایە.
لە لێدوانێكدا بۆ سایتی (بێڵد)، گیرهارد فۆن بریسندۆرڤ سەرۆكی كۆمەڵەی راهێنەران ئاشكرایكرد، زۆرێك لەوانەی كە خۆیان تۆماردەكەن بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری، زمانی ئەڵمانی نازانن، زۆربەی ئەو كەسانە خەڵكانی بیانین و لە تاقیكردنەوەی تیۆریدا رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە و پێویستیان بە سێ بۆ پێنج هەوڵ هەیە بۆ دەرچوون لە تاقیكردنەوەكە.
ئەمە لەكاتێكدایە لە ساڵی 2016 وە لە ئەڵمانیا رێگە بەوە دراوە بە زمانی عەرەبی تاقیكردنەوەی تیۆری وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری بكرێت.
بە بەراورد بە ساڵی 2016، ژمارەی ئەو كەسانەی ساڵی 2017 لە تاقیكردنەوەكانی تیۆری وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێریدا دەرنەچوون بەرێژەی 7% زیادیكردووە، هەمان ساڵ رێژەی ئەوانەی لە تاقیكردنەوەی پراكتیكیدا دەرنەچوون بەرێژەی 3% زیادیكردووە.
بەڵام لەسەر ئاستی ویلایەتەكانی ئەڵمانیا، ویلایەتی سەكسۆنیا بەرزترین ئاستی تۆماركردووە، بەجۆرێك رێژەی ئەوانەی كە لە تاقیكردنەوەی تیۆری دەرنەچوون گەیشتوەتە رێژەی 45%، ویلایەتی هامبۆرگیش لە پلەی یەكەمی ویلایەتەكانی ئەڵمانیادایە لەڕووی ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە تاقیكردنەوەی پراكتیكی شۆفێریدا دەرنەچوون و لە ساڵی 2017دا رێژەی دەرنەچووەكان گەیشتوەتە نزیكەی 42%.
سەرنجڕاكێشترین یاساكانی هاتوچۆ لە جیهاندا
• ئوسترالیا
رێگە بە گواستنەوەی گژوگیا نادرێت بە ئۆتۆمبیلی كرێ نەبێت، هەروەها لەم وڵاتە هەر كەسێك لەجیاتی ئۆتۆمبیل بە ئەسپ كەلوپەل بگوازێتەوە مافی ئەوەی هەیە لە هەموو باڕێك بوەستێت و لەسەر كرێكارانی باڕەكە پێویستە بایەخی تەواو بە ئەسپەكان بدەن، كاتێك خاوەنەكانیان پشوودەدەن لەوێ.
• ئەڵمانیا
هەر شۆفێرێك لەكاتی لێخوڕیندا مۆبایل بەكاربهێنێت غەرامەدەكرێت و خاڵێكی لە تۆماری هاتوچۆدا لەسەر تۆماردەكرێت، بەڵام لێخوڕینی ئۆتۆمبیل بە رووتی و بەبێ پۆشینی جلوبەرگ رێگەپێدراوە بەو مەرجەی لە شەقامەكاندا رەفتاری نەشیاو بەرامبەر خەڵك نەكەیت و گێچەڵ بە خەڵك نەكەیت، چونكە ناو ئۆتۆمبیل بە شوێنێكی تایبەت بۆ خاوەنەكەی دادەنرێت و دەتوانێت كاری تێدابكات و خۆی بگۆڕێت، بەوپێیەی پێچەوانەی یاساكانی هاتوچۆ نییە.
• بەریتانیا
شۆفێر بەڕوتی و بێ لەبەركردنی پۆشاك دەتوانێت ئۆتۆمبیل و پاسكیل لێبخوڕیت، هەروەها شۆفێر دەتوانێت لەحاڵەتی ناچاریدا لەلای ئۆتۆمبیلەكەیەوە میزبكات بە مەرجێك میز بە تایەی دواوەی ئۆتۆمبیلەكەیدا بكات و دەستی راستی بە ئۆتۆمبیلەكەیەوە بێت، هەروەها چاودێری رێگاوبان لە بەریتانیا مافی ئەوەی نیە غەرامەی كەسێك بكات ئەگەر كڵاوی فەرمیی لەسەردا نەبێت.
• ئەمریكا
لە چەند ویلایەتێكی ئەمریكا چەندین یاسای نامۆ هەن، بۆ نمونە لە ولایەتی تێنیسی رێگە بە شۆفێر نادرێت لەكاتی شۆفێریدا چەكەكەی رووبكاتە ئاژەڵان، بەڵام رێگەی پێدەدرێت لەو كاتەدا نەهەنگ بكوژێت، ئەوەی زۆر نامۆیە ئەوەیە ویلایەتی تێنسی ناكەوێتە سەر دەریا، بەڵام لە ویلایەتی كنتاكی رێگە بە ژنان دەدرێت ئۆتۆمبیل لێبخوڕن بە جلی مەلەكردنەوە (بەكینی) ئەگەر پۆلیسیان لەگەڵدا بێت یان كوتەكێكیان پێبێت بۆ پارێزگاریكردن لە خۆیان.
• دانیمارك
یاساكانی هاتوچۆ شۆفێران ناچار دەكەن ئۆتۆمبیلەكەی بە باشی بپشكنێت و هەموو پێداویستییەكی سەلامەتی و ئاو سوتەمەنی پێبێت، هەروەها پێویستیشە لەسەری تەماشای ئۆتۆمبیلەكەی بكات بۆئەوەی دڵنیا بێت لەوە هیچ كەسێك لە ژێر ئۆتۆمبیلەكەیدا نەخەوتووە.
• فەرەنسا
یاسا سزای توند بەسەر ئەو كەسانەدا دەسەپێنێت كە تازە بوونەتە شۆفێر، و بۆ ماوەی دوو ساڵ دوای وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری رێگەیان پێنادرێت لەسەر شەقامی خێرا لە 110 كلم/ كاتژمێر و لەسەر رێگاكانی دەرەوە 80 كلم/ كاتژمێر بڕۆن.
• بۆسنە
لە بۆسنە ئەو كەسانەی تازە بوونەتە شۆفێر و تەمەنیان لە ژێر 23 ساڵیەوەیە، بۆ ماوەی یەك ساڵ دوای وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری رێگەیان پێنادرێت بە شەودا ئۆتۆمبیل لێبخوڕن.
• نەمسا
لە نەمسا پۆلیس مافی ئەوەی هەیە بە گوێرەی بینینی خۆی خێرایی ئۆتۆمبیل بخەمڵێنێت هەتا 30 كلم/ كاتژمێر لەسەروو خێرایی رێگە پێدراوەوە، دەشتوانن بەوە غەرامەكردنی دارایی بسەپێنن بەسەر شۆفێراندا، بەبێ داواكاری پشكنینی تەكنینكی و بێ ئەوەشی تانەی لێبدرێت لە دادگان.