چارەنووسی كچە ئێزدییە سەبیكراوەكان
2018-05-05 10:06:43
نیاز عه‌بدوڵڵا
دوای داگیركردنی قه‌زای شه‌نگال له 3ی ئابی ساڵی 2014 له لایه‌ن رێكخراوی تیرۆریستی داعش و ئه‌نجامدانی كۆمه‌ڵكوژی له ناحییه و گونده‌گانی قه‌زاكه، جگه له ئاواره‌بوونی ده‌یان هه‌زار كه‌سی ناوچه‌كه راگه‌یه‌ندرا 3500 ژن و منداڵ ده‌ستبه‌سه‌ركراون و منداڵه‌كان ئاینیان پێگۆڕدراوه و له راهێنانی سه‌ربازی به‌كارخراون، ژن و كچه‌كانیش به كه‌نیزه‌ك و سه‌بی كراون و هاوسه‌رگیری نیكاحیان پێكراوه و له بازاڕی كۆیلایه‌تی كڕین و فرۆشتنیان پێكراوه. به‌ڵام پاش نزیكه‌ی ساڵێك له راگه‌یاندنی كۆتاییهاتنی شه‌ڕی سه‌ربازی داعش هێشتا نه‌تواندراوه تێكڕای ئه‌و ژن و منداڵانه رزگاربكرێن. بۆیه (دره‌و میدیا) له گفتوگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ خدر دۆمڵی تایبه‌تمه‌ند له بواری ململانێ و ئاشتی و یه‌كێك له‌و چالاكوانه ئێزیدییانه‌ی كاری بۆ به به‌ڵگه‌نامه‌یی كردنی تاوانه‌كانی داعش له دژی ئێزیدیه‌كان كردووه و به‌رهه‌مه‌كه‌ی كردۆته كتێبێك به ناوی (الموت الاسود) باس له چاره‌نووس و دوایین زانیارییه‌كانی ئه‌و دۆسیه‌یه ده‌كات.
دره‌و میدیا: دوای رزگاركردنی ره‌ققه و موسڵ له رووی سه‌ربازییه‌وه، ئه‌و 3500 كه‌سه ئێزدییه شوێنبزه له كوێن؟
خدر دۆمڵی: ئه‌و بابه‌ته تائیستا زۆر قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێ به‌ڵام كاری له‌سه‌ر ناكرێت. ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی موسڵ و ره‌ققه ته‌واو، به‌ڵام مانه‌وه‌ی زیاتر له 3500 ژن و منداڵی ئێزیدی به ده‌ستی پاشماوه‌كانی داعش و تیرۆریسته‌كانیان مه‌سه‌له‌یه‌كی زۆر پڕ له شه‌رمه‌زارییه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ده‌وڵه‌ته‌كانی عێراق و سوریا. بۆیه سوریا-ش چونكه تا ئێستا ژن و منداڵ و كچی ئێزیدی له چه‌ند ده‌ڤه‌رێكی جیاجیای ئه‌و وڵاته رزگار ده‌كرێن كه له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایی جه‌بهه‌ت ئه‌لنوسڕه و ئه‌حرار ئه‌لشام-ن و له‌وێ به فه‌رمی داعش نه‌ماون.
هه‌وڵێكی نێوده‌وڵه‌تی نییه بۆ رزگاركردنی ئه‌و ده‌ستبه‌ركراوه ئێزیدیانه. ئه‌وانه‌ی ئێستا بانگه‌شه‌ی ئازادی سوریا ده‌كه‌ن هه‌مان عه‌قڵییه‌ت و سیاسه‌تی داعشیان هه‌یه و سه‌بی كردنی ئێزیدییه‌كان به حه‌ڵاڵ ده‌زانن. خۆم ئیستا له هه‌ندێك كه‌یس ده‌كۆڵمه‌وه و ده‌زانم ئێزیدییه‌كان له سوریاش هه‌ن و به‌شێكیان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشن و به‌شێكی تریان له ده‌ڤه‌ره جیاوازه‌كانی دیكه‌ن، له‌و باره‌یه‌وه زانیاری به‌رده‌واممان بۆ دێت .
دره‌و میدیا: زانیاریتان هه‌یه ئێزیدییه‌كان له‌ژێر ده‌ستی ئه‌و میلیشیا ئیسلامیانه هه‌بن كه به فه‌رمانی توركیا شه‌ڕ ده‌كه‌ن له سوریا؟
خدر دۆمڵی: هیچ جیاوازی نییه له نێوان ئه‌و هێزانه و رێكخراوی تیرۆریستی داعش، ته‌نیا ناوه‌كانیان جیاوازه. دوو هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر ژنێك له‌و سنووره‌وه رزگاربوو له‌كاتێكدا ئه‌و ناوچه‌یه له ژێر كۆنتڕۆڵی جه‌بهه‌ت ئه‌لنوسڕه‌یه و كه‌سی دیكه ده‌سه‌ڵاتی نییه له‌وێ. بۆیه جیاوازی له نێوان ئه‌و گرووپه ئیسلامیانه نییه كه پشتیوانی له توركیا یان وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی وه‌رده‌گرن.
وه‌كو كۆمه‌ڵگای ئێزیدی و چالاكوانی مافی مرۆڤ پێمان سه‌یره تائێستا به‌رده‌وام هه‌ر به ده‌ستپێشخه‌ری كه‌سایه‌تییه‌كان كچ و منداڵ ده‌دۆزینه‌وه یان له‌ژێر خێمه‌كان و له‌ناو خێزانه‌كان ئه‌مه‌ش له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی عێراق. مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه بۆ ئیزیدی و ئێمه چونكه ئه‌و عه‌قڵ و فیكر‌و كه‌لتووره‌ی داعش هاتۆته ناو خه‌ڵك و خه‌ڵك جێبه‌جێی ده‌كات، ئه‌گه‌رنا كاتێك ئه‌و شوێنانه رزگاربوو ده‌بوو به ئێزیدییه‌كانیان بووتایه ئه‌مه منداڵی ئیوه و كچی ئێوه وه‌رن بیانبه‌نه‌وه و ئێمه بێبه‌رین له داعش، به‌ڵام كه هه‌ڵیان ده‌گرن و ناهێڵن رزگاریان ببێت كه‌واته هێشتا جێبه‌جێكردنی ئه‌و كه‌لتوره‌ی داعش ماوه.
دره‌و میدیا: حكومه‌ته‌كانی هه‌رێم و عێراق چه‌ند هه‌ماهه‌نگن به‌ئامانجی كاركردن بۆ دۆسیه‌ی ئێزیدییه‌كان تا هه‌ست بكه‌ن ئێوه هاووڵاتی ئه‌م نیشتیمانه‌ن؟
خدر دۆمڵی: ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به هه‌نگاوی هه‌ردوو لا هه‌یه، من هیچ هه‌نگاوێكی كرده‌یی نابینم بۆ ئه‌و دۆسیه‌یه. حكومه‌تی هه‌رێم له رێگای نووسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم نێچیرڤان بارزانی درێغی نه‌كردووه، تائێستاش ئه‌و نووسینه‌گه‌یه كه‌ڤه‌ری هه‌موو ئه‌و كه‌یسانه ده‌كات كه رزگاریان ده‌بێت و پشتیوانی داراییان ده‌كات. له هه‌رێم زۆر رێكخراو یارمه‌تی ئه‌و ژن و كچانه‌ی ده‌ستی داعش ده‌ده‌ن به تایبه‌تی سه‌نته‌ری سه‌ره‌كی دهۆك به هاوكاری له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ته‌ندروستی به پشتیوانی رێكخراوی (یوئێن. ئێف. پی. ئه‌ی) كارده‌كه‌ن چونكه ئه‌مه سه‌نته‌رێكی سه‌ره‌كی كاركردنه بۆ ئه‌و دۆسیانه.
له لایه‌كی دیكه حكومه‌تی عێراق چه‌ندین جار هه‌وڵی داوه بۆ پڕوپاگه‌نده‌ی میدیایی پاره بۆ ئه‌و دۆسیانه بنێرێت كه رزگاریان بووه وه‌كو پشتیوانی، به‌ڵام به دیتنی من پاره چاره‌سه‌رنییه. ئێزیدییه‌كان چاوه‌ڕوانی سێ هه‌نگاوی گرنگن كه پێویسته حكومه‌تی عێراق ئه‌نجامی بدات تا هه‌ست بكه‌ن هاووڵاتی عێراقن.
یه‌كه‌م: ده‌بێت پێگه‌ی مه‌عنه‌وی بۆ ئێزیدییه‌كان بگه‌ڕێندرێته‌وه و حكومه‌تی عێراق داوای لێبوردن له‌و ژنانه بكات كه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت و وڵاتێك كه ناوی عێراقه سه‌بییه بوون و ئێستاش له‌ناو خاكی عێراق تیایاندا ماوه سه‌بییه‌ن.
دووه‌م: ده‌بێت قه‌ره‌بووی ماددی بكرێنه‌وه له رێگای مووچه و دابینكردنی ژیان بۆیان. ده‌بێت راهێنانیان پێبكرێت به مه‌به‌ستی تێكه‌ڵكردنه‌وه‌یان به كۆمه‌ڵگا كه زۆر پێویسته، ئه‌مه نابێت چیتر دوابخرێت.
سییه‌م: له رووی یاساكان و هه‌مواركردنه‌وه‌یان هه‌نگاوی نوێ پێویسته. ئه‌و دۆسیانه‌ی ئێزیدییه‌كان به‌سه‌ریانداهات جینۆسایده، بۆیه بۆ چۆنییه‌تی مامه‌مه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و تاوانانه و گرتنه‌به‌ری رێكاری یاسایی پێویست به گرتنه‌به‌ری یاسایی هه‌یه. له‌باره‌ی خاڵی سێیه‌م نه له عێراق نه له هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاو نه‌نراوه.
دره‌و میدیا: بڕی ئه‌و قه‌ره‌بووكردنه‌وه ماددییه‌ی تائێستا به ئێزیدییه‌كان دراوه له ئاست ئه‌و قه‌باره‌ی تاوانه دایه كه له‌به‌رامبه‌ریان كراوه؟
خدر دۆمڵی: به‌پێی زانیارییه‌كانم بڕی 8سه‌د بۆ ملیۆنێك دینار دراوه‌ته هه‌ر كه‌سێك كه هیچ نییه بۆ ژنێك، به‌تایبه‌ت ژنێك كه له ده‌ستی داعش رزگاربوو بێت و هیچ كه‌سێكی نه‌مابێت یان كه‌سوكاریان له‌ژێر ده‌ستی داعش بن و خۆی له‌ناو خێمه‌یه‌ك بێت له كه‌مپێك. بۆیه ئه‌و جۆره هاوكارییه بۆ ژیانیان بابه‌تێكی پڕوپاگه‌نده‌یی ئیعتیبارییه.
به‌ڵام شتێكی زۆر گرنگ هه‌یه و حكومه‌تی عێراق ده‌توانێت بیكات، ئه‌ویش خێراكردنی رێوشوێنی جێبه‌جێكردنی دادپه‌روه‌رییه له رێگای یاساوه. ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستگیرده‌كرێن به تاوانی سه‌بیكردن و بازرگانیكردن به ژنانی ئێزیدی، پێویسته به شه‌فافی تاوانه‌كانیان رابگه‌یه‌نن و بۆ رای گشتی ئاشكرایان بكه‌ن و بڵین ئه‌مانه ژنانی ئێزیدیان رفاندووه و تاوانی سه‌بییان كردووه، بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵك بڕوای بگه‌ڕێته‌وه و بچن سكاڵا تۆمار بكه‌ن و ئه‌و دۆسیه‌یه به‌هێزتر بكرێت. چونكه ئه‌گه‌ر حكومه‌ت دۆسییه‌ی دادپه‌روه‌ری یاسا به‌ڕێوه نه‌بات باوه‌ڕی خه‌ڵكی ئێزیدی كه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات نه‌ماوه و ئه‌و نه‌مانی باوه‌ڕه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و ژن و كچانه‌ی له ژێرده‌ستی داعش رزگاریان بووه هه‌یه، هه‌موویان وا بیرده‌كه‌نه‌وه له وڵات بچنه ده‌ره‌وه و لێره نه‌مێنن.
دره‌و میدیا: بردنی ژنانی ئێزیدی بۆ وڵاتی توركیا و به سه‌بی كردنیان گه‌یشتۆته چ ئاستێكی به‌ڵگه‌دار؟
خدر دۆمڵی: ئه‌م رۆژانه زۆر قسه و باس له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرێت كه ژن و منداڵی ئێزیدی بردارونه‌ته چه‌ند وڵاتێك. ئه‌وه‌ی ژنانی ئێزیدی بردراونه‌ته توركیا راستییه و زیاتر له دۆسیه‌یه‌كی ژنی رفێندرا‌و كه به سه‌بی كراون له لامان هه‌یه و‌له توركیاوه هێندراونه‌ته‌وه كوردستان له كچ و منداڵ، كه‌س ناتوانێت بڵێت ئه‌وه درۆیه.
هێنانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه به ته‌نسیق له‌گه‌ل نووسینگه‌ی رزگاركردنی كاروباری رفێندراوان كه سه‌ر به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمه كراوه و له رێگای هه‌ندێك چالاكوانی ئیزیدی و كه‌سی تایبه‌ت و هه‌ندێك جاریش به‌ته‌نسیق له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌كان كراوه و دۆزراونه‌ته‌وه و گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و دۆسیانه له توركیاوه هێندراونه‌ته‌وه كه‌واته دۆسیه‌ی تریش له‌وێ ماون و ده‌شزانن كه‌ماون، به‌ڵام نازاندرێ چۆن ده‌ست به‌وانیش بگات.
دره‌و میدیا: سه‌باره‌ت به بردنی ئێزیدییه‌كان بۆ وڵاتی سعودییه چه‌ند به‌ڵگه له‌به‌رده‌ست هه‌ن؟
خدر دۆمڵی: له‌باره‌ی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی كه ده‌ڵێن ژنان و منداڵانی ئێزیدی براون بۆ سعودییه یان هه‌ندێك وڵاتی دیكه، هێشتا پشتڕاست نه‌كراونه‌ته‌وه. به‌ڵام پێموایه ئه‌و منداڵانه له‌و چه‌ند ساڵه‌ی رابردوو له‌لای خێزانه‌كانی داعش هێڵدرابێتنه‌وه و مێشك و ناویان گۆڕدرابێت و به‌ڵگه‌ی تازه‌یان بۆ ده‌رهێندرابێت، بۆیه چاوه‌ڕوانكراوه له هه‌رشوێنێك داعش هه‌بێت ئه‌وانه له‌وێ هه‌بن.
دره‌و میدیا: به‌پێی به‌ڵگه‌كان ژماره‌ی ئه‌و ژنانه چه‌ندن كه له ژیاندا ماون و پێویستیان به رزگاربوونه؟
خدر دۆمڵی: 3500 ژن و منداڵ بێسه‌روشوێنن به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كان نزیكه‌ی 2500 ژن و منداڵ له‌وانه له ژیاندا ماون و پێویسته بدۆزرێنه‌وه و رزگار بكرێن، ئه‌مه‌ش ته‌نیا به‌كاری دڵسۆزانه و راسته‌قینه ده‌كرێت.