Draw Media

یەكێتی لە هەولێر نائومێدەو چاوی  بەغدادە

یەكێتی لە هەولێر نائومێدەو چاوی  بەغدادە

2020-05-21 22:09:49


راپۆرت: فازڵ حەمە رەفعەت - محەمەد رەئوف
یەکێتی لە دوو رێگای جیاوازەوە کار بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەکات، هەردوو رێگاکە دەچنەوە سەر  بەغدادی پایتەختی عێراق، نەک هەولێری پایتەختی هەرێم، سەرەتای هەوڵەکان بە رادەستکردنی (١٧٦) دیلی "داعش" دەستی پێکردو رەنگە کۆتاییەکەی پۆستی وەزارەتیشی بۆ بخاتە سەر مێزی گفتوگۆکان، یەکێتی دەستی لە پارتی شتووە، بۆ پرسی کەرکوک چاوی لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراقە، (درەو) لەم راپۆرتەدا وردەکاری رادەستکردنەوەی دیلەکان و هەوڵی یەکێتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەخاتەڕوو.

رێککەوتنی یەکێتی و عێراق لە بارەگای پارتیدا !
رۆژی ١٩ی ئەم مانگە لە بارەگای لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک، کە لەدوای رووداوەکانی "١٦ی ئۆکتۆبەر"وە بووە بە بارەگای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوکی سوپای عێراق، رێککەوتنێک لەنێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بەرپرسانی سەربازی عێراق ئیمزا کرا.
ئەوە رێککەوتنی رادەستکردنی (١٧٦) دەستگیرکراوی "داعش" بوو لەلایەن یەکێتی نیشتیمانییەوە بە حکومەتی عێراق.
رێککەتنەکە لەنێوان محەمەد عوسمان بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکوک و سەعد حەربیە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی سوپای عێراق لە کەرکوک، بە ئامادەبوونی راکان جبوری پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت، ئیمزا کرا.
ئەمە رێککەوتنێکی نهێنی نەبوو، لەکاتی خۆیدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بۆ رایگشتی راگەیەندرا.


ئەوکات محەمەد عوسمان بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکوک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وتی:" دوای ئەوەی لەلایەن هاوسەرۆكی یەكێتی و مەكتەبی سیاسییەوە ئامۆژگاری كراین پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئەو دەستگیركراوانەدا بكەین كە لای یەكێتین و لەسەردەمی شەڕی داعشدا دەستگیركراون، بڕیارماندا هەموویان رادەستی حكومەتی عێراق بكەینەوە". 
ناوەڕۆکی ئەو رێککەوتنە بەرەبەیانی دوێنێ پێنج شەممە خرایە بواری جێبەجێکردن، یەکێتی (١٧٦) دەستگیرکراوی "داعش"ی لە سلێمانییەوە رەوانەی کەرکوک کردو رادەستی سوپای عێراقی کردن.
بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی بەم پرۆسەیە دەڵێ" نیازپاكی بەرامبەر بە لایەنی ئیداری لە كەركوك".  

دیلەکان کێ بوون؟
بەپێی بەداواداچوونەكانی (درەو)، ئەو (176) زیندانیەی کە یەکێتی رادەستی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوكی سوپای عێراقی كردووە، ئەو کەسانە بوون كە لەسەردەمی شەڕی داعشدا، دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی کەرکوک کە سەربە یەکێتی بوون، بەتۆمەتی تیرۆرو ئەندامێتی رێکخراوی "داعش" دەستگیریان کردوون.
بەرپرسێكی ئەمنی یەکێتی بە (درەو)ی راگەیاند:" ئەو گیراوانە لەلایەن هێزەکانی دژە تیرۆری یەكێتییەوە لەو سەردەمەدا دەستگیركراون، تەنانەت بەشێكیان لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیداو بە كۆپتەری سەربازی دەستگیركراونو هەموویان تۆمەتبارن".
بەوتەی ئەو بەرپرسە ئەمنییە، لەسەروبەندی شەڕی "داعش"دا، یەكێتی و پارتی ژمارەیەكی زۆری تۆمەتباری تیرۆریان دەستگیركردووەو لە زیندانەكانی خۆیاندایە کۆیانکردونەتەوە، زیندانی "داعش" لە زیندانی دژە تیرۆری یەكێتی و دژە تیرۆری پارتیشدا هەیە.
دژە تیرۆری یەكێتی سەربە دەزگای زانیاری یەكێتییە، دەزگای زانیاری هاوشێوەی دەزگای پاراستنی پارتی سەربە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەو كە تائێستاش راوێژكارەكەی (مەسرور بارزانی) سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.

لەبارەی ئەنجومەنی ئاسایشەوە
بەپێ یاسا ئەنجومەنی ئاسایش سەربە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە، بەڵام تائێستا ئەو دەزگایە هەر لای مەسرور بارزانی ماوەتەوەو رادەستی سەرۆكایەتی هەرێم واتە نێچیرڤان بارزانی نەكراوە.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە سەرۆكێك و پێنج ئەندام پێكهاتووەو پۆستەکانی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا دابەشکراوە:
🔹 سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش: مەسرور بارزانی ( پارتی)
🔹 سەرۆكی دەزگای ئاسایش: خەسرەو گوڵ محەمەد (یەكێتی)
🔹 سەرۆكی دەزگای پاراستن و زانیاری/ زانیاری: لاهور شێخ جەنگی (یەكێتی) 
🔹 سەرۆكی دەزگای پاراستن و زانیاری/ پاراستن: نەزهەت حالی (پارتی)
🔹سەرۆكی دەزگای هەواڵگری هێزەكانی 70ی پێشمەرگە: (یەكێتی)
🔹 سەرۆكی دەزگای هەواڵگری هێزەكانی 80ی پێشمەرگە: (پارتی)
دۆسیەی ئەمنی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا پەرتبووەو هەماهەنگی لەنێوانیاندا نەماوە، هەرلایەک بە پاڕاستەی خۆیدا کاروبارەکان بەڕێوەدەبات.
یەكێتی بەبێ گەڕانەوەو ئاگاداركردنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، رێككەوتنی رادەستكردنی (176) زیندانییەکەی لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی عێراق واژووكردووە. بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەکێتی دەڵێ: رێککەوتنەکە بە ئاگاداری هاوسەرۆكانی یەكێتی بووەو لەپێناو خاك و خەڵكی كەركوك ئەو رێكەوتنەیان كردووە.
ئەنجومەنی سەركرادیەتی پارتی لە كەركوك- گەرمیان لە راگەیەنراوێكدا یەكێتی تۆمەتباركرد بەوەی "زیندانی نهێنی" هەیەو حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاگاداری ئەو رێككەوتن و زیندانیە نیە.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش رایگەیاند، حكومەتی هەرێم ئاگاداری رادەستكردنەوەی ئەو (١٧٦) زیندانییە نەبووە.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەکرد، هەماهەنگیكردن لەگەڵ دەسەڵاتە فیدراڵییەكان رێكارو میكانیزمی خۆی هەیەو ئەو بابەتە بەدەر لەو میكانیزمانە ئەنجامدراوە. 
پارتی؛ یەكێتی تۆمەتبار دەكات بەوەی هەوڵی دوو ئیدارەیی دەدات و حساب بۆ دامودەزگا حكومییەكان ناكات و تیرۆرستانی داعش كە دەستیان بە خوێنی پێشمەرگە سورە، رادەستی عێراق دەكاتەوە.
یەكێتیش لە سۆسیال میدیاكانییەوە، پارتی تۆمەتبار دەكات بەوەی لە ٢٠١٨دا (هەزارو ٤٠٠) دیلی "داعش"ی رادەستی بەغداد كردووەتەوە.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە شوێنی کۆبونەوەی دەزگا ئەمنییەکانی پارتی و یەکێتییە لە ساڵی ٢٠١٢وە هیچ کۆبونەوەیەکی نەکردووە، بەرپرسانی ئەمنی هەردوولا ناکۆکن، ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەنێوان پارتی و یەکێتیدا پەرتبووە، تا ئەوڕادەی لەدوای ساڵی ٢٠١٥وە دەزگای زانیاری و دژە تیرۆری یەكێتی هیچ پەیوەندییەكی بە ئەنجومەنی ئاسایشەوە نەماوە.
بەرپرسانی ئەمنی یەکێتی پێشتر گلەییان هەبوو لەوەی ئەنجومەنی ئاسایش کە مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات، بودجەی ئەوان وەکو پێویست نانێرێت.

داعش بەرامبەر بە پۆستی پارێزگار
لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە یەکێتی چاوی لەوەیە پۆستی پارێزگاری کەرکوک وەربگرێتەوە، بەپێی ئەنجامی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هێشتا  یەکێتی حزبی زۆرینەیە لە کەرکوک.
یەکێتی یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوکی لە بەرژەوەندی خۆی کرد بە بەشێک لە رێککەوتنی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، دوای چەندین رێککەوتن و دواتر پاشگەزبونەوە، پارتی بەڵێنیدا پۆستی پارێزگاری کەرکوک لە بەرژەوەندی یەکێتی یەکلابکاتەوە، بەڵام دوای زیاتر لە (١٠ مانگ) لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم هێشتا پۆستەکە یەکلانەکراوەتەوە، سەرباری ئەمە ئێستا ئەرکی یەکێتی قورستر بووە، چونکە چیتر ئەنجومەنی پارێزگا کە یەکێتی چاوی لەسەر بوو، دەسەڵاتی هەڵبژاردنی پارێزگاری نەماوە، چونکە بەمدواییە پەرلەمانی عێراق کاری ئەنجومەنی پارێزگاکانی سڕکرد تا ئەوکاتەی هەڵبژاردنی نوێی ئەنجومەنی پارێزگان بەڕێوەدەچێت.
بەڵام وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەلایەن مستەفا کازمییەوە، چانسێکی نوێی بە یەکێتی بەخشی، کازمی بەنیازە گۆڕانکاری لە پارێزگارەکانی عێراقدا بکات، یەکێتی کە چیتر دەستی لە پارتی و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک شتووە، چاوی لە رێککەوتنە لەگەڵ مستەفا کازمی بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، یەكێتی ماوەیەكە سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ لایەنی عەرەبی، لەوێوە دەیەوێت پارێزگاری كەركوك بەدەستبهێنێتەوە.
یەكێتی ئێستا بە دوو ئاڕاستە كاردەكات، ئاڕاستەیەكیان كارکردنە لەگەڵ لایەنی عەرەبی و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان، ئەم هەوڵە بەدیاریكراوی لە دوای كۆنگرەی چواری یەكێتی و دەستبەكاربوونی محەمەد عوسمان وەکو بەرپرسی نوێی مەڵبەندی كەركوكی ئەو حزبە، دەستیپێكردووە، محەمەد عوسمان پێشتر نوێنەری مام جەلال بووە لە كەركوك بۆ پەیوەندی لەگەڵ پێكهاتەكانی كەركوك، پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ لایەنە عەرەبی و توركمانییەكاندا هەیە، لەكاتی واژووكردنی رێككەوتنی رادەستكردنەوەی (١٧٦) دیلەکەی "داعش"، محەمەد عوسمان وتی:" هەوڵدەدەین ئەو كێشانە چارەسەربكەین كە پێشتر روویانداوەو لاپەڕەیەكی نوێ هەڵبدەینەوە".


کەرکوک هێشتا قەڵای دەنگدەرانی یەکێتییە، یەکێتییەکان لەوە تێگەیشتوون کەرکوک پارسەنگی پێگەی جەماوەرییانە بۆ هەرێمی کوردستانیش، بۆیە لەپێناو پۆستی پارێزگاری کەرکوک، نەک دیلەکانی "داعش"، بەپێی زانیارییەکانی (درەو) تەنانەت ئامادەن دەستبەرداری پۆستی وەزارەتی دادی عێراق ببن کە پشکی خۆیانەو هێشتا پۆستەکەیان پڕنەکردوەتەوە، ئەمە ئاڕاستەی دووەمی هەوڵەکانی یەکێتییە بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand