سیناریۆكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا
2018-05-05 19:33:37
راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەرەفعەت
رۆژی 24ی حوزەیران هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی لە توركیا بەڕێوەدەچێت، لەدوای ئەم هەڵبژاردنە سیستمی سەرۆكایەتی لە توركیا دەچێتە بواری جێبەجێكردن كە ساڵی 2017 لە راپرسییەكی گشتیدا دەنگی لەسەردرا، بەمەش كۆتایی بە رۆڵی بەرفراوانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دێت.
پارتی ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا چوار كەسیان كاندید كردووە بۆ ركابەرێتیكردن لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمەش بە مەبەستی كەمكردنەوەی دەنگەكانی ئەردۆغان و رێگرتن لە دەرچوونی لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنەكاندا، پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان بەنیازن ئەگەر هەڵبژاردن بكەوێتە خولی دووەم، هەموویان پشتیوانی یەك كاندید بكەن لەبەرامبەر ئەردۆغاندا.
ئەمڕۆ دواهەمین رۆژ بوو بۆئەوەی كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ناوی خۆیان پێشكەش بە لیژنەی ناوەندیی هەڵبژاردنەكان بكەن.
دیارترین ركابەرەكانی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا:
• موحەڕەم ئینجیە- پارتی گەلی كۆماری " جەهەپە"
پارتی گەلی كۆماری كە پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەكییە لە توركیا، موحەڕەم ئینجیەی كاندید كردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، ئینجییە تەمەنی (53 ساڵ)ەو پێشتر مامۆستای فیزیا بووە.
ئینجییە وا ناسراوە یەكێكە لەو پەرلەمانتارانەی ئۆپۆزسیۆن كە زۆر بە حەماسەتەوە قسە دەكات، ئەو لە دواین هەڵبژاردنی ناوخۆیی پارتەكەی (2014-2016) تاكە ركابەری كەمال كلیچدار ئۆغلۆ بوو بۆ سەركایەتیكردنی پارتەكە.
بەهۆی ئەو لێدوانە توندە بەردەوامەكانییەوە پێشبینی دەكرێت كاندیدێكی گونجاو بێت بۆ ركابەرێتیكردن لەگەڵ ئەردۆغان، هەروەها لەلایەن بنكەی دەنگدارانی پارتەكەی و لەناو رەوتی پارێزگار و چەپڕەوەكانی توركیاشدا لایەنگری هەیە.
لە وتارێكدا لەبەردەم لایەنگرانی پارتەكەی لە ئەنكەرەی پایتەخت، ئینجییە وتی" دەبم بە سەرۆكی هەموان، سەرۆكێكی بێلایەن. رۆژی 24ی حوزەیران بێئومێدی كۆتایی دێت".
• میراڵ ئەكشینار- پارتی خێر
میراڵ ئەكشینار یەكێكە لە سیاسەتمەدارە نەتەوەپەرەستەكانی توركیا، ئەم ژنە سەرۆكایەتی پارتی خێر دەكات و خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی داهاتووی توركیا كاندید كردووە، هەندێك لە چاودێران بوونی ئەم ژنە لە پرۆسەكەدا وەكو ئاڵنگاری لەبەردەم ئەردۆغان وێنا دەكەن، بەوپێیەی پێگەی جەماوەرییەكەی دەكەوێتە ناو بنكەی جەماوەری پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدارەوە كە ئەردۆغان سەرۆكایەتی دەكات، كە بریتین لە خەڵكانی پارێزگار و لایەنگرانی كەرتی كار و خەڵكانی ئیماندار و نەتەوەپەرەست.
بەهۆی نەیاریكردنی سیستمی سەرۆكایەتییەوە، میراڵ ئاستی جەماوەری بەرزبووەوە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا تەنانەت لەناو پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار رەوتێك هەن حەزیان بەو سیستمە نییە كە دەسەڵاتێكی نیمچە رەها بە سەرۆك دەدات و وڵات بەرەو ستەمكاری دەبات.
• میراڵ ئەكشینار ساڵی 1996 وەزیری ناوخۆی توركیا بووە، یەكێك بووە لەوانەی بەشداری كردووە لە دامەزراندنی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار، بەڵام دواتر پارتەكەی بەجێهێشت و رایگەیاند، دادو گەشەپێدان تەنیا درێژكراوەی پارتی رەفاهی ئیسلامییە كە نەجمەدین ئەربەكان سەرۆكایەتی دەكرد.
ئەكشینار پاش جیابونەوەی لە پارتی دادو گەشەپێدان چووە ناو پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرەستەوە، بەڵام بەهۆی نەیاربوونی لەگەڵ شێوازی كاركردنی سەرۆكی پارتەكە بەتایبەتی لە پشتگیریكردنی لە ئەردۆغان، ساڵی 2016 لە پارتەكە دەركرا، لەوكاتەوە نازناوی "ژنە پۆڵاینەكە"ی پێدرا.
• سەلاحەدین دەمیرتاش- پارتی دیموكراتی گەلان- هەدەپە
لەپشت دیواری زیندانەوە، سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) وەكو تاكە كوردێك خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی داهاتووی توركیا كاندید كرد.
كاندیدبوونی سەلاحەدین دەمیرتاش لەناو زیندانەوە هیچ گرفتێكی یاسایی دروستناكات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا تائێستا دادگاكانی توركیا هیچ تۆمەتێكیان لەسەر ساغ نەكردوەتەوە.
دەمیرتاش بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەستگیركراوە كە بەپێی یاسا كاركردنی سیاسی پەكەكە لەناو توركیا یاساغ كراوە، ئەگەر كۆی ئەو تۆمەتانەی كە ئاڕاستەی كراوە لەسەری ساغ بكرێنەوە، دەمیرتاش بە (142 ساڵ) زیندانی حوكم دەدرێت كە تەمەنی بەشی تەواوكردنی ئەو حوكمە ناكات.
كاندیدبونی دەمیرتاش بۆ سەرۆكایەتی توركیا لەكاتێكدایە ئەندام و لایەنگرانی پارتەكەی (هەدەپە) لەدوای كودەتا شكستخواردوەكەی توركیاوە روبەڕوی هەڵمەتی سەركوتكردن و دەستگیركردن دەبنەوە.
ئاستی جەماوەری هەدەپە لەنێوان 10% بۆ 12% ە لە توركیا، بەڵام پێشبینی دەكرێت بە كاندیدبوونی دەمیرتاش لەبەرامبەر ئەردۆغان ئاستی دەنگەكانی ئەو پارتە كوردییە بەرزتر ببێتەوە.
دەمیرتاش یەكێكە لە دیارترین سیاسەتمەدارانی توركیا كە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2015ی توركیادا توانی لە دەرەوەی بازنەی دەنگدەرانی خۆی كە زۆرینەیان كوردن، دەنگ لە ناوچە جیاجیاكانی توركیا بەدەستبهێنێت، بەوەش توانی پارتەكەی بكات بە دووەم گەورە پارتی ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمانی توركیادا.
تیمیل كەرەموڵا ئۆغلۆ- پارتی سەعادەتی ئیسلامی
پارتی سەعادەت ساڵی 2001 دامەزراوە، لە هەڵبژاردنی پێشووی توركیادا نەیتوانی رێژەی پێویستی دەنگ بەدەستبهێنێت بۆئەوەی بچێتە ناو پەرلەمانەوە، تیمیل كەرەموڵا كە سەرۆكایەتی پارتەكە دەكات خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كاندیدكردووە، بەڵام بۆ وەرگرتنی رەزامەندی لیژنەی ناوەندی هەڵبژاردنەكانی توركیا بەمەبەستی پەسەندكردنی كاندیدبونەكەی، دەبێت تاوەكو رۆژی 9ی ئەم مانگە (100 هەزار) ئیمزا كۆبكاتەوە.
پارتی سەعادەت بانگەوازەكانی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری رەتكردەوە بۆ چونەناو ئەو هاوپەیمانێتییەی كە پارتی دەسەڵاتدار لەگەڵ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرەست كردویەتی، بۆیە ئێستا ئەم پارتە بووەتە هاوپەیمانێكی پێشبینی نەكراوی ئۆپۆزسیۆنی عەلمانی توركیا لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.
پارتی سەعادەت هاوشێوەی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار ریشەیەكی ئیسلامی هەیە، بۆیە چاودێران پێشبینی دەكەن بەشداریكردنی لە كێبركێكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئۆپۆزسیۆن لە راكێشانی دەنگ لەناو بنكەی جەماوەری پارتی دادو گەشەپێدان و ئەمەش هۆكار دەبێت بۆ ئەوەی ئەردۆغان لە خولی یەمەمدا هەڵبژاردنەكە نەباتەوە.
رۆژی سێ شەممەی رابردوو لە وتارێكدا كەرەموڵا ئۆغلۆ وتی: ئەردۆغان سەركوتكاری دەكات لەبەرامبەر هەموو توێژەكانی كۆمەڵگەدا".
• دوو كاندید لە پەراوێزدا
جگە لەو كەسانەی كە پارتەكانیان فراكسیۆنی لەناو پەرلەماندا هەیە و خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا كاندید كردووە، دوو كاندیدی تر هەن كە پارتەكانیان ئامادەگی لەناو پەرلەماندا نییە، ئەو دوو كاندیدەش بریتین لە هەریەكە لە (دۆغۆ بیرینچیك) سەرۆكی پارتی نیشتمانی چەپڕەو، هەروەها (وەجدەت ئووز) كە پارتێكی بچوكی هەیە.