سێ بەرپرسی ئەمنیی بزوتنەوەی گۆڕان دەستیان لەكاركێشایەوە
2020-05-12 23:14:45
(درەو):
سێ بەرپرسی ئەمنی ئیدارەی پارێزگای سلێمانی کە لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان پۆستەکانیان وەرگرتووە، دەستیان لە ئەندامێتی بزوتنەوەی گۆڕان کێشایەوە.
سەرچاوەیك لە ژووری حكومەت و پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو)ی راگەیاند، هەریەك لە عەمید (ئاری رەئوف بێگەرد) بەڕێوەی پۆلیسی ژینگەو دارستانی سلێمانی، عەقید (دڵشاد عەبدوڵا حەمە) بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی 104و عەقید (هاوڕێ نەجم محەمەد) بەڕێوەبەری پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكانی سلێمانی ، ماوەی چەند رۆژێكە نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان ئاڕاستەی بزوتنەوەی گۆڕان كردووە.
بەپێی قسەی سەرچاوەکە، نامەكە بە سێ نوسخە ئاڕاستەی هەریەك لە (رێكخەری گشتی، ژوری حكومەت و پەرلەمان، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی)ی بزوتنەوەی گۆڕان کراوە.
ئەو سێ بەرپرسە ئەمنییە کە لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆڕان پۆستەکانیان وەرگرتووە، لە نامەكەیاندا ئاماژەیان بەوەکردووە" هیچ پەیوەندییەكی رێكخراوەییان بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە نەماوەو وەك كەسانی سەربەخۆ دەمێننەوە".
هەر لەو نامەیەدا باسیان لەوەکردووە" ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان پۆستەكانیان بە كەسانی تر پڕ دەكاتەوە، ئامادەن پۆستەكەیان رادەست بكەن، چونكە ئەو پۆستانە لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان وەرگرتووە".
(درەو) زانیویەتی چەند کەسێک لە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان تەکلیفیان لێکردوون بمێننەوەو دەستلەکارنەکێشنەوە، بەڵام هەوڵەکانیان بێسود بووە.