پێشمەرگە بەغداد بەهۆكاری تێكچونی دۆخی ئەمنیی دەزانێت
2020-05-02 14:38:46
درەو:
شارەكانی عێراق جارێكی تر ڕووبەڕووی مەترسی كەوتنە دەست داعش دەبنەوە، بەتایبەت لەدوای زیادبوونی جموجۆڵو هێرشەكانی ئەو گروپە لەناوچەكانی باكورو باكوری خۆرهەڵاتی عێراق. كە دواترینیان هێرشەكەی دوێنێ بوو لەپارێزگای سەڵاحەدین بوو. كە تێیدا 10 چەكداری حەشدی شەعبی كوژرانو ژمارەیەكی تریشیان برینداربوون.
لەسەرەتای مانگی ڕەمەزانەوە، ئەوە جاری دووەمە ڕێكخراوی داعش هێرش دەكاتە سەر خاڵەكانی چاودێریو بەربەستە ئەمنییەكانی سەر بە حەشدی شەعبی. لەدوای هێرشەكەی هەفتەی ڕابردووی داعش بۆ سەر شارۆچكەی "میقدادیە"ی سەر بە پارێزگای دیالە.
پارێزگاكانی (كەركوكو سەلاحەدینو ئەنبار) لەدیارترینان ئەو ناوچانانە كە داعش چالاكییە سەربازییەكانی تێدا دەستپێكردووەتەوە بەشێوازی جیاواز، لەدانانی بۆمبی چێندراو تادەگاتە هێرشی چەكداریو هاوەنبارانكردنو، ئەنجامدانی كردەوەی خۆ كوژی.
لەدوای كەوتنی داعشو دەرپەڕاندنی چەكدارەكانیان لەدواین ئەو شارۆچكانەی لەخۆرئاوای عێراق كۆنتڕۆڵیان كردبوو، ئەم جموجۆڵە چڕانە بەسەرەتای دەركەوتنەوەی داعشو دەستپێكردنەوەی چالاكییە سەربازییەكانی دادەنرێت، بەتایبەت كە عێراق بە دۆخێكی سیاسیو ئابوریو تەنانەت تەندروستی ناسەقامگیردا تێپەڕدەبێت.
بەگوێرەی چاودێرانی دۆخی عێراق، هۆكار گەلێكی دروستبوو لە گۆڕەپانی عێراق، لەپشتی چڕبوونەوەی ئەو هێرشانەن، كە دیارترینیان:
• كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لەزۆرینەی چالاكیو پرۆسە ئاسمانیو هەواڵگرییەكانیان لە عێراق.
• بەڵای كۆرۆناو قەدەغەی هاتووچۆو كشانەوەی یەكە سەربازییەكان بۆ شارەكانو دەوروبەری بۆ زامنكردنی ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزی.
• سەركردایەتی نوێی داعش لەهەوڵەكانی بەردەوامە بۆ سەرلەنوێ دروستكردنەوەی شانەكانی لە پاشماوەی تێكشكاوی چەكدارەكانی لەو شارانەی ئازاد كراون.
تیرۆی پیلانگێڕیو تۆمەتباركردن
حاكم زاملی سەركردە لە"ڕەوتی سەدر" بە سایتی "بەغداد ئەلیەوم"ی ڕاگەیاندووە: مەترسی داعش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەبێت، ئەوەش لێدانی زەنگی كارەساتێكی ئەمنییە كە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی جارێكی تر شارەكانی عێراق بكەونەوە دەستی داعش. بەتایبەت كە لەئێستادا داعش پشتیوانییەكی دەرەكیو ناوخۆیی دەكرێت.
لای خۆیەوە، ئەحمەد جبوری پەرلەمانتاری "میحوەری نیشتمانی" هەندێك لەهێزە سیاسییەكان تۆمەتباردەكات بە پشتیواینكردنی جموجۆڵەكانی داعشو دروستكردنی ئاستەنگی ئەمنیی لەناوچە ڕزگاركراوەكان.
جبوری لەبەیاننامەیەكدا بێئەوەی ناوی ئەو لایەنانە بهێنێت، دەڵێت: دوای ئەوەی جۆرێك لە سەقامگیری ڕیژەیی لەناوچانە ئازادكراوەكان هاتووەتە ئاراوە، هەندێك هێزی گومان لێكراو هاوكاری داعش دەكەنو، خەریكە سەرلەنوێ تیرۆرستان دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ئەو ناوچانەدا دەسەپێنێتەوە.
كەریم علیوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "فەتح" ئۆباڵی سەرهەڵدانەوەی داعشو تێكچوونی دۆخی ئەمنیی دەخاتە ئەستۆی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو دەڵێت: ئەوەی ڕوودەدات پیلانگێڕییە.
علێوی لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە: ئەوەی ڕوودەدات بەشێكە لەپیلانگێڕی ئەمریكا دژی عێراق، بە ئامانجی هێشتنەوەی هێزەكانی. دەشڵێت: هەركات ئەمریكا هەستیكرد بە نزیكی چوونە دەرەوەی لەعێراق، كەرەستەكانی دەجوڵێنێت بۆ شێواندنی دۆخی ئەمنیی وڵات.
لەگەرمەی ئەم تۆمت بەخشینەوە ناوخۆییو دەرەكییەی پەرلەمانتارانو سەركردەی هێزو لایەنە سیاسییە جیاوازەكانی عێراق، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان ئۆباڵی تێكچوونی دۆخی ئەمنیی لەناوچە دابڕاوەكان دەخاتە ئەستۆی حكومەتی فیدڕاڵی عێراق.
بەغداد بەرپرسیارە
جەبار یاوەر ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرای دەكات: دوو پێشنیازیان بۆ پاراستنی ناوچە كێشە لەسەرەكان پێشكەشی حكومەتی عێراق كردووە:
• وەزارەتی پێشمەرگە ئەو ناوچانە بپارێزێت.
• بەهاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق ئەو ناوچانە بپارێزن.
بەقسەی ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە، حكومەتی عێراق هیچكام لەو پێشنیازانەی قبوڵنەكردووە، بەجۆرێك نە خۆی ئەو ناوچانە دەپارێزێت، نە ڕێگەش بەوان دەدات پارێزگاری لێبكەن.
بەگوێرەی زانیارییەكانی یاوەر، لەماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، داعش 85 هێرشی تیرۆرستی لەوناوچانە ئەنجامداوە، كە بەهۆیەوە 70 كەس كوژراون. 41 كەسیش ڕفێندراون.
تەنیا لەمانگی نیساندا، داعش 37 هێرشی لەناوچە دابڕاوەكان ئەنجامداوە.