عادل عەبدولمەهدی: بڕوام نەدەكر مەسعود بارزانی پشتم تێبكات
2020-04-30 21:22:42
راپۆرتی: درەو
وەفدەكەی هەرێم بۆ بەغداد تا ئێستا نەگەیشتونەتە هیچ ئەنجامێك، قوباد تاڵەبانی گلەیی لە پەرلەمانتارانی عێراق هەبووە، ئاوات شێخ جەناب وتویەتی نەك نەوتەكە ئامادەین خۆشمانیان تەسلیم بكەین، وەفدی بەغداد وتویانە داهاتی ئەم مانگەی عێراق (20%)ی كۆی موچەو خەرجیەكانمانە چی بدەین بەئێوە؟ عادل عەبدولمەهدی زۆر نیگەرانەو وتویەتی هەرگیز بڕوام نەدەكرد مەسعود بارزانی ئاوا پشتم تێبكات.
دانوستان بۆ موچە
سێ رۆژە وەفدی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدان، پرسی سەرەكی بودجەو موچەو نەوتی هەرێمە، تا ئێستا وەفدەكەی هەرێم لەبارەی پرسی نەوت و بودجەوە نەگەیشتونەتە هیچ ئەنجامێك و بۆ موچەی ئەم مانگەش هیچ بەڵێنێكیان وەرنەگرتووە.
وەفدەكەی هەرێمی كوردستان تا ئێستا عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقیان نەبینیوەو لەگەڵ ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری نەوتی عێراق كۆبونەتەوە.
بە پێی بەدواداچونەكانی (درەو) وەفدەكەی هەرێم ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ رادەستكردنی نەوتی هەرێم لەبەرامبەر پێدانی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان، بەڵام وەفدی بەغداد پێیان راگەیاندوون، ئێمە لە ئێستادا نەوتەكەی خۆشمان بۆتە بار بەسەرمانەوەو نەوتەكەی ئێوە لەكاتی خۆیدا كە پارەی دەكرد رادەستتان نەكرد ئێستاش هیچ ناكات بۆ ئێمە.
وەفدەكەی بەغداد بۆ هەرێمی كوردستانیان روونكردۆتەوە، ئێمە كۆی خەرجی مانگانەمان بە (موچەو خەرجیەكانەوە) مانگانە ( 7 ترلیۆن و 500 ملیار) دینارە، بەڵام داهاتی ئەم مانگەمان بەم دۆخەی ئێستاوە (دابەزینی نرخی نەوت + پەیوەست بوون بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت) ئەگەر نرخی نەوت بە (24)دۆلار بفرۆشرێت كۆی داهاتەكەی دەكاتە ( ترلیۆنێك و 500 ملیار) دینار، واتا داهاتی عێراق (20%)ی كۆی خەرجیەكانە، ئەگەر (453 ملیار) دینار بدەین بەئێوە هیچ بۆ خۆمان نامێنێتەوە، بۆیە وەفدەكەی بەغداد هیچ بەڵێنێكیان نەداوە، بە پێدانی موچەی ئەم مانگەی موچەخۆرانی هەرێم، سەبارەت بە رێككەوتنیش لەسەر نەوتی هەرێم، سپاردوویانە بە لیژنەی تایبەتمەند، وتویانە دەبێت لەسەر كۆی مەلەفەكان رێكبكەوین.
لە كۆبونەوەكاندا سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق بە وەفدەكەی هەرێمی راگەیاندووە دەبێت "نەوت و داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوریەكان بێتەوە بەغداد لەوێوە ئێمە بەپێی دەستور دابەشی دەكەینەوە،"
وەفدەكەی عێراق نیگەران بوون لە راپۆرتەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە وەفدی هەرێمیان راگەیاندووە ئێستا وەختی ئەو قسانە نیە، ئێوە لەسەردەمی شەڕی داعشدا نەوتی كەركوكتان فرۆشتووەو داهاتەكەیتان بۆخۆتان بردووە پێویستە بیگەڕێننەوە.
وەفدەكەی هەرێم و پەرلەمانتارانی كورد
بەرلە سەردانەكەیان بۆ بەغداد لە هەولێر لە رۆژی (2020/4/27) وەفدەكەی هەرێم لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانیەكاندا (جگە لە فراكسیۆنی ئاییندەو سەربەخۆكان) واتا لەگەڵ فراكسیۆنەكانی ( پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو) كۆبونەتەوە، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆی چركراوە.
بەشداربوویەكی كۆبونەوەكە بە (درەو)ی راگەیاند سەرەتا قوباد تاڵەبانی سەرۆكی وەفدەكە گلەیی زۆری لە هەندێك لە پەرلەمانتاران كردووە كە خراپ قسە دەكەن لەسەر بارودۆخەكە، لە كۆبونەوەكەدا ئەم گفتوگۆیانە رویانداوە.
- قوباد تاڵەبانی: گلەییمان لە لێدوان و هەڵوێستی بەشێك لە پەرلەمانتارانی كورد هەیە لە بەغداد.
- جەمال كۆچەر سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو: ئەو پەرلەمانتارانە قسەی راستیان وتووە، حكومەتی هەرێم بەرپرسە لە بەشێكی زۆری كێشەكان بۆچی نەوت رادەست ناكات.
- سەلیم شوشكەیی پەرلەمانتاری كۆمەڵ: كێشەكان لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمە ئەگەر نەوتەكەیان رادەستبكردایە بارودۆخەكەمان بەم شێوەیە نەدەبوو.
- ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی: ئێستا كاتی ئەو قسەو گلەییانە نیە ئێمە هەڵەمانكردووە نەوتمان تەسلیم نەكردووە، ئێستا نەك نەوتەكەمان ئامادەین خۆشمان تەسلیم بكەین.
- بەهار مەحمود لە فراكسیۆنی گۆڕان: ئەم مەرجانە چیە بەرپرسانی هەرێم هەیەتی بۆچی فوئاد حسین ناگۆڕن
- قوباد تاڵەبانی: ئێستا ئێمە هاتووین بۆ موچەو بودجە باسی پێكهێنانی حكومەت ناكەین
- جوان ئیحسان سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی: شەڕی فوئاد حسێن بە ئیمە ناكرێت
- جەمال كۆچەر سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو: ئەو هەموو بن دیوارە لابەن لە هەرێم پارەكەتان بەشی موچە دەكات
- قوباد تاڵەبانی: (ملیۆنێك و 200 هەزار) موچەخۆرمان هەیە (200 هەزار)ی زیادە بەڵام ناتوانینی یەك كەس لابەرین
- جەمال كۆچەر: دەسەڵاتم بدەنێ لەماوەی سێ مانگدا ئەو (200 هەزار)ەت بۆ لادەبەم
- قوباد تاڵەبانی: ناتوانیت چونكە ئەو ( 200 هەزار) موچەخۆرە پاسەوانی باخی بەرپرسانن.
پرسەكە سیاسیە
لەماوەی (15) مانگی رابردوودا مانگانە (453 ملیار) دینار لەبەغدوە دەهات بەڵام ئەم مانگە بەبڕیاری عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوە راگیراوە، عادل عەبدولمەهدی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ (هۆشیار زێباری) ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی كردووەو زۆر گلەیی لە پارتی و خودی مەسعود بارزانی كردووەو رایگەیاندووە" ئەو هەڵوێستە (راگرتنی موچەی هەرێم) پەیوەندی بەخۆتانەوە هەیە من 15 مانگ موچەم نارد دنیام لە خۆم عاجز كرد ئێوە نەك نەوتەكەتان رادەست نەكرد، مەسعود بارزانی یەكەم كەس بوو كە پیرۆزبایی بۆ مستەفا كازمی نارد، هەرگیز پێشبینیم نەدەكرد مەسعود بارزانی پشتم تێبكات، من لەكاتی پێكهێنانی كابینەكەمدا بە هەموو لایەنە كوردیەكانم وت من حساب بۆ مەسعود بارزانی دەكەم و قسە تەنها لەو وەردەگرم، بەڵام ئێستا ئەو لەم بارودۆخەدا پشتی تێكردم"
ئەنجامی سەردانەكە
دوای سێ رۆژ وەفدەكە لە بەغداد تا ئێستا هیچ ئەنجامێكیان بەدەست نەهێناوە، بڕیارە سبەی وەفدەكە لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆببنەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) سەرەرای ئەوەی بەشێك لە ئەندامە كوردەكانی لیژنەی درایی پەرلەمانی عێراق بەشداری ناكەن، بەشێك لە ئەندامە عەرەبەكانیش وتویانە ئامادەنین لەگەڵ ئەو وەفدەدا دابنیشن.
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق بە (درەو)ی راگەیاند، وەفدەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لە یەكێتی، پارتی بە كەمترین و نزمترین ئاست بەشداری لە كۆبونەوەكەدا كردووە، تەنها ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بەشدارە لە كۆبونەوەكەدا، ئەندامانی ئەو وەفدە نە ئاگاداری فایلی نەوتن، نە دەسەڵاتیشیان هەیە چارەنوسی نەوتی هەرێم یەكلابكەنەوە بۆیە وەفدی عێراقیش ئێستا بۆیان رون بۆتەوە كە ئامانجی سەرەكی چونی وەفدەكەی هەێم بۆ بەغداد، دابینكردنی موچەی ئەم مانگەی موچەخۆرانی هەرێمە، بۆیە دەستی دەستی بە وەفدەكە دەكەن.