لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی دادگای فیدراڵیی سكاڵاكەی دواخست
2018-05-06 10:45:28
لەسەر داوای بریكاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دادگای فیدراڵی عێراق تەماشاكردنی سكاڵایەكی لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم بەشێوەیەكی راستەوخۆ بۆ دەرەوە، دواخست.
ئیاس سامۆك وتەبێژی فەرمی دادگای فیدراڵی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد، دادگای فیدراڵیی بە سەرۆكایەتی دادوەر مدحەت مەحمود و ئامادەبوونی هەموو دادوەران، كۆبوەتەوە بۆ تەماشاكردنی سكاڵایەتی وەزیری نەوتی عێراق لەسەر وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان.
بەپێی قسەی وتەبێژی دادگای فیدراڵی، لە دانیشتنەكەدا بریكاری هەریەكە لە سەرۆك وەزیرانی فیدراڵی عێراق و بریكاری وەزیری دارایی فیدراڵ و بریكاری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادەبوون.
لە دانیشتنەكەی دادگای فیدراڵیدا، بریكاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوایكرد تەماشاكردنی سكاڵاكە دوابخرێت بەمەبەستی ئامادەكردنی لیستی وەڵامەكان، لەسەر بنەمای ئەم داوایە، دادگا تەماشاكردنی دۆسییەكەی بۆ رۆژی 3ی حوزەیرانی داهاتوو دواخست.
جەبار لعێبی وەزیری نەوتی عێراق لە دادگا فیدراڵی عێراق لەبارەی نادەستوریبوونی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە، سكاڵایەكی لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم تۆماركردووە و داوادەكات هەرێم نەوتەكەی رادەستی حكومەتی ناوەند بكات و پارەی هەموو ئەو نەوتەش بگەڕێنێتەوە كە پێشتر بەشێوەی سەربەخۆ فرۆشتویەتی.
نەوت یەكێكە لە دۆسیە هەڵپەسێردراوەكان لەنێوان حكومەتی هەرێم و بەغداد، بەهۆی ئەوەی تائێستا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەیتوانیوە یاسای تایبەت بە نەوت و غاز پەسەند بكات، پرسی چۆنیەتی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت بە ناڕوونی ماوەتەوە، حكومەتی ناوەندی عێراق دۆسیەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی بەستوەتەوە بە بودجەی عێراقەوە، لەبەرامبەر رادەستكردنی پشكی هەرێم لە بودجەی فیدراڵ داوای رادەستكردنی نەوت لە هەرێم دەكات.
لە ماوەی رابردوودا حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بەشێوەی سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی حكومەتی عێراقەوە پرۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەسەر ئاستی جیهان روبەڕوی گرێ و گۆڵ بووەوە.
دواخستی پرسی بڕیاردان لەسەر سكاڵاكەی وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جارێكی تر گفتوگۆ لەنێوان هەرێم و بەغداد لەبارەی نەوتەوە دەستپێدەكاتەوە.