Draw Media

سێ مانگ قەیران‌و 15 خولەك قسە

سێ مانگ قەیران‌و 15 خولەك قسە

2020-05-23 13:02:45


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت  - محەمەد رەئوف
بۆ یەكەمجار لەبارەی ئەو قەیرانە داراییەی كە روبەڕووی حكومەتەكەی بوەتەوە قسەی كرد، بەرپرسیارێتی بارودۆخەكەی بە پلەی یەكەم خستەئەستۆی كابینەكانی نێچیرڤان بارزانی‌و بەشێكی تریشی كرد بە عەلاگە كەی بەغدادەوە، هەندێك شتی باس كرد، بەڵام زۆر بابەتی پشتگوێ خست، (درەو) لەم راپۆرتەدا باسی ئەو تەوەرە گرنگانە دەكات كە مەسرور بارزانی لە وتارەكەیدا خۆی لێ پاراست‌و باسی لێوە نەكردن.

سێ مانگ قەیران‌و 15 خولەك قسە
دواجار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت قسەی كرد، دوای سێ مانگ لە دروستبوونی قەیرانی دارایی، لە وتارێكی ڤیدیۆیی (15 خولەك)یدا كە سێ رۆژ پێشتر تۆماریكردبوو، باسی لە دۆخی سەختی دارایی حكومەت كرد.
وتارەكە كاردانەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دروستكرد، لێكدانەوەی جۆراوجۆری بۆ كرا، لەو وتارەدا مەسرور بارزانی بە راشكاوی دەستی خستە سەر هەندێك لە برینە دارایی‌و ئیدارییەكان لە هەرێمی كوردستان، بەڵام هەندێكی بابەتی هەستارو گرنگی پشتگوێ خست.

ئەوەی مەسرور بارزانی باسی كرد
سەرۆكی حكومەت لە وتارەكەیدا بەبێ ناوهێنان‌و ئاماژەی روون، هێرشی كردەسەر كابینەكانی پێشووی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای.
مەسرور بارزانی بەڕوونی وتی:" لە خەرجكردنی داهاتی هەرێمی كوردستاندا نادادپەروەرییەكی زۆرو بێ پلانیی هەبووە"، لەمەدا مەبەستی لە كابینەكانی پێشووی حكومەت بوو، كە لە (17) ساڵی رابردوودا، جگە لە دوو ساڵی بەرهەم ساڵح، ئەوی تر نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی كردووە.
هەر وەكو ئاماژە بۆ كابینەكانی پێش خۆی، مەسرور بارزانی باسی لەوەكرد"لە دابەشكردنی ناتەواوی بودجەی هەرێمدا، هیچ لێكدانەوەیەك بۆ ئایندە‌و نەوەكانی داهاتوو نەكراوە".
گلەیی هەبوو لەوەی كابینەكانی پێش خۆی، بۆ داهات تەنیا پشتیان بە فرۆشتنی نەوت بەستوە، ئاماژەی بەوەكرد" ئەم قەیرانەی ئێستا، سوورتریان دەكات لە سەر درێژەدان بە ستراتیجی فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات‌و بەردەوامبوون لە سەر درێژەدان بە پرۆسەی چاكسازی‌و چارەسەركردنی هەموو ئەو كێماسیانەی لە رابردوودا لە بواری كارگێڕی و داراییدا هەبووە"، لەمە توندتر قسەی كرد‌و وتی:" راستكردنەوەی ئەم هەموو چەوتییەو دامەزراندنی بنەمای ئابورییەكی سەقامگیرتر، كاتی زیاترو هاوكاریی هەموولایەكی پێویستە".
مەسرور بارزانی بە خستنەڕووی چەند داتایەك، بەرپرسیارێتی دۆخی ئێستای خستە ئەستۆی كابینەكانی پێش خۆی‌و وتی:
•    حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی (27 ملیار) دۆلار قەرزارە
•    حكومەتی هەرێم خاوەنی هیچ یەدەگ‌و پاشەكەوتێكی دارایی نییە
•    كاتێك داهاتی مانگانەی فرۆشتنی نەوت (700 ملیۆن) دۆلار بوو، زیاتر لە (400 ملیۆن) دۆلاری بۆ تێچووی دەرهێنان‌و گواستنەوەی نەوت‌و پێدانەوەی قەرزەكان خەرجكراوە، ئەوەی بۆ خەزێنەی حكومەت گەڕاوەتەوە تەنیا (300 ملیۆن) دۆلار بووە.
•    مانگی رابردوو (مانگی نیسانی 2020) كۆی داهاتی فرۆشی نەوت كە بۆ خەزێنەی حكومەت گەڕاوەتەوە تەنیا (30 ملیۆن) دۆلار بووە، داهاتی ناوخۆش نزیكەی (60 ملیۆن) دۆلار بووە.
•    لە خەرجكردنی داهاتی هەرێمی كوردستاندا نادادپەروەرییەكی زۆرو بێ پلانیی هەبووە.
•    80%ی داهاتی هەرێمی كوردستان بۆ موچەخۆران تەرخانكراوە، موچەخۆرانیش 20%ی دانیشتوانی هەرێمن.
•    رێژەی موچەخۆرانی هەرێم بەپێی ستانداردە باوەكان، چەندین بەرامبەری پێداویستییەكانی هەرێمە.
•    لە باشترین بارودۆخی دارایدا لە بودجەی هەرێم 15%ی بۆ خەرجییەكانی بەڕێوەبردن‌و خزمەتگوزاری تەرخانكراوە، تەنیا كەمتر لە 5%ی بودجە بۆ پەرەپێدانی وڵات تەرخانكراوە.
•    لە دابەشكردنی ناتەواوی بودجەی هەرێمدا هیچ لێكدانەوەیەك بۆ ئایندە‌و نەوەكانی داهاتوو نەكراوە.
سەرباری ئەو گلەییانەی كە لە كابینەكانی پێش خۆی هەیبوو، مەسرور بارزانی بە شانازییەوە باسی لە كابینەكەی خۆی كرد، كاتێك وتی:" كابینەكەی نۆ مانگە دەستبەكاربوو، هەشت موچەی دابەشكردووە‌و تەنیا یەك موچەی دواكەوتووە".
بەشێكی تری هۆكاری دۆخە خراپەكەی بەستەوە بە تێكچوونی بارودۆخی سیاسی لە بەغداد، لەمەشدا بەتەواوەتی كابینەكەی بەدەر كرد لە هەر گلەیی‌و رەخنەیەك.

ئەوەی مەسرور بارزانی باسی نەكرد 
مەسرور بارزانی تاڕادەیەك بە راشكاوی باسی لە كرۆكی كێشەكان كرد، بەڵام سەرباری ئەوە وتارەكەی بۆ رایگشتی هەندیك كورتهێنانی تێدابوو، لەوانە:
•    سەرۆكی حكومەت باسی لەوەكرد، هەر لە سەرەتای دروستبوونی ئەم قەیرانەوە هەموو هەوڵێكیان داوەو بەردەوامیشین لە هەوڵەكانیان بۆ ئەوەی بارگرانیی لە سەر هاوڵاتیان كەم بكەینەوە، بەڵام ئاماژەیەكی بەوەنەكرد هەوڵەكانیان بۆ كەمكردنەوەی خەرجییە گشتییەكان چەند پارەی بۆ خەزێنەی حكومەت گەڕاندوەتەوە.
•    سەرۆكی حكومەت باسی لەوەكرد دەیەوێت هەرێمی كوردستان لەوە رزگار بكات كە بۆ داهات تەنیا پشت بە فرۆشتنی نەوت ببەستێت‌و نەوتیش نرخەكەی هەڵبەرز‌و دابەز بكات، بەڵام باسی لەوە نەكرد، چی دەكەن بۆ ئەوەی هەرێم سەرچاوەی تری داهات جگە لە نەوت زامن بكات.
•    سەرۆكی حكومەت باسی لە خاڵە سنورییەكانی وەكو سەرچاوەیەكی گرنگی داهات نەكرد، كە ماوەیەكە قسەوباسی زۆری لەسەر دەكرێت، لەبارەی پرسی قاچاخچێتی سنورەكانەوە هیچ شتێكی نەگوت.
•    لەبارەی پرسی نەوتەوە جگە لە خستنەڕووی هەندێك ژمارە كە پێشتریش لەبەردەستدابوون، مەسرور بارزانی زانیاری ئەوتۆی نەخستەڕوو، باسی لەوەكرد داهاتی نەوت لە مانگی نیساندا (30 ملیۆن) دۆلار بووە، واتە داهاتی هەر بەرمیلێك نەوت كە لەو مانگەدا فرۆشراوە (2 دۆلار)ی بۆ حكومەت ماوەتەوە‌و ئەوی تری چووە بۆ خەرجی دەرهێنان‌و فرۆشتنی نەوتەكە، باسی لە گرێبەستەكانی نەوت‌و گومانی گەندەڵی گەورە لەو گرێبەستانە‌و هەوڵی حكومەتەكەی بۆ پێداچوونەوە بە گرێبەستەكاندا نەكرد.
•    هیچ ئاماژەیەكی بەوە نەدا دوای زیاتر لە (9 مانگ) لە دەستبەكاربوونی كابینەكەی، بۆچی تائێستا پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی پڕنەكردوەتەوە‌و بەشداربوونی شێخ باز سەرۆكی كۆمپانیای (كار) لە كۆبونەوەكانی حكومەت چ مەغزاو مەبەستێكی هەیە.
•    باسی لە گرێبەستی كۆمپانیاكانی ناوخۆ لەبواری خزمەتگوزارییەكان نەكرد، كە بەمدواییە قسەوباسی زۆری لەسەر دەكرێت‌و ژمارەیەك كۆمپانیا لەسەر حسابی داهاتی گشتی، مانگانە ملیۆنان دۆلار قازانج دەكەن، لەحاڵێكدا حكومەت خۆی دەتوانێت لەڕێگەی كەرتی گشتییەوە ئەو كارانە بكات.
•    باسی وەرگرتنەوەی قەرزی كۆمپانیا‌و سەرمایەداران‌و وەرگرتنی باج لە كۆمپانیاكان نەكرد، بۆ نمونە كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم كە خاوەنەكەی سیروان بارزانیە، بڕی (190 ملیار) دینار قەرزاری حكومەتە‌و تائێستا پارەكەی نەگەڕاندوەتەوە، هەروەك باسی لەوەش نەكرد كە بۆ موچەی مانگی رابردوو قەرزی لە سەرمایەداران بە بڕی (400 ملیار) دینار كردووە.
•    كابینەی مەسرور بارزانی لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانی داراییەوە، پێدانەوەی شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی بواری نەوت‌و كارەباو خزمەتگوزارییە گشتییەكانی راگرتووە، تەنیا پارەی كارەبا كە حكومەت بە چەند كۆمپانیایەكی دەدات مانگانە بڕی (83 ملیۆن) دۆلارە، خەرجی مانگانەی پاككردنەوەی شاروشارۆچكەكان (10 ملیۆن) دۆلارە، پارەی كۆمپانیاكانی نەوت مانگانە (200 ملیۆن) دۆلارە، پێدانەوەی قەرزەكانی تر كە مانگانە نزیكەی (200 ملیۆن) دۆلارە، حكومەتی هەرێم ئێستا پێدانی هەموو ئەم پارانەی راگرتووە بەهۆی قەیرانی داراییەوە، بەڵام سەرۆكی حكومەت باسی لە میكانیزمی رێككەوتنی لەگەڵ كۆمپانیاكان نەكرد لەبارەی دواخستنی ئەو شایستە داراییانەوە.
•    مەسرور بارزانی باسی كەیسی (یەك ملیار دۆلار)ەكەی حكومەت لە بانكەكەی لوبنان‌و ئەو پارانەی تر نەكرد، كە باسدەكرێت لە دەرەوەی وڵاتن‌و حكومەت لە ئێستادا توانای گەڕاندنەوەی نییە. 
•    لە باسی ئەنجامدانی چاكسازیدا، وردەكاری لەبارەی هەنگاوەكانی حكومەت بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كە بەمدواییە لە پەرلەمان دەرچوو نەكرد، لەكاتێكدا گلەیی هەیە لە هیواشی هەنگاوەكانی حكومەت بۆ جێبەجێكردنی ئەو یاساو ئەنجامدانی چاكسازی گشتگیرتر، ئەمە سەرباری ئەوەی ئەو بڕیارانەی كە مانگی رابردوو خۆی دەریكردوو، تائێستا هیچ یەكێكیان بەتەواوەتی نەخراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە. 
•    لە باسی گرفتە سیاسییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیدا تەنیا ئاماژەی بە پرسی لامەركەزیەت كرد، باسی كێشە‌و ناكۆكییەكانی تری نێوان هەردوو حزبەكەو كاریگەرییەكان لەسەر ئەدای كاری حكومەت نەكرد.
•    باسی لە رێكخستنەوەی موچەی فەرمانبەران كرد، بەڵام بە وردی میكانیزمی رێكخستنەوەكەی نەخستەڕوو، ئەمە لەكاتێكدا بوو دوێنێ شەو وەزیری دارایی عێراق لەبارەی دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەرانەوە بە راشكاوی میكانیزمی حكومەتی بەغداد بۆ دەستكاریكردنی موچە خستەڕوو، ئاشكرایكرد، كەمكردنەوەی موچە تەنیا پلەباڵاكان دەگرێتەوە‌و فەرمانبەرانی سەرو پلە پێنج ناگرێتەوە.
•    باسی شەڕی ئەمدواییەی خۆی لەگەڵ پەرلەمان‌و هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران‌و دروستبوونی ناكۆكی لەناو پەرلەماندا، نەكرد.
•    باسی لە وردەكاری رێككەوتنی كابینەكەی لەگەڵ حكومەتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق نەكرد‌و هیچ ئاماژەیەكی بەوەنەكرد نەكرد، كێشەكان چۆن لەگەڵ بەغداد لەبارەی نەوت‌و بودجە چارەسەردەكات.

لەبارەی كابینەی مەسرور بارزانی 
كابینەی مەسرور بارزانی كە هەندێك بە كابینەی (نۆیەم)ی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناوی دەبەن، ماوەی زیاتر لە (10 مانگ)ە دەستبەكاربووە، ئەم كابینەیە "ترۆیكا"یە، واتە سێ لایەن پێكیانهێنا كە بریتین لە (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان).
كابینەكە نزیكەی یەك لەسەر چواری تەمەنی خۆی بەڕێدەكات، بەڵام تائێستا هەنگاوی ئەوتۆی لە بواری كارگێڕی‌و دارایی هەڵنەناوە، سەرباری ئەوە هێشتا ژمارەیەك لە پۆستەكانی ناو كابینەكە پڕنەكراونەتەوە، لە دیارترینیان پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان.
مەسرور بارزانی كە پۆستی سەرۆكی حكومەتی وەرگرت، یەكەمجار بوو خۆی لە پۆستێكی باڵای حكومیدا تاقی بكاتەوە، ئەو هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونییەوە گوتاری تێپەڕاندنی كابینەكانی پێش خۆی‌و شەفایەت‌و ئەنجامدانی چاكسازی هەڵگرت، بەڵام دوای (10 مانگ) لە دەستبەكاربوونی، هێشتا لەناو قەیرانی كابینەكانی پێشتردا دەخولێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای، لەماوەی (17 ساڵ)دا، یەكجار دوچاری قەیرانی دارایی هات كە لە ساڵی 2014دا بوو، بەڵام مەسرور بارزانی لە (10 مانگ)ی دەستبەكاربونیدا، یەكەم ئەزمونی قەیرانی دارایی تاقیكردەوە، نێچیرڤان بارزانی قەرزێكی زۆری كەڵەكەبووی بۆ كابینەكانی دوای خۆی بەجێهێشت، بەڵام كابینەكەی بەبێ قەیرانی دارایی رادەستی مەسرور بارزانی كرد.
بەپێی یاسا نێچیرڤان بارزانی كە ئێستا سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، سەرۆكی دەسەڵاتی باڵای جێبەجێكردنە لە هەرێم، بەڵام هیچ نەقشێكی نییە لە بڕیارەكانی كابینەی مەسرور بارزانیدا.
پاشەكەوتی موچە، كە رۆژگارێك‌و لەزەمەنی نێچیرڤان بارزانیدا وەكو مۆتەكەیەك دەماشا دەكرا، لە كۆتاییەكانی تەمەنی كابینەی پێشوودا ماڵئاوایی كرد، بەڵام ئێستا جارێكی تر لە دەرگای موچەخۆرانی داوەتەوە.
مەسرور بارزانی بەشوێنپێی نێچیرڤان بارزانیدا بۆ روبەڕوونەوەی قەیرانی دارایی هەنگاو دەنێت، نێچیرڤان بارزانی كە حكومەتەكەی دوچاری قەیران بوو، لە یەكەم هەنگاودا پەنای بۆ وەرگرتنی پارە برد لە سەرمایەدارانی ناوخۆ، مەسرور بارزانیش هەمان كاری كرد، لەیەكەمین ئەزمونی قەرزكردنیدا، بڕی (400 ملیار) دیناری لە سەرمایەداران وەرگرت، واتە وەكو ئەوەی خۆی بانگەشەی بۆ دەكرد، تائێستا كابینەی مەسرور بارزانی كابینەی پێش خۆی تێنەپەڕاندووە.
سەرباری ئەمە لە مامەڵەكردنی لەگەڵ ناڕایەتیەتی شەقام دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، كابینەی پێش خۆی تێپەڕاندو یەكەم ئەزمونی خۆی لە دهۆك بەرامبەر بە خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتییەكان تاقی كردەوە.
لە ساڵی 2014وە بەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی‌و شەڕی "داعش"ەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی نەبووە، مەسرور بارزانی كە دەستبەكاربوو، درێژەی بە دۆخە باوەكەدا، دوای (10 مانگ) هێشتا هیچ پرۆژە بودجەیەكی نەناردووە بۆ پەرلەمانی كوردستان.
كابینەی پێشووی حكومەت كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، لەژێر ناوی پاشەكەوتدا موچەی فەرمانبەرانی كەمكردەوە، ئەمەش وەكو قەرزێك لەسەر حكومەت ماوەتەوە‌و موچەخۆران چاویان لەوەیە حكومەت رۆژێك لە رۆژان ئەو پارەیەیان بۆ بگەڕێنێتەوە، بەهای كۆی پارەكە (10 ملیۆن) دۆلارە، نێچیرڤان بارزانی لە كۆتایی كابینەكەیدا پاشەكەوتی موچەی هەڵگرت، بەڵام بەڵێنی نەدا ئەو پارە قەرزانە بۆ موچەخۆران بگەڕێنێتەوە، مەسرور بارزانی خەونی هەبوو لە كابینەكەی خۆیدا بە گەڕاندنەوەی ئەو پارانە بۆ موچەخۆران دەسكەوتێكی گەورە بەدەستبهێنێت، بەڵام بەپێی زانیارییەكان ئێستا چاوی لەوەیە بەغداد ئەو پارانە بگەڕێنێتەوە‌و لەو رێككەوتنە زارەكییانەی كە بەمدواییە لەنێوان وەفدی هەرێم‌و بەغداد كراون، ئەم بابەتە تێكەڵ بە دانوستانەكان كراوە‌و دەیانەوێت گۆشەیەكی لە رێككەوتنە نوێیەكەدا لەگەڵ حكومەتی مستەفا كازمی بۆ بكەنەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand