لە كێڵگەیەكی بچوکەوە بۆ کۆمپانیایەکی جیهانیی
2018-03-22 13:35:28
لە فرۆشتنی شقارتەوە بووە خاوەنی 60 ملیار دۆلار
هەندێك جار خاك و خۆڵ لەبەردەستی هەندێك كەسی خۆشبەختدا دەبێتە زێڕ، ئەوەش بەسەر ملیاردێری سویدی " ئەنگفار كامبراد " دا هات كە توانی كێڵگەیەكی بچوك لە یەكێك لە ساردترین وڵاتانی دنیاوە بكاتە ئیمپراتۆریەتێكی دارایی لە 49 وڵاتی جیهاندا و لە 28ی شووباتی رابردوودا لە تەمەنی 91 ساڵیدا كۆچی دواییكرد.
كامبرادی ملیاردێر لە تەمەنی 17 ساڵیدا و پێش ئەوەی بڕوانامەی ئامادەیی بەدەستبهێنێت كۆمپانیای "ئیكیا" ی دامەزراند كە ئەمڕۆ بووەتە یەكێك لە براندە جیهانییەكانی بازاری كەلوپەلی ناوماڵ لە جیهاندا و لێرەوە چیرۆكی سەركەوتنی 70 ساڵەی ئەم پیاوە دەستیپێكرد..
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی كە سایتی " عەرەبییە نێت" لە چەندین سەرچاوەوە كۆیكردوەتەوە بە گوێرەی راپۆرتی رۆژنامەوانی سایتی ( sweden.se ) كامبراد لە كێڵگەیەكی بچوكی زێدی خۆی لە گوندی " ئاگوانیاردی" سوید لەدایكبووە و گەورە بووە و ژیانی منداڵی زۆر سەخت بووە و كاتێك تەمەنی گەیشتوەتە پێنج ساڵ دەستی بە كار كردووە و شقارتە و كەلوپەلی ئاسایی و هەرزانی بە دراوسێكانی فرۆشتووە و بەڵام دوای ئەوەی چانسی ئەوەی هەبوو لە تەمەنی 10 ساڵیدا بووە خاوەنی پایسكیلێك بە خێرایی پەرەی بە كارەكەیدا و بوووە فرۆشیارێكی گەڕۆك و قەڵەم و دەفتەر و پێداویستی تری بەسەر خوێندكاراندا دابەشدەكرد و بەوەش قازانجێكی بەرچاوی بەدەستهێنا.
لە ساڵی 1943 و 1944 كامبرادی لاو لە فراوانترین دەروازەوە چووە جیهانی بازرگانییە و توانیی كۆمپانیای " ئیكیا" بۆ فرۆشتنی كەلوپەلی ناوماڵ و راخەر دابمەزرێنێت و لە ساڵی دواتردا دەستیكرد بە داهێنان لە بواری دابینكردنی كەلوپەلی ناوماڵ بۆ هەژاران و ئەوانەی خاوەن داراییەكی مامناوەندیی و خاوەنی خانووی بچوكن و لەو بوارەشدا سەركەوتنی بەرچاوی بەدەستهێنا.
لە ساڵی 1944 كامبراد بە سەرمایەیەكی زۆر كەم كۆمپانیای " ئیكیا"ی دامەزراند كە بریتیی بوو لە بەخشینێكی دارایی باوكی و ئەویش بەكاریهێنا و كردیە سەركایەی پرۆژە بازرگانییەكەی " ئیكیا" كە دوای چەند دەیەیەك بووە ئیمپراتۆریەتییكی دارایی و بازرگانی.
لە ساڵی 1947 كۆمپانیای " ئیكیا" داواكاری هاوڵاتیانی دەگەیاندە ماڵەكان و هاوڵاتیانی سوید دەیانتوانی لە كۆمپانیاەكی كەلوپەل بكڕن و بۆیان ببرێتە ماڵەوە، بۆ ئەوەش كامبراد سودی لە ئۆتۆمبیلی دابەشكردنی شیر بینی كە لە كێڵگەكەیدا بۆ دابەشكردی شیر بەكاردەهێنرا.
لە ساڵی 1955دا كۆمپانیای " ئیكیا" رووبەڕووی گەورەترین هەڕەشە بوەوە، كامبراد تووشی چۆك بوو كاتێك كارگەكانی سوید بڕیاریاندا بایكۆتی بكەن بەهۆی ئەوەی كەلوپەل و راخەر بە نرخێكی هەرزان دەفرۆشێت، ئەویش هیچی بەرامبەر ئەوە جگە لە دیزاینكردن و بەرهەمهێنانی چەند بەرهەمێك لە ناو ماڵەكەی خۆی و كارگەكەیدا هیچ وەڵامێكی تری نەبوو، ناچار بوو پشت بە خودی خۆی ببەستێك لە ترسی هەرەسهێنانی پرۆژە بازرگانییەكەی.
پاشان كامبراد توانی بیرۆكەی " بەستنی خودی كەلوپەلەكان"دابهێنێت و كڕیارەكان بتوانن خۆیان كەلوپەلەكانی ناوماڵ ببەستن و لەوەشدا سەركەوتوو بوو وەك راپۆرتەكەی سایتە سویدییەكە باسی لێوەكردووە ئەو بیرۆكەیە لەوانەیە لەو بایكۆتكردنەوە هەڵقوڵابێت و دواتر " ئیكیا" بووە براندی ژمارە یەك لە سوید و لەسەر ئاستی جیهانیش بووە براندێكی جیهانی لە بازاڕی كەلوپەلی ناوماڵ و " ئەنگفار كامبراد "لە رۆژی 28ی شوباتی 2018 كۆچی دواییكرد و " ئیكیای" لە كاتێكدا بەجێهێشت كە بووەتە ئیمپراتۆریەتێكی دارایی و بازرگانی زەبەلاح لە 49 وڵاتی جیهاندا و كەم ماڵ و خانووش هەیە ئێستا بەرهەمێكی ئیكیای تێدانەبێت.
ئامادەکردنی: نامیق رەسول