هەڵبژاردنی دوای نەوشیروان مستەفا
2018-05-05 11:04:28
درەو میدیا
"شاڕێی گۆڕانكاری سندوقەكانی دەنگدانە" ئەمە دیارترین وتەی نەوشیروان مستەفایە لەبارەی هەڵبژاردنەوە، ئەگەرچی لە كۆتاییەكانی تەمەنیدا دوای روداوەكانی رێگری لە سەرۆكی پەرلەمان و بارودۆخی هەرێمی كوردستان لە ئۆكتۆبەری 2016، لە لەندەن پرسیارێكی جدی روبەرووی خەڵكی كوردستان كردەوە، ئایا لە كوردستاندا خەباتی پەرلەمان گرنگی ماوە، هەڵبژاردن گرنگی ماوە، بەڵام ئەمە هیچ لەو راستییە كەمناكاتەوە كە نەوشیروان مستەفا خاوەن بیرۆكەو جێبەجێكاری پرۆسەی هەڵبژاردن بووە لە كوردستانی عێراقدا، لە شاخ خاوەنی بیرۆكەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گوندەكان بوو، لەدوای راپەرینی 1991 و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوشارەكان، بیرۆكەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی هێنایە ئاراوەو خۆشی ئەنجامەكەی راگەیاند، لە ساڵی 2009 یەكەم هەنگاوی بزوتنەوەی گۆڕانی بە بەشداریكردن لە هەڵبژاردن دەستپێكرد، بە واتایەكی تر هەڵبژاردن بەشێكی گرنگی بیری سیاسی نەوشیروان متسەفای داگیركردبوو.
ئێستا دوای نزیكەی یەك ساڵ لە كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرێوەدەچێت لە ناو بارودۆخێكی ئاڵۆز و لێكترازاوی هەرێمی كوردستاندا، كە رەنگە ئەگەر نەوشیروان مسستەفا بمایە، دۆخێكی تر لە هەرێمی كوردستان بگوزەرایە، بەو پێیەی لەدوای ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە كە هەرێمی كوردستان لە یاریكەری سەرەكی رووداوەكانەوە بووە لایەنێكی پەراوێزخراو، نەوشیروان مستەفا سەركردایەتی بەرەیەكی فراوانی لە هەرێمی كوردستان بگرتایەتە دەست، كە زۆرێك لە هێز و لایەنەكانی كوردستانی لەخۆ بگرتایە كە كۆتایی بە دەسەڵاتی قۆرخكاری دوو حزبی دەسەڵاتدار بهێنایە، یاخود بەدیلێكی باشی دەسەڵاتی شكستخواردووی هەرێم دەبوو، چونكە نەوشیروان مستەفا دەیزانی چۆن جوڵەی سیاسی بكات و جوڵەكانیشی روداوی گەورەو كاریگەری تەواوی لەسەر كۆكردنەوەی هێزە ناڕەزاییەكانی كوردستان دروست دەكرد و ئەو كات كاریگەری لەسەر گۆڕانی پێگەی هێزەكان دەبوو لە هەرێمی كوردستان، چونكە زۆرێك لە هێزەكان بە یەكێتیشەوە هەوڵیان ئەدا بچنە ژێر باڵی نەوشیروان مستەفاوە، نەك تەنها لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی عێراقیش كاریگەری لەسەر بارودۆخی سیاسی دەبوو، ئەویش بەهۆی باگراوندە شۆڕگێری و ئاشنایەتی سیاسی لەگەڵ سەركردە سیاسییەكانی ئێستای عێراق چی لەسەردەمی شاخ و چی لەسەردەمی ئەنجومەنی حوكم و نوسینەوەی دەستور، چونكە نەوشیروان مستەفا خاوەنی سەنگ و قورسایی خۆیی بووە لە ناوەندە عێراقییەكان و كەمتر دەتوانرا فێڵی سیاسی لێبكرێت، بەو پێیەش كە لەدوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال و سوتانی كارتەكانی دەستی مەسعود بارزانی كە دواین كارتی ژیانی سیاسی ریفراندۆم بوو ئەویشی بە ئاسانی سوتاند و پێگەی هەرێم و پێگەی خۆشی پێوە سوتاند چی لەناو خۆی هەرێم و چی لە عێراق و چی لەسەر ئاستی جیهانیش، كە خۆری سیاسی بارزانی لە دوای ریفراندۆمەوە بەرەو ئاوابوون دەچێت، نەوشیروان مستەفا بە ئاسانی دەیتوانی ئەو فەراغە سیاسییەی كە بەهۆی هەڵەی چەند ساڵەی بەرپرسانی كوردەوە دروست بووە پڕبكاتەوەو بە دیدێكی نوێ و سیاسەتێكی نوێوە مامەڵە لەگەڵ بەغدادو ناوچەكەش بكات.
قۆناغی دوای نەوشیروان مستەفا
لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا نەك هەر گۆڕان بەڵكو هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش تا ئێستا لەناو دۆخی نەوشیروان مستەفادا دەژین و قۆناغی سەردەمی نەوشیروان مستەفایان تێنەپەڕاندووە، چونكە فەراغی دوای نەوشیروان مستەفا شتێك نیە پێویست بە لێكۆڵینەوەو ووردبونەوە بێت بەڵكو لەسەر ئەرزی واقیع بە ئاسانی دركی پێدەكرێت و هەست بە لێكەوتەكانی دەكرێت، تا ئێستاش گۆڕان و بەشێكی زۆری هێزەكانی كوردستان لەسەر میراتی نەوشیروان مستەفا دەژین و كارتی نەوشیروان مستەفا تا ئێستاش كارتێكی كاریگەر و بەهێزە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بارودۆخی ئەمرۆی كوردستان و هەڵبژاردنەكان، بەو پێیەی تا ئێستاش كارتی سۆزداری نەوشیروان مستەفا كارتێكی بەهێزو كاریگەرە لای هاوڵاتیان و خەڵكی كوردستان رەواجی زۆری هەیە، بەڵام رەنگە ئەم كارتە تا ماوەیەكی دیكەش گرنگی و كاریكەری خۆی هەبێت، دواجار بۆ داهاتوو ئەو كارتە بەرەو كاڵبوونەوە دەچێت بۆ گۆڕان بەو پێیەی ئیدی پرسیاری گەورەی هاوڵاتیان لەسەر گۆڕان درووست دەبێت كە بە كۆتایی هاتنی قۆناغی نەوشیروان مستەفا ئەی قۆناغی پۆست نەوشیروان مستەفا چی لەهەگەبەدایەو تا كوێ روحی نەوشیروان مستەفا دادی گۆڕان دەدات، بەو پێیەی بەهێزترین كارتی ئێستای گۆڕان و بەشێك لە هێزەكان روئیا و بیر و رێبازی نەوشیروان مستەفایە، گۆڕان تا ئێستاش شتێكی نوێی پێنییە كە قۆناغی نەوشیروان مستەفای تێپەڕاندبێ، كەی و لە كوێدا شۆكی نەوشیروان مستەفا گۆڕان و بەشێكی زۆری هاوڵاتیانی كوردستان بەردەدات، راستە چەندێك مردنەكەی زیان بە گۆڕان دەگەیەنێت ئەگەر روئیا و بیر و هەنگاوەكانی نەوشیروان مستەفا تەوزیف بكرێت بە سەركەوتنی گۆڕان دەشكێتەوە نەك زیان.
گۆڕانی دوای نەوشیروان مستەفا بەرلەوەی ئیشكالیەت بێت بۆ دەرەوە ئیشكالیەتە بۆناو گۆڕان خۆی، چونكە گۆڕان لەدوای نەوشیروان مستەفاوە كێشەی فیكر و روئیای سیاسی و بەرنامەی دەبێت، بەوپێیەی نەوشیروان مستەفا هەموو كێشەو گرفت و بۆشاییەكانی گۆڕانی پڕكردبووەوە لە ئێستادا بەهۆی فەراغی روئیای سیاسی لەدوای نەوشیروان مستەفاوە نەك هەر گۆڕان بەڵكو هێزەكانی دەرەوەش پەنای بۆ دەبەن.
ئێستا گۆڕانی دوای نەوشیروان مستەفا لەبەردەم كۆمەڵێك ئاڵنگاری گەورەدایە چی لەناوخۆی چی لەدەرەوە، بەو پێیەی بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان بارودۆخێكی تەواو لەبارە بۆ یاری سیاسی و ململانێی سیاسی كە لە تەمەنی نەوشیروان مستەفادا هەرگیز هەلی وا رێنەكەوتووە كە ئەگەر هەبوایە بە ئاسانی تەوزیفی دەكردن، چونكە هیچ كات هێندەی ئێستا هەرێم بێ خاوەن نەبووەو هێزەكان بێ پلان و روئیا و بەرنامە نەبوون و هیچ كات هێندەی ئێستا هەرێم لە فەراغی سەركردەكانی نەبوو كە بتوانێت بەتەواوی بارودۆخەكە بخوێنێتەوەو لەسەر ئەو خوێندنەوانە پلان بۆ داهاتوو دابنێت، بۆیە ئێستا لە هەموو كات زیاتر گۆڕان و هێزە هاوهەڵوێستەكانی پێویستیان بە پاڵپشتی و تۆكمەیی و دروستكردنی یەك بەرەیی هەیە نەك پەرتەوازەو پارچەپارچەبوون و لێكترازان، چونكە ئەگەر بەم بەجیا جیا بچنە ناو یاریەكەوە دەبنە هێزی پەرتەوازەو گورگان خواردو بەدەست فێڵی سیاسی هێزە دەسەڵاتدارەكانی كوردستانەوە كە لە دۆخی ئێستادا هاوڵاتیان و خەڵكی كوردستان بەدوای بەدیلی كاریگەردا دەگەڕێت بۆ گۆڕانكاری لەبەر ئەوەی ئێستا عێراق و ناوچەكەو هەرێمی كوردستانیش لەبەردەم ژانی لەدایكبوونی قۆناغێكی نوێدایە.