Draw Media

لەنزیك بارەگای بارزانی موچەی (90) كارمەند دزرا

لەنزیك بارەگای بارزانی موچەی (90) كارمەند دزرا

2020-05-28 15:13:51



(درەو):
لە نزیك بارەگای بارزانی‌و ماڵی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، موچەی (90) كارمەندی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ناحیەی پیرمام لەلایەن كارمەندێكەوە دزرا.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەر لە جەژنی رەمەزان، كە موچەی مانگی یەكی 2020 دابەشكرا، لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ناحیەی پیرمام، كارمەندێك لە بری كامەندانی فەرمانگەكە لە بانك پارەكەی وەرگرتووە.
دوای وەرگرتنی پارەی (90) كارمەندی فەرمانگەكەی، ئەو كەسە نەگەڕاوەتەوە‌و تەلەفۆنەكەی داخستووە، لەوكاتەوە بێسەروشوێنە‌و هاوكارەكانی جەژنی رەمەزانیان بەبێ موچە بەڕێكردووە.
هونەر عومەر كۆڕێ یەكێك لە چالاكوانەكانی سنورەكە بە (درەو)ی راگەیاند، ئەو كارمەندەی كە پارەی فەرمانبەرەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی پیرمامی بردووە تائێستا دەستگیرنەكراوە، هێزە ئەمنییەكان بە كارمەندانی فەرمانگەكەیان وتووە نابێت لای كەس باسی ئەو كێشەیە بكەن.
بەپێی زانیارییەك كە لە سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كێشەكە دەست (درەو) كەوتووە، ئەو كەسەی كە پارەی فەرمانبەرەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی پیرمامی بردووە، دایكی عەرەبە‌و خەڵكی شاری تكریتی سەربە پارێزگای سەلاحەدینە، گومان دەكرێت دوای بردنی پارەكە رووی لەو ناوچەیە كردبێت.
فەرمانگەی ئاوی پیرمام (90) كارمەندی هەیە، سەرباری ئەمە دەوترێت ژمارەیەك كارمەندی گرێبەستی هەیە، كۆی گشتی پارەی موچەی ئەو فەرمانبەرانە زیاتر لە (50 ملیۆن) دینارە.
فەرمانگەی ئاوی پیرمام دەكەوێتە دوری كەمتر لە سێ كیلۆمەتر لە "بارەگای بارزانی" سەرۆكی پارتی دیموكراتی‌و ماڵی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
مەسرور بارزانی ماوەیەكە كۆبونەوە فەرمییە حكومییەكانی لە بارەگا تایبەتییەكەی لە پیرمام بەڕێوەدەبات.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand