سودمەندی یەكەم لەناكۆكییەكانی باشوری كوردستان ئەنكەرەیە
2020-04-29 22:20:46
درەو: حوسنی مەحلی – ئەلمەیادین
توركیا ئامادەكاری دەكات بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی زەمینی بەمنزیكانە بۆ سەر باكوری عێراق، بەهەماهەنگیو هاوكاری هێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە مەسعود بارزانی، ئەو هێزانەی چەند جارێكو لە قۆناغەكانی ڕابردوودا ئەو كارەیان كردووە.
بارزانی گروپی تاڵەبانی بە خیانەتكار وەسفدەكات، بەهۆی ئەوەی هاوكاری بەغدادی كردووە بۆ شكستپێهێنانی ڕاپرسی سەربەخۆیی لە ساڵی 2017، بەڵام بیرى چووە كە ئەردۆغانی هاوپەیمانە ستراتیجییەكەی لایەنی سەرەكی بوو لە شكستپێهێنانی ئەو ڕاپرسییە.
ئەمە بەشێكە لەوتاری نوسەری دیاری توركی بە ڕەچەڵەك سوری (حوسنی مەحلی) كە لەژێر ناونیشانی" دوای باكوری سوریا..ئایا توركیا خۆی ئامادەكات بۆ داگیركردنی باكوری عێراق؟" بڵاویكردووتەوە.
خۆی بۆ هێرش ئامادەكات
مەحلی لەوتارەكەیدا نوسیویەتی:" دوور لەبایەخی میدیا جیهانییەكان كە سەرقاڵی ڤایرۆسی كۆرۆنان، باكوری عێراق هێرشی ئاسمانی توركیا بەخۆیەوە دەبینێت كە پێگەو جوڵەی چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیا لەشاخەكانی قەندیل دەكاتە ئامانج، وەك ئامادەكارییەك بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی زەمینی بۆ داگیركردنی باكوری عێراق بەهاوكاریو هەماهەنگی هێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە مەسعود بارزانی".
لەبارەی بایەخی ئەو هەماهەنگییە سەربازییەی نێوان بارزانیو توركیا مەحلی دەڵێت:" ئەو هەماهەنگیو هاوكارییە ناوەرۆكێكی ستراتیجی بەدەستهێناوە دوای كۆتایهاتنی جەنگی نێوان هێزەكانی سەر بە مەسعود بارزانیو جەلال تاڵەبانی، كە بەهۆیەوە سوپای توركیا توانی بنكەی سەربازی لە زیاتر لە 10 خاڵی ناو باكوری عێراق دابمەزرێنێت، بەپشتیوانی بارزانیو هێزی چەكوشی ئەمریكی كە مانگی ئازاری 2003داو دوای داگیركردنی عێراق توركیایان بەجێهێشت".
دەشڵێت"ئەنكەرە تەنها بەم بوونە سەربازییەوە نەوەستا، بەڵكو سوپاكەی 27 جار چووەتە ناو باكوری عێراق تا ساڵی 2007، ئەوەش لەكاتی ئەو ڕێككەوتنەوە كە ئەنكەرە لەگەڵ بەغداد لەساڵی 1987 ئیمزای كرد، بەوپێیەش سەدام حسێن ڕێگەی دا سوپای توركیا بەقوڵایی 20 كلم بێنە ناو خاكی عێراق بۆ ڕاوەدوونانی چەكدارانی پارتی كرێكاران، كاتێك سەرقاڵی جەنگی ئێران بوو، ئەنكەر ئەم ڕێككەوتنەی كردووەتە بەهانەو دەڵێت، هێشتا كاری پێدەكرێت، هەروەك چۆن كار بەڕێككەوتنی ئەدەنە دەكات لەگەڵ دیمەشق لەساڵی 1998، كە ڕێگەی دەدات بە ڕاوەدوونانی چەكدارانی پارتی كرێكاران لەباكوری سوریا".
مەحلی دەڵێت: "ئەنكەرە پێیوایە دۆخی ئەم دوو وڵاتە هێشتا لەبەرژوەندی خۆیەتی، سوپای توركیا بە هاوكاری ئۆپۆزسیۆنی ئیخوانیو گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی لەسوریا بوونی هەیە، لەعێراقیش بە هاوكاری خێڵە سونییەكانو پێشمەرگەی بارزانی بوونی هەیە، لەگەڵ بەردەوامی ناكۆكی نێوان هێزە شیعییەكان".
ئەردۆغان شكستی بە ڕیفراندۆم هێنا
لەبەشێكی تری وتارەكەیدا، نوسەر ئاماژە بە ناكۆكییەكانی ئەم دواییەی نێوان پارتیو یەكێتی دەكاتو دەڵیت:" زانیارییەكان ئاماژە بە ئاڵۆزییەكی مەترسیدار دەكەن لەنێوان هێزەكانی بارزانیو هێزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەگەڵ بەردەوامی ساردوسڕی نێوان ئەنكەرەو سلێمانی، كە میانڕەوترن سەبارەت بەكێشەكانی عێراقو سوریاو ناوچەكە، بارزانی گروپی تاڵەبانی بە خیانەتكار وەسفدەكات، بەهۆی ئەوەی هاوكاری بەغدادی كردووە بۆ شكستپێهێنانی ڕاپرسی سەربەخۆیی لە ساڵی 2017، بەڵام بیرى چووە كە ئەردۆغانی هاوپەیمانە ستراتیجییەكەی لایەنی سەرەكی بوو لە شكستپێهێنانی ئەو ڕاپرسیە".
بەبۆچوونی مەحلی، قوڵبوونەوەی كێشەكانی پارتیو یەكێتی لەلایەكو كێبڕكێی پارتی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان، ڕەنگە پاڵ بە بارزانییەوە بنێت بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ دژی پارتی كرێكاران لەقەندیل بۆ بەدەستهێنانی سەرلەنوێ ڕەزامەندی ئەردۆغان دژی ڕكابەرە مێژووییەكەی كە حزبكەی جەلال تاڵەبانییە، سوودمەندی گەورەش لەهەموو ئەم پێشهاتانە ئەردۆغانە كە پێیوایەدەتوانێت سودیان لێوەربگرێت بۆ جێبەجێكردنی پلانو پرۆژەكانی لە باكوری عێراق لەم دۆخە قورسو ئاڵۆزەیدا، ئەمجارە دوور لەدەستوردانی ڤلادیمێر پۆتن.
بێدەنگی دەسەڵاتدارانی عێراق
بە بۆچوونی حوسنی مەحلی ڕەزامەندی عێراق لەكۆتایی ساڵی 2015دا بۆ هاتنە ناوەوەی سوپای توركیا بۆ بەعشیقە لەخۆرهەڵاتی موسڵ، بەپاساوی شەڕ دژی داعشو یەكینەكانی پاراستنی گەلی كورد، وەرچەرخانێكی گرنگ بوو لە حساباتەكانی توركیا لە باكوری عێراق. لەگەڵ ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەوكاتەدا هاتەگۆڕێ بەهۆی داگیركردنی موسڵو ناوچەیەكی فراوان لەسەرانسەری عێراق بەگشتی.
مەحلی دەڵێت: "تائێستا بە بیری هیچ بەرپرسێكی عێراقیدا نەهاتووە ڕێوشوێنی كرداری بگرێتەبەر بۆ ناچاركردنی ئەنكەرە بەكشانەوەی هێزەكانی لە باكوری عێراق.توركیا یەكێك بوو لە سودمەندەكانی ئەو دۆخە
كارتی توركمان
حوسنی مەحلی، لەبارەی سود وەرگرتن لەكارتی توركمان لەعێراق لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەنكەرەوە دەڵێت:" بەدرێژایی ماوەی ڕابردووو لەسەردەمی حكومەتەكانی ڕابردوودا، ئەنكەرە سود وەرگرتنی لە كارتی توركمان فەرامۆش نەكردووە، كە بەشێوەیەكی چڕ لەناوچەكانی باكوری عێراق بوونیان هەیە بەتایبەت لە كەركوكو موسڵ، ئەو ناوچانەی كە لەچوارچێوەی نەخشەی پەیماننامەی نیشتمانی(میللی)ناودەبرێن، كە قسەكانی ئەردۆغانو حساباتە تایبەتەكانیدا لە سوریاو عێراق بووەتە دەستەواژەیەكی گرنگ".
ئاماژە بەوەش دەدات، هەوڵەكانی ئەنكەرە بەردەوامبووە بۆ بەكارهێنیان وەك كارتێكی فشارو سازشپێكردن، جارێك لەگەڵ بەغداو جارێكیش لەگەڵ كورد، دوای ئەوانیش لەگەڵ ئەمریكییەكان پاش داگیركردنی عێراق لەساڵی 2003دا، ئەوەش بایەخی ئەنكەرەی بۆ باكوری عێراق زیاتر كردوووە، كە تۆرگۆت ئۆزال سەرۆكی كۆچكردووی توركیا لەساڵی 1991دا هەوڵیدا بیخاتە سەر توركیا.
نوسەر ئاماژە بە زیادبوونی بایەخی ئەنكەرە دەكات بەو ناوچەیە لەدوای هاتنە دەسەڵاتی پارتی داد گەشەپێدان لەكۆتایی ساڵی 2002داو دەڵێت:"یەكێك لەئامانجەكانی ئەنكەرە ڕووبەڕووبونەوەی ڕۆڵی ئێرانی(شیعی) بووە لەعێراق كە لەلایەن وڵاتانی كەنداوەوە پشتیوانی كراوە، ئەویش لەڕێی مەسعود بارزانی یاخود گروپو هێزە سونییەكان، لەدیارترینیان تاریق هاشمی جێگری سەرۆك كۆماری پێشوترو ئەسیل نوجێفی پارێزگاری پێشووی موسڵەوە بووە".