45 ساڵ.. لە سكرتێرەوە بۆ هاوسەرۆك
2020-05-30 11:20:29
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف
ئەوەی "مام جەلال" بە زیاتر لە (40 ساڵ) خەبات پێی نەگەیشت، كوڕو برازاكەی لەماوەی كەمتر لە ساڵێكدا پێی گەیشتن كە كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی بڕیارە لەناو حزبدا، یەكێتی دوای (45) ساڵ تەمەن، ئێستا بەتەواوەتی بۆ ماڵباتی تاڵەبانی تەخت بووە، بەڵام جیاوازییەكە ئەوەیە تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتییەكی بەهێز بوو بەدەسەڵاتێكی كەمترەوە، بەڵام كوڕو برازاكەی سەرۆكی یەكێتییەكی لاوازن بە دەسەڵاتێكی زۆرترەوە، تاڵەبانی باوك لە یەك كاتدا تارانو ئەنكەرەو واشنتۆنی ئیدارە دەدات، بەڵام نەوەكانی كێشەی گەورەیان ئەوەیە بارزانی دانیان پێدا نانێت.
تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سەوزپۆش دەكرێ
رۆژی دوو شەممە یەكێتی نیشتمانی كوردستان یادی (45) ساڵەی دامەزراندنی دەكاتەوە، میدیاكانی یەكێتی چەند رۆژێكە باسی خەباتو سەروەرییەكانی حزبەكەیان دەگێڕنەوە، كادیرانی حزبیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پرۆفایلەكانی خۆیان سەوزپۆش كردووە.
یادی ئەمساڵ، دوای شەش مانگ دێت لە بەڕێوەچوونی كۆنگرەی چوارەمی حزب، كۆنگرەیەك كە بەتەواوەتی یەكێتی رادەستی ماڵباتی تاڵەبانی كرد.
خاوەندارێتی یەكێتی
یەكێتی كە ئێستا تەمەنی دەبێت بە (45) ساڵ، لەو تەمەنەدا تەنیا (4) كۆنگرەو (2) پلنیۆمی بەستووە، دواین كۆنگرە واتە كۆنگرەی چوار كە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2019دا بەڕێوەچوو، كۆتایی بە ململانێكان لەسەر خاوەندارێتی حزبەكە هێناو یەكێتی دایە دەست نەوەی دووەمی تاڵەبانییەكان.
یەكێتی، كە لەسەرەتای دامەزراندنییەوە، لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەی سیاسی (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، هێڵی گشتی) دروستبوو، ئێستا ئیتر وەكو حزبی كۆكەرەوەی ئاڕاستەی سیاسی جیاواز بوونی نەماوەو بووە بە یەكێتی ماڵباتی تاڵەبانی، تائەو رادەیەی لەدوای هەڵبژاردنی هاوسەرۆكە نوێیەكانەوە (لاهور شێخ جەنگیو بافڵ تاڵەبانی) كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی لەماڵەكەی مام جەلال لە "دەباشان"ی سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
داراییو هێزی چەكدارو پەیوەندییەكانی حزب كە سێ كۆڵەكەی گرنگی بەڕێوەبردنی یەكێتین، زۆرینەی جومگەكانیان لەدەستی ماڵباتدایە.
سەركردەكانی تری حزب، ئەوانەی هاوڕێو هاوخەباتی تاڵەبانی باوك بوون، لەدوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانیو دواتریش مردنی، چاویان لەوەبوو جڵەوی حزب لەدەستی خۆیاندا توند بكەن، ئێستا لە ئەنجومەنێكدا بەناوی "ئەنجومەنی باڵای سیاسی" كۆكراونەتەوەو دەسەڵاتی بڕیاردانیان لانەماوە، هەندێك لە یەكێتییەكان ئەم ئەنجومەنە بە "خانەی پیران" ناودەبەن.
مانۆڕی یەك لەدوای یەكی سەركردە كۆنەكانی حزب لەدوای كۆچی دوایی تاڵەبانی باوك، بۆ كۆنترۆڵكردنی حزبەكە، هەمویان بێ ئاكام بوون، ئەوان چەندین رێگایان تاقیكردەوە بۆ لەبەریەكهەڵوەشاندنی ماڵباتی تاڵەبانی (دروستكردنی ناكۆكی لەنێوان بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەدو جەلال تاڵەبانی)، بەڵام دواجار خەونی كۆنترۆڵكردنی حزب، ماڵباتی لەدەوری یەكو لەسەر یەك بەرژەوەندی هاوبەش كۆكردەوەو بەمەش ئەنجامی یارییەكەیان لە بەرژەوەندی خۆیان یەكلاكردەوە.
ناكۆكیو ناتەبایی نێوان بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی كۆچكردوو جەلال تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی ئامۆزایو كارەكتەرەكانی تری ناو هەردوو بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەدو جەلال تاڵەبانی، یەكێك لەو رێگایانە بوو كە سەركردە كۆنەكانی حزب ئەزمونیان كرد، بەڵام گەنجەكانی نەوەی دووەمی تاڵەبانی لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی ناوخۆی ماڵباتەكەیاندا، بە چەسپاندنی بیرۆكەی "هاوسەرۆكایەتی" بۆ حزب، ئەم كارتەیان سوتاند.
یەكێتییان بۆ تەخت بووە !
ئەنجومەنی سەركردایەتی نوێی یەكێتی لە (121) كەس پێكدێت، زیاتر (80) كەسیان یەكلابونەتەوە بۆ ماڵباتی تاڵەبانی، مەكتەبی سیاسیش بەهەمان شێوە.
ئێستا یەكێتی بۆ كوڕو برازاكەی تاڵەبانی تەخت بووە، ئەمە دۆخێكە كە لە مێژووی یەكێتیدا تەنانەت مام جەلال خۆشی دۆخی لەوشێوە لەبارو گونجاوی بەخۆیەوە نەبینیوە، تاڵەبانی سەرباری ئەوەی خۆی كارەكتەرێكی بەهێزی سیاسی بوو لەسەر ئاستی ناوخۆو جیهانیش، بەڵام تاوەكو ساڵی 2009و جیابونەوەی نەوشیروان مستەفاو هاوڕێكانی، هەرگیز یەكێتی بەوشێوەیە بۆ تەخت نەبووە، سەرباری ئەوەی دەسەڵاتداری یەكەم بووە، بەڵام بەردەوام لە بڕیارداندا رەچاوی جەمسەرەكانی تری ناو حزبی كردووەو یەكێتی لە پەرتبوون پاراستووە، تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتییەكی بەهێز بوو بەدەسەڵاتێكی كەمترەوە، بەڵام كوڕو برازاكەی سەرۆكی یەكێتییەكی لاوازن بە دەسەڵاتێكی زۆرترەوە.
هاوسەرۆكە نوێیەكانی یەكێتی كێشەی دەسەڵاتیان نییە، ئەوان لە یەك رۆژدا دوای كۆنگرە، بەرپرسی هەموو مەڵبەندەكانی حزبیان بەبێ گەڕانەوە بۆ كەسی تر دیاریكرد، بەڵام كێشەی كەمی ئەزمونو نەشارەزاییان لە بەڕێوەبردنی مانۆڕی سیاسیدا هەیەو سۆزو پەرچەكردار بە جوڵە سیاسییەكانیانەوە دیارە.
شتێكی تر هەیە كە لە "مام جەلال"دا هەبوو، ئێستا لە نەوەكانیدا نییە مەسەلەی "شەرعیەتی شۆڕشگێڕیی"ە، تاڵەبانی لەژێر سێبەری ئەو شەرعیەتەدا حوكمی یەكێتیو دەرەوەی حزبەكەشی دەكرد، شەرعیەتێك كە بەهەوڵو ماندوبوونو سەرچڵی خۆی دروستی كردبوو، بەڵام كوڕو برازاكەی نەوەی شارو گەورەبووی پایتەختەكانی ئەوروپان، تاڵەبانی باوك زیاتر لە (50) ساڵ بەو شەرعیەتەوە درێژەی دا بە مانەوەی خۆی بە بەهێزی لە گۆڕەپانی سیاسیدا، بەڵام نەوەكانی بەم شەرعییەتەوە توانای مانەوەیان نییە لەبەردەم نەوەی تازەپێگەیشتووی كورددا، تاكە چانسی بەردەمیان بوژاندنەوەی حزبە لەڕێگەی چاكسازیكردن لە پەیكەری حزبو دورخستنەوەی دەستی حزب لە بازاڕو ئیدارەدانی ناوچەی جێ نفوزی خۆیان بەشێوەیەكی سەردەمیانەو باشتر كە گونجاوبێت لەگەڵ هەلومەرجی ئێستادا.
كۆكردنەوەی ماڵێكی لێكترازاو
سەرباری ئەوەی كۆنگرەی چوارەم، یەكێتی لەسەر سینییەكی زێڕین رادەستی ماڵباتی تاڵەبانی كرد، بەڵام هێشتا ماڵەكەی یەكێتی ماڵێكی رێكخراو نییە.
یەكێتی لە ئاستی ناوخۆی هەرێمدا بەشدارە لە حكومەت، بەڵام نوێنەرەكانی لە حكومەت بەر لە ئەنجامی كۆنگرەی چوارەم دانراونو بەشێكی زۆریان تەبا نین لەگەڵ گوتاری سەركردایەتییە نوێیەكەی دوای كۆنگرە، ئەمە بەجۆرێك پێگەی یەكێتیو بڕیارە سیاسییەكانی لەناو حكومەت لە هەولێر لاوازكردووە.
لەسەر ئاستی عێراقیش، یەكێتی یەكێك لە گەورترین پۆستەكانی بەدەستەوەیە كە پۆستی سەرۆك كۆمارە (بەرهەم ساڵح)، سەرباری ئەوەی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق هێشتا فراكسیۆنێكی گەورەیەو خاوەنی (22) كورسییە، بەڵام بەم حاڵەشەوە هێشتا یەكێتی نەبوەتەوە بە خاوەنی پێگەكەی سەردەمی "مام جەلال"ی لە بەغداد.
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كە لە كۆنگرەی چواردا لەناو حزب لە پێگەی درا، وەكو پێویست هەماهەنگ نییە لەگەڵ سەركردایەتییە نوێیەكەداو بەتەنیاو وەكو ئاڕاستەیەك بۆخۆی كاردەكات.
لەسەر ئاستی پەیوەندییەكانی دەرەوەش، یەكێتی چەند ساڵێكە سەردەمە زێڕینەكەی تاڵەبانی بەجێهێشتووەو بەدۆخێكی ناسەقامگیردا گوزەر دەكات، تاڵەبانی لەیەك كاتدا تارانو ئەنكەرەو واشنتۆن لەبەرزترین ئاستیاندا ئیدارە دەدا، بەڵام خەمی گەورەی ئێستا سەركردایەتی نوێی یەكێتی پەیوەندییەكانە لەگەڵ پارتی.
یەكێتی بەرەو كوێ ؟
بەكارهێنانی كارتی دروستكردنی ناكۆكی لەناو ماڵباتی تاڵەبانی، لەدوای سەركردە كۆنەكانی حزب، ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستانیش كاری لەسەر دەكات.
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كە خۆی زۆر بەتوندی دەستوەردانی دەرەكی لە كاروباری ناوخۆی بنەماڵەكەی رەتدەكاتەوە، بەمدواییە دەستی بۆ دەستوەردان لە دۆخی ناوخۆی ماڵباتی تاڵەبانی برد.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییە كە پەیوەندییەكانی پارتیو یەكێتی ئاڵۆزی تێكەوتو نەیانتوانی پێكەوە كۆببنەوە، بارزانی پەیامی بۆ بافڵ تاڵەبانی ناردووەو داوای لێكردووە ئامادەكاری بكات بۆ كۆبونەوەی نێوان پارتیو یەكێتی.
لاهور شێخ جەنگیو دەوروبەرەكەی لەم پەیوەندییەی بارزانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی نیگەران بوون، ئەوان ترسیان هەیە بارزانی تا كۆتایی دان بە هاوسەرۆكایەتییەكەیاندا لەناو یەكێتی نەنێت، وا لێكیان دایەوە بارزانی دەیەوێت كێشە لەنێوان بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی دروست بكات.
بافڵ تاڵەبانی لەبەردەم لاهور شێخ جەنگیو مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا هەوڵەكەی بارزانی پشتڕاستكردەوە، بەڵام دڵنیایی پێدان لەوەی "یەكێتی خاوەنی یەك بڕیارە"، واتە ئەو بەبێ هاوسەرۆكەكەی تر كە لاهور شێخ جەنگی ئامۆزایەتی، ناچێتە ناو هیچ پەیوەندییەكی تایبەتەوە لەگەڵ پارتی.
پێناچێت بۆ ئەم قۆناغە گرەوكردنی بارزانیو پارتی لەسەر پەرتكردنی ماڵباتی تاڵەبانی ئاكامێكی هەبێت، چونكە دوو ئامۆزاكە لە قۆناغی سەرەتای كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی یەكێتیدانو لەم قۆناغەدا هەرجۆرە ناكۆكیو پەرتبونێك بەزیانی هەردوكیان كۆتایی دێت، بەڵام لەدور مەودادا رودانی ئەو پەرتبونە ئەگەرێكی بەهێزە.
تێكچوونی پەیوەندییەكانی ماڵباتی تاڵەبانی لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی، لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بوو، بارزانی تۆمەتباریان دەكات بەوەی "خیانەت"یان كردووەو كەركوكیان رادەستی حەشدی شەعبی كردووە، رێككەوتنی كشانەوەی پێشمەرگە لە كەركوك بافڵ تاڵەبانی كردویەتی، بەڵام بارزانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بافڵ ئاسایی كردوەتەوەو لە لاهور شێخ جەنگی نیگەرانو توڕەیە، پارتیو بارزانی تائێستا بەفەرمی دانیان بە لاهور شێخ جەنگی وەكو هاوسەرۆكی یەكێتیدا نەناوە، ئەمە یەكێكە لە سەرچاوەی نیگەرانیو ترسەكانی لاهور شێخ جەنگی لە داهاتووی سیاسی خۆی، ترس لەوەی لەداهاتوودا یەكێتی بەتەواوەتی بكەوێتە دەست بافڵ تاڵەبانیو پارتی لەمەدا گەمەكە یەكلابكەنەوە، لەبەرامبەر ئەم هەوڵەدا لاهور شێخ جەنگی بۆ ئەم قۆناغە زیاتر هەوڵی نزیكبونەوەی لە بزوتنەوەی گۆڕان دەداتو دەیەوێت پارسەنگەكەی ناو یەكێتی بە بزوتنەوەی گۆڕان رێكبخاتەوە.
نەوەی دووەمی تاڵەبانییەكان، سەرباری ئەوەی لەدوای مردنی تاڵەبانی باوكەوە كۆنترۆڵی داراییو هێزی چەكدارو پەیوەندییەكانی حزبیان كرد، بەمەوە رانەوەستان، بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی حزب پەنایان بۆ گوتاری سیاسی توند دژ بە پارتی برد، ئەمە مانۆرێكی سەركەوتوو بوو بۆ كۆكردنەوەی بنكەی جەماوەری حزب لە دەوری خۆیان، ئەوان باش لەوە تێگەیشتبوون بەوتنەوەی دروشم دژ بە پارتی، لە سلێمانی مەڵبەندی دەسەڵاتی حزبەكەیان، ئەستێرەیان دەدرەوشێتەوە.
نەوەكانی تاڵەبانی بۆ كۆنترۆڵكردنی یەكێتی، بەسەر پشتی پارتیدا سەركەوتن، بەڵام ئێستا بۆ مانەوەیان پێویستیان بەوەیە پارتی دانیان پێدا بنێت.
پارتیش هەر لەسەرەتاوە، دوای هەڵبژاردنی هاوسەرۆكەكانی یەكێتی، بەچەند قۆناغێك مامەڵەی لەگەڵ یەكێتییە نوێیەكان كردووە، سەرەتاو لە قۆناغی یەكەمدا بەهیچ شێوەیەك ئامادە نەبوو دان بە هاوسەرۆكەكاندا بنێتو لەبری ئەوە هەوڵی گەڕاندنەوەی سەركردە كۆنەكانی یەكێتی دەدات، واتە ئەوانەی ئێستا لەناو ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی بە سەرۆكایەتی كۆسرەت رەسوڵ كۆبونەتەوەو پێكهاتوون لە مەكتەب سیاسییەكانی پێشتری یەكێتی، پارتی لە گەڕاندنەوە مەكتەب سیاسییە كۆنەكە بۆسەر شانۆی یەكێتی سەركەوتوو نەبوو، لەقۆناغێكی تردا هەوڵی جیاكردنەوەی هاوسەرۆكەكان دەدات، ئەگەر ئەم هەوڵەش سەركەوتوو نەبێت، پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچین پارتی دان بە هەردوكیاندا بنێتو مامەڵەیان لەگەڵ بكاتو لەپێگە جەماوەرییەكەیان بدات لەناوخۆی یەكێتیو كۆتایی بە بەكارهێنانی كارتی دژایەتی پارتی بۆ مانەوەیان بەبەهێزی لەناو یەكێتیدا، بهێنێت.
بڕیارە چەند رۆژی داهاتوو، مەكتەبی سیاسی پارتیو یەكێتی كۆببنەوە، ئەمە سەرەتای قۆناغێكی نوێیە لە پەیوەندی نێوان هەردوو حزب.
ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو یەكێتی گورزێكی بەهێز لە بزوتنەوەی گۆڕان دەدات، پارتی تائێستا بۆ سەرەنجڕاكێشانی یەكێتی، بەباشی سودی لە كارتی گۆڕان وەرگرتووە، لەپێكهێنانی حكومەتدا زیاد لەپێویست رەچاوی پشكی گۆڕانی كرد، بەڵام پێناچێت دۆخەكە بەوشێوەیە بەردەوام بێت، بەتایبەتی ئەگەر یەكێتییە نوێیەكان جێ پێی خۆیان لە گۆڕەپانەكەدا لەگەڵ پارتی جێگیربكەن.
چیرۆكی یەكێتی
دوان لە دامەزرێنەرە دیارەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە بریتین لە هەریەكە لە (جەلال تاڵەبانی)و (نەوشیروان مستەفا) لەڕێگەی نوسینو چاوپێكەوتنی رۆژنامەوانییەوە چیرۆكی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانییان گێڕاوەتەوە.
بەپێی قسەی نەوشیروان مستەفا" مام جەلال لەسەرەتادا رەئی وابو كە هەمو تێكۆشەرانی كورد لە چەپەوە بۆ راست لە یەك رێكخراوی فراوان دا یەك بخرێن، بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندی لەگەڵ زۆر كەس كردبو بەتایبەتی لەگەڵ ئەو ئەندامانەی كۆمیتەی ناوەندی پارتی كە هاتبونەدەرەوە و، لەگەڵ ئەوانەی نوێنەری بارزانی بون، ئەم بیرە سەری نەگرت".
جەلال تاڵەبانی كە یەكەمو دواین سكرتێری گشتی یەكێتی بوو، رۆژی (3/10/2017) كۆچی دوایی كرد، ئەو لە ساڵیادی یەكێتیدا لە 2012 بەمشێوەیە باس لە دامەزراندنی یەكێتی دەكات" منو دكتۆر فوئاد مەعسوم لە كۆمیتەی كاروباری عەرەبی پارتی دیموكراتی كوردستان لەنێوان بەیروتو قاهیرەو دیمەشق كارمان دەكرد، ئێمە لەوێ ووردە وردە دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانمان گەڵاڵە كرد، لە چایخانەیەك كۆبوینەوە بەناوی (تولەیتولە) لە دیمەشق، منیان تەخویل كرد بەیانەكە بنوسم، بەیانی دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بەیاننامەی یەكەمم نوسی، ئەو كەسانەی كە كارەكەیان دەستپێكرد بریتی بوون لە (مام جەلال، د. كەمال فوئاد، د. فوئاد مەعسوم، عەبدولڕەزاق فەیلی، لەو ماویەیەدا من چوم بۆ ئەوروپا، پێشتر پەیوەندیم هەبووە بە كاك نەوشیروان مستەفا، ئاگاداری كاك نەوشیروانم كرد، كاك نەوشیروان فكرەكەی پێ باش بوو، دواتر چوین لە بەرلین كۆبوینەوە پاش ئەوەی كە لەكوێ كۆبوینەوە لەگەڵ نەوشیروان مستەفاو عومەر شێخموس، بەوجۆرە دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوین بە 7 كەس، لەوێ بڕیارماندا دوای ساڵێك لە دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان شۆڕش هەڵگیرسێنینەوە".
نەوشیروان مستەفا كە یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی یەكێتی لە (19/5/2017) كۆچی دوایی كرد، لە كتێبەكەیدا (لە كەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ) سەبارەت بە چیرۆكی دامەزراندنی یەكێتی دەنوسێت:" دۆستایەتی من لەگەڵ مام جەلال ئەگەڕایەوە بۆ ساڵی 1961 ئەو كاتەی لێپرسراوی لقی سلێمانی پارتی بو، چەندجارێ تەلەفۆنی بۆ كردم و نامەی بۆ ناردم، داوای لێكردم خۆم ئامادە بكەم بۆ بەشداری لەو رێكخراوە تازەیەدا كە خەریكی دامەزراندنێتی و، بۆ گەڕانەوە بۆ وڵات، ئەگەر چی ماوەیەكی درێژ بو من لە كوردستان دور بوم، بەڵام (ئیلتیزامی ئەخلاقی و ئەدەبی) بە كۆمەڵەو بە مام جەلالیەوە بەست بوم، بەجوانم نەئەزانی لەژێری دەربچم، یەكسەر وتم: كەی داوات كرد بەسەرچاو ئامادەم، جارێكیان لە وەڵامی نامەیەكی دا بۆ ئەوەی دڵنیایی بكەمەوە لەوەی من هەر لەسەر بەڵێنە كۆنەكەی خۆم ماوم، سەرەتای نامەكەم بەم شیعرەی "سالم" دەستپێكرد:
ئەی قیبلەی مورادم ئاخۆ بە رۆژگاران
جارێ لە كەس ئەپرسی حاڵی غەریبی تاران
بەو سوێندەی كە خواردم: من هەر ئەوەم كە دیوتم،
حاشا بكەم فەرامۆش، میساق و عەهدی جاران
بەڵێنم دایە هەر كارێ بۆ دەستپێكردنەوەی شۆڕش دەس پێ بكەن، من واز لە هەمو شتێكی خۆم ئەهێنم لە ڤیەننا و، لەگەڵیان ئەبم، بەڵام ئەو ماوەیە من ئازادی هاتوچۆم نەبو، پاسپۆرتەكەم عێراقی بو. سەفارەت بۆیان تازە نەكردبومەوە، نەمئەتوانی هاتوچۆ بكەم. لە ڤییەنا گیرم خوارد بو.
بەپێی گێڕانەوەی نەوشیروان مستەفا، تا ئەوكاتەی یەكێتی دامەزراوە، ئەو خۆی خوێندكاری دكتۆرا بووە لە ڤیەننا، د. فوئاد مەعسوم نوێنەری بارزانی بووە لە قاهیرە، عادل سەرۆكی یەكێتی قوتابیانی كوردستان بووە، عەبدولڕەزاق فەیلی ئەندامی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی لاوان بووە، مام جەلالیش وەكو خۆی دەڵێت پێش دامەزراندنی یەكێتی لە كۆمیتەی كاروباری عەرەبی پارتی دیموكراتی كوردستان لە نێوان بەیروت و قاهیرەو دیمەشق كاری كردووە،.
رۆژی 22/2/1975 لە (دیمەشق)ی پایتەختی سوریاو چایخانەی (تولەیتولە) لە گەرەكی (ئەبو رمانە) یەكەم كۆبونەوەی دەستەی دامەزرێنەر بەڕێوەچوو، بەشداربوانی (مام جەلال، د. فوئاد مەعسوم، د. كمال فوئاد، عادل موراد، عەبدولرەزاق فەیلی)، نەوشیروان مستەفا نەیتوانی بەشدار بێت لە كۆبونەوەكە وەكو خۆی لە كتێبی (لە كەناری دانوبەوە بۆ خڕەی ناوزەنگ) باسی دەكات ئەو بەشداری نەكردووە بەهۆی ئەوەی كێشەی پاسپۆرتی هەبووە و باڵیۆزخانەی عێراق پاسپۆرتیان بۆ تازە نەكردوەتەوە و نوسیویەتی" من ئەوسا هێشتا لە ڤیەننا نەجوڵابوم، لەبەرئەوەی لە داڕشتنی بیرەكانی ئەم بەیانەدا بەشدار نەبوم".
عومەر شێخموس یەكێكی تر بوو لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر كە بەشداری یەكەم كۆبونەوەی نەكرد، ئەوەش بەهۆی ئەوەی شێخموس كوردی سوریا بوو، نەیتوانیوە گەشتی سوریا بكات.
كۆبونەوەی دووەمی دەستەی دامەزرێنەرانی یەكێتی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لە رۆژی 27/5/1975 بەسترا، كۆبونەوەكە بە سەرپەرشتی مام جەلال هەندێك گۆڕانكاری لە پرۆژەی یەكێتیدا كردو بە فەرمی پرۆژەی راگەیاندنی یەكێتی وەكو حزبێكی سیاسی نوێ دوای نسكۆ لە رۆژی 1/6/1975 بڵاوكراوە.
بەپێی گێڕانەوەی نەوشیروان مستەفا" مام جەلال یەكەمین بەیانی راگەیاندنی دامەزراندنی یەكێتی بە عەرەبی، لە شام و پاش باس كردنی لەگەڵ د. فوئاد و عادل و عەبدولڕەزاق، لە 22/5/75 دا نوسی بو و، بڵاوی كردبوەوەو، بۆ كەمال فوئادیشیان نارد بو لە ئەوروپا بڵاوی بكاتەوە، ئەویش دوای ئەوەی هەندێ دەستكاری تێدا كرد بوو لە 1/6/75 دا بڵاوی كردەوە".
ترۆیكای یەكێتی
یەكێتی نیشتمانی كە دامەزرا وەكو گالیسكەیەك بوو كە سێ ئەسپ رایدەكێشن كە ئەوەش لە زمانی سیاسیدا پێی دەوترێت "ترۆیكا"، دامەزراندنی یەكێتی ئەزمونێكی نوێ بوو، چونكە لە (3) رێكخراوی جیاوازو (3) سەركردایەتی جیاواز پێكهاتبوو، كە هەرسێكیان سەربەخۆیی رێكخراوەیی تەواویان هەبوو:
• كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان لە 10/6/1970 بە نهێنی دامەزرا
• بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان
• هێڵی گشتی
سەرباری جیابونەوەو هەوڵەكانی جیابونەوەی لەسەردەمی خەباتی شاخ، دواجار ئەم "ترۆیكا"یە تێكچوو، ئەسپەكان گالیسكەكەیان بەجێهێشت، نەوشیروان مستەفا وەكو یەكێك لە دامەزرێنەرەكان ساڵی 2009 لە یەكێتی جیابوەوەو بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزراند، ئەمە سەرەتای تێكچوونی پەیكەری رێكخراوەیی یەكێتی بوو بەشێوەیەك كە كاریگەری لەسەر دۆخی ئێستای حزبەكەو یەكلابونەوەی بۆ ماڵباتی تاڵەبانی هەبوو.
مشتومڕی دەستەی دامەزرێنەر
دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی زۆرجار مشتومڕی لەسەر دروستبووە، هەندێكجار لە كاتی وتارەكانیدا لە یادی یەكێتی یان كۆنفرانس و كۆنگرەكاندا جەلال تاڵەبانی ناوی یەكیان دەپەڕاند یاخود ناوی نەدەهێنان، ئەوەش نیگەرانی دروستدەكرد.
لە كۆنگرەی سێیەمی یەكێتیدا، مام جەلال ناوی ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرانی یەكێتی خوێندەوە، بەڵام ناوی د. فوئاد مەعسوم نەهێنا، فوئاد مەعسوم توڕە بوو، هێشتا مام جەلال وتارەكەی تەواو نەكرد، فوئاد مەعسوم بە پارچە كاغەزێكی بچوكدا نامەیەكی بۆ مام جەلال نارد، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەو نامەیەدا فوئاد مەعسوم بۆ مام جەلالی نوسیوە" ناوم دەهێنی یان بچمە دەرەوە"، پاشان مام جەلال ناوی فوئاد مەعسومی هێنا، هەندێك پێیان وابوو مام جەلال بیری چووە ناوی فوئاد مەعسوم بهێنێ، هەندێكیش پێیان وابوو مام جەلال بە ئەنقەست ناوی نەهێناوە.