سەرمایەداران حكومەتیان لە ئیحراجی رزگار كرد
2020-05-20 20:50:29
(درەو):
بۆ موچەی مانگی یەك، سەرمایەدارانی ناوخۆ حكومەتی هەرێمیان رزگاركرد، بۆ موچەی مانگی دوو مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق.
مەسرور بارزانی لە یەكەم قەرزدا!
حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی (400) ملیار دیناری لە سەرمایەداران قەرز كرد.
لە پارێزگای سلێمانی تەنها یەك سەرمایەدار قەرزی بە حكومەت داوە.
رۆژی ١٢ی ئەم مانگە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ ژماریەك سەرمایەدار كۆبوەوە.
مەسرور بارزانی لەو كۆبونەوەیەدا بە سەرمایەدارەكانی راگەیاند، بەڵێنیان بە موچەخۆران داوە پێش جەژن موچەیان بدەنێ، حكومەت پێویستی بە (350 ملیۆن) دۆلارە، بۆیە چاویان لەوەیە سەرمایەداران ئەو بڕە پارەیە بە قەرز بدەن بە حكومەت.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەو كۆبونەوەیەدا (25) سەرمایەدار ئامادەبوون، (22) سەرمایەداری هەولێرو دهۆك و (3) سەرمایەداری سلێمانی.
(درەو) زانیویەتی، لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا، حكومەت بڕی (400 ملیار) دینار قەرزی لە سەرمایەداران كۆكردوەتەوە، زۆرینەی پارەكە سەرمایەدارانی دهۆك و هەولێر بە حكومەتیان داوە.
لیزا كاكەیی پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە وتارێكدا بەناوی "چما سلێمانی یەك سەرمایەداری هەیە" نوسیویەتی: حكومەت بەهۆی قەرزوەرگرتن لە سەرمایەداران توانی گوژمەیەكی بەرچاو كۆبكاتەوەو موچەی موچەخۆرانی پێدابین كرد، بەڵام لە سلێمانی یەك سەرمایەدار قەرزی بە حكومەت داوە.
داهاتەكانی حكومەت
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی (60) رۆژدا، یەك موچەی بەسەر موچەخۆراندا دابەشكردووە، بەڵام لەو ماوەیەدا نزیكەی (500 ملیار) دیناری كۆكردەوە بەم شێوەیە:
🔹 داهاتی ناوخۆ لە دوو مانگدا: بڕەكەی 180 ملیار دینار بووە
🔹 داهاتی نەوت بۆ موچە دوو مانگ: بڕەكەی 150 ملیار دینار بووە
🔹 پارەی پێشتر كە لە بانكدا ماوەتەوە: بڕەكەی 170 ملیار دینار بووە
كۆی داهاتی نەوت و ناوخۆی دوو مانگی هەرێم گەیشتە (500 ملیار دینار) لەگەڵ (400 ملیار) دیناری قەرزی سەرمایەداراندا، حكومەت بڕس (900 ملیار) دیناری دەستكەوت و موچەی مانگی یەكی 2020ی موچەخۆرانی پێدابین كرد.
بۆ مانگی داهاتوو حكومەت چی دەكات ؟
ئەمڕۆ حكومەتی عێراق رەزامەندی دەربڕی لەسەر ناردنی بڕی (400 ملیار) دینار بۆ موچەخۆرانی هەرێم، ئەمە بناغەیەكی باشی داراییە بۆ حكومەت تاوەكو بتوانێت لەگەڵ سەرچاوەكانی تری داهاتدا خەرجی موچەی موچەخۆرانی پێ پڕبكاتەوە.
بەڵام ئایا حكومەتی هەرێم لەدوای پشووی جەژنی رەمەزان دەستدەكات بە دابەشكردنی موچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران یاخود نا؟
بەپێی راپۆرتی نهێنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە وێنەیەكی لەبەردەستی (درەو)دایە، پێشنیاز كراوە حكومەتی هەرێم دابەشكردنی موچە لە (30) رۆژەوە بكاتە (60) رۆژ.