Draw Media

لوبنان كۆتایی بە تەمەنی پەرلەمانە درێژكراوەكەی دەهێنێت

لوبنان كۆتایی بە تەمەنی پەرلەمانە درێژكراوەكەی دەهێنێت

2018-05-06 10:09:47


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
بەیانی ئەمڕۆ خەڵكی لوبنان چوونە بەردەم سندوقەكانی دەنگدان كرد بە مەبەستی هەڵبژاردنی پەرلەمانێكی نوێ بۆ وڵاتەكەیان، لە ماوەی (9) ساڵی رابردوودا ئەمە یەكەمین هەڵبژاردنە لە لوبنان بەڕێوەدەچێت.
پێشبینی ناكرێت ئەم هەڵبژاردنە تەرازووی هێز لە لوبنان بگۆڕێت، بەڵام وەكو هەنگاوێكی گرنگ تەماشا دەكرێت بۆ سەقامگیركردنی ئابوری وڵات.
(3 ملیۆن و 600 هەزار) كەس مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە (500) كاندید كێبركێ دەكەن لەسەر بردنەوەی (128) كورسی پەرلەمان.


دواین هەڵبژاردن لە لوبنان ساڵی 2009 بەڕێوەچوو، دەبوو ویلایەتی پەرلەمان ماوەی تەنیا (4) ساڵ بەردەوام بێت، بەڵام هاوشێوەی هەرێمی كوردستان ویلایەتی پەرلەمان دووجار درێژكرایەوە، ئەمەش بە بەهانەی دوو هۆكاری جیاواز، یەكەم ناسەقامگیری بارودۆخی سوریای دراوسێ و دووەم، هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنەكان. 
دواجار سیستمی هەڵبژاردن هەمواركرا، ژمارەی بازنەكانی هەڵبژاردن كەمكرایەوە و بۆیەكەمجاریش لە مێژووی لوبناندا رێگا بە رەوەندی دەرەوەی وڵات درا بەشداری دەنگدان بكەن.


لوبنان تاڕادەیەكی زۆر توانی بەسەر ئەو گەردەلولە هەرێمییەدا سەركەوێت كە بەهۆی ئەو جەنگەوە دروستبووە كە ماوەی (9) ساڵە لە سوریای دراوسێیدا بەردەوامە، كە وەكو موگناتیسێك وڵاتانی ناوچەكەی بەرەو خۆی كێش كردووە و بەهۆیەوە شەپۆلێكی ئاوارەبوون دروستبووە، بەڵام لەدوای دواهەمین هەڵبژاردنەوە روبەڕوی تەنگژەیەكی سیاسی ناوخۆیی بووەوە.
لوبنان كە وڵاتێكە بچوكە و دەكەوێتە سەر دەریای ناوەڕاست، هێشتا هەڵبژاردن تێیدا تاڕادەیەك پرۆسەیەكی رووكەشە، چونكە دەسەڵات بەپێی رێككەوتنێكی پێشوەختە لەنێوان تائیفە و پێكهاتەكانی وڵاتدا دابەشكراوە.
چاودێران پێشبینیدەكەن، ئەنجامی هەڵبژاردنەكە هەرچۆنێك بێت، حكومەتی داهاتووی لوبنان هاوشێوەی ئەو حكومەتەی كە ساڵی 2016 دروستكرا پێكبێت لە زۆرینەی پارتە سەرەكییەكانی وڵات.

سەرەڕای هەندێك كردەوەی توندوتیژی و ترساندنی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردنەكانەوە لەم هەفتانەی دوایدا، لەكاتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا هیچ روداوێكی گەورە لە لوبنان روینەداوە كە جێگای باس بێت.
دوو لایەنی سەرەكی لوبنان زیاتر لەلایەن چاودێرانەوە سەرەنجیان لەسەرە، ئەوانیش بریتین لە رەوتی ئایندە- (مستقبل) بە سەرۆكایەتی سەعد حەریری سەرۆك وەزیرانی سوننەی هەروەها حزبوڵای شیعە بە سەرۆكایەتی حەسەن نەسروڵا.
لوبنان هاوشێوەی عێراق ماوەی چەندین ساڵە بوەتە گۆڕەپانی ململانێی مەزهەبی نێوان سعودیە و ئێران، ئێران پشتیوانی لە حزبوڵا دەكات، سعودیەش لە هەڵبژاردنی پێشوودا پشتیوانی رەوتی موستەقبەلی سەعد حەریری كرد، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا سعودیە پاشەكشێی كردووە لە پشتیوانیكردنی حەریری.
وڵاتە كۆمەكبەخشەكان مانگی رابردوو بەڵێنیاندا بڕی (11) ملیار دۆلار وەكو قەرز بە لوبنان بدەن بۆ پرۆگرامی وەبەرهێنانی سەرمایە، بەڵام پێدانی ئەم قەرزە بەو مەرجەیە دەسەڵاتدارانی لوبنان چاكسازی لە بواری دارایی و كەرتەكانی تردا بكەن.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand