Draw Media

دڵنیایە لە چارەسەرەکەی و تێستەکانی سەرکەوتوو بووە

دڵنیایە لە چارەسەرەکەی و تێستەکانی سەرکەوتوو بووە

2020-06-07 19:51:11


(درەو):
کۆمپانیای ئەسترازینیکا (AstraZeneca) کە کۆمپانیایەکی بەریتانی- سویدیە دەستیکردووە بە بەرهەمهێنانی بڕی (٢ ملیار) دانە لە جۆرە ڤاکسینێکی دژە ڤایرۆسی کۆڤید-١٩.
بەرهەمهێنانی ئەو بڕە زۆرە لە ڤاکسین وەکو سەرچڵییەکی ئابوری لەلایەن ئەو کۆمپانیایەوە تەماشادەکرێت بەتایبەت لەکاتێکدا ئەنجامی کۆتایی تێستەکانی دەرمانەکە دەرنەچووە.
پاسکاڵ سۆریوس سەرۆکی کۆمپانیاکە رایگەیاند، هێشتا ڤاکسینەکەیان لەژێر تێستدایە، بەڵام ناچارن لەئێستاوە سەرچڵییەکی دارایی بکەن بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکە، بۆئەوەی لەحاڵی سەلماندنی کاریگەریی ڤاکسینەکە لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئاستی خواست لەسەر دەرمانەکە پڕبکەنەوە.
لە لێدوانێکدا بۆ BBC، سەرۆکی کۆمپانیاکە وتی:" لە ئێستاوە دەستمانکردووە بە بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکەو پێویستە کاتێک دەرمانەکە ئامادە دەبێت بۆ بەکارهێنان، ئاستی پێویستمان بەرهەم هێنابێت".
کۆمپانیاکە دەڵێ لەتوانایدایە (٢ ملیار) دانە لە ڤاکسینە نوێیەکە بەرهەم بهێنێت و دەخوازێت قازانج بکات لەڕێگەی خشتنەبازاری چارەسەری کۆرۆنا کە هەموو جیهان چاوەڕوانی دەکات.
هەندێک دەڵێن سەرباری ئەوەی هێشتا ئەنجامی کۆتایی تێستەکانی لەسەر دەرمانەکە دەرنەچووە، بەڵام کۆمپانیاکە بەڕێژەی ٨٠٪ دڵنیایە لەوەی ڤاکسینەکەی سەرکەوتووە لە روبەڕووبونەوەی کۆرۆنای نوێ، بۆیە ئەو سەرچڵییە گەورە داراییە دەکات و دەستی بەبەرهەمهێنانی دەرمانەکەی کردووە.
رۆژی پێنج شەممە کۆمپانیاکە دوو گرێبەستی نوێی لەبارەی ڤاکسینەکەی ئیمزاکرد، یەکێک لە گرێبەستەکان لەگەڵ ملیاردێری بەناوبانگ (بیڵ گەیتس) بوو، رەنگە ئەمە هۆکارەکە بێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا گەیتس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی سکای نیوز وتی: تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ رەنگە چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرهەم بهێنرێت.
کۆمپانیای ئەسترازینیکا کە لەگەڵ زانایانی زانکۆی ئۆکسفۆرد خەریکی دروستکردنی ڤاکسینەکەیە، رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئەوەی نیوەی ئەو دوو ملیار ڤاکسینەی کە بەرهەمی دەهێنێت رەوانە وڵاتانی هەژارو ئەوانە بکات کە داهاتیان مامناوەندە.
بەپێی ئەوەی شارەزایان باسی دەکەن، ڤاکسینەکەی کۆمپانیای ئەسترازینیکا لە کانونی دووەمی رابردوودا لەلایەن زانکۆی ئۆکسفۆرد دروستکراوەو ئەنجامی کۆتایی تێستی ڤاکسینەکەی لە مانگی (١٠)ی ئەمساڵ دەردەچێت، کۆمپانیاکە دەیەوێت چاەسەرەکەی جیهانی بێت و هەموان سودی ببینن و لەلایەن ئەو وڵاتەوە قۆرخ نەکرێت کە تێیدا بەرهەم هێنراوە.
ڤاکسینەکە پێکهاتەی بۆماوەیی ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا دانراوە، بە جۆرێک دروسکراوە هەر کەسێک بەکاری بهێنێت، لەناو لەشیدا جۆرە پرۆتینێک دەردەدات، ئەو پرۆتینە‌ سیستمی بەرگری لەشی هاندەندات دژە تەن دروست بکات، کاتێک مرۆڤ روبەرووی ڤایرۆسە راستەقینەکە (کۆڤید-١٩) دەبێتەوە، سیستمی بەرگری لەشی دەیناسێتەوەو وەکو تەنێکی نامۆ مامەڵەی لەگەڵدەکات و دەکەوێتە شەڕەوە بۆ لەناوبردنی و ناهێڵێت کەسەکە دوچاری پەتاکە ببێت.
لە تێستە بەراییەکاندا کۆمپانیاکە لەوە دڵنیا بووە چارەسەرەکەی هیچ لێکەوتێکی خراپی تەندروسی لەسەر ئەو کەسانە نییە کە بەکاریدەهێنن، ئەمەش بەشێکی تری ئەو متمانەیەیە کە کۆمپانیاکە بە چارەسەرەکەی هەیەتی، قۆناغێکی تری تێستەکان دەریخستووە ڤاکسینەکە بەبێ جیاوازی لەسەر هەموو تەمەنە جیاوازەکان هەمان کاریگەری خۆی هەیە.
ئەوەی تێستەکان دەریانخستووە، ڤاکسینەکە رێگری تەواو ناکات لەوەی بەکارهێنەرەکانی دوچاری کۆرۆنا نەبن، بەڵام کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر ئەوەی ئەگەر دوچاری کۆرۆناش ببن، نیشانەکانی لەسەریان توند نەبێت.
 

https://www.facebook.com/watch/live/?v=272461197291741&ref=watch_permalink

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand