ڕادەستکردنەوەی 176 زیندانیکراوی عەرەب مشتومڕی لێکەوتووەتەوە
2020-05-20 13:56:15
راپۆرتی: دڵشاد ئهنوهر - دەنگی ئەمریكا
یەکێتی نیشتیمانی كورستان ( 176) دەستگیرکراوی تری عەرەب ڕادەستی ئیدارەی کەرکوک دەکاتەوە، کە زۆربەی ئەو دەستگیرکراوانە لە کاتی دەسەڵاتی کوردی دا لە کەرکوک، بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکرابوون، لەو کاتەوە تا ئێستا لە گرتووخانەکانی سلێمانی زیندانی کراون.
ڕادەستکردنەوەی زیندانیە عەرەبەکان بە ئیدارەی کەرکوک لەلایەن یەکێتی نیشتیمانیەوە، وەکو هەوڵێکی ئەو حیزبە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە و باشکردنی پەیوەندی نێوان پێکهاتەکان لێیدەڕوانرێت، گەرچی ئەو هەنگاوە نیگەرانیشی لەسەر ئاستی هەرێم لێکەوتووەتەوە.
ئیسماعیل حەدیدی کەسایەتی عەرەبی سونە و بەشدار لەو کۆبوونەوانەی بۆ ئازادکردنی زیندانیە عەرەبەکان ئەنجامدرابوون، بە دەنگی ئەمەریکای وت"یەکێتی نیشتیمانی 176 زیندانیکراو ڕادەستی ئیدارەی کەرکوک دەکات، چونکە ئەوانە پێشتر لە کەرکوک دەستگیرکراون، بۆیە لێرە چاو بە دۆسیەکانیاندا دەگێڕدرێتەوە و بێ تاوانەکان ئازاد دەکرێن."
پێشتر یەکێتی بە سێ وەجبە، ژمارەیەک دەستگیرکراوی تری عەرەبی سونەی ڕادەستی ئیدارەی کەرکوک کردووەتەوە، بەڵام هێشتا بەشێکی تر لە دەستگیرکراوەکان لە گرتووخانەکانی سلێمانی ماون.
ئیسماعیل حەدیدی وتی"یەکێتی زیندانیکراوەکانی لەسەر داوای ئێمە ڕادەستکردووەتەوە، ئەمە کاریگەری لەسەر ئاشتی و پێکەوە ژیان دەبێت، بۆیە رێککەوتووین دۆسیەی دەستگیرکراوەکان لەگەڵ سلێمانی کۆتایی پێ بهێنین."
ڕادەستکردنەوەی دوا قۆناغی دەستگیرکراوە عەرەبەکان بە ئیدارەی کەرکوک، ڕۆژی سێشەمە، لەلایەن محەمەد عوسمان بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی، ڕاکان جبوری پارێزگاری کەرکوک و سەعد حەربیە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک ڕاگەیەنرا.
هەرچەندە بیانووی یەکێتی بۆ ڕادەستکردنەوەی زیندانیە عەرەبەکان هەنگاونانە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان پێکهاتەکان، بەڵام ئەو هەنگاوە ڕەخنەشی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەوەی ناکرێت تۆمەتباری تیرۆر بە ڕێککەوتنی حیزبی لەزیندان دەربهێنرێت.
غازی کەرکوکی ئەندامی سەرکردایەتی و جێگری بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئێمە لەگەڵ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوکین، بەڵام ناکرێت لایەنی بەرامبەر وەڵامدانەوەی نەبێت و زەوی و زاری کورد بسوتێنرێ."
هەروەها وتیشی"من وردەکاری ئازادکردنی دەستگیرکراوە عەرەبەکان نازانم، لەکاک محەمەد عوسمان بپرسن."
دەنگی ئەمەریکا، چەند جارێک پەیوەندی بە محەمەد عوسمان بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکەوە کرد، بەڵام پەیوەندیەکان دروست نەبوون.
ڕادەستکردنەوەی زیندانیە عەرەبەکان بە پێی ڕێککەوتنی حیزبی لەکاتێکدایە، لەهەرێمی کوردستاندا حکومەت و دەزگای فەرمی بوونیان هەیە، هەروەک ئەو هەنگاوەش هاوکاتە لەگەڵ هێرشی گروپە چەکدارە عەرەبەکان بۆ سەر گوندە کوردنیشینەکان.
لایەنە عەرەبیەکانی کەرکوک، تۆمەتی تیرۆر ڕەتدەکەنەوە کە دراوەتە پاڵ زیندانیە ڕادەستکراوەکان، جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە لەسەر جیاوازی نەتەوەیی لەلایەن حیزبە کوردیەکانەوە دەستگیرکراون.
کاتێک ئیدارەی کەرکوک لەژێر کۆنترۆڵی کورددا بوو، یەکێتی و پارتی دوو دەزگای ئەمنی جیاواز و سەربەخۆیان لەکەرکوک هەبووە، کە بە جیا کاریان کردووە، بۆیە لایەنە عەرەبیەکان دەڵێن: دەستگیرکراوێکی زۆریشیان لە هەولێر لای پارتی هەیە.
ئیسماعی حەدیدی، وتی"داوا لە کاک مەسعود بارزانی و پارتیش دەکەین، هاوشێوەی سلێمانی دەستگیرکراوە عەرەبەکان ڕادەستی ئیدارەی کەرکوک بکەنەوە."
دۆسیەی دەستگیرکراوە عەرەبەکانی لای یەکێتی و پارتی، یەکێکە لەو دۆسیانەی هەمیشە لایەنە عەرەبیەکانی کەرکوک هەڵیانداوەتەوە و قسەیان لەبارەوە کردووە، بەتایبەت لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا، یاخود لەو کاتانەی دەنگۆی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان سەریهەڵداوەتەوە.
لە وەڵامی داواکاری حەدیدیدا لە پارتی بۆ ڕادەستکردنەوەی زیندانیە عەرەبەکان، عەدنان کەرکوک ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک/ گەرمیان ی پارتی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ڕادەستکردنەوەی تۆمەتباری تیرۆر بە ڕێککەوتنی حیزبی ناکرێت، بەڵکو ئەوە بڕیاری دادگا و ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدای دەوێت."
عەدنان کەرکوکی، ئاماژەی بەوەکرد گەر "داعشە زیندانیکراوەکان" ئازاد بکرێن، دیسانەوە دەست دەکەنەوە بەسوتاندنی خەلەوخەرمانی کورد و کوشتنی جوتیاری کورد، وتی"داعش مەترسیدارە، هی ئەوە نیە بە سەفقەی گوماناوی و ڕێککەوتنی حیزبی ئازاد بکرێت."
کەرکوکی وتیشی"تا ئێستا عێراق داوای دانیشتنی لەحکومەتی هەرێم بۆ وەرگرتنەوەی داعشەکان نەکردووە، بەڵام لایەنە عەرەبیەکان دەیانەوێت بۆ دەستکەوتی حیزبی، تۆمەتباری تیرۆر بەڕێککەوتنی حیزبی ڕزگاربکەن."
هەنگاوەکەی یەکێتی بۆ ڕادەستکردنەوەی زیندانیە عەرەبەکان بەبیانووی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک، لای هەندێک وەکو "سازش" لێیدەڕوانرێت، بەو پێیەی ڕادەستکردنەوەیان لەکاتێکدایە، خەلە و خەرمانی کوردانی ناوچە کێشە لەسەرەکان دەسوتێنرێت و جوتیاری کورد لەژێر فشاری گروپە چەکدارە عەرەبەکاندایە.