27 ملیار دۆلاری قەرزەكە لەبەردەم پەرلەماندا
2020-05-27 19:31:51
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
بەرەی ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمانی كوردستانەوە دەیانەوێت لەبارەی (27 ملیار) دۆلاری قەرزەكانەوە، سەرەتای قۆناغی لێپرسینەوە لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دەستپێبكەن، مەسرور بارزانی یەكەم ئەزمونی بانگهێشتكردن لە پەرلەمان روبەڕووی دەبێتەوە، ئایا دەچێتە بەردەم پەرلەمان؟ هەڵوێستی فراكسیۆنی یەكێتیو گۆڕان وەكو دوو لایەنی پێكهێنەری حكومەت لەگەڵ پارتیدا چی دەبێت ؟ سەرۆكایەتی پەرلەمان چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسەكەدا دەكات ؟ حكومەت بە شەفافی وردەكاری قەرزەكانی بۆ پەرلەمانو رایشگتی رادەگەیەنێت ؟
گەمەیەكی نوێ لە پەرلەمان
پەرلەمانی كوردستان كە هێشتا بەنجی كەیسی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار (سۆران عومەر) بەرینەداوە، لەدوای پشووی جەژنەوە دەكەوێتە ناو گەمەیەكی سیاسی نوێوە كە رەنگە زیاتر فراكسیۆنەكان لە یەكتر دوربخاتەوە.
17 پەرلەمانتاری سەربە فراكسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەكان نوسراوێكیان ئامادەكردووەو دەیانەوێت ئاڕاستەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی بكەن.
لە نوسراوەكەدا داوادەكەن پەرلەمان دانیشتنێكی ئاسایی گرێبداتو سەرۆكی حكومەتو جێگرەكەیو وەزیری دارایی ئامادەبنو بەڵگە بخەنەڕوو لەبارەی ئەو (27 ملیار) دۆلارە قەرزەی كە مەسرور بارزانی لە وتارێكیدا بەر لە جەژنی رەمەزان باسی كرد.
فراكسیۆنی گۆڕانیش كە حزبەكەی یەكێكە لە لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەتو خاوەنی (12) كورسییە لە پەرلەمان، دەیەوێت داواكارییەكی هاوشێوە پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكات.
17 پەرلەمانتارەكەی ئۆپۆزسیۆن، لە جوڵاندنی ئەم دۆسیەیەدا هەرسێ لایەنەكەی پێكهێنەری حكومەتیان كردوەتە ئامانج، مەسرور بارزانی وەكو سەرۆكی حكومەت لە پارتیو قوباد تاڵەبانی وەكو جێگری سەرۆكی حكومەت لە یەكێتیو ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لە بزوتنەوەی گۆڕان، هەندێك ئەمە وەكو راگرتنی باڵانس لەنێوان پێكهێنەرەكانی حكومەت لێكدەدەنەوە.
بەڵام نوسراوەكەی گۆڕان بۆ بانگكردنی حكومەت بۆ پەرلەمان لەبارەی كەیسی قەرزەكانەوە، ناوی هیچ یەكێك لە سەرۆك وەزیرانو بەرپرسانی حكومەت ناهێنێتو تەنیا داوا دەكات "ئەنجومەنی وەزیرانو لایەنی پەیوەندیدار" لەوبارەیەوە رونكردنەوە بە پەرلەمان بدەن.
فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانیش كە حزبەكەی یەكێكە لە لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت، نایەوێت لەم بابەتەدا پێشڕەوی بكاتو چاوی لەوەیە فراكسیۆنەكانی تر سەرۆكی حكومەت بانگهێشتی پەرلەمان بكەن.
(درەو) زانیویەتی، لەناو فراكسیۆنی یەكێتییەوە هەوڵێكی لەوشێوەیە هەبووە، بەڵام تیمی حزبەكە لە حكومەت بەدیاریكراوی قوباد تاڵەبانی ناڕازییە، بەوپێیەی ئەو وەكو جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە كابینەی پێشوو و كابینەی ئێستاشدا ئاگاداری وردەكاری ئەو قەرزانە بووەو ناكرێت یەكێتی گومانی لەسەر دروست بكات.
پەرلەمان ئێستا لە پشووی جەژنی رەمەزاندایە، رۆژی یەكشەممە دەوام دەكرێتەوەو داواكارییەكان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكرێن.
داواكاری بۆ لێكۆڵینەوە لە قەرزەكانی حكومەت بابەتێكی نوێ نییە، پێشترو لە مانگی ئەیلولی 2019دا پەرلەمانتار سۆران عومەر لە فراكسیۆنی كۆمەڵ پرسیارێكی لەوبارەیەوە ئاڕاستەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت كردووە، بەڵام سەرۆكی حكومەت تائێستا وەڵامی نەداوەتەوە.
پەیڕەوی ناوخۆ چی دەڵێ ؟
ئەو پەرلەمانتارانەی كە بانگهێشتی سەرۆكی حكومەتو جێگرەكەیو وەزیری داراییان كردووە بۆ پەرلەمان بۆ خستنەڕووی بەڵگە لەبارەی (27 ملیار) دۆلاری قەرزەكەی حكومەت، پەنایان بۆ ماددەی (66)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بردووە.
ماددەی (66) تایبەتە بە "خستنەڕووی بابەتێكی گشتی بۆ گفتوگۆ"، بەڕای ئەو پەرلەمانتارانە بابەتی قەرزەكانی حكومەت كە مەسرور بارزانی باسی كرد، بووە بە بابەتێكی گشتیو ئێستا هەموان قسەی لەسەر دەكەن، رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یەكێك لەو كەسانە بوو رەتیكردەوە حكومەت ئەو بڕە پارەیە قەرزار بێت، بۆ ئەمەش ئاماژەی بەوەكرد، قەرزكردن دەبێت لە پەرلەمانەوە یاسای بۆ دەربچێتو ئەو بڕە پارەیەی كە سەرۆكی حكومەت باسی كردووە، هیچ یاسایەك بۆ قەرزكردنی دەرنەچووە.
بەپێی بڕگەی یەكەم لە ماددەی (66)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، (10) كەس لە ئەندامانی پەرلەمان دەتوانن داواكارییەك پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكەن بۆ ئەوەی بابەتێكی گشتی بخرێتەڕوو، بۆ گفتوگۆ لەنێوان پەرلەمانو حكومەتدا.
لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان لە بری (10) كەس، ئیمزای (17) پەرلەمانتاریان كۆكردوەتەوە، بەپێی هەمان ماددە، سەرۆكایەتی پەرلەمان دەبێت لەماوەیەكدا كە لە (14) رۆژ تێپەڕنەكات، وادەی ئەو دانیشتنە دیاری بكات.
ماددەی (66) تەنیا بۆ گفتوگۆكردنە لەسەر ئەو بابەتە گشتییەی كە باسكراوە، واتە سەرناكێشێت بۆ (پرساندن) یاخود لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆكی حكومەت یاخود كابینەكە.
لە گفتوگۆوە بۆ پرساندن
ماددەی (67)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، ئاماژەی بەوەكردووە، ئەگەر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان رازی نەبوو لەسەر ئەوەی ئەو بابەتە گشتییە بخرێتە گفتوگۆوە لەناو پەرلەمانداو لەبەرامبەریشدا ئەو پەرلەمانتارانەی كە داوایان كردووە سوربوون لەسەر ئەوەی بخرێتە گفتوگۆوە، ئەوكاتە بابەتەكە دەخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ یەكلاكردنەوەی.
ئێستا تەنیا پەرلەمانتاری لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان داوایان هەیە بۆ ئەوەی بابەتەكە بخرێتە گفتوگۆوە، بەڵام ئەگەر سەرۆكایەتی پەرلەمان كە پارتی زۆرینەی بەدەستەوەیە، داواكەیان رەتبكاتەوەو بابەتەكە بكەوێتە بەردەم پەرلەمان بۆ یەكلاكردنەوەی، فراكسیۆنەكانی یەكێتیو گۆڕانیش كە بەشدارن لە حكومەت، ناچار دەبن قسەیان هەبێتو بڕیاری خۆیان لەوبارەیەوە یەكلابكەنەوە.
لە حاڵی ئامادەبوونی سەرۆكی حكومەتو جێگرەكەیو وەزیری دارایی لەبەردەم پەرلەماندا، ئەگەر وەڵامەكانیان بۆ پەرلەمانتاران قایلكەر نەبوو، بەپێی ماددەی (68)ی پەیڕەوی ناوخۆ پەرلەمانتاران دەتوانن پەنا بۆ "پرساندن"ی حكومەت ببەن، ئەم مادەیەش رێوشوێنی تایبەت بەخۆی هەیە، بانگهێشتكردنی سەرۆك وەزیران بۆ پرساندن لە پەرلەمان دەبێت لەسەر بنەمای داواكارییەك بێت كە یەك لەسەر پێنجی پەرلەمانتاران ئیمزایان كردبێت، واتە لە كۆی (111) پەرلەمانتار، (22) پەرلەمانتار داواكە پێشكەش بكەن، خۆ ئەگەر داوای پرساندنی ئەنجومەنی وەزیران بە تێكڕا بكرێت، دەبێت یەك لەسەر شەشی پەرلەمانتاران داواكارییەكە پێشكەش بكەن، واتە لە كۆی (111) پەرلەمانتار، (19) پەرلەمانتار ئیمزا لەسەر نوسراوێك بكەن بۆ پرساندنی حكومەت لەسەر بابەتێك.
دوای جێبەجێبوونی هەموو مەرجە یاساییەكانی پرساندن، لەماددەی (74)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا رێوشوێنی لێسەندنەوەی متمانەی لە حكومەت دیاریكراوە، ئەمەش لەحاڵێكدا دەبێت كە وەڵامەكانی لایەنی حكومەت بۆ پەرلەمانتاران لەبارەی ئەو بابەتەی كە پرساندنی بۆ كراوە، قایكەر نەبن، لەم حاڵەتەدا سەندنەوەی متمانە لە حكومەت دەخرێتە دەنگدانەوە.
وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆكی حكومەت پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەیە، واتە لەكۆی (111) پەرلەمانتار (75) پەرلەمانتار دەنگ بدەن بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆكی حكومەت.
بەڵام لێسەندنەوەی متمانە لە ئەنجومەنی وەزیران بە تێكڕا، پێویستی بە دەنگی زۆرینەی "رەها"ی ئەندامانی پەرلەمان هەیە، واتە لە كۆی (111) ئەندام (56) ئەندام دەنگ بدەن بۆ سەندنەوەی متمانە لە حكومەت.
ماددەی (75)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان نوسیویەتی: ئەگەر پرساندن بە وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆك وەزیران كۆتایی پێهات، ئەوا كابینەی حكومەت بە دەستلەكاركێشاوە ئەژماردەكرێتو وەكو حكومەتی كاربەڕێكەر بەردەوام دەبێت تا ئەوكاتەی بەپێی یاسا كارپێكراوەكان كابینەی نوێ پێكدەهێنرێت.
لە فوئاد مەعسومەوە بۆ مەسرور بارزانی !
پەرلەمانی كوردستان تەمەنی (28) ساڵە، لەم ماوەیەدا سەرباری ئەو قەیرانانەی كە دوچاری بووەو زۆرجار لەبەردەم دەسەڵاتی جێبەجێكردندا بچوكتر دەركەوتووە، بەڵام تاڕادەیەك مێژوویەكی لە بانگهێشتكردنو لێپرسینەوە لە سەرۆك وەزیرانەكاندا هەیە.
یەكەمین سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كە فوئاد مەعسوم بوو، ساڵی 1992 لە پەرلەمان بانگهیشتكراو لەبارەی دۆخی داراییو خزمەتگوزارییە گشتییەكانەوە لێپرسینەوەی لێكرا.
بەرهەم ساڵح كە ساڵی 2010 بۆ 2012 سەرۆك وەزیران بوو، لەسەر دۆسیەی رووداوەكانی (17ی شوبات) لە پەرلەمان لێپرسینەوەی لێكرا تا ئەو رادەیەی سەندنەوەی متمانە لێی لەناو پەرلەماندا خرایە دەنگدانەوە، بەڵام وەرگرتنەوەی متمانە لێی دەنگی پێویستی نەهێنا.
نێچیرڤان بارزانی كە لە (17) ساڵی رابردوودا سەرۆك وەزیران بووە، چەندینجار بانگهێشتی پەرلەمان كراوە بۆ گفتوگۆ، بەڵام سەرباری هەموو ئەمانە لە مێژووی پەرلەمانی كوردستاندا تائێستا هیچ حاڵەتێك تۆمارنەكراوە پەرلەمان لەسەر دۆسیەیەك متمانە لە سەرۆكی حكومەت یان وەزیرێكی حكومەت وەربگرێتەوە، لەم خولەشدا كە پارتی زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستەوەیە، سەندنەوەی متمانە لە حكومەتی مەسرور بارزانی ئەگەرێكە كە هەرگیز رونادات.
مەسرور بارزانی كە ماوەی زیاتر لە (10) مانگە پۆستی سەرۆكی حكومەتی وەرگرتووە، یەكەمجارە روبەڕووی داواكارییەك دەبێتەوە بۆ ئەوەی بچێتە بەردەم پەرلەمان، پەرلەمانێك كە پێشتر خۆی لەوێوە متمانەی وەرگرتووەو سەرچاوەی شەرعییەتی دەسەڵاتەكەیەتی.
مەسرور بارزانی دەچێتە پەرلەمان ؟
بابەتی بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت بۆ بەردەم پەرلەمان، ئەزمونێكی نوێیە كە روبەڕووی مەسرور بارزانی دەبێتەوە، بەفەرمی دیار نییە مەسرور بارزانی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ئەزمونە نوێیەدا دەكات، (درەو) پەیوەندی بە جوتیار عادل وتەبێژی فەرمی حكومەتو نورەدین وەیسی بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانەوە كرد بۆ زانینی هەڵوێستی سەرۆكی حكومەت لەبارەی بانگهێشتەكەی پەرلەمانەوە، هەردوو بەرپرسەكە وەڵامی پەیوەندییەكانیان نەدایەوە.
بەڵام (درەو) لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیویەتی، مەسرور بارزانی لەسەر داوای ئەو پەرلەمانتارانە ناچێتە بەردەم پەرلەمانو لەڕێگەی ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانو ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە راپۆرتێك لەبارەی وردەكاری ئەو (27 ملیار) دۆلارە قەرزەوە پێشكەشی پەرلەمان دەكات.
بەر لەوەی لەناو پەرلەمانەوە هەوڵی بانگهێشتكردنی حكومەت بدرێت، دوێنێ نوسینگەی سەرۆك وەزیران راگەیەندراوێكی لەبارەی قەرزەكانەوە بڵاوكردەوە، تێیدا دەڵێ:" جەنابی سەرۆكی حكومەت بەڵێنیداوە لەگەڵ هاوڵاتیانماندا شەفاف بین، بەڕێزیان (بەڕێوەبەرایەتی بەرێوەبردنو هەماهەنگی قەرزی گشتیی لە ئەنجومەنی وەزیران) راسپاردووە، تاكو لە زووترین كاتدا راپۆرتێكی ورد لەسەر هەموو قەرزو ئیلتیزاماتی دارایی حكومەتی هەرێم ئامادە بكەن، بۆ ئەوەی ئاڕاستەی پەرلەمان و ڕای گشتیی هەرێمیش بكرێت".
عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی یەكەمین كەسە كە ئیمزای لەسەر داواكارییەكە كردووە بۆ بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەتو جێگرەكەیو وەزیری دارایی.
سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە لێدوانێكدا بۆ (درەو)، وتی: چاوەڕێی ئەوە دەكەین حكومەت بێتە بەردەم پەرلەمان، بەپێچەوانەوە زیاتر گومان لەسەر خۆیان دروستدەكەن.
لەبارەی ئەگەری رەتكردنەوەی داواكارییەكەیان لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە، عەبدولستار مەجید وتی:" داواكەی ئێمە بۆ بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەتو جێگرەكەیو وەزیری دارایی لەبارەی قەرزەكانەوە، دەرفەتێكە بۆ ئەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان شكۆی بۆ بگەڕێتەوە".