Draw Media

لە زیندانەوە ركابەرێتی ئەردۆغان دەكات

لە زیندانەوە ركابەرێتی ئەردۆغان دەكات

2018-05-04 15:30:27


پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بەفەرمی كاندیدبوونی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتەكەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا راگەیاند، كە بڕیارە رۆژی 24ی حوزەیرانی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
(142) ساڵ حوكمی زیندانی بەسەر دەمیرتاشدا دەسەپێندرێت، ئەگەر ئەو تۆمەتانەی لەسەر ساغ ببێتەوە كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە ئاڕاستەی كراوە، كە سەرجەم تۆمەتەكان سیاسین.
دەمیرتاش ئەو پیاوەیە كە دۆزی كوردی بە چارەسەری سیاسییەوە هەڵگرتووە، ئەو بەم هەنگاوەی دەمی ئەو دەسەڵاتدارانەی توركیای داخست كە ساڵانێك بوو بانگەشەی ئەوەیان دەكرد ئەگەر كورد دەستبەداری چەك ببێت، مافەكانی پێدەدرێت.
دەمیرتاش كە ساڵی 1973 لەدایكبووە، كۆلیژی مافی لە زانكۆی ئەنكەرە تەواو كردووە و ماوەیەك وەكو پارێزەر كاریكردووە و دواتر خۆی یەكلاكردووەتەوە بۆ چالاكی لە بواری مافەكانی مرۆڤدا، ئەو دواجار بوو بە سەرۆكی كۆمەڵەی مافەكانی مرۆڤی توركیا، سەرباری ئەمە، دەمیرتاش توانی نوسینگەی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە شاری ئامەدی باكوری كوردستان بكاتەوە.
سەرەتای ژیانی سیاسی دەمیرتاش لە 2007 وە دەستیپێكرد كاتێك چووە ریزەكانی پارتی كۆمەڵگەی دیموكراتی كوردییەوەی و وەك ئەندام پەرلەمانی ئەو پارتە هەڵبژێردرا، بەڵام 2009 دەسەڵاتدارانی توركیا ئەو پارتەیان هەڵوەشاندەوە بەتۆمەتی پاڵپشتیكردن لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە).
دەمیرتاش ئەو پیاوە بوو كە دوای داخستنی پارتەكەی چۆكی دانەدا و ساڵی 2014 پارتێكی سیاسی نوێی دروستكرد بە ناوی (پارتی دیموكراتی گەلان- هەدەپە)، هەر لە یەكەم ساڵی دروستكردنی پارتە نوێیەكەیدا، دەمیرتاش لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیادا چوە گۆڕەپانی ركابەری لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان و توانی لەسەر ئاستی توركیا پلەی سێیەم بەدەستبهێنێت.
دەمیرتاش لە هەڵبژاردنی حوزەیرانی 2015ی توركیا بۆ یەكەمجار سەرۆكایەتی پارتەكەی كرد بۆ چونەناو پەرلەمانی توركیاوە و توانی رێژەی 10.73%ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت، بەڵام لە تشرینی دووەمە 2016 لەچوارچێوەی هەڵمەتێمكی سەركوتكردنی نەیارە سیاسییەكان لەژێر چەتری كودەتا شكستخواردووەكەی توركیا بە فەرمانی ئەردۆغان دەستگیركرا.
دەسەڵاتدارانی توركیا ژمارەیەك تۆمەت ئاڕاستەی دەمیرتاش دەكەن، یەكێك لەوانە تۆمەتباركردنیەتی بەوەی پەیوەندی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان هەیە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand