ژنە سەرۆك لیستەكانی عێراق
2018-03-22 13:51:52
ئەوەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراقی لە هەڵبژاردنەكانی پێشووتر جیادەكاتەوە، چەند ژنێكن كە لە ژمارەیەك بازنەی هەڵبژاردن، كاندیدی ژمارە یەكن و سەرۆكایەتی لیستەكانیان پێسپێردراوە، ژمارەی ئەو ژنانەی لە هەر 18 پارێزگاكەی عێراق سەرۆكایەتی لیستێكی دیاریكراو دەكەن گەیشتوەتە حەوت ژن.
ئەمە هەوڵێكە بۆ شكاندنی هەژمونی پیاوان بەسەر لیستەكانی هەڵبژاردن و ركابەری كردن لەسەر كۆكردنەوەی زۆرترین دەنگ لە هەڵبژاردنەكەدا.
هەندێك لە كوتلە سیاسییەكان لەم هەڵبژاردنەدا پشتیان بە رەگەزی مێ بەستووە، لەم هەڵبژاردنەدا بەو هیوایەی بتوانن سود لە (كۆتا)ی دیاریكراو بۆ ژنان وەربگرن و زۆرترین كورسی پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنن.
لەم هەڵبژاردنەدا بۆ یەكەمجار:
• لە بەغدادی پایتەخت كە زۆرترین كورسی لە پەرلەماندا هەیە، ژنێك سەرۆكایەتی لیستێك دەكات، ئەوەش پەرلەمانتار (ماجدە تەمیمی)یە كە سەرۆكایەتی لیستی هاوپەیمانی " سائرون" دەكات و هاوپەیمانێتییەكە پێكهاتووە لە (رەوتی سەدر و حزبی شیوعی عێراق و چەند حزبێكی مەدەنی تر).
• لە پارێزگای بابل (حەنان فەتلاوی)ی كە لە دوو خولی پێشوودا پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا بوو، سەرۆكایەتی لیستی " ئیرادە" دەكات.
• لە پارێزگای دیوانیە پەرلەمانتار (هودا سەجاد) سەرۆكایەتی لیستی هاوپەیمانی " نەسر" دەكات كە حەیدەر عەبادی سەرۆكی وەزیرانی سەرۆكایەتی دەكات و پێشبینی دەكرێت ئەو هاوپەیمانێتییە زۆرترین كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستبهێنێت.
كاندیدكردنی ژنان وەك سەرۆكی لیست لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیشی گرتوەتەوە، لە هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكان (چوار) ژن سەرۆكی لیستن:
• لە پارێزگای سلێمانی (شلێر عەبدولمەجید) كاندیدی ژمارە یەكی لیستی حزبی شیوعی كوردستانە.
• لە پارێزگای دهۆك (ڤیان سەبری) سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانە.
• لە كەركوك (جوان حەسەن) سەرۆكی لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانە.
• لە هەولێر (تانیا تاهیر) سەرۆكی لیستی حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستانە.
دانان و دیاریكردنی كاندیدی ژمارە (یەك) لە لیستەكاندا ناكۆكی گەورەی لە نێو قەوارە و هاوپەیمانێتییەكاندا لێكەوتەوە، چونكە كاندیدەكان بڕوایان وایە بەدەستهێنانی ژمارە (یەك) لە لیستەكاندا سەركەوتنیان لە هەڵبژاردندا مسۆگەر دەكات، بەڵام لە راستیدا ئەوە بەندە بە هەڵوێستی دەنگدەران و ئارەزویان لە دەنگداندا..
بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق:
• (6 هەزارو 904) پاڵێوراو هەن
• پاڵێوراوەكان لەلایەن (25) هاوپەیمانێتی و (63) قەوارەی سیاسییەوە كاندیدكراون
• كاندیدكراوەكان كێبركێی دەكەن لەسەر بردنەوەی (329) كورسی پەرلەمانی عێراق
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ