Draw Media

ئێوارە خوانێكی سیاسی لە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ

ئێوارە خوانێكی سیاسی لە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ

2020-04-29 13:05:09


درەو:
ئێوارەی ئەمڕۆ لە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ، مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی بەسەرۆكایەتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی حزبەكەو لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی كۆدەبێتەوە.
كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی كە لە چوارچێوەی ئێوارە خوانێكدایە، هەنگاوێكە بە ئاراستەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی نێوان ئەو دوو ئۆگانە، كە یەكەمیان واتا مەكتەبی سیاسی یەكێتی، روخسارە نوێیەكانی حزبی تێدا كۆبوەتەوەو دووەمیشیان واتا ئەنجومەنی باڵای سیاسی پێكهاتەكەی بریتیە لە ئەندامانی پێشووی مەكتەبی سیاسی و روخسارە دێرینەكانی حزب. 
ئەم كۆبونەوەیە دوای سەردانێكی لاهور شێخ جەنگی دێت بۆ ماڵی كۆسرەت رەسوڵ، (درەو) زانیویەتی كۆسرەت رەسوڵ پاڵپشتی خۆی بۆ هاوسەرۆكانی یەكێتی راگەیاندووەو بڕیاریداوە پشتیوانی لە هەر سیاسەتێكی یەكێتی بكات كە ئەوان بڕیاری لەسەر بدەن.
پێشبینی دەكرێت لەم ئێوارە خوانەدا ئەندامانی هەردوو ئۆرگانەكەی یەكێتی لە بارەی چەند پرسێكەوە گفتوگۆبكەن لەوانە (پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، بەشداری یەكێتی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەریم، پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق و بەشداری یەكێتی تیایدا).
دوێنێ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان داوای كۆبونەوەی لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی كرد، بەڵام تا ئێستا مەكتەبی سیاسی یەكێتی وەڵامی ئەو داواییەی مەكتەبی سیاسی پارتی نەداوەتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) مەكتەبی سیاسی پارتی پێشنیازی كردووە كۆبونەوەكە بەسەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی بێت، بەڵام مەكتەبی سیاسی یەكێتی داوای كردووە خودی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەشدار بێت لە كۆبونەوەكە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand