Draw Media

لە گەنجێكی شەقامەكانەوە بۆ نەوشیروان مستەفا 

لە گەنجێكی شەقامەكانەوە بۆ نەوشیروان مستەفا 

2018-05-05 07:41:38


سەردەشت عوسمان ئەو گەنجە یاخیەی كە لە ئایاری 2010 لە شاری هەولێر رفێنراو  دواتر تەرمەكەی لە موسڵ دۆزرایەوە، لە نوسینێكدا كە لە ئەیلولی 2009 نوسیویەتی كۆمەڵێك سەرنج و تێبینی دەخاتە بەردەم نەوشیروان مستەفا و دەنوسێت: تائەوكاتەی كە دیموكراسی لەم هەرێمە دەگاتە كەنارێكی ئارام و هێزەكان دەتوانن شەڕی دەنگ بكەن من لە شەقامەكانەوە ئازاری ئەم خەڵكەت بۆ مانیفێست دەكەم تاوەكوو تۆ پلانەكانی لیستەكەت بە ئاراستەیەكی تەندروست بگەیەنیت، گلەیی لە نەوشیروان مستەفا دەكات كە لەیەكەم هەڵمەتی هەڵبژاردندا سەردانی هەولێری نەكردووە. دەشنوسێت " زۆر جار ترسی خەڵك لە تووڕەییەكەیان زیاترە بۆیە دەرفەتی یاخیبوون لە هەولێر  بەبەراورد لەگەڵ سلێمانی كەمترە، بەشێكی زۆری ئەم ترسەش بەهۆی ئەوەیە كە تاوەكوو ئێستا سەقفێكی بەدیلی پارتی و یەكێتیان نەدۆزیوەتەوە كە بتوانن لەژێر ئەم سەقفەدا لە شەڕ و بیانوو و نانبڕین و هەڕەشەی دەسەڵاتەوە بەدوور بن.

دەقی وتارەكەی سەردەشت عوسمان 
لە گەنجێكی شەقامەكانەوە بۆ نەوشیروان مستەفا 
سەردەشت عوسمان 
16/9/2009

لەبەر ئەوەی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 25 ی تەمووز دەنگم دا بە لیستەكەی تۆ و لە ناو شەقامەكانی هەولێر پاڵپشتیم لە لیستەكەی تۆ كرد و هەتاوەكوو ئێستاش بە نیازم لە هەڵبژاردنەكەی ئەم جارەی پەرلەمانی عێراقی دەنگ بەلیستی گۆڕان بدەمەوە و هاوڕێكانیشم هانبدەم كە ئەم هەموو ناعەدالەتییەی یەكێتی و پارتی قەبوڵ نەكەن و دەنگ بدەن بە گۆڕان، بۆیە مافی خۆمە زۆر بە جدی قسە لەسەر لیستەكەت بكەم و رەقیبێكی جدی ئەندامانی لیستەكەت بم، بۆ ئەوەی وەك بەرپرسەكانی دیكەی ئەم حكومەتە تووشی سەرەڕۆیی و لەخۆباییبوون نەبیت و ئاگاداربیت كە لەشەقامەكان چی روودەدات، تائەوكاتەی كە دیموكراسی لەم هەرێمە دەگاتە كەنارێكی ئارام و هێزەكان دەتوانن شەڕی دەنگ بكەن من لە شەقامەكانەوە ئازاری ئەم خەڵكەت بۆ مانیفێست دەكەم تاوەكوو تۆ پلانەكانی لیستەكەت بە ئاراستەیەكی تەندروست بگەیەنیت، لەبەر ئەوە نا كە من هەوادارێكی تۆم و زۆر بە كەسایەتیت سەرسامم ، بەڵكوو تەنیا لەبەرئەوە كە بە دەنگ هەڵبڕینی تۆ و لیستەكەت هیوایەكت خستۆتە ناو ئەم خەڵكە و لەئێستاوە خەڵكی ئەم هەرێمە لەوە تێگەیشتوون كە سەنگی دەنگەكانی ئەوان چەندە و دەزانن كە (نا)ی ئەوان بۆ سوڵتەی ئەم وڵاتە چەندە بەرپرسەكانی ئەم هەرێمە نیگەران دەكات كە بوونەتە بارگرانی بەسەر خەڵكەوە، بۆیە هیوام وایە كە من وەك ئەندامێكی لیستەكەت حیساب نەكەیت، چونكە لەوانەیە لە كاتێكی دیكەدا بێینەوە و قسە لەسەر چەندین ساڵی بەرپرسیارییەتی تۆ سوڵتەی ئەم هەرێمە و پشكی تۆ بكەین لە گەندەڵی و دزی و رێكەوتنە نهێنی و كۆمپانیا نهێنییەكان و كوشتنی هەزارەها گەنجی ئەم وڵاتە، كە تۆش بەشێك بوویت لەمانە، ئەگەر واش نەبێت، ئەوا تۆ زۆرنزیك بوویت لەمانەوە، بەڵام لەبەرئەوەی كە لەساتی ئێستادا سوڵتەی ئەم هەرێمە بەوە دڵخۆش دەبێت، بۆیە ئێستا كاتی ئەوە نییە و لە دەرفەتێكی دیكە و لە كاتێكی دیكەدێینەوە و قسە لەسەر ئەمانە دەكەین، بەڵام لەساتی ئێستادا بوونی تۆ زۆر لە نەبوونت چاكترە، ئەگەر ئاگاداریش بیت لە ماوەی رابردوودا هەندێك نووسینم بڵاو كردەوە كە لەبەرژەوەندی لیستەكەت بوو و لە دەمی نۆكەرەكانی ئەم دوو حیزبەم دایەوە كە زۆر بەتووندی قسەیان لەسەر تۆو لیستەكەت دەكرد.

گەورەترین هەڵەی جەنابت لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، سەردانی نەكردنی جەنابتان بوو بۆ هەولێر، سەرەڕای ئەم هەموو گومانەی كە راگەیاندنی حیزبەكانی دەسەڵاتدار لەنێو خەڵكی ئەم شارە دروستیان كردبوو لەبەرامبەر جەنابت، بۆیە بە نەهاتنت بۆ ئەم شارە بەشێك لە دەنگدەری ئەم شارەت نائومێد كرد و گومانەكانیانت كردە یەقین، بۆیە ئەگەر دەتەوێت لە هەر هەنگاوێكی خواری دەسەڵات خەڵك ئاگادار بكەیتەوە و خەڵك بێنیتە سەر شەقامەكان، ئەوا پێویستە كە سەردانی ئەم شارەبكەیت و هەم پەیمانی خۆت لەگەڵ دەنگدەرانت نوێبكەیتەوە و هەم گومانەكان بڕەوێنیتەوە تاوەكوو لە هەڵبژاردنەكانی ئەمجارە بزووتنەوەكەت كاراتربێت،دەشمەوێت شتێكت پێبڵێم كە بەرپرسانی لیستی گۆڕان لە هەولێر هەرگیز توانای ئەوەیان نییە كە دەنگی خەڵك كۆ بكەنەوە، بۆیە پێموایە بەر لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێڕاق خۆت و ئەندامە جەماوەرییەكانی وەك فەرهاد سەنگاوی سەردانی ئەم شارەبكەن، بەم سەردانەشتان دەتوانن چەند مەبەستێك بپێكن كەپێموایە ئەرێنین بەلای بزووتنەوەكەتەوە، یەكەمیان ئەوەیە كە بە كۆكردنەوەی دەنگدەرەرەكان و خەڵكە ناڕازییەكانی ئەم شارە هێزێك دەبەخشیتە ئەم شارە كە قەوارەی خۆیان بزانن و لەوە تێبگەن كە هاتنە سەرشەقامی ئەوان لە ساتە پێویستەكان هاوكێشەكان دەگۆڕێت، دووەمیش ئەوەیە كە حیزبی دەسەڵاتدار خۆی بە خاوەنی ئەم شارە نەزانێت، چونكە دڵنیام سەردانی تۆ بۆ ئەم شارە و كۆكردنەوە دەنگە زۆرەكەت لە هەیبەت و غروری ئەوان دەدەیت، سێیەمیشیان ئەوەیە كە لەم شارەدا رێژەیەكی زۆری دەنگی خۆڵەمێشی هەن تەنانەت بەشێك لە خەڵكی توڕەش خۆیان ساغ نەكردۆتەوە كە دەنگیان بۆ كامە لایەنە، جگە لەوەی كە ئەم گومانەی راگەیاندنی پارتەكانی دەسەڵاتدار لەسەر جەنابت و لیستەكەت دروستیان كردووە پێویستی بەوەڵامێكی جدی جەنابت هەیە كە لە نزیكەوە و لە بەردەم جەماوەرەكەت بیبیستن.

جەنابی نەوشیروان مستەفا، لە ئێستادا بزووتنەوەكەت تەنیا بە باڵێك دەفڕێت و هەیمەنەی گۆڕان تەنیا لە شاری سلێمانییە، لە ساتی ئێستادا كادیرەكانی هەولێرت توانای ئەوەیان نییە كە ئەو دەنگەی لە هەڵبژاردنەكان لە هەولێر بەدەستیان هێناوە بكەنە گوشار، لەوانەیە ئەمەش ئەوەندەی پەیوەندی بە سایكۆلۆژیا و سروشتی خەڵكی ئەم شارەوە بێت ئەوەندە پەیوەندی بە كارایی كادیرەكانی گۆڕان لەم شارەوە نەبێت. لەبەر ئەوەی تۆ لەم شارەوە دووریت و لەوانەشە كادیرەكانی خۆت واقعی شەقامەكان وەك خۆی نەگەیەننە جەنابت یان وەك خۆی راستییەكان نەبینن، چونكە سروشتی سیاسییەكانی هەرێم وایە كە لەسەر بنەمای هەستەكانیان بڕیار دەدەن، من لێرەوە خوێندنەوەیەك بارودۆخی خەڵكی ئەم شارە بۆ جەنابت دەكەم ئەگەر تۆ بتوانیت كاری لەسەر بكەیت.

هەولێر تێكەڵیەكە لە تووڕەیی و گومان و ترس و خۆشباوەڕی و لایەنگری، لە هەڵبژاردنەكەی رابردوودا تۆ بەشێكی زۆری دەنگی تووڕەیی ئەم شارەت برد، بەڵام هەمووی نا، جگە لەمەش لەزۆر حاڵەتدا تووڕەیی و گومان جیاناكرێتەوە لەم شارەدا، تووڕەیی لە ناعەدالەتی و گومان لە فریادڕەسێك كە بتوانێت خەمی ئەم نەتەویە هەڵبگرێت، لە پێشتریشدا پێتم گووت كە كە بە ڕەواندنەوەی گومانەكان دەنگی گۆڕان لەم شارەدا زیاتر دەبێت، دەبێت ئەوەشت پێبڵێم كە زۆر جار ترسی خەڵك لە تووڕەییەكەیان زیاترە بۆیە دەرفەتی یاخیبوون لەم شارەدا بەبەراورد لەگەڵ سلێمانی كەمترە، بەشێكی زۆری ئەم ترسەش بەهۆی ئەوەیە كە تاوەكوو ئێستا سەقفێكی بەدیلی پارتی و یەكێتیان نەدۆزیوەتەوە كە بتوانن لەژێر ئەم سەقفەدا لە شەڕ و بیانوو و نانبڕین و هەڕەشەی دەسەڵاتەوە بەدوور بن، بەشێكی دیكەی ئەم ترسە ئەوەیە كە هەتاوەكوو ئێستا هێزی خۆیان و قەبارەی خۆیانیان لێونبووە، بۆیە ئەو چەترەی كە دەبێت لەژێریدا كۆ ببنەوە لەم شارەدا توانای تەحەفوزی ئەوانی نییە، بەجۆرێكی دیكە هەتاوەكوو ئێستا كادیرەكانی گۆڕان قەوارەی دەنگی هەولێریان وەك خۆی بە خەڵكەكە نەناساندووە، بۆیە بەردەوامی ئەم حاڵەتە لەم شارە دوور نییە ببێتە زیاتربوونی گومان و ترس لە نێو خەڵكدا، بێگومانیشم كە زیاتر بوونی ئەم دوانە بەسەر حیسابی تووڕەبوونیانە كە ئەمەش كاریگەری بە سەر قووەت و دەنگی گۆڕانەوە دەبێت بە شێوەیەكی نێگەتیڤانە،كە لە ئێستادا من حەز بەوە ناكەم، هەرچی خۆشباوەڕی و لایەنگری ئەم شارەیە، ئەوا هەوڵی زۆریان لەگەڵ مەدە، چونكە بەشێكیان چاوەڕوانی موچەی سەری مانگن لە حیزبەكان تا شوكرانەی پێبكەن و هەندێكیش گوێچكەیان توانای بیستنی وشەیەكی نوێی نییە، بۆیە پێموایە دەكرێت تەنیا لە ڕێگەی گوتاری نەرم و حەكیمانە و مەنتقیانە لەبەرەمبەر ئەم گڕوپەدا دەتوانیت باوەڕی پێبكەیت كە تۆ هەیت، ئەمەش بۆ ئێستا بەسە ئەگەر ئەم گڕوپە نەك دەنگت پێبدات بەڵكوو تەنیا پێت بڵێت بەڵی هەیت، بەڵام لەڕێگەی ئەم جۆرە گوتارانەوە بەشێوەیەكی نائاگاهی كاریگەریت بەسەر گومان و ترسەكانەوە زیاتر دەبێت.

تا ئێرە بەشێك لە واقعی شەقامەكانی ئەم شارەم كە هەولێرە بۆت خستەڕوو، ئەمەش تەنیا لەبەر ئەوەی كە من خۆم دەمەوێت هێزەكەی تۆ لە هەڵبژاردنەكانی عێڕاقدا دەنگەكانی ئەگەر بەرز نەبێتەوە لە نزمی نەدات، چونكە غیابی هێزی سێیەم لەم هەرێمەدا موسیبەتێكی گەورە بوو و خەریك بوو دەبوو بە بەشێك لە كلتور لەم وڵاتەدا، تەنانەت بەشێك لە خەڵكی ئەم جڤاتە هەتاوەكوو ئێستا سوڵتە بە مافی ئەم دوو بنەماڵەیە دەزانن، لە ئێستاشدا بۆ ئەوە ئاگادارت دەكەمەوە تا غروری نەتگرێت و ئاگاداری هەنگاوەكانی خۆت بیت، لەوانەیە لە كاتێكی دیكەدا لە زۆر شتدا ئاگادارت بكەمەوە، بەڵام هەرگیز ئەوە لەبیر نەكەیت كە من ئەندامی لیستەكەت نیم بەڵكوو تەنیا دەنگدەێ بووم، دەشێت ئاراستەی نوسینەكانم بەشێوەك بگۆڕێت ئەگەر بزانم هەنگاوەكانت تەندروست نین بۆ تەندروستی ئەم خەڵكە، بەڵام لە ئێستادا هەست بە گرنگی بزووتنەەكەت دەكەم، لە ئێستاشەوە كاری منە كە رەقیبێكی بەردەوامی بزووتنەوەكەت بم.

[email protected]

2009-09-16
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand