سەركردەكانی عێراق لە بیرەوەرییەكانی رایس دا
2020-06-10 09:23:13
ئامادەكردنی: بارام سوبحی
كۆندا لیزا رایس وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە (2005) تا (2009)، لە بیرەوەرییەكانیدا بەناونیشانی هیچ شەرەفمەندییەك لەوە بەرزتر نییە، هەڵوێستی خۆی لەبارەی سەركردە عێراقییەكان ئاشكرادەكات. ئیبراهیم جەعفەری بە كەسێك ناودەبات كە شایستەی سیاسەت نەبێت. لەبارەی ئەیاد عەلاوی دەڵێت: لە كاتی مشتومڕدا زۆر پشوو درێژ نەبوو. دەربارەی نوری مالیكی دەڵێت: كەسێك بوو لە قسەكردندا حەزی بە راشكاویو توندی دەكرد، منیش بەو خەسڵەتەی سەرسام بووم.
لە ساڵی (2011)، رایس بیرەوەرییەكانی بەناونیشانی (No Higher Honor) بڵاوكردەوە، ساڵی دواتریش بە زمانی عەرەبیو لەدوو توێی (850) لاپەڕەدا بڵاوكرایەوە. ئەو زانیارییانەی لەم راپۆرتەدا هاتوون لە وەرگێڕانە عەرەبییەكەوە وەرگیراوە.
سیستانیو فرانكلین
ئایەتوڵا عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكانەو لە شاری نەجەف دەژێت، رایس لەبارەی سیستانیەوە دەڵێت: سیستانی یەكێك بوو لە ئیمامە زۆر رێزلێگیراوەكانی تایەفەی شیعە. بۆمان دەركەوت پیاوێكی خاوەن كەسایەتیو ریزپەڕە. سورە لەسەر بنەمای "خۆبەدورگرتن" لەلای پیاوانی ئاینی، بڕوای وایە پێویستە پیاوە ئاینییەكان خۆیان لە رۆڵبینینی فەرمی لە سیاسەتدا بەدوربگرن. ئەمەش بەتوندی پێچەوانەی پیاوە ئاینییە دەسەڵاتدارەكانی ئێرانە.
رایس دەڵێت: كاتێك سیستانی قسەی دەكرد، قسەكانی بە بایەخو كاریگەر بوون. بەڵام ئەوەی مایەی گاڵتەجاڕی بوو ئەوە بوو ئامادەنەبوو چاوی بەهیچ كەسێكی غەیرە دینی خۆی بەتایبەتی بیانییەكان بكەوێت، لەبەرئەوە ئێمە پەیوەندی راستەوخۆمان لەگەڵیدا نەبوو. كوڕەكەی كەناڵێك بوو بۆ گواستنەوەی ئەو بیروبۆچونانەی كە ئێمە بۆ پێشكەوتن لەعێراقدا بەوپەڕی گرنگمان دەزانی، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پیاوە پڕ لەڕەمزو رازە لەكێشەكانیدا لایەنێكی گونجاویشی بۆ ئێمە هەبوو، چونكە دەنگێك بوو لەپێناوی دیموكراسیەتو جیاكردنەوەی ئایین لە كاروبارەكانی دەوڵەتدا. ئێمە لەنێوان خۆماندا ناومان لێنابوو (بنجامین فرانكلین*)ی عێراق- ئەو پیاوە دانایەی هیچ پۆستێكی وەرنەگرت، ئارەزوی هەڵبژاردنیشی بۆ پۆستێك نەدەكرد.
* (بنیامین فرانكلین: 1706 – 1790) نوسەرو داهێنەرو دیبلۆماتكارێكی ئەمەریكی بوو، لەپێناوی سەربەخۆییو یەكخستنی ویلایەتەكاندا كاری دەكرد. ساڵی (1776) بەشداری لە داڕشتنی بەیاننامەی سەربەخۆییدا كرد، چەندین داهێنانی هەبوو، وەلێ رەتیكردەوە هیچ سودێكی مادی لە داهێنانەكانی وەربگرێت، چونكە دەیووت: ئەو كارانەم بۆ ئاسودەیی كۆمەڵگاكەمانە، من هەموو ئەمەریكییەكانم بەبێ جیاوازی خۆشدەوێت.
رایس ئەزمونی سێ دیداری خۆی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عێراق (2005 - 2014) دەگێڕێتەوە. لەبارەی كەسایەتی سیاسی مام جەلال (1933 - 2017) دەڵێت: جەلال تاڵەبانی لە هەموو شتێك تێدەگەیشت... ئای لەم سیاسەتڤانە! دەستبەجێ بۆم دەركەوت بۆچی ئەم پیاوە كوردە بە كەسایەتی یەكخەری وڵات دەژمێردرێت، چونكە دەزانێت هاوشێوەی باشترین سەركردە لە گەڕەكەكانی شیكاگۆ، یارییەكە بكات.
لە بەشێكی دیكەی بیرەوەرییەكانیدا، رایس باس لە ئێوارەخوانێكی لەگەڵ تاڵەبانی دەكاتو دەڵێت: نان خواردن لەگەڵیدا، ئەزمونێك بوو دەماری گرژ دەكردیت. ئەو بەهەردوو دەستی نانی دەخوارد، پاروی گەورەی گەورەی دەئاخنیە نێو دەمی، هەروەها كەوچكێكی گەورەی بۆ ئەو مەبەستەش بەكاردەهێنا، لەهەمانكاتدا بەهێزەوە پارچەیەك لە مریشكەكەو گۆشتی مەڕەكەی بڕیو لەسەر برنجەكەی بەردەمم داینا. لەگەڵ ئەوەشدا وەكو دەوڵەتمەدارو پیاوێكی باش دەركەوت.
بەڵێنەكانی بارزانی
لە بیرەوەرییەكانیدا رایس لە كۆبونەوەیەكی خۆی دەكات لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (2005 - 2017) دەكاتو دەڵێت: بەپێداگرییەوە داوام لە بارزانی كرد كاتێكی زیاتر لە بەغدا بەسەرببات.. ئێمە دەمانویست ئەوو تاڵەبانی توانای خۆیان لە عێراقێكی یەكگرتوودا وەبەربهێنن، بەدیاریكراوی دەمانویست بارزانی لە سەركوتكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK)دا یارمەتیدەر بێت.. هەوڵمدا دنەی شانازیو خۆهەڵكێشانی بارزانی بە ڕوخاندنی سەدام حسێنو بەخۆنازینی بدەم بەوەی پێمگوت كە: تۆ باوكی دامەزرێنەری عێراقی دیموكراسیت. ئەو گوێیدەگرتو بەردەوام بەڵێنی دەدا لەگەڵ سەركردەكاندا لە بەغدا هاوكاربێت، بەڵام بە كەمی پابەندی بەڵێنەكانی دەبوو، ئەو پێویستی بەوە بوو كە هەست بەوە بكات ئەوانیتر رێزی دەگرن، ئەگەرنا ئەوا مەودای نێوان خۆیو حكومەتی ناوەندی عێراقی دوردەخستەوە. لەبەرئەوە كۆبونەوەم لەگەڵیدا پێویست بوو، ئەگەر كاریگەریش نەبووبێت.
چەلەبی پڕ لە راز
ئەحمەد چەلەبی (1944 - 2015) سەرۆكی كۆنگرەی نیشتیمانی عێراقو ئەندامی ئەنجومەنی حوكم بوو. رایس لەبارەی چەلەبی دەڵێت: ئەحمەد چەلەبی بوو كەسێكە مایەی ناكۆكیو مشتومڕە. بەگوێرەی ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی لەسەر ئەو هەبوون، هیچ گومانێك لەگۆڕێدا نەبوو، كە ئێمە بەمنیشەوە لە گفتوگۆكاندا بە بەرامبەرێكی گرنگمان دادەنا –ئەو تاڕادەیەك گەمەرێكی لێهاتوو بوو.
عەلاوی پشوو درێژ نەبوو
ئەیاد عەلاوی لەدوای روخانی رژێمی بەعس لە (2004 - 2005) بووە یەكەم سەرۆك وەزیرانی عێراق. رایس لەبارەی عەلاوی دەڵێت: ئەیاد عەلاوی شیعەیەكی عەلمانی بوو، تا ئاستێكی گونجاو توانیبووی ناكۆكییە تایەفییەكان تێپەڕێنێت، ئەو ناكۆكییانە لە زۆر حاڵەتی پێشوتردا هەبوونو بوونە هۆی ئەوەی ئۆپۆزسیۆنێكی كارا لە تاراوگە چێ نەكرێت... عەلاوی لە كاتی مشتومڕدا زۆر پشوو درێژ نەبوو، لە هەندێك كاتیشدا كە راوێژی لەگەڵ سەركردەكانی هاوڕێیدا دەكرد تاوەكو بڕیارێك بدەن دانی بەخۆیدا نەدەگرت.
سەدر پڕ لە حەماسەت
رایس دەربارەی سەرۆكی رەوتی سەدر موقتەدا سەدر دەڵێت: موقتەدا سەدر پیاوێكی ئاینی شیعە مەزەبی رادیكاڵی بوو، وەكو یاریزانێكی پڕ لەحەماسەتو خاوەن هەژمونێكی گەورە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق دەركەوتبوو. موقتەدا لەو گەڕەكەی بەناوی باوكییەوە بوو كارە ئاینیو سیاسییو سەربازییەكانی بەڕێوەدەبرد، هەزاران لایەنگری عێراقی لەخۆی كۆكردبوەوە، بۆ بەرەنگاربونەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان چەكیان هەڵگرت، ئەمەش تەنها پاش چەند رۆژێكی كەم بوو، لەدوای دەستپێكردنی راپەڕینی سووننەكان لە فەلوجە... دواجار سەدر بەغدای بەجێهێشتو ئێرانی كردە بارەگای خۆی.
جەعفەری بۆ سیاسەت نەدەگونجا
ئیبراهیم جەعفەری لە (2005 - 2006) سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو. رایس لەبارەی جەعفەری دەڵێت: ئەو پیاوە ناوبانگێكی باشی بە راستگۆییو بوێری هەیە، بەڵام هەڵبژاردنی بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی راگوزەر بەهۆی ئەوە نەبوو كە جەماوەرێكی فراوانی هەیە، بەڵكە بەهۆی ئەوەوە بوو كەسێكی دیكە نەبوو خۆی كاندیدبكات... پیاوێكە رەفتارەكانی نامۆن، مامۆستای بابەتە مرۆییەكان بووە لە زانكۆ. . لەكاتی گفتوگۆكانماندا لەگەڵیدا یەك شتم بۆ روون بوویەوە ئەویش ئەوە بوو ئەم پیاوە ئەو كەسایەتییە نییە كە شایستەیی تەواوی بۆ بەڕێوەبردنی عێراق هەبێت. هەموو ئەوەی ئێستاو پێشتریش گومانم پێدەبرد ئەوە بوو، جەعفەری ئەوەندەی كەسێكی گونجاوە بۆ پۆستەكەی لە زانكۆدا، ئەوەندە بۆ سەركردەیەكی سیاسی نەدەگونجا.
مالیكی جێگەی متمانە بوو
نوری مالیكی بۆ ماوەی دوو خولو لەماوەی ساڵانی (2006 - 2014) سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو، رایس لەبارەی مالیكی دەڵێت: نوری مالیكی كەسێكی جێگەی متمانە بوو، دەیزانی دەبێت چی كارێك بكات، هەموو بیرۆكەكانی بەرمەبنای تێگەیشتنەكانی بوون، لانیكەم بیرۆكەی هەبوون، ئەوەش جیاوازییەكی سەرسوڕهێنەری بوو لەگەڵ جەعفەرییدا. بە شێوەیەكی گشتی سەرنجم لەبارەی مالیكیەوە باش بوو. ئەو پیاوێكی واقیعیەو كەمێك بە ئینگلیزی دەدوا. ماوەی دور وڵاتیەكەی لە سوریا بەسەربردوە نەوەكو لە تاران، بۆیە پێموابوو بە ئێرانییەكان دەورە نادرێت. كەسێك بوو لە قسەكردندا حەزی بە راشكاویو توندی دەكرد، منیش بەو خەسڵەتەی سەرسام بووم.
بەسەرهاتەكەی حەكیم
رایس لەبارەی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق عەبدولعەزیز حەكیم (1952 - 2009) ئەم بەسەرهاتە دەگێڕێتەوە: حەكیم پیاوێكی ئاینی شیعە مەزەبی نەریتپارێز بوو، تەنانەت لەبەرئەوەی من ژن بووم، تەوقەی لەگەڵدا نەكردم. پاش خواردنی نانی ئێوارە لە ماڵی باڵێوزی ئەمەریكا لە بەغدا، حەكیم پێیوتم: خزمەتێكم لە تۆ دەوێت. لە ناخی خۆمدا وتم: دەبێت چی بێت؟
وتی: كچێكی كچەزام هەیە تەمەنی سیازدە ساڵەو تۆی خۆشدەوێ. ئایا نامەیەكی كورتی بۆ بنێرمو پێی بڵێم كاتێك دەگەڕێیتەوە بۆ ئەمەریكا، لەگەڵ دایكیدا بێنە وەزارەتو چاویان بە تۆ بكەوێت؟ حەكیم كاتێك ئەو قسەیەی كرد روخساری بەشێوەیەك گەشایەوە، هەر جدییەتی لێدەباری. حەیران بوومو بەبێ دوودڵی لەسەر دیدارەكە رازیبووم.
دوای چەند مانگێك، كچەكەزاكەی حەكیمو دایكی هاتن بۆ وەزارەتی دەرەوە. كچێكی گەنجی زیرەكی دوور لە ئایین بوو، ملوانكەیەكی لە مل بوو، تیشێرتێكی رەنگ پەمەیی لەبەركردبوو. بەزمانێكی ئینگلیزی رەوان قسەی لەگەڵ كردم. وتی: تۆم لە تەلەفزیۆنەوە بینیوەو دەمەوێت وەكو تۆ ببمە وەزیری دەرەوە. حەكیم هیوایەكی گەورەی بەم كچەزایەی هەبوو. لەوانەیە ئەمەش بەڵگەیەك بێت لەسەر ئەوەی درزێكی بچوك كەوتبێتە ئەو دیوارەوە، كە لەم ناوچەیەدا بەرەنگاری پێشكەوتنی ژنان دەبێتەوە.
مۆفەق روبەیعی درۆ دەكات
سەبارەت بە كەسایەتی مۆفەق روبەیعی ئەندامی ئەنجومەنی حوكمو سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، رایس بەسەرهاتی كۆبونەوەیەك لە عەممانی پایتەختی ئوردن دەگێڕێتەوە. لەكاتێكدا مالیكیو جۆرج بۆشی سەرۆكی ئەمریكا لە كۆبونەوەیەكی دوو قۆڵیدا بوون، رایسو زاڵمای خەلیلزادی باڵێوزی ئەمەریكا لەگەڵ روبەیعیدا دەكەوتنە گفتوگۆ.
رایس دەڵێت: كاتێك روبەیعی وتی حكومەت پشتیوانی لە گروپە توندئاژۆكانی شیعە لە دژی سوننە ناكات، سەرم سوڕما. لەوكاتەدا بە توڕەبوونەوە پێموت: یان تۆ درۆمان لەگەڵدا دەكەی یان یەكێك درۆی بۆ كردویت. ستیڤو خەلیلزاد هاتنە ناو گفتوگۆكەمانەوەو پشتیوانییان لە من كرد، بەڵام بە بۆچونێكی نەرمو هێمنترەوە. خۆشحاڵ بووم كە ئەوان هاتنە ناو گفتوگۆكەمانەوە، چونكە من سەرباری رێزو سەرسامیم بە مۆفەق، بەڵام دەمویست لەكاتی خۆیدا قسەكە بەنێو چەوانیدا بدەمەوە. لە خۆمم پرسی: تاكەی ئەم جۆرە خەڵكانە كۆنترۆڵی كێشەكان بكەن؟
چیرۆكی زیندانەكەی مەشهەدانی
. رایس لە سەردانێكیدا بۆ بەغدا، لە باڵێوزخانەی وڵاتەكەی لەگەڵ سەركردە سوننەكان كۆدەبێتەوە. لەبارەی ئەو كۆبونەوەیەوە ئەم بەسەرهاتەی مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی پارلەمانی عێراق لە (2006 - 2009) دەگێڕێتەوە: كۆبونەوەم لەگەڵ سەركردە سوننەكاندا بە تێبینییەكی نامۆو ناپەسەند دەستی پێكرد. بەتایبەتی ئەو كاتەی سەرۆكی پارلەمانی عێراق مەحمود مەشهەدانی چیرۆكێكی گێڕایەوە كە لەڕوكەشدا وادیاربوو پیاهەڵدانی منە، وەلێ وایكرد پێستی جەستەم سڕ ببێت. مەشهەدانی وتی: كاتێك لەساڵی (2003) شەڕەكە دەستی پێكرد، من لە زیندان بووم. هاوەڵەكانم چاودێری هەواڵەكانیان دەكرد كە باسیان لە ئامادەسازی ئەمەریكاو كۆكردنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا دەكرد، هەروەها گوێمان لە قسەكانی تۆ بوو كاتێك هێرشت دەكردە سەر سەدام حسێن. پاشان وتی: وێنەكەی تۆمان لەسەر دیواری زیندانەكە هەڵواسیبوو، ئێمە تۆمان خۆشدەوێ. من نازانم ئەم چیرۆكە راستە یان نا، بەڵام شێوازێكی داهێنەرانە بوو، سەرۆكی پارلەمان بۆ خۆناساندنی بەكاریهێنا.