Draw Media

دهۆك هەژارترین پارێزگای هەرێمی كوردستان

دهۆك هەژارترین پارێزگای هەرێمی كوردستان

2020-05-16 15:32:32


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف
چەند رۆژێكە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی دهۆك پڕبووە لە ناڕەزایەتی دژی پێنەدانی موچە، بەرهەمی ناڕەزایەتییەكان خۆپیشاندانێك بوو لەبەردەم (پاركی ئازادی) لە ناوەڕاستی شاری دهۆك، بەڵام هێزە ئەمنییەكان زۆرینەی بەشداربووەكانیان دەستگیركرد، بەشی زۆری نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستان بەرهەمی پارێزگای دهۆكە، بەڵام بەپێی ئامارەكان رێژەی هەژاریی و بێكاری  لەو پارێزگایە لە پارێزگاكانی تری هەرێم زیاترە، (درەو) لەم راپۆرتەدا وردەكاری دۆخی پارێزگاكە لەڕووی ئابوری‌و دابەشبوونی دانیشتوان‌و سیاسییەوە دەخاتەڕوو.

هەژارترین پارێزگا 
بەپێی دواین ئاماری دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، پارێزگای دهۆك لە رێژەی هەژاریدا پێشەنگی پارێزگانی هەرێمی كوردستانە.
راپۆرتی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوەدەكات ساڵی 2018 كۆی گشتی رێژەی هەژاری لە هەرێمی كوردستان 5,5% بووە، واتە لەكۆی (100) كەس لە دانیشتوانی هەرێم زیاتر لە (5) كەس لە دۆخی هەژاریدا ژیاون.
ئەگەر رێژەی دانیشتوانی هەرێم بە نزیكەی (6 ملیۆن) كەس ئەژمار بكرێت، بەپێی ئەم ئامارە (330) هەزار كەس لە هەرێمی كوردستان لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین. 
ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای دهۆك (ملیۆنێك‌و 397 هەزارو 515) كەسە، بەپێی دەستەی ئامار رێژەی (8,6%)ی دانیشتوانی پارێزگاكە هەژارن، واتە (120 هەزار) كەس لەسنوری ئەو پارێزگایە لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین. 
تێكڕای خەرجی تاك بۆ یەك مانگ لە ساڵی 2018دا لە پارێزگای دهۆك (199 هەزار) دینار بووە، لەكاتێكدا لە پارێزگای سلێمانی (234 هەزار)و لە پارێزگای هەولێریش (211 هەزار) دینار بووە، واتە ئاستی خەرجی تاك لە پارێزگای دهۆك كەمترین ئاستی تۆماركردووە، ئێستا كە هەرێمی كوردستان روبەڕووی قەیرانی دارایی بوەتەوە‌و موچەخۆران زیاتر لە (60) رۆژە موچەیان وەرنەگرتووە، دەبێت ئاستی خەرجییەكە زۆر زیاتر كەمی كردبێت.
هەر بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی ئامار، رێژەی بێكاری لە ساڵی 2017دا لە پارێزگای دهۆك (14%) بووە، لەكاتێكدا لە پارێزگانی هەولێرو سلێمانی رێژەكە (9%) بووە، ئێستا كە بەهۆی قەیرانی دارایی‌و كۆرۆناوە زۆرێك لە كۆمپانیاكان كاركردنیان راگرتووە، رێژەكە بەرزبونەوەی زیاتری بەخوە بینیوە.
سەرباری ئەمە لە ساڵی 2012وە تائێستا پارێزگای دهۆك لە رێژەی بێكاریدا پێشەنگی هەموو پارێزگانی تری هەرێمی كوردستانە.

جوگرافیا‌و دابەشبوونی دانیشتوان
روبەری سنوری ئیدارەی هەرێمی كوردستان (46 هەزارو 861) كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، روبەڕی پارێزگای دهۆك لەناو سنوری هەرێمی كوردستاندا (10 هەزارو 955) كیلۆمەتر چوارگۆشە پێكدەهێنێت، واتە دهۆك رێژەی (23,4%)ی كۆی روبەری هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت. 
پارێزگای دهۆك لەڕووی كارگێڕییەوە لە (7 قەزاو)‌و (31 ناحیە) پێكدێت، قەزاكانی دهۆك بریتین لە (قەزای ناوەندی دهۆك- ئاكرێ- ئامێدی- شێخان- بەردەڕەش- زاخۆ- سێمێڵ).
پارێزگای دهۆك هاوسنورە لەگەڵ توركیا‌و سوریادا، دوو دەروازەی سنوری دەكەوێتە ناو روبەری پارێزگاكەوە، دەروازەی (ئیبراهیم خەلیل) لەگەڵ توركیا‌و دەروازەی (فیشخاپور) لەگەڵ سوریا، ئامارەكانی رێژەی هەژاریی‌و بێكاری دەریدەخەن ئەم دوو دەروازە سنورییە كاریگەری ئابوری لەسەر ژیانی خەڵكی ناوچەكە وەكو پێویست نەبووە.
لە پارێزگای دهۆك جگە لە كورد چەند كەمە نەتەوایەتی‌و ئاینییەكی تر دەژین لەوانە (كلدان‌و ئاشورو ئەرمەن‌و ئیزدییەكان).
پارێزگای دهۆك لە ناوچەی بادیناندا هەڵكەوتووە، خەڵكەكەی بەشێوەزاری كورمانجی (بادینی) قسە دەكەن.
بنەماڵەی فەرمانڕەوای پارتی دیموكراتی كوردستان كە (ماڵباتی بارزانیی)یە، دەسەڵاتی تەواوەتییان بەسەر پارێزگاكەدا هەیە، بەڵام خۆیان لەڕووی جوگرافییەوە بە خەڵكی سنوری پارێزگاكە ئەژمارناكرێن.
دەڤەری بارزان سەربە قەزای  مێرگەسور،  قەزای مێرگەسور سەربە پارێزگای هەولێرە، بەڵام سەرباری ئەمە دهۆك بایەخی ستراتیژی بۆ پارتی‌و مەڵباتی بارزانییەكان هەیە، ئەمەش بەهۆی هەڵكەوتە جوگرافییەكەی دهۆكەوە كە هاوسنورە لەگەڵ توركیادا.
دهۆك مەڵبەندی نیشتەجێبوونی ژمارەیەك هۆزە كە دیارترینیان بریتین لە هۆزەكانی (دۆسكی- مزوری- زێباری- بەرواری، هەركی)، بەشێوەیەكی گشتی هۆزەكان ئێستا لە ئارامیدا دەژین‌و كێشە لەنێوانیاندا نەماوە، بەڵام بەمدواییە ناكۆكییەك لەنێوان هەردوو هۆزی زێباری‌و هەركیدا رویدا، سەركردەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستوەردانیان كرد‌و كێشەكەیان بەلاداخست.

نەوت لە دهۆك
چۆن لە ئاستی عێراقدا پارێزگای بەسرە پشكی شێری هەناردەی نەوتی بەردەكەوێت‌و نەوت بووە بەسەرچاوەی دابینیكردنی زیاتر لە 95%ی كۆی گشتی داهاتی دەوڵەت، لە هەرێمی كوردستانیش پارێزگای دهۆك لە بەرهەمهێنانی نەوتدا رۆڵی بەسرە دەگێڕێت.
بۆری هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە پارێزگای دهۆكدا تێدەپەڕێت، سەرباری ئەمە لە سنوری پارێزگای دهۆكدا (14) بلۆكی نەوتیی هەیە، هەر بلۆكێك لە چەند بیرە نەوتێك پێكدێت، بلۆكە نەوتییەكانی دهۆك ئەمانەن:
•    بلۆكی سندی- دەكەوێتە قەزای ئامێدی
•    بلۆكی تاوكی- دەكەوێتە قەزای زاخۆ 
•    بلۆكی دهۆك- بیرە نەوتەكانی قەزای ناوەندی دهۆك‌و باشوری دهۆك‌و قەزای سیمێڵ
•    بلۆكی دهۆك سەنتەر- بیرە نەوتەكانی باكورو ناوەڕاستی پارێزگاكە دەگرێتەوە
•    بلۆكی سلێڤانی- بیرە نەوتەكانی خوارو قەزای زاخۆ تاوەكو سەر دەریاچەی موسڵ دەگرێتەوە
•    بلۆكی ئەلقوش- دەكەوێتە خوارو شاری دهۆك
•    بلۆكی شێخ ئادی- دەكەوێتە رۆژهەڵاتی شاری دهۆك‌و باكوری قەزای شێخان
•    بلۆكی سەرسەنگ- دەكەوێتە ناحیەی سەرسەنگ‌و سوارەتوكە‌و باكوری خۆرهەڵاتی دهۆك
•    بلۆكی ئەتروش- بیرە نەوتەكانی ناحیەی ئەتروش دەگرێتەوە 
•    بلۆكی شێخان- بیرە نەوتەكانی قەزای شێخان
•    بلۆكی دینارتە- بیرەكانی ناوچەی سەرو ئاكرێ‌و شیلادزێ
•    بلۆكی ئاكرێ- بیرە نەوتەكانی قەزای ئاكرێ‌و ناحیەی بجیل تا دەربەندی بێخمە دەگرێتەوە
•    بلۆكی رۆڤیا- سەرو قەزای بەردەڕەش‌و خوارو ئاكرێ دەگرێتەوە
•    بلۆكی بەردەڕەش- قەزای بەردەڕەش دەگرێتەوە
ئێستا ئاستی بەرهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بەگشتی رۆژانە (470 هەزار) بەرمیلە، هەندێكی هەناردە ناكرێت‌و بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیە.
رێژەی زیاتر لە (50%)ی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستان بەرهەمی كێڵگە نەوتییەكانی دهۆكە، واتە رۆژانە تەنیا لە كێڵگە نەوتییەكانی دهۆكەوە هەرێمی كوردستان (250 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەكات.
نەوت هاوشێوەی ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان كاریگەری ئەوتۆی لەسەر بوژانەوەی ئابوری دهۆك‌و زیادبوونی هەلی كار لە سنورەكەدا نەبووە.

كەرتی گشتی لە دهۆك
ئێستا لە هەرێمی كوردستان لە كۆی (6 ملیۆن) كەس، (ملیۆنێك‌و 249 هەزار) كەس لە كەرتی گشتی موچە وەردەگرن، واتە فەرمانبەری فیعلی حكومەت یاخود موچەخۆری خانەنشینن، بەڵام بەدیاریكراوی ژمارەی فەرمانبەرانی فیعلی هەرێم (721 هەزار) كەسە، ئەم توێژە ئێستا ناڕازین، ماوەی (60) موچەیان وەرنەگرتووە، حكومەت كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت‌و داهاتەكانی ناوخۆوە دوچاری قەیرانی دارایی بووە.
ئاماری ژمارەی موچەخۆرانی كەرتی گشتی لە پارێزگای دهۆك نادیارە، بەڵام بەپێی ئامار نافەرمییەكان پارێزگاكە نزیكەی (300 هەزار) فەرمانبەرو موچەخۆری هەیە، بەبەراورد بە هەولێرو سلێمانی، رێژەی موچەخۆران لە دهۆك كەمترە.

دابەشبوونی سیاسی لە دهۆك
لەدوای راپەڕینی بەهاری 1991وە، دوو ساڵی یەكەمی لێ دەرچێ كە یەكێتی لەو سنورە ئامادەگی‌و دەسەڵاتی سیاسی‌و ئابوری لەدەستدابووە، پارێزگای دهۆك لەژێر كۆنترۆڵی سیاسی‌و ئەمنی پارتی دیموكراتی كوردستاندایە.
لە نزیكەی سێ دەیەی رابردوودا بەردەوام لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان گلەیی‌و گازەندەیان هەبووە لەوەی پارتی رێگەیان پێنادات لە سنوری پارێزگای دهۆك بە ئازادی كاری سیاسی خۆیان بكەن.
دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەرێمی كوردستان كە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، هەرێمی كوردستانی كردبوو بە یەك بازنەی هەڵبژاردن، بۆیە بەوردی دابەشبوونی دەنگ بەپێی پارێزگاكان لەو هەڵبژاردنەدا نازانرێت.
بەڵام هەمان ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، هەڵبژاردنەكەی عێراق فرە بازنە بوو، واتە هەر پارێزگایەك بازنەیەكی هەڵبژاردنی تایبەت بەخۆی هەبوو، ئەگەر دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وەربگرێت، دەنگی لایەنە سیاسییەكان بەمشێوەیە لە پارێزگای دهۆك دابەشبووە:
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە ساڵی 2018، لە پارێزگای دهۆك (489 هەزارو 308) كەس بەشداری هەڵبژاردنیان كرد‌و دەنگی دا، لەم رێژەیە:
•    پارتی: (353 هەزارو 177) دەنگی بەدەستهێنا 
•    یەكگرتوو: (43 هەزارو 417) دەنگ
•    یەكێتی: (25 هەزارو 575) دەنگ
•    نەوەی نوێ: (18 هەزارو 026) دەنگ
•    گۆڕان: (3 هەزارو 797) دەنگ
•    كۆمەڵ: (3 هەزارو 627) دەنگ
 بەپێی ئەم ئەنجامە، هەموو حزبەكانی تری هەرێم لە پارێزگای دهۆك پێكەوە (94 هەزار) دەنگیان هێناوە، لەكاتێكدا پارتی بەتەنیا خۆی (353 هەزار) دەنگی بردووە، جیاوازییەكە بەراورد ناكرێت.
ئەنجامی هەڵبژاردنە یەك لەدوای یەكەكان دەریانخستووە، لەدوای پارتی بەهێزترین حزبی سیاسی لە سنوری پارێزگای دهۆك یەكگرتووی ئیسلامییە، یەكگرتووە بەشدارە لە حكومەتی خۆجێی پارێزگاكەدا‌و ژمارەیەك پۆستی بەدەستەوەیە، بەڵام سەرباری ئەمەش لایەنگرەكانی بەردەوام لەژێر فشاری پارتیدان.
لەدوای پاشەكشێی لایەنە سیاسییەكانی تر لەبەرامبەر پارتی لە سنورەكە، بەمدواییە ژمارەی چالاكوانی مەدەنی لە پارێزگای دهۆك زیادی كردووە، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوون بە شوێنی كۆبونەوەی دەنگە ناڕازییەكان.
(مەكی ئامێدی) یەكێك لەو چالاكوانانەیە كە لە دەرەوەی وڵاتەوە لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە قسە دەكات‌و رێبەرایەتی دەنگە ناڕازییەكان دەكات، ژمارەی تەماشاكەرانی پەخشە راستەوخۆكانی ئەم پیاوە بەمدواییە زۆر زیادی كردووە. 
پێشتر ژمارەیەك چالاكوانی تر لە سنورەكە جموجوڵیان دەكرد‌و رێبەرایەتی ناڕەزایەتییەكانیان دەكرد، بەڵام دەسەڵاتدارێتی پارتی لەناوچەكە بە چەند قۆناغێك زۆربەیانی دەستگیركردووە‌و دۆسیەی یاسایی لەسەر كردونەتەوە، ئەمە كاریگەری لەسەر رەوتی ناڕەزایەتییە مەدەنییەكان لە دهۆك دروستكردووە.
بەرپرسانی پارتی لە سنورەكە سیاسەتی راوەدونان لەگەڵ دەنگە ناڕازییەكان پەیڕەو دەكەن، ئەوانەی رێبەرایەتی ناڕەزایەتییەكان دەكەن، زۆرجار لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ناچار دەكرێن بەوەی ماڵیان لە سنوری پارێزگاكە بگوازنەوە، لەژێر ئەم فشارەدا زۆرێك لە كادیری حزبەكان‌و چاكوانان ناچاركراون دهۆك جێبهێڵن.
دواكەوتنی موچەی فەرمانبەران، ئەمجارە سەرەتای ناڕەزایەتییەكی نوێی لە سنوری بادینانەوە دەستپێكرد، رەنگە بەرپرسانی پارتی پێشوەختە هەستیان بە توڕەبوونەكەی بادینان كردبێت، چەند رۆژی رابردوو فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی سەردانی پارێزگاكەی كرد، ژمارەیەك لە كارەكتەرە كۆمەڵایەتییەكانی ناوچەكەی بینی، هەندێك لە چالاكوانانی دهۆك سەردانەكەی میرانییان وەكو هەوڵێك بۆ خەفەكردنی ناڕەزایەتییەكانی ئەمجارە ناوبرد.
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand